کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی بەربڵاو لە بەندیخانەی قزڵحەسار لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر شەپۆلی لەسێدارەدانەکان

17:04 - 23 رەزبەر 2725

دوابەدوای گواستنەوەی ١٦ بەندکراو بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر بەندکراوانی بەندی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بەنیسبەت دەربڕینی ناڕەزایەتییان لە بەرامبەر ئەم ڕەوتە، مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، تایبەت بە چالاکانی مافی مرۆڤی لە ئێران، پێشتر ١١ بەندکراوی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە و هەروەها ڕۆژی دووشەممەش پێنج بەندکراوی دیکە بۆ ئەو مەبەستە بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە کە هەتا ئێستا زانیارییەک لەبارەی شوناسی ئەو بەندکراوانە لەبەر دەستدا نییە.

مانگرتنی ئەو بەندکراوانە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانەکان لە بەندیخانەکانی ئێران بە تایبەت لە قزڵحەسار پەرەی سەندووە.

بەندکراوانی بەندی ٢ بە ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی ژەمە خواردنەکانیان، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر "لەسێدارەدانی سیستماتیک لەژێر ناوی یاسا" دەربڕیوە.

لە بەرامبەر ئەم مانگرتنەدا، ڕۆحوڵڵا حوسێنزادە، جێگری دادستانی شاری کەرەج، چووە بەندیخانەی قەزڵحەسار و بەڵێنی دا بەمەبەستی دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان، چەند بەندکراوێک لە ژووری تاکەکەسی ئازاد بکات و بیانگەڕێنێتەوە بەندی گشتی.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، بەندیخانەی قزڵحەسار تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لەنێو بەندیخانەکانی ڕێژیمدا بووە کە بە ڕێژەی لانیکەم ١٥٠ لەسێدارەدان، نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە ساڵی ڕابردوو بووە.

حەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین هەوڵی گواستنەوەی بەندکراوی سیاسیی کورد ئیحسان ئەفراشتەیان بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی دا، بەڵام پێداگریی بەربڵاوی بەندکراوان ڕێگری لەم کارە کرد و بووە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان بەندکراوان و بەرپرسانی ڕێژیمدا.

هاوکات ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە باس لەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەزار و ١٠٠ لەسێدارەدانی لەمساڵدا تۆمار کردووە کە ڕیکۆردی سێ دەیەی ڕابردووی شکاندووە.