کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە یاسایەکی نوێ، لەسێدارەدانی کردە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی دژبەرانی

16:39 - 23 رەزبەر 2725

مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی لە یاسای مشتومڕاوی "چڕکردنەوەی سزای سیخوڕی" بۆ جێبەجێکردن ئاگادار کردەوە؛ یاسایەک کە مەودای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بە شێوەیەکی بێوێنە فراوانتر دەکات و کاردانەوەی نەرێنی بەربڵاوی پارێزەران و چالاکانی مەدەنی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەم یاسایە کە دوای پەسەندکردنی لەلایەن مەجلیسەوە و شۆرای نیگابانەوە ڕاگەیەندراوە، هەر "کردەوەیەکی عەمەلیاتی" بۆ ئیسرائیل، دەوڵەتانی وەکوو ئەمریکا یان گرووپ و لایەنەکانی سەر بەوان، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

هەروەها چالاکیی هەواڵگری یان سیخوڕی بۆ ئەو دامەزراوە و دەوڵەتانەی کە پێشتر ناویان هات هەمان سزایان لەسەرە. مادەی دووەمی یاساکە مەودای سزای لەسێدارەدان تەنانەت بۆ کردەوەی ئابووری، دارایی، تێکنۆلۆژی یان هەر هاوکارییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کە ببێتە هۆی پشتیوانی لە ئیسرائیل فراوان دەکاتەوە.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەم یاسایە بە شێوەیەکی کاریگەر ئامرازێکی نوێیە بۆ سەرکوتی سیاسی و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە مەدەنییەکان لە ئێراندا.

لە کاتێکدا زۆرێک لە دۆسییەکانی "سیخوڕی" ڕوونکاری و دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان نییە، ڕێژیم لەبڕی وڵامدانەوەی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵ دەدات دەنگی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی و ڕەخنەگرانی سیاسی بە هەڕەشەی لەسێدارەدان بێدەنگ بکات.

کارناسانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەتوانێت بوار بۆ سەرکوتی فراوانتر و پێشێلکاری توندی مافی مرۆڤ لە ئێران خۆش بکات.