
بەشوێن هەنگاوەکانی دوکتورەوە
دیاکۆ ڕۆژهەڵاتی
کەم نین ئەو ئافرەتانەی چ لە ماڵداری و چ لە خەباتدا دەبنە قەڵایەک بۆ شووەکانیان و ئازایانە پشتیان دەگرن و ساردوگەرمی ژیانیان لەگەڵدا چێژن. بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەو ژنانە لەخۆیان نەبوورێن و ئاسوودەییەکانیان وەلا نەنێن و شان نەدەنەبەر باری شووەکانیان، مێردەکانیان ناتوانن ببنە کەسایەتییەکی مەزن و دیار و جێی سەرنج. دیارە ئەو ژنانەی لە کاروانی خەباتێکی سەخت و دژواردا شان دەدەنە بەر ئەرکی خەباتگێڕانەی هاوسەرەکانیان، ئەرکەکەیان چەند قات قورستریش دەبێت. بێگومان زۆریشن ئەو پیاوانەی بە هۆی ژنەکانیانەوە لە ترۆپکی ئازایی و پیاوەتییەوە دەگلێن و وردوخاش دەبن و لە خانی خانانەوە دەبنە تۆزی بانان. لێرەدایە دەوری ژن لە ژیانی پیاودا دەردەکەوێ. بە چاوخشاندنێک بە پەرتووکی "ئورووپاییەک لە وڵاتی کورداندا"، بۆمان دەردەکەوێت کە نووسەری ئەو کتێبە (نەسرین خانم قاسملوو) چەندەی یارمەتیی شووەکەی داوە و چۆنی پشت گرتوە و نەیهێشتوە بگلێت و چەندی قوربانی بۆ داوە!
دیارە هەر قۆناغێکی خەبات بۆخۆی پڕە لە ڕووداو و سەرلەبەری ئەو ڕووداوانەش، مێژووی ئەو قۆناغە دیاری دەکەن. ئەو بیرەوەرییانەی لە لایەن کاراکتەرەکانی ئەو خەباتە لە داڵاتوودا دەیگێڕنەوە دەبنە مێژووی ئەو قۆناغە لە خەبات. چونکە ئاوانەی ئەو بیرەوەرییانە دەگێڕنەوە کەسانێکن کە لە ناخی ڕووداوەکاندا ژیاون و ئاگاداری چلۆنایەتیی ڕووداوەکانن. ئەوان ئەگەر بە دڵفرەوانییەوە ڕووداوەکان بگێڕنەوە لەبەر بەرژەوەندیی کەسی و تاقمی خۆ لە ڕاستییەکان نەبوێرن، ئەوە دەتوانن وەک ئاوێنەیەکی ڕوون و باڵانوێن ئەو مێژووە بنوێنن و پێشکەشی لێکۆڵەران و بەرەی داهاتووی بکەن. ئاشکراشە ئەگەر خۆ لە ڕاستییەکان ببوێرن هەم نرخی کارەکەی خۆیان دادەشکێن و هەم گومان دەخەنە سەر ڕاستیی تێکۆشانەکەیان.
کۆی ئەو بیرەوەرییانەی لەو چەند ساڵەی ڕابروودا لە لایەن تێکۆشەران و خەباتگێڕانی نەتەوەکەمانەوە نووسراون سەرچاوەگەلێگی بەکەلک و گرینگن بۆ بەرەی دوای ڕووداوەکان و ئەوان دەتوانن بە لەبەریەک دانانی بیرەوەرییەکانی ڕاستی و دوروستی ئاوان بسەلمێنن و مێژووەکەشی پێ ڕاست بکەنەوە.
«ئورووپاییەک لە وڵاتی کورداندا» ناوی کتێبێکە کە بیرەوەرییەکانی نەسرین خانمی قاسملووی لە توێی خۆیدا کۆ کردۆتەوە .کتێبەکە پڕە لە خاڵی گرینگی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و نووسەر لەجێی خۆیاندا ئاوڕی لێ داونەتەوە و خۆڵی لێ تەکاندوون و پەردەی لەسەر لابردوون و کردوونی بە بەشێک لە مێژووی حیزبی دێموکڕات و خەباتی نەتەوەیی لەم پارچەیەی کوردستاندا.
شێوازی نووسینی دەق
دەقی نووسراوەی کتێبەکە شێوەیەکی جوان و هونەرییانەی پێوەدیارە. گێڕانەوەکە لە زمانی سێهەم کەسی تاکەوەیە و ئەو شێوە گێڕانەوە کارەکە لە شێوەگێڕانەوەیەکی سادە و ئاساییەوە دەکاتە گێڕانەوەیەکی هونەری و شارەزایانە. نووسەر بە دەسپێکێکی تەواو نووسەرانەوە دەست بە نووسینەوەکەی دەکات. گێڕانەوەکانی ئەوەندە بەهێز و پتەو و شیرینن کە خوێنەر بە تەواوی دانەخۆرە دەکەن. خوێنەر دوای خوێندنەوەی هەربەشێک لە بیرەوەرییەکان بە تامەزڕۆییەوە دەچێتە سەر بەشی دوایی و ناتوانێت وەلای بنێت و دەستی لێ هەڵگرێت.
کاکڵی گێڕانەوەکە
کتێبەکە بەڕواڵەت بیرەوەرییەکانی نەسرین خانمە لە ژیان و خەباتی خۆی. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو خەریکە کاک دوکتور دەگێڕێتەوە، نەک خۆی. لەم کتێبەدا نووسەر زیاتر بیری بەلای هاوسەرەکەیدا دەشکێتەوە و لەڕاستیدا ئەوەی دەیگێڕێتەوە ژیان و خەباتی دوکتور قاسملووە. ئەوەی خوێنەر هەستی پێ دەکات ئەوەیە کە نەسرین خانم وەک هاوسەرێکی بەئەمەگ و دڵسۆز ژیانی خۆی بۆ هاوڕێیەتی دوکتور تەرخان کردوە و هەر بەو شێوەیەش قەڵەمەکەی پێشکەش دەکات و ئەو دەیکاتە پاڵەوانی بیرەوەرییەکانی خۆی. نووسەر باش لەوە ئاگادارە کە بێ ناوی دوکتور ناتوانێت خوێنەر تامەرزۆ بکات و هەر لەبەر ئەوەش بەردەوام بەشوێن هەنگاوەکانی دوکتورەوەیە. ئەوەش کارێکی وای کردوە کە خوێنەریش کارەکەی ئەو ڕەچاو بکات و لە ماوەی خوێدنەوەکەیدا بەردەوام شوێن هەنگاوەکانی دوکتور بەرنەدات. ئەم نووسراوانە تیشک دەخەنە سەر زۆر لایەنی ژیان و خەباتی دکتور و ئەگەر کارە بەنرخەکەی نەسرین خانم نەبوایەت بەشێک لە ژیان و ماندووبوونی دوکتور بە بزری دەمایەوە. ئەم بیرەوەرییانەی نەسرین خانم هەم بەشێکن لە مێژووی حیزبی دێموکرات و هەم بەشێکی گرینگن لە ژیانی نهێنیی دوکتوری شەهید. خوێنەر لە خوێندنەوەی ئەم بیرەوەرییانەدا ڕۆژە سەخت و پڕ لە مەینەتییەکانی دوکتور دەناسێت و دەزانێت کە ئەو بۆ گەلەکەی خۆی لە چ ناز و بەهرەیەک بوواردوە و چ تاڵی سوێرییەکی چێژتوە. لەم بیرەوەریانە خوێنەر لە گەڵ مرۆڤێک ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە هەموو چێژ و ئاسوودەیی و ئارامی خۆی وەلا ناوە و پێی ناوەتە ڕێگایەکی پڕ لە تاڵی و ناخۆشی و نائارامی و چەرمەسەری. دوکتورێک کە دەیتوانی لە ناز و نێعمەتدا بژیت، بەڵام نای بەو ژیانە گوتوە و ڕێی دژواری خەبات بۆ نەتەوەکەی گرتۆتەبەر و لەپێناوەشدا سەری داناوە.
بێگومان کەمتر کەس لە ئێمەی کورد ئاگاداری ژیانی تێکوشەرانی کوردی تاراننشینی سەردەمی شا هەین. ئەو ڕۆژە ناخۆش و پڕ لەترس و دڵەڕاوکێیانە. بەڵام ئەوە قەڵەمە پڕ جەوهەرەکەی نەسرین خانمە کە کەسانی ئەم سەردەمە دەباتە ماڵە تاریکەکانی ئەو سەردەمە و پێیان دەڵێت، کە دوکتورەکەیان و هاوڕێکانی چۆنیان خەبات کردوە و چۆنیان هەوڵ بۆ ئازادی و سەربەستیی ئەوان داوە.
نەسرین خانم لە هەر باسێک دەدوێت مافی خۆی بە جوانی دەداتێ. چ ئەوکاتەی باسی خەباتی نەهێنی دەکات، چ ئەوکاتەی باسی پەڕینەوە لە سنوور دەکات، چ ئەودەمەی وەک هاوسەری سکرتێری حیزب دێتەوە نێو وڵات و تێکەڵ بە شۆڕشگێڕان و خەڵکی نیشتمان دەبێت. ئەو زۆر شارەزایانە لایەنە جوان و دزێوەکانی شۆڕش دەداتە بەرسەرنج و ڕاڤەیان دەکات. ئەوکاتەی باسی کەسایەتییە بەهێز و کەسایەتییە لاوازەکانی نێو شۆڕش دەکات وەک خۆیان دەیانناسێنێت و شەرمی لە شکاندن، یان پێداهەڵکوتنیان نیە. کاتێکیش دێتە سەر باسی کولتوور و فەرهەنگی کوردستان، وەک خۆی باسی دەکات و ئەودەمەی لە تارانیش دەدوێت وەک خۆیان هەڵیاندەسەنگێنێ و بە چاوی نەیار لێیان ناڕوانێت. نە ئەمان دەکات بە فریشتە و نە ئەوان دەکات بە ئەهریمەن. تەنانەت ڕەخنە بەجێیەکانیشی لە دوکتور، ئەوەندە بەجێ و بەئێنسافانەن کە خوێنەر هەڵنابەزێننەوە و تووشی هەڵچوونی ناکات.
کۆتایی
نووسەری ئەو بیرەورییانە سەرەڕای ئەوەی دەورێکی گرینگی لە ژیانی دوکتوردا هەبووە و ماندووبوونێکی زۆریشی بۆ خەباتە ڕەواکەی کورد چێشتوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەیویستوە خۆی بکاتە قارەمانێکی کەموێنە و فیز بەسەر نەتەوەی کورددا لێ بدات و پێیان بڵێت، چاولێکەن من چەندەم ئازار بۆ چێشتوون و ژیانی خۆم بۆ خستوونەتە مەترسیەوە. چۆن بەپێیان سنوورم بۆ بڕیون و شەو و شەونخوونیم بۆ کێشاون و چلۆن لە بەغدایەکی گەرموگوڕدا چوومەتە کاولاشێکی تێکڕووخاو و ماوەیەکی زۆر وەک گولێکی تەریدە بە خۆم و بە دوومنداڵەوە تێیدا ژیاوم. بەڵکوو ئەگەر گازندەیەکیشی کردبێت ئەوە ڕووی دمی لە خۆی و ئەوینەکەی بووە. بەڕاشکاوی دەڵێ، ئەوەی ئەو بۆی ماندوو دەبوو، ئازاری بۆ دەچێشت و چێژی لێ دەبینی، خۆشەویستیی عەبدوڵڕحمانە و ئەو بەڵێنەی لە سەرەتای هاوسەرگیریاندا بەوی داوە.
بەدڵنیاییەوە ئەم بیرەوەرییانە پڕن لە ئامۆژگاری و ڕێنوێنی. ژیانی نەسرین خانم و ئەو ماندوبوونەی لەپێناو ئەوێنەکەیدا دەیکێشێت، وانەیەکی گرینگە بۆ ئەو کێژۆڵانەی دەیانەوێ ژیانی هاوبەش پێک بێنن. ئەوان دەتوانن لە خویندنەوەی ئەو بیرەوەرییانەدا فێری وەفا و ڕاستی و ئەوین بن و ڕێز لەو بەڵێن و پەیمانە بگرن کە بە هاوسەرەکانیانی دەدەن و هەتاسەر پێی وەفادار بن و بۆی ماندوو بن و لە هیچ تێکۆشانێک درێخی نەکەن. هەروەها بە خەباتکارانیش دەڵێ ڕێگای خەبات دژوارە و ئەگەر پیاوی ڕێگای سەخت نیت خۆی لێ ببوێرە.
ژیان هەل و دەڕفەتی جۆراوجۆر بۆ مرۆڤەکان دەخولقێنێت. زۆر شتگەل هەیە کە مرۆڤ بیریان لێ دەکاتەوە لێی تووشی سەرسوڕمان دەبێ. یەکێک لەو هەستانەی مرۆڤ بەرەو ڕێگای نادیار پەلکێش دەکات ئەوینە. ئەوین هەزاران ڕێگای هەیە و هەر ڕێبوارێکی بەرەو یەکێک لەو ڕێگایانە بەڕێ دەکات. ئەو ڕێگایانەش پڕن لە ڕێگای هات و نەهات. زۆرجار ئەو ڕێگایانە ڕێبوارەکانیان بەرەو ڕێی نەهات بەڕێ دەکەن. ڕێی نەهات ئەو ڕێگایەیە کە مرۆڤ تووشی تەنگ و چەڵەمە دەکات و ماندووی دەکات و سەختی پێ دەچێژێت. لە چیرۆکە قەدیمییەکانی ئێمەدا هەمیشە ئەو کەسانە سەرکەوتوون و پلەی بەرزی قارەمانەتیان وەدەست هێناوە کە ڕێگای نەهاتیان گرتۆتەبەر. چونکە ڕێی نەهات ڕێی شەقڵ نەشکاوە و ئەوە ڕێبوارکەیە کە دەتوانێت چۆنیەتیی ڕۆیشتنی خۆی دیاری بکات هەتا بە مەنزڵی مەقسوود بگات. پێشینیانی ئێمە لە هەڵبژاردنی ئەو ڕێگادا بۆ چیرۆکەکانیان ویستوویانە بە گوێگرانی خۆیان بڵێن، پێملبوون بە ڕێگای تاقیکراوە و پێخوست کراو ژیان بە چەقبەستوویی دەهێڵێتەوە و هیچ شتێک لە ژیان ناگۆڕێت. بەڵام گرتنەبەری ڕێی نەهات تاقیکردنەوەی ڕێگایەکی نوێ و دەرفەتێکی تازەیە بۆ ژیانێکی نوێتر و چێژبەخشتر. ئەوانە لە چێرۆکەکەیاندا هەمیشە دەسکەوتە مەزنەکەیان بەوکەسانە بەخشیوە کە ئەو ڕێگا شەقڵنەشکاوەیان گرتۆتەبەر و لە ئاستەنگەکانی نەپرینگاونەتەوە. بێگومان زۆرن کاریان لۆمەکردنی ئەو کەسانەیە کە کەویی و چەقبەستوویی نابن و بەردەوام ڕێی دژوار دەگرنەبەر و لەو پێناوەدا تووشی هەڵدێران و تەنگەژەش دەبن، بەڵام بە پشتبەستن بە ئامانجەکەیان لێیان ناکشێنەوە و هەوڵی بۆ دەدەن، هەتا لە کۆتاییدا یان دەیگەنێ، یان بۆی دەمرن. ئەگەر مرۆڤە داهێنەرەکان بەگوێی مرۆڤە چەقبەستووەکانیان بکردایە هەتا ئێستاش هیچ گۆڕانێک لە ژیانی مرۆڤەکاندا ڕووی نەدەدا و ئێستاش ئەوان لە چاقی ڕاوکەریدا دەمانەوە.
نەسرین قاسملوو یەکێکە لەو مرۆڤانەی ڕێگا دژوارەکەی گرتەبەر و سەرکەشانە وەشوێن ئەوینەکەی کەوت و لە ژنێکی ئاسایی «چێکی»یەوە بوو بە خاتوونیکی مەزن و دیاری گەلی کورد. ئەو هەر ژیانی بۆ ئەوێنەکەی تەرخان نەکرد، بەڵکوو هەم نێو و هەم نەتەوەیی خۆشی بەخشییە ئەوینەکەی و بوو بە کوردێکی خەباتکار و لەو پێناوەدا سنوورەکانی بە پێیان بڕی و لارەملی کێشا و ناخۆشی بۆ چێشت. کاتێکیش خۆی وەک ژنی سکرتێری حیزبێکی گەورە دەبینێت هەست بە شکۆی شووەکەی دەکات و شانی وەبەر بەرپرسایەتییەکەی دا و هەتا دواساتەکانی ژیانی شانازی بەو جێگەوپێگەوە کرد. تەنانەت بۆ ئەو ڕێبازە پشتی کردە جگەرگۆشەکانیشی و دیسان ڕێگای پڕ مەترسییەکەی هەڵبژاردەوە، هەر ئەو وەفادرییەش بە کورد و ڕێبەرەمەزنەکەی نەسرین خانمی کردە خۆشەویستی خەڵکی کوردستان و کردییە شۆڕەژنێکی هەتاهەتایی لە نێویاندا.