
دوورئەندێشیی دوکتور قاسملوو لە سیاسەتدا
جەماڵ ڕەسووڵدنخه
"فەرماندەی شەڕ لە کاتی پێویستدا، ڕێبەری سیاسی لە پێش هەموو شتێک و مرۆڤی دیپلۆماسی و دیالۆگ". پێناسەی ماڕک کراڤێتز، ڕۆژنامەنووسی فەرانسەوی لە دوکتور قاسملوو. ئەگەر ئەو ڕستەیە بنەمای نووسینەکە دابنێین ئەگەر کەمێکیش بێت، لە ماهییەتی قاسملوو لە سیاسەتدا و واقعبینیی ئەو ڕێبەرە تێگەیشتووین.
ئەوە شتەی کە تاکێک لە ئەوانی دیکە جیا دەکاتەوە ڕواڵەت و بوونی فیزیکی و ئەو شتەی بە چاو دەبینرێت نیە، چونکە ئەگەر پێوانە ئەوە بێت ئیتر پێناسەی ئێمە لە جیاوازیداناندا شاردراوەتەوە و لەو کاتەدا لە مانای جیاوازی تێنەگەیشتووین و تەنیا قەناعەتمان بە جیاوازیی لە ڕواڵەتدا هێناوە. لە دنیای سیاسەتیشدا ئەگەر هەر ئەو پێوانەیە لەبەرچاو بگرین چونکە فلان کەسە بەهۆی ئەوەیکە لە فڵان حیزب یا ڕێکخراوی سیاسیدا چالاکی دەکات، ئیتر ئەوە کەسێکی حقووقی یا سیاسییە، ستەمێکە بۆ تێگەیشتن لە ماهییەتی کەسەکان. باسی ئێمەش هەر ئەو بابەتی قووڵ بیرکردنەوە و دوورئەندێشی لە سیاسەتدایە و ئەوەش بۆ ڕێبەرێکی سیاسی زۆر گرینگە کە ناوی ئەو لە مێژوودا تۆمار بکات و هیچ کات لەبیر نەچێتەوە. دوکتور قاسملوو نموونەی ئاشکرای بابەتی بەر باسی ئێمەیە. با پێکەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە لەبارەی دوکتور قاسملوو، چەند نموونە لە تەحلیل و دوورئەندێشییەکانی ئەو ڕێبەرە بێنینەوە کە ئێستاش شرۆڤەیەکی ڕاست و بەڕۆژن.
ڕەتکردنەوەی تێرۆریزم
"لە ڕابردوودا دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی گشتی لە پشتیوانیکردن لە ئاکار و کردەوەی تێرۆریستی خۆیان پاراستوە و بەدایم لە دڵەخورپەدا بوون کە نەکا وەک پشتیوان و لایەنگری تێرۆریزم کە ئەوپەڕی قانوونشکێنی و تێکدانی داب و نەریتی نێونەتەوەییە بناسرێن و بە لایەنگری لە تێرۆریزم تاوانبار بکرێن. بەڵام لە حالی حازردا وای لێ هاتوە کە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان لەپێناوی گەیشتن به ئامانجەکانیاندا نەتەنیا کردەوەی تێرۆریستی بە خراپ نازانن، بەڵکوو بەڕاشکاوی و بە شێوەی ڕەسمی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا لە ڕەشەکوژی و شێوە جۆراجۆرەکانی تێرۆر کەڵک وەردەگرن، ئەم ڕێژیمانە لەنێوخۆی وڵاتدا موخالیفە سیاسییەکانی خۆیان تێرۆر دەکەن و لەو ڕێگایەوە دەسەڵاتی پاوانخوازانەی خۆیان بەزۆری بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن، لە دەرەوەی وڵاتیش بۆ کپکردنی دەنگی هاودەردی و هاوپێوەندیی جیهانی و بۆ بەرگری لە لایەنگریی ئازادیخوازان و بە مەبەستی تایبەتی و جاروباریش بۆ باجئەستاندن یان سەپاندنی ئیدئۆلۆژی و بۆچوونێکی تایبەتیی خۆیان پەنا دەبەنە بەر تێرۆریزم".
ئەوە نموویەکە کە دوکتور قاسملوو لەبارەی تێرۆریزمی دەوڵەتی باسی کردوە. دەربڕینی بۆچوونی دوکتور قاسملوو لەبارەی ڕەتکردنەوەی تێرۆریزمی دەوڵەتی نیشانەیەکە لە واقعگەرایی ناوبراو کە ئەو بەو ئاگاهییە گەیشتبوو کە بەشێک لە دەوڵەتەکان و ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان پەنا دەبەنە بەر تێرۆریزم. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو دەستە ڕێژیمانەیە کە دوکتور قاسملوو دەیزانی کار و کردەوەی تێرۆریستانە ئەنجام دەدات. هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لەلایەن خوێندکارانی پێڕەوی خەتی خومەینی لەو کردەوانەی ڕێژیمی ئێران بووە کە دوکتور قاسملوو بەتوندی مەحکوومی کرد و وەک کردەوەیەکی زۆر مەترسیدار دژی خاکی وڵاتێکی دیکە پێناسەی کرد.
تێرۆریزمێک کە دوکتور قاسملوو باسی لێ دەکات، کار و کردەوەی هەر وڵاتێک لە هەر قۆناخێک لە زەمان و بە هەر مەبەستێک ئەنجام درابێت؛ لەخۆوە دەگرێت. ئێستا بەپێی ئەو پێشەکییە و نموونەیەی کە هێنامانەوە چاوێک لە جیهانی ئەمڕۆمان بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەین دەبینین و دەزانین کە دوکتور قاسملوو بە تێگەیشتن و زانایی حەکیمانەی خۆیی لە سیاسەت ئاماژەی بە چ قەیرانێک کردوە.
لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سال ١٣٥٧ی هەتاوی کە خومەینی دەسەڵاتی لە ئێران بە دەستەوە گرت، تێرۆرەکانی کە هەر لە سەرەتاوە ئەو ڕێژیمە ئەنجامی دا، دواتر لە ساڵانی دیکە و ئێستا درێژەی پێ دەدا لە ئەنجامدا بەرۆکی وڵاتانی ناوچەی گرتووەتەوە و دەبینین کە ئیستا جیهان لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو ڕێژیمە کۆنتڕۆڵ و دواتر لەنێوی ببات. چونکە تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران لە ڕەهەندێکی گەورەتردا گەیشتووەتە مووشەکی دوورمەودا و دواتر چەکی ئەتۆمی و ئێستاش وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەتایبەتی ئیسرائیل و ئامریکا بەو ئەنجامە گەیشتوون کە بوونی ئەو ڕێژیمە مەترسی و هەڕەشەیەکە جیهانییە و دەبێ ڕێگاچارەیەکی بۆ بدۆزنەوە.
دوکتور قاسملوو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئێمە لە بنەڕەتدا تێرۆریزم مەحکووم دەکەین؛ چونکە لەسەر ئەو باوەڕەین کە بنەمای ئازادی و کەڕامەتی مرۆڤ دابین ناکا. لە بواری سیاسییش لە درێژماوەدا تێرۆریزم ڕێز و حورمەتی بزووتنەوە لەنێو دەبات و لە نێوخویدا دەیشکێنی. هەڵسەنگاندنی نەگونجاوی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە تێرۆریزم خەبات دژی ئەو دیاردەیە زیاتر سەخت و دژوار دەکات.
ئەگەر نووسراوە و وتووێژەکانی دوکتور قاسملوو لە مەحەکی بیرکردنەوە بدەین بەو ئاکامە دەگەین کە "دوورئەندێشیـ"ـی دوکتور قاسملوو ڕێبازێکە کە دەبێ بۆ داهاتوو بەپێی ئەو هەنگاو بنێین. دوورئەندێشی بە مانای توانایی پێشبینیی لێکەوتەکانی کارێک یا بڕیارێکە. ئەو لێهاتووییە هەموو بوارە جیاوازەکانی بارودۆخێک، هەڵسەنگاندنی ئەگەرەکان و بەرنامەداڕشتن بۆ داهاتوو بەپێی هەڵسەنگاندنەکانە. دوورئەندێشی یارمەتی بە تاک دەدات تا بڕیاری ئاگاهانە بگرێت و بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پێکۆڵە و دەرفەتەکانی داهاتوو ئامادە بێت. دوورئەندێشی و شرۆڤە بێوێنەکانی دوکتور قاسملوو لە تایبەتمەندییە فکرییەکانی دوکتور قاسملوو بوو. ئەو حاڵەتە هەتا ئاستێک لە ئەندێشەکانی ناوبراودا خۆی دەنوێنێ کە تا ئێستاش ڕێگایەکی ڕوونی بۆ ئێمە دیاری کردوە کە دەتوان لە سیاسەتدا بیکەینە سەرباشقەی خۆمان. دوورئەندێشی و وتنی ئەو دوورئەندێشییە کە به واقعگەرایی ناوی لێ دەبردرێت لە بوێری و تێگەیشتنی تاک سەرچاوە دەگرێ و ئەگەر ئەو تاکەش سیاسی بێ، جێگە و پێگەیەکی بەهێزی لە نێو خەڵک و کۆمەڵگەی جیهانیدا دەبێ و کەسایەتییەکی جیهانی لێ دروست دەبێ؛ هەر وەک دوکتور قاسملوو هەیەتی.
خاکەڕابوونی قووڵ بیرکردنەوە؛ خاڵێکی دیکەی دوورئەندێشی دوکتور قاسملوویە. بەو مانایە کە ئەو بۆ نەوەکانی داهاتوو هەندێک بیرکردنەوەی بەجێهێشت کە ئێمە لەگەڵ ئەو بێگانە نین و بەڵکوو هەر کات لە تەنگ و چەڵەمەی بیرکردنەوەی کەوتین دەتوانین پەنایان بۆ ببەین. شایەد باشترین نموونەی ئەو دوورئەندێشییەی دوکتور قاسملوو "سوسیالیزمی دێموکراتیک" بێ کە لەو کتێبەدا ڕێگا و ڕێبازی بۆ ئێستا و داهاتووی ئێمە دیاری کردووە. ناوبراو بە بوێرییەکی بێ وێنە و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە باسی لە ئیراد و قازانجەکانی مەکتەبە فکرییەکان بەپێی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسی کورد کردووە و بە ڕوونی ڕێگاچارەکانی لەبەر دەستی ئێمەدا داناوە کە سۆسیالیزمی دێموکراتیک بەرهەمی ئەو شرۆڤە و قووڵ بیرکردنەوەیە.
دوکتور قاسملوو بۆ لێکدانەوە و شرۆڤەکانی خۆیدا لەسەر پرس و ئاڵۆزییەکانی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی زاڵ بوو و بە باشی دەیزانی لە داهاتوودا بەپێی ڕووداوەکانی ئێستا چە شتێک ڕوو دەدات. نموونەی ئەو بابەتە ئەوەیە کە کاتێک لەگەڵ عەلی لیمۆنادی وتووێژێک لەبارەی داهاتووی ئێران دەکات، دوکتور قاسملوو لەو وتووێژەدا بە ڕاشکاوی و بوێرانە باس لەوە دەکا کە لە داهاتوودا نیزامی شاهنشاهی جێگای نیە و مەحکووم بە شکستە و زۆر بە جوانی باس لە هۆکارەکانی دەکات.
ئەمڕۆ دوکتور قاسملوو لە نێو ئێمەدا نیە، بەڵام ئەندێشەکانی ئەو و وتەکانی ئەو ڕێبەرە لەبارەی واقعگەرایی کە دوورە لە هەست، خیاڵبافی و دەرماگرژی؛ دوورەدیمەنێکی واقعی بۆ ئێمە و نەوەکانی داهاتوو ڕوون کردووەتەوە. چەمکێک کە لە سیاسەتدا بە میراتئەندێشی باسی لێ دەکرێ، لەلایەن دوکتور قاسملوو بۆ ئێمە بە ئەمانەت دانراوە تا لە دنیای ئاڵۆزی سیاسەتدا بتوانین خۆمانی پێ سەر خەین و بڕیاری دروست بدەین.
لەو ڕۆژانەدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە مێژوودا کەوتووەتە سەرەولێژیی ڕووخان و ڕێگای گەڕانەوەی نییە. شرۆڤە و تەحلیلەکانی دوکتور قاسملوو لەبارەی چۆنییەتی ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرییە خۆی زیاتر دەردەخات. چونکە ئەو لە وتووێژەکانیدا خۆیدا باسی لەوە کردبوو کە ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر لەسەر کار دەبێ بەڵام لە ئاکامدا بەهۆی نەبوونی مۆرەکانی بۆ درێژەدانی بە ژیانی سیاسی خۆی تووشی بۆنبەستی سیاسی دەبێ و ئیتر ڕێگای دەربازبوونی لە ڕووخان نابێ. دوکتور قاسملوو لەبارەی سەرئەنجامی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بەم چەشنە قسەی کردوە.
چارەنووسی دیکتاتۆری
"دیکتاتۆری مەحکووم بە نەمانە! سەرکەوتن بەسەر فاشیزمدا زۆر دەرسی بەنرخی تێدان. یەکەم: ئەوەیکە دیکتاتۆرەکان هەر چەند بە هێزیش بن ئاخرەکەی لە بەرامبەر ڕاوەستانی گەلاندا هێزی خۆراگرتنیان نیە و دەڕووخێن. دووهەم: شەڕخوازیی بە مەبەستی لەژێر چۆک خستنی گەلان یا سادرکردنی ڕێژیمێکی دیاریکراو، ئەنجامێکی بێجگە لە شکست و لەنێوچوونی بەدواوە نییە". دوکتور قاسملوو
بێ هۆ نیە کە ماڕک کراڤێتز وتوویەتی: " فەرماندەی شەڕ لە کاتی پێویستدا، ڕێبەری سیاسی لە پێش هەموو شتێک، مرۆڤی دیپلۆماسی و دیالۆگ".