
قاسملوو، دەنگی مرۆڤایەتی
ڕەحیم نزهت زادە
لە مێژووی پڕ لە زامی نەتەوەی کورددا، ناوگەلێک هەن کە نەمر دەمێننەوە، نەک هەر بە هۆی خەبات و تێکۆشانیانەوە، بەڵکو بەهۆی سیفەتی مرۆڤایەتی، زانست و ئەخلاقیانەوە. لە دونیایەکدا کە هەندێک جار توندوتیژی و پاوانخوازی بە ڕادەیەک زاڵن، کە دەنگی دادپەروەری و دیالۆگ لە جەنجاڵی چەکدا ون دەبێت، کەسانێک هەن بە دەنگێکی بەرز و لە هەمان کاتدا هێمن و مرۆڤدۆستانە، ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە. د. قاسملوو شۆڕشگێڕێک بوو کە نەک هەر بۆ ئازادی نەتەوەکەی خەباتی کرد، بەڵکوو بۆ کەرامەتی مرۆڤیش، بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە خەباتی کرد.
قاسملوو لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ (١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩) لە کاتی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ شاندێکی کۆماری ئیسلامی لە ڤییەنی پایتەختی ئوتریش تیرۆر کرا. هەرچەندە ئەم تیرۆرە یەکێک بوو لە دەیان نموونەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی، بەڵام لەوە زیاتر بوو. ڕێژیم بەو تیرۆرە پەیامی بێدەنگکردنی دەنگی وتووێژ و میانڕەوی نارد. دوكتۆر قاسملوو تەنیا سیاسەتمەدارێکی کورد نەبوو، بەڵکوو بیرمەندێکی ڕاستەقینەی هەموو گەلانی ئێران، گلۆبالیستی و مرۆڤدۆستی بوو کە کۆماری ئیسلامی سێلەی لە دڵ و مێشکی گرت.
قاسملوو، پێشمەرگەی و دیپلۆمات
دوكتور قاسملوو، بەتەنیا لە بواری بیروڕا و سیاسەتدا چالاک نەبوو؛ لە ساڵانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧دا، جلوبەرگی پێشمەرگەی لەبەركرد و لە چیاکانی کوردستان لە خەبات و تێكۆشانی بەردەوام بوو. بەڵام هاوكات، لە مەكۆ نێودەوڵەتییەکاندا، نوێنەرێکی بەناوبانگ و قسەخۆش بوو . ئەو توانی، پرسی کوردانی ڕۆژهەڵات، لە مەیدانی دیپلوماسێ جیهانی بوروژێنێت و لە ڕێگەی تۆڕە سیاسییەکانەوە، پشتیوانی زۆرێک لە دامودەزگا و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ دۆزی كورد ڕابكێشێت. ئەم تێکەڵە ناوازەیەی خەبات لە شاخ و دیپلۆماسی لە ئاستی جیهانیدا، دوكتۆر قاسملووی کردە کەسایەتییەکی ناوازە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا.
تیرۆری ڤییەن و مردنی دیالۆگ
دوكتور قاسملوو تەنیا پیاوی شەڕ و دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو هاوكات پیاوی دیالۆگ بوو. لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەو هەموو توندوتیژی و خیانەتانەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە کورد کردبووی، پێشنیاری دانوستانی کرد. گوتیشی: ئێمە ئامادەین قسە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەین، تەنانەت ئەگەر سبەینێش بمانکوژن. ئەم قسەیە دواتر بوو بە پێشبینییەکی تاڵ. ئەو پێی وابوو کە دیالۆگ و دێموکراسی، تاکە ڕێگای چارەسەری بەردەوامی کێشەی کوردە لە ئێراندا. قاسملوو نوێنەرایەتیی جۆرێک لە عەقڵانییەتی ئەخلاقی دەکرد لە سیاسەتدا. ئەو لە کاتێکدا لە ساتەوەختی تێرۆرکردنی تەقەی لێ کرا کە هێشتا قەڵەمێکی بەدەستەوە بوو. ئەو تێرۆرە نیشانەی ترسی ڕێژیم بوو لە قەڵەم و لە هێزی نەرم، لۆژیک و جەماوەریی قاسملوو.
دێموکراتبوون بەپێی گێڕانەوەی ئەخلاق
ئەوەی لە دڵی ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا دەلڤێتەوە، تەنیا دروشمێکی سیاسی، یان هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژی نیە. بەڵکوو وەک لە ئاماژەیەكی دوكتۆر قاسملوودا هاتووە، باوەڕبوونە بە کەرامەتی مرۆڤ، ڕێزگرتن لە مافی هەموو نەتەوە و گەلان لە ئێراندا: "دێموکرات: ناسیۆنالیستی بیر تەسک نیە، بەها بە دۆستایەتیی نێوان گەلانی ئێران دەدات و ڕێز لە مافی هەموو گەلان دەگرێت".
ئەم ڕستە سادە بەڵام قووڵە، گوزارشت لە ڕۆحی دیموکراتێکی قاسملوو دەکات. بۆ ئەو کوردبوون، هەرگیز بە مانای دوژمنایەتی بەرامبەر گەلانی تر نەبوو؛ بەڵکوو هەنگاوێک بوو، بەرەو گفتوگۆ، پێکەوەژیان و پاراستنت کەرامەتی یەکتر. ئەو بە پشتبەستن بە بیرۆکەی فیدرالیزمی دێموکراتیک و مافی یەکسان بۆ هەموو گەلانی نیشتەجێی ئێران، هەوڵی دا داهاتوویەکی هاوبەش بۆ هەموو خەڵکی ئەم خاکە بنیات بنێت.
سەربەخۆیی سیاسی حیزب
قاسملوو پێی وابوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ: لە هەر جۆرە پشتبەستنێک، بە حکومەت و بزووتنەوە بیانییەکان بەدوور بێت. تەنانەت ئەگەر هەندێک لەو حکوومەتانە، لە هەندێک کاتدا بە هاوپەیمانی ستراتیژی هەژماریش بكرێن . د. قاسملوو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە بڕیاردان لە حیزبەکەیدا دەبێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و جەماوەریی کوردستانی ئێران بێت، نەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئایندە، یان فشاری زلهێزەکانی ناوچەیی یان جیهانی. باوەڕی وابوو کە دەبێ پشتبەخۆبەستن و بەشداریی جەماوەری وەك پرەنسیپی سەركی وەربگیرێت. ئەو پشتبەستنی بە هێزە نێوخۆیی و خۆڕستەكانی وەك هێز و ڕەمزی مانەوە و ئیعتباری سیاسیی حیزب دەزانی. د. قاسملوو سەربەخۆیی سیاسی وەك پێویستی بۆ متمانەی گشتی و دووركەوتنەوە لە كەوتنە داوی سیاسەتە بەوەكالەتەكانی زلهێزەكان گەورەكان دەزانی. نەمر قاسملوو چەندین جار جەختی لەوە کردبۆوە کە "ئێمە نە بەکرێگیراوی كەسین، نە ئامرازی بەر دەستی هیچ دەسەڵاتێکین. حیزبی دێموکرات بە تەنیا گەلی خۆی وەڵامدەرە".
دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەری
قاسملوو بە ڕوونی پێی وابوو، کە بەبێ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هیچ خەباتێک ناتوانێت ببێتە هۆی ڕزگاری ڕاستەقینە. ئەم پرەنسیپە، لە هزری حیزبی دێموکراتدا، بەم شێوەیە دەردەبڕدرێت: "دیموکرات داکۆکی لە مافی خەڵکی زەحمەتکێش دەکات، و دژ بە هەر داگیرکاری و چەوسانەوەیەکی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە تێدەكۆشێت." دوكتۆر قاسملوو، لەبری ئەوەی پشت بە دروشمی پووچ ببەستێت، ژیانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردنی چینایەتی و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە تەرخان کرد. لە گوتاری ئەودا ئازادی تەنیا ئازادیی ڕەگەزی یان قەومی نەبوو، بەڵکو ئازادبوون بوو لە هەژاری، نەزانی، نایەکسانی و چەوساندنەوەی ئابووری. لە لایەکی دیکەوە باوەڕبوون بە یەکسانیی ژن و پیاو بەشێکی گرنگی جیهانبینی قاسملوو و حیزبی دێموکرات بوو: "پشتیوانی لە یەکسانی تەواوەتی مافەکانی ژن و پیاو، لە کۆمەڵگە و خێزاندا دەکات".
لە سەردەمێکدا، کە تەنانەت زۆرێک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن تێگەیشتنێکی ڕوونیان لە پرسی مافەکانی ژنان نەبوو، قاسملوو بەئاشکرا بانگەشەی بۆ یەکسانی تەواوەتی ژنان و پیاوان دەکرد. ئەم تێگەیشتنە قووڵە، لە وشیاری و خێرخوازی یپێشەنگانەی ئەوەوە سەرچاوەی گرتوە.
هێڵێکی ڕوون، لە نێوان مرۆڤدۆستی و فاشیزمدا
لە جیهانێکدا، کە سنوورەكانی نەتەوەیی، ئایینی و زمانەوانی هێشتا سەرچاوەی خوێنڕشتن و دابەشبوونە، دێموکراتی ڕاستەقینە، ئەو کەسەیە کە سنووری دەمارگیری تێدەپەڕێنێت: "دێموکرات مرۆڤدۆستە و بەبێ گوێدانە ڕەگەز و ئایین، بەهایەکی زۆر بە هاوڕێیەتی نێوان مرۆڤەکان دەدات، هەرچەشنە ڕەگەزپەرستی و فاشیزم و باڵادەستییەکیش مەحکووم دەکات." قاسملوو، بە زانیاریی قووڵی خۆی لەسەر کولتوورە جیاوازەکان، بە چەندین زمانی زیندووی جیهان قسەی دەکرد، و بە هەموو شێوەکانیەوە بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤ دەکرد. لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا، یەکێک لەو کەسایەتییە کەمانە بوو، کە سنووری نێوان بەرخۆدانی نەتەوەیی و دەمارگرژی ڕەگەزیی دەناسی. لە ڕوانگەی ئەوەوە، هەر جۆرە فاشیزمێک و باڵادەستی نەتەوەیی، یان مەزهەبی، دوژمنی ئازادیی مرۆڤ بوو.
سۆسیالیزمی دێموکراتیک
د. قاسملوو لەو دەگمەن ڕووناکبیر و سەرکردە سیاسییانەی کورد بوو کە ڕوانگەی سۆسیالیزمی دێموکراتیکی لە چوارچێوەی خەباتی نەتەوەیی کوردستاندا خستە ڕوو. لەم ڕووەوە: سۆسیالیزمی دێموکراتیکی، بە ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی یاسایی، ئابووری، ئازادی تاکەکەسی و سیاسی دەزانی.
ئەو پێی وابوو، کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد نابێت تەنیا گەلی و نەتەوەیی بێت، بەڵکوو لە هەمان کاتدا دەبێت، هەڵگری بەهای دادپەروەری، مافی مرۆڤ، دیموکراسی و گەشەسەندنی بەردەوام بێت. لەبری مارکسیزمی کلاسیک، یان مەیلی چەپگەرایی ڕادیکاڵ، مۆدێلی سۆسیال دیموکراسیی ئەورووپیی (بەتایبەتی سکاندیناڤیایی)ی، بە گونجاوترین مۆدێل بۆ گەشەسەندنی کوردستان و ئێران دەزانی. د. قاسملوو پێی وابوو کە سۆسیالیزمی دێموکراتیک لەگەڵ تایبەتمەندییە فرە نەتەوەییەکانی ئێراندا دەگونجێت، هەروەها دەتوانێت سەکۆیەک بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان، ئایینەکان و زمانەکان دابین بکات.
یەکێک لە لێدوانە بەناوبانگەکانی لەم بارەوە بریتی بوو لە: "ئێمە کوردین، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵگایەکی مرۆڤدۆستانە و دادپەروەرمان دەوێت کە هیچ کەسێک بەهۆی ڕەگەز، ئایین و ڕەگەزەکەیەوە نەچەوسێندرێتەوە".
دوکتور قاسملوو، بە بەستنەوەی نەتەوەگەرایی دێموکراتیک بە سۆسیالیزمی دێموکراتیكی مۆدێرن، هەوڵی دا ڕێگایەکی مامناوەند و عەقڵانی بۆ بزووتنەوەی کورد لە ئێران دابڕێژێت: ڕێگایەک کە هەم بەرەنگاری ستەمی ناوەندگەرایی بۆوە، هەم خۆی لە توندڕەویی نەتەوەیی یان ئایدۆلۆژیکی پاراستبوو. قاسملوو، چەندین جار باسی لەوە کردبوو، کە سەربەخۆیی خواستێکی سروشتی و ڕەوایە بۆ هەموو نەتەوەیەکی ستەملێکراو، بەڵام هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی تایبەتدا، دەبێت بە دوای چارەسەری کردەیی و ئەگەری بگەڕێن. وتە بەناوبانگەکەی "ئێمەی کورد سەربەخۆییمان دەوێت، بەڵام لە جیهانێکدا دەژین کە تەنها بمانەوێت بەس نیە، بەڵام دەبێت بزانین ئایا دەکرێت بەدیبهێنرێت یان نا؟" ئێستاش زیندوویەتیی خۆی لەدەست نەداوە.
میراتی قاسملوو
شەهیدبوونی قاسملوو، وەک تیرۆرکرانی زۆرێک لە ڕووناکبیرانی دیکەی کورد، خاڵێکی ڕەشی مێژووی هاوچەرخی ئێرانە. بەڵام بیرمەندییەكەی هێشتا دەژی. فێری کردین کە مرۆڤ دەتوانێت لە ناو خەباتدا مرۆڤ بمێنێتەوە؛ مرۆڤ دەتوانێت لە ناوەڕاستی سیاسەتدا ئەخلاق بپارێزێت؛ مرۆڤ دەتوانێت کورد بێت بەڵام دژی هەڵاواردن؛ مرۆڤ دەتوانێت ئێرانی بێت بەڵام داکۆکیکار بێت لە فرەچەشنی.
لە ساڵیادی شەهیدبوونیدا، دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت، کە نەمانی جەستەیی قاسملوو، کۆتایی ژیانێک نەبوو؛ بەڵکو سەرەتای میراتێک بوو، کە ئەمڕۆ زیاتر لە جاران پێویستمان پێیەتی. لە سەردەمێکدا کە جارێکی تر دەنگی توندڕەو. ڕق و فاشیست لە ناوچەکە و جیهاندا بەرز بوونەتەوە، بیری قاسملوو، وەک چرایەک وایە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکە.