کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێژموونیی گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات

11:48 - 21 پووشپەڕ 2725

هێژموونیی گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات

 پەیمان ئابجامە

لە ئەساسدا چەمکی گوتار، چەمکێکی فرە ڕەهەندە کە مانا و مەفهووم و لێکەوتەی خۆی هەیە و بە بڕوای هێندێک لە ڕووناکبیران کردەیەکە یان پڕۆسەیەکە لە نێوان گوتن و کارکردندا یەکانگیر دەبێتەوە و لەنێو کۆمەڵگەدا ماهییەت و بوونی خۆی دادەڕێژێت. ناوەڕۆک و خەسڵەتەکانی هەموو گوتارێک لە سەرەتاوە خۆی لە ڕێکخستن و داڕشتنەوەی بیرۆکە و وتەکاندا دەبینێتەوە کە لەسەر چ بابەتێک داهێنەری بۆ کراوە و دەبێتە هۆی تێگەیشتن لە بابەتەکە و ئامانج و بیرۆکە کۆکراوەکان ڕوون و دیار دەبن.

لە سەردەمی ئێستادا چەمکی گوتار لەنێو زانستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بە یەکێک لە چەمکە هەرە گرینگ و بەنرخەکان ئەژمار دەکرێت و بە گشتی ڕوانگە جیاوازەکانی تاک، ڕێکخراو و کۆمەڵگە لە هەموو بوارەکانەوە کاناڵیزە دەکات و لە ڕاستیدا ڕابردوو و ژێرخانێکی فکری قوڵی پێویستە و دەبێ لەسەر شێوازەکانی گوتار و توانای کۆمەڵگەی خۆت و لێکەوتەکانی بۆ دواڕۆژ ڕاوەستە بکرێ و خوێندنەوەیەکی واقعبینانەی دەوێ.

گوتاری نەتەوەیی

لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا، ململانێی سیاسی بە هەموو شێوەکان کراوە کە هۆکار بووە بۆ مانەوەی بنەما سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد، بەڵام بۆ ئەوەیکە ڕێڕەوی خەبات و تێکۆشان باشتر بەرەو پێش هەنگاو بنێ پێویستە ڕوانگەسازی بکرێ و لە ئاکامی ئەو ڕوانگەیەش گوتار بەرهەم دێ، دواتر هەر چەند ئەو گوتارە جوانتر و پتەوتر و گشتگیرتر بێ، گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکان مسۆگەرترە و سیستەمی داگیرکەریش، پەیامی ئازادیخوازانەی ئەو گەلە چەوساوەیەی باشتر لە گوێدا دەزرینگێتەوە.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چەندین حیزب و لایەن لەو بەشەی وڵاتدا دامەزراون و هەریەکە و گوتاری تایبەت بە سیاسەت و بەرنامە و ستراتیژیی خۆی هەیە کە لە ڕاستای ئەو گوتارەدا هەنگاوە سیاسییەکانی خۆیان لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  هەڵدێننەوە و خەبات و تێکۆشانی خۆیان لەو هێلە فکریانە گەشە پێ دەدەن. لە ڕاستیدا دەوڵەمەندیی هەر گوتارێک لەوەدایە کە هەموو چین و توێژی کۆمەڵگە خۆی تێدا ببینێتەوە کە ئەویش لە قۆناغی ئێستادا بەدەر نیە لە گوتاریی نەتەوەیی.

لە خەباتی گەلی کورددا بە تایبەت لە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم، بە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات وەک یەکەمین حیزبی مۆدێڕن و دێموکراتیک، ئێمە شاهیدی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی سیاسی کورد لە ئێران لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکان بووین و بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانین کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی ئەو کۆمارە وەک؛ گوتاری نەتەوەیی، هەستی شوناسخوازانە، ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوایەتی و هێزی پێشمەرگە وێنا بکەین و وەک بەڵگە بێنینە بەرچاو کە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەباتی سیاسی و نەتەوایەتی کورددا کرد کە ئێستاش ئەم شێوە خەبات و تێکۆشانە سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتنە بۆ بزووتنەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان. واتە گوتاری حیزبی دێموکرات پێداگری لە سەر یەکیەتیی نەتەوەیی و کوردستانی بوونە. کە واتە حیزبی دێموکرات زیاتر لە هەشت دەیەیە دەرکی بەو ڕەوشە ڕاستەقینە کردووە و تایبەتمەندی و پڕەنسیپەکانی نەتەوەی کوردی بەباشی ناسیوە و دەستی بۆ گوتارێکی تاک لایەنە و حیزبی و بیرتەسکانە نەبردوە، بەڵکوو هێژموونی گوتاریی خۆی لە ڕاستای گوتاری نەتەوەییدا مانا دەکاتەوە و بیرۆکە و ئایدیای کوردستانی بوون و کوردایەتی لە پێناو ڕزگاری گەلی کورددا کاناڵیزە کردوە.

بنیاتنانی گوتاری نەتەوەیی و هەوڵی بێوچان بۆ گەشەی بیری کوردایەتی و هەستی نیشتمانی، ڕەهەندێکی سیاسی لە خەباتی حیزبی دێموکرات و کاریگەری ئەم حیزبە بە سەر کۆمەڵگەدا بووە کە وای لەو حیزبە کردوە پێگەیەکی بەهێزی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێت و هاوخەباتی لە نێوان حیزب و گەلدا بۆ بەرەنگاریکردن لە هەمبەر سڕینەوەی نەتەوەیی پێک بێت.

دوای سازبوونی حیزبی دیکە لە کوردستان، ئەگەرچی گوتاری حیزبی دێموکرات وەک گوتاری زاڵ مایەوە، بەڵام ئەو حیزب و ڕەوتانەی کە دواتر دامەزران وەک وردە گوتار و گوتاری ڕەقیب و ئەویتری گوتاری نەتەوەییی حیزبی دێموکرات لە مەیدانی ڕکەبەرایەتیدا بوون، کە ھەڵبەت ھێندێک جار وەک دژکردەوە بەداخەوە شەڕی ناوخۆییشی لێ کەوتووەتەوە و زۆر جاریش وەک بیرۆکە، لە بری  ڕکەبەرایەتی و دژایەتی بۆتە بنەمای ئەویتری ئەم گوتارە نێوخۆییانە. گوتاری زاڵی کوردی لە قۆناغێکدا بە ھۆی نەبوونی ڕەقیب و لە دواییشدا بە ھۆی پەسەندبوونی لە لایەن کۆمەڵگەوە گوتاری حیزبی دێموکرات بووە و ماوەتەوە و ئەم گوتارە زاڵە چەمکەکانی وەک؛ خودموختاری، دێموکراسی، زمان وەک کەرەسەیەکی شوناسخوازانە، خەباتی چەکداری، ناسیۆنالیسمی کوردی یا کوردایەتی و ... بەپێی قۆناغ و بە شێوەی جیاواز وەک گوتاری سیاسیی کوردی ڕۆژھەڵات ڕاڤە کردووە. ئەم گوتارە توانیویەتی لە ڕێی زاڵ بوونەوە ببێتە بەردەنگی سەرەکیی دژبەرەکانی گەلی کورد بە تایبەت کۆماری ئیسلامی، بۆیە لە ھێندێک دەورەی جیاوازدا وەک لایەنی سەرەکیی کورد بووەتە تەرەف حیسابی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دانوستان و وتووێژ لە ڕاستای دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جا کە واتە جەوهەری گوتاری سیاسیی و نەتەوەیی حیزبی دێموکرات وەک چەترێک باڵی بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا کێشاوە و توانیویەتی وڵامدەرەوەی ویست و داخوازییەکانی ئەوان بێ.

گوتاری هاوبەش

بەپێی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران و بە تایبەت لە کوردستاندا ڕوو دەدەن بێگومان کورد لێی بێبەری نییە و لە مەعادەلاتی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکیدا چ بە قازانج و بەرژەوەندی و چ بە تێچوو و خەسار ڕۆڵ دەگێڕیت. بۆیە لەم قۆناغە هەستیارەدا گوتاری هاوبەشی کورد بە مانای سازبوونی ڕیزبەندییەکی بەهێز لە نێوان گوتارە ڕەقیبەکانی کورد لە بەرامبەر ئەو، ئەویترە دەرەکییە یا گوتاری دژبەرانی کورد دایە. بۆ نموونە شۆڤێنیزمی ناوەند تەوەر کە لە ڕابردووشدا زۆر هەوڵی پاکتاوکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردی داوە و گوتارێکی دژبەریکارانەی لە بەرامبەر داخوازییەکانی گەلی کورد بە کار هێناوە و تا ئێستاش بەردەوامە، کە لەو سۆنگەشەوە زیاتر کەڵک لە بۆشایی و خاڵە جیاوازەکانی حیزبە سیاسییەکان وەردەگرێ. بۆیە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە هێژموونی گوتاری زاڵی خۆیان لە چوارچێوەی گوتارێکی هاوبەش و نەتەوەییدا بەسەر گوتاری دژبەرانی کورد بەهێز بکەن کە تەنیا بە یەک گوتاری و یەکدەنگی دەتوانن وڵامدەرەوەی ویست و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد بن(وێرای هەموو جیاوازی و تێروانینەکانیان)، لە هەمان کاتدا سازنەبوونی گوتاری هاوبەش و پابەند نەبوون بە هێژموونی گوتاری زاڵ لە خەباتی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەم کێشانەن کە بوونەتە خەساری گەورە و درێژبوونەوەی ماوەی خەبات و تێکۆشانی کورد لەو بەشەی وڵاتدا. بۆیە حیزبی دێموکرات وەک یەکەم حیزبی سیاسی و پێشەنگی کۆمەڵگە، خۆی بە ئەرکدار دەزانێ کە سیاسەتی گشتی و بەرنامە و گوتاری خۆی لە ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانیدا بێ و کوردستانی بوون ببێتە هزرێکی سیاسی و عەقڵانی لە مێشکی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕەنگ بداتەوە.