کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو: دەنگی بێگەردی حیکمەت لەنێو جەنجاڵی چەکدا

11:32 - 21 پووشپەڕ 2725

قاسملوو: دەنگی بێگەردی حیکمەت لەنێو جەنجاڵی چەکدا

ڕەحیم نزهت‌زادە

لە دونیای هاوچەرخدا، کە جەنجاڵی توندوتیژی، توندڕەوی و وەدەرنانی "ئەویتر" بەسەر زۆرێک لە گوتاری سیاسیدا زاڵە، کەسایەتییەکانی وەک دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، نەک هەر دەگمەنن، بەڵکوو بەڕاستی لە لوتکەی بوێری و ڕێچكەشكێنیدا دەردەکەون. ئەو کەسایەتییەک بوو، کە لەنێو دەنگی گوللە و دروشمی توندوتیژدا، ئاوازی دیالۆگ، عەقڵانییەت و ئاشتیی ژەنی. كەسایەتییەك کە نەک بە زمانی هێز، بەڵکوو بە زمانی مرۆڤایەتی، بە زمانی بیرکردنەوە و بە لۆژیکی کەرامەتی مرۆڤ قسەی كرد.

قاسملوو لە سەردەمێکدا دەژیا، کە زۆرجار سیاسەت لە ململانێیەكاندا کورت دەکرایەوە، بەڵام ئەو مۆدێلێکی جیاوازی پێشکەش كرد. بە کەلک‌وەرگرتن لە فێركارییەكانی ئەکادیمی لە بواری ئابووری، فەلسەفە، زانستە سیاسییەکان و هەروەها فەرمانڕەوایی بەسەر چەند زمانێک، هەوڵی وەرگێڕانی داواکارییەکانی گەلی کورد بە زمانێك دەدا، کە جیهان لێی تێ بگات. ئەو لەبری ئەوەی پەنا بباتە بەر دووبەرەکیی گەل و نەتەوە، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، خۆماڵی و ناخۆماڵی، هەوڵی دا پردێک لە نێوان دابەشبوونە نەتەوەیی، ئایدیۆلۆژی و مێژووییەكاندا هەڵبەستێ.

لە ڕوانگەی قاسملووە، کوردستان نەك نەدەبوو خاکێکی خوێناوی بۆ یەکلاکردنەوەی حێساباتە مێژووییەکان بوایە، بەڵکو دەبوو باخچەیەک با، کە دەتوانرا خاكەكەی بە دیالۆگ ئاو بدرێت. ئەو پێی وابوو لە جیهانی مۆدێرندا، پەیڕەوی سیاسەتی بەرپرسیارانە، پێویستی بە دوورکەوتنەوە هەیە لە ئەفسانەی توندوتیژی. بۆیە لەبری "شەهید ئافراندن" لە تێکۆشەران، لە "دەرفەتە زێڕینەكان بۆ ئاشتی" دووا. ئاشتییەک نەک لەسەر بنەمای تەسلیم‌بوون، بەڵکوو لەسەر بنەمای کەرامەت، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافی یەکسان بۆ هەموو نەتەوەکان و هاووڵاتیان.

ڕەنگە لایەنی هەرە سەرنجڕاکێشی جیهانبینیی قاسملوو، ڕوانینی ئەو بووبێت بۆ "کوردبوون". ئەو ناسنامەی کوردی، نەك تایبەت، داخراو و ڕوو بە ڕابردوو، بەڵکوو بە کراوە، ئینسانی و ئامادە لەسەر بنەمای دیالۆگ دەیببنینی. بۆ ئەو، کوردبوون بە مانای ژیان، گرێدراو بە بەها گەردوونییەکانی وەک ئازادی، یەکسانی و مافی چارەی خۆنووسین بوو. شوناسێک کە بە دژایەتیکردنی ئەوانی تر پێناسە نەدەكرا، بەڵکوو بە لە ئامێزگرتنی فرەچەشنی و جەختکردنەوە لەسەر بەشداریی سیاسی، هەموو نەتەوەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکانی لە خۆ كۆ دەكردەوە.

قاسملوو بە ڕوونی دەیزانی کە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، خەبات بۆ مافەکانی کورد، بە نكۆڵی لە ئامادەبوون ڕوو نادات. لەم رووانگەیە ڕا بە بەردەوامی جەختی لە سەر، پەیوەندی نێوان خەباتی کورد، داخوازیی نەتەوەکانی تر، چینی هەژار، ژنان و ڕووناکبیران دەکردەوە. ئەو دەیگوت: کورد نابێت بەتەنها بۆ "خۆی" داوای دادپەروەری بخوازێت؛ بەڵكو دەبێت وەك بەشێک لە بزووتنەوەیەکی فراوانتر بۆ دیموکراسی، سێكۆلاریزم و مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری وڵاتدا كارا، جێگە و پێگە بگرن و تێبكۆشن.

بەڵام زلهێزە سەرکوتکەرەکان بەرگەی دەنگێکی لەو جۆرەیان نەبوو. لە مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ لە دڵی ئورووپا، لە ڤیەننا، کە بڕیار بوو زایەڵەی دیالۆگ دەنگ بداتەوە، قاسملوو و هاوڕێیانی بە فیشەک بێدەنگ کران. تێرۆرکردنی تەنیا نەهێشتنی سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو؛ ئەوە هەوڵی سڕینەوەی هزرێك بوو، کە شەرعییەتی دەسەڵاتی دەخستە ژێر پرسیارەوە و ڕێگەیەکی دیکەی نیشان دەدا. تاوانێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە ترسدا هەبوو، لە کاریگەریی بیرۆکەکان، بڵاوبوونەوەی هیوا و کردنەوەی پەنجەرەیەک بەرەو داهاتوویەکی جیاواز.

ئەمڕۆ کە جیهان جارێکی دیکە لە گەردەلولی توندوتیژی، ستەمکاری، ناسیۆنالیزمی بیرتەسک و شەڕدا گرفتار بووە، دووبارە خوێندنەوەی قاسملوو، بە تەنیا ئەرکێکی مێژوویی نیە، بەڵکوو پێویستیەكی ئەخلاقییە. ئەو نەک بەتەنیا هەر هی کوردە، بەڵکوو هی هەموو ئەوانەیە کە لەسەر بنەمای دادپەروەریدا، بەدوای ئاشتییەکدا دەگەڕێن، هی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت تەنانەت کاتێک مرۆڤایەتی لەژێر گەمارۆش‌دایە، مرۆڤ بمێننەوە.

قاسملوو فێری کردین، كە بڕوامەندی بە دیالۆگ، لاوازی نیە؛ کە لێبوردەیی، پاسیڤ‌بوون نیە؛ و كە زانایی بەتەنها ئامرازێکی ئەکادیمی نیە، بەڵکوو هێزێکی ڕزگارکەرە. دەنگی ئەو ئێكۆڵێكە، لەم پرسیارە بنەڕەتییانە ڕەنگ دەداتەوە: ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە جیهانێکی پڕ لە چەوساندنەوە و سڕینەوەدا، مرۆڤ بمێنێتەوە؟ وەڵامەکەی ڕوون بوو: بەڵێ مرۆڤ دەتوانێت و دەبێت.