
دێموکراتێکی باوەڕدار
(لە یادی د.عەبدولڕەحمان قاسملوودا)
ڕەزا دانشجوو
لە مێژووی سیاسیی ئێران و ڕوژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بە دەگمەن کەسایەتی دەدۆزرێنەوە کە لە نێو جوغرافیایەکی تێکڵاوی توندوتیژی و توندڕەویدا، هێندەی دوکتور قاسملوو باوەڕمەند و پابەند بە دیالۆگ و دێموکراسی بووبێت. کەسێک کە نەک هەر تیۆریسیەنێکی ئازادی و پێکەوەژیان بوو، بەڵکوو لە پراکتیکیشدا بۆ ساتێکیش لە ڕێبازی دیالۆگ و ئەخلاقی سیاسی لای نەدا. لە ناوچەیەکدا کە هەموو کاتێک فیشەک قسەی کۆتایی دەکات، دیالۆگ و گفتوگۆی بژاردەی یەکەمی دوکتور قاسملوو بوو! ئەم باوەڕە تا دوا هەناسەی ژیانی لەگەڵیدا بوو؛ و لە کۆتاییدا هەر ئەم باوەڕمەندییەش بوو بە هۆکار کە گیانی پاکی نەک لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵکوو لەسەر مێزی دانوستان، لە دڵی ئورووپادا بۆ ئازادی گەلەکەی ئاسمانی بێت!
دوکتور قاسملوو سیاسەتمەدارێکی کارزان و لێهاتوو بوو و زور باش هەر لە سەرەتاوە ئاگاداری سروشتی ستەمکارانە و نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی بوو. بەڵام ئەو پێی وابوو ئایندەی مرۆڤ تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگ و سیاسەتەوە مومکین دەبێت. قاسملوو پێش ئەوەی سەرۆکی حیزبێک و ڕێکخراوێکی سیاسی تایبەت بێت، دیموکراتێکی ڕاستەقینە و ئەخلاقی بوو؛ وە ئەمە ئەو وێنەیەیە کە دوای چەندین ساڵ لە هێرشی بەردەوام و شێواندن بەئەنقەستی نەیاران و ناحەزانی کورد و کوردستان، هێشتا بە ڕوونی و پتەوی ماوەتەوە.
لە درێژەی ئەم بابەتەدا ، چەند ساتێکی مێژوویی گرنگ لە ژیانی سیاسی دوکتور قاسملوو لە ڕوانگەی باوەڕمەندی قووڵی بە بنەماکانی دێموکراسییەوە دەخرێتە بەرباس.
نامەیەک بۆ خومەینی
یەکێک لە خاڵە جێی مشتومڕەکانی ژیانی سیاسی دوکتور قاسملوو نامەیەکە کە لە چەند مانگی یەکەمی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ بۆ خومەینی نووسیەتی. هێشتا زۆرێک لە دژبەران و نەیارەکانی ئەم نامەیە دەکەنە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر کەسایەتیی سیاسیی دوکتور قاسملوو. بەبێ گوێدان بە ئەوەی کە ئەو نەیارانە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندییان بە هەندێک بیرۆکەی سیاسی تایبەتەوە هەیە و لە ڕاستیدا هۆکاری دژایەتیکردنیان دوژمنایەتی کورد و کوردستان یان خودی دوکتور قاسملوویە، پێویستە دوو بابەت لە هۆکاری نووسینی ئەم نامەیەدا باس بکرێت. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە بۆ ئەوەی بە دروستی لێی تێبگەین، پێویستە سەیری هەلومەرج و ئاراستەی رووداوەکانی مێژوویی ئەو سەردەمە بکەین.
ڕاستی ئەوەیە کە لەو سەردەمەدا لە مارکسیستەکانەوە تا ناسیونالیستەکان و بزووتنەوەی بەناو "میللی مەزهەبی" و زۆربەی هێزە سیاسییەکانی ئێران، خومەینییان وەک کەسایەتییەکی کاریزماتیک و هۆکاری یەکگرتوویی ئێران دەبینی و بە شێوەیەکی سەیروسەمەرە و باوەڕپێنەکراو شوێنکەوتووی چاوبەستراوی خومەینی بوون! کۆمەڵگەیەک کە تازە زریانی شۆڕشی ٥٧ی تێپەڕ کردبوو، ماندوو لە دەنگی گوللە و باڕووت بەدوای سەقامگیرییەکی ڕێژەییدا دەگەڕا؛ لە وەها هەلومەرجێکدا تەواو ئاسایییە کە کەمینەکان و بەتایبەت کورد سەرەڕای بێمتمانەیی تەواو بە خومەینی نەیاندەتوانی یەکسەر ئاڵای دژایەتی لە کەشێکی ئاوا قورسدا هەڵبکەن.
بەپێچەوانەی بانگەشەی ڕەخنەگران، قاسملوو نە کەڵکەڵە و خولیای دەسەڵات و نە دڵلێچوو و پاوێری کۆماری ئیسلامی بوو، تەنیا باوەڕمەند بە چارەسەری ئاشتیانە، نامەیەکی بۆ ڕێبەری حکوومەتی نوێ نووسی؛ بۆ ئەوەی ڕاشکاوانە بڵێت پرسی کوردستان هیچ چارەسەرێکی سەربازی نیە و کلیلی دەربازبوون لەم قوناغە لە تۆپ و تانکدا نیە، بەڵکوو لە دیالۆگ و لێکتێگەیشتندایە. لە ڕاستیدا ئەم نامەیە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ڕووداوەکانی ئەم سەردەمە، نووسەراوە و ڕێگەچارەی پێشنیارکراوی سیاسەتمەدارێکی بە ئەخلاقە! جگە لەوەش ئەم نامەیە بەڵگەنامەیەکی مێژووییە کە دەتوانێت بۆ نەوەی گەنجی ئەمڕۆ ڕوون بکاتەوە کە بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی ڕێژیم و بەشێک لە هێزی ئۆپۆزسیۆنی دژە کورد، شەڕ بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپێنرا؛ لە ڕاستیدا کورد شەڕی دەست پێ نەکرد، ئەوە خومەینیی دەجاڵ بوو کە سەرەڕای نامەکەی دوکتور قاسملوو و کردنەوەی دەرگەی گفتگۆ و دیالۆگ، فەرمانی "جیهاد دژی کوردستان"ی دەرکرد!
ڕووداوەکانی پەیوەست بە کۆنگرەی چوارەم
لە کەشوهەوای سیاسی و پشێویی پاش شۆڕشی ٥٧دا، دوکتور قاسملوو نەک هەر ناچار بوو ڕووبەڕووی سەرکوتی حکومەتی تازە بێتەوە، بەڵکوو دەبا لە بەرامبەر دەستێوەردانەکانی نێو کارووباری حیزبی دێموکرات لە لایەن حیزبی توودە بوەستێتەوە. ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نموونەیەکی ڕوونی ئەو ململانێیانەن.
ئەم هەوڵانەی لە سەروبەندی کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێموکراتدا بوونە دەسپێکی گوڕانکارییەکی گەورە لە مێژووی حیزبی دێموکرات و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی لە ڕۆژهەڵات!
وەڵامی دکتۆر قاسملوو بۆ ئەم کێشەیە و دەستێوەردانە نموونەیەکی درەوشاوەی سیاسەتی بەرپرسیارانە و ئەخلاقی لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ڕووداوە نەخوازراوەکانە. کاتێك دوکتور قاسملوو لە وتارێکی مێژووییدا بۆ جەماوەری هەزاران کەسی لایەنگرانی، هێڵێکی ڕوون لە نێوان ئازادیی بیرکردنەوە و خۆسەپاندنی سیاسیدا دەکێشێت، بەبێ ئەوەی ڕق و کینە و تووڕەیی بەسەریدا زاڵ بێت و پەنا بباتە بەر دروشمی توند و تۆڵەسەندنەوە. لە ڕوانگەی دێموکراتی بەباوەڕ ئۆپۆزسیۆن و دەنگی جیاواز نیشانەی دینامیزمی کۆمەڵگەیەکی دێموکراتە، بەڵام هەرگێز ڕیگە نادات حزبەکەی دوای دەیان ساڵ خەباتی پڕ لە شانازی ئێستا بێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئیرادەی لایەنێکی تر!
لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووە، دروشمەکانی وەک "مەرگ بۆ..." نەک هەر بێ ئەخلاقین، بەڵکوو بۆ دێموکراسیی تازەپێگەیشتوو وەک ژەهرن. دوکتور قاسملوو خوازیاری حیزبێکی سەربەخۆ و ئازاد و ڕێشەدار بوو ؛ نەک حیزبێک کە ملکەچی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی تر بێت. هەرچەندە ئەم ڕوانگە بۆ سەربەخۆیی و خۆیبوون بوو بە هۆکاری دابرانی تاقمێک هاوڕێ و هاوڕای قەدیمی و ڕێگایەکی تریان هەڵبژارد، بەڵام قاسملوو دێموکراتێکی ئەخلاقی مایەوە و هەرگیز لە پرەنسیپەکانی دێموکراسی لە بەرامبەر نەیارانی لای نەدا!
شوڕای نیشتیمانیی بەرخۆدان
ڕوانگە و باوەڕی پتەوی دوکتور قاسملوو هەمیشە هاندەر بوو بۆ گفتگۆ و دیالۆگ! تەنانەت دوای پەیمانشکێنی و خیانەتی خومەینی و شکستی دانوستان و هێرشی ناجوامێرانەی و شەڕی داسەپاوی کۆماری ئیسلامی لەدژی کوردستان، قاسملوو بەردەوام بوو لە گەڕان بەدوای ڕێگای سیاسی بۆ داکۆکی لە مافەکانی گەلەکەی. دوکتور قاسملوو زۆر باش دەیزانی لە شەڕێکی نایەکسانی نێوان تفەنگ و قەڵەمدا، سەرکەوتنی کۆتایی سەر بە سیاسەتێکە کە بتوانێت هاوپەیمانیی و متمانە دروست بکات و زمانێکی هاوبەش بدۆزێتەوە.
هەر لەو کەشوهەوایەدا بوو کە حیزبی دێموکرات بە سەرۆکایەتیی دوکتور قاسملوو پەیوەندی بە "شوڕای میللیی مقاومەت"وە کرد. وەک زۆربەی بڕیار سیاسییەکانی دوکتور قاسملوو ئەم بریارەش هەر لە سەرەتاوە کەوتە بەر ڕەخنەی زۆر کەس بەتایبەت نەیاران و ناحەزانی کورد! زۆر کەس ئەم بڕیارەیان بە نیشانەی سازان یان وابەستەیی شرۆڤە کرد. بەڵام نووسراوە فەرمییەکەی دوکتور قاسملوو بۆ شوڕای میللیی مقاومەت دەرخەری ئەو ڕاستییە کە هۆکاری سەرەکی ئەم پەیوەستبوونە ڕەزامەندی، باوەڕمەندی و پابەندبوونی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە بە پرەنسیپی نەگۆڕ و هەمیشەیی دوکتور قاسملوو "خودموختاری بۆ کوردستان".
بە بۆچوونی دوکتور قاسملوو، دانوستان تەنیا لەگەڵ دۆست و کەسانی هاوبیر بەڕێوە ناچێت؛ هەندێک جار مرۆڤ دەبێت لەگەڵ دژبەرترینەکانیشدا قسە بکات، بۆ ئەوەی ڕەنگە پەنجەرەیەکی تێگەیشتن بکرێتەوە.
هەرچەندە دواتر بە هۆی هەندێک بیری تەسک و هەڵسوکەوتی یەکلایەنە، حیزب شوڕای میللیی مقاومەتی بەجێ هێشت، بەڵام ئەزموونی ئەو سەردەمە هێشتا خاڵێکی گرنگمان بیر دەخاتەوە: کە ڕێکخراوی موجاهدین، ئێستاش لە وتارە فەرمییەکانیاندا، ڕەنگە تاکە ڕێکخراو و حیزبی غەیرە کورد بێت کە دانیان بە ئۆتۆنۆمی و خودموختاری کوردستاندا ناوە؛ پرسێک کە تا ئێستاش لەلایەن زۆرێک لە هێزە سیاسییەکانی تەنانەت دژی کۆماری ئیسلامیی وە پشتگوێ دەخرێت و بە هە موو شێوەیەک دژایەتی دەکرێت!
دێموکراسیی بێئاکام!؟ چی بوو کە دوکتور قاسملوو جارێکی تر چووە سەر مێزی دانوستان؟
ڕەنگە ئێستا بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بنەڕەتییە بدەینەوە: بۆچی دوکتور قاسملوو سەرەڕای تێگەیشتنی قووڵی لە سروشتی کۆماری ئیسلامی، جارێکی تر ڕازی بوو بە دانوستان؟ ئایا فریوی بارودۆخی تازەی کۆماری ئیسلامیی دوای نەمانی خۆمەینیی خوارد؟ ئایا بە هۆی کەسایەتیی تایبەتی متمانەی بە دوژمن هەبوو؟
قاسملوو لە کۆمەڵگەیەکدا لەدایک بووە کە پەیوەندی خێڵەکی و ئاغا و کۆیلە وەک یاسایەکی نەنووسراو بووە. بەڵام هەر لە سەرەتاوە دەستی کردوە بە ڕەخنەگرتن لەو پەیوەندیانە و هەوڵی دا کۆمەڵگەیەکی نوێ و مۆدێرن و ئازاد و یەکسان بنیات بنێت؛ کۆمەڵگەیەک کە خەڵک لە ڕێگەی گفتوگۆوە ناکۆکیەکانیان چارەسەر بکەن نەک بە دەمانچە و دەمارگرژی. دوکتور قاسملوو بە درێژایی تەمەنی پابەندی هەموو بنەماکانی دیموکراسی بووە. لە ڕاستییدا وەڵامی ئەم پرسیارە لە لۆژیکی ڕوونی سیاسەتی لە سەر بنەمای ئەخلاق داڕێژراوی دوکتور قاسملوو دایە!
لە ڕوانگەی دێموکراتی باوەڕمەند تەنانەت خراپترین دوژمنەکانیش دەبێت بانگ بکرێن بۆ سەر مێزی دانوستان. چونکە، لە کۆتاییدا، دوای هەموو شەڕێک، ئەوە مێزی دانوستانە کە چارەنووسی گەلان دیاری دەکات. دوکتور قاسملوو باشتر لە هەموو کەس دەیزانی کە کۆماری ئیسلامی خیانەتکارە و جێی باوەڕ و متمانە نیە، بەڵام لە هەمانکاتدا دەیزانی میللەتێک ناتوانێت بۆ هەتا هەتایە لە شەڕ و خوێندا بژی. دانوستان ئەگەر شکستیشی لێ بکەوێتەوە، ڕێگایەکی ئینسانی و مەدەنی و شیاوی داکۆکیکردنە!
دوکتور قاسملوو سیاسەتمەدارێک بوو کە ئەخلاقی بە جیا لە سیاسەت نەدەزانی. بۆ ئەو دیالۆگ تاکتیکێکی ساتەوەختی نەبوو، بەڵکو ستراتیژی ژیان بوو. ڕەنگە ئەگەر ئەمڕۆ لە ژیاندا بوایە و جارێکی تر بانگهێشتی دیالۆگ و گفتوگۆ بکرایەتەوە، هەر قبووڵی بکردایە. نەک لە بەر گەشبینییەوە، بەڵکوو لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر میللەتەکەی.
دوکتور قاسملوو تەنیا ڕێبەر و سەرکردەیەکی حیزبی نەبوو؛ بەڵکو بلیمەت و هەڵکەوتەیەکی ڕۆشنبیری سیاسی بوو لە کە دڵی یەکێک لە تاڵترین قۆناغەکانی مێژووی ئێراندا تەواوی ژیانی کردە قوربانی وەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلەکەی! ژیانی دوکتور قاسملوو بەسەرهات و گێڕانەوەی خۆڕاگرییە لە ئەخلاق، لە دیالۆگ، لە سیاسەتی مرۆڤدۆستانە و لە دیموکراسیدا.
ڕەنگە ئیستا بە جەستەی نەمابێت، بەڵام بیر و هزری دەیان ساڵ دوای شەهیدبوونیشی ڕێگەنیشاندەری ئەویندارانی ڕێبازی ڕزگاری کوردستانە. ڕێگایەک کە ڕق و کینە جێگەی خۆی بە دیالۆگ و گفتوگۆ دەدات و وشەکان زۆر لە گوللەکان کاریگەرترن!
کۆتایی هەر شەڕێک گفتگۆ و دیالۆگە! لە کۆتاییدا جگە لە دیالۆگ هیچ ڕێگەیەکی تر نیە!
ماڵئاوا، کاریزمای هەمیشەیی گەڵ! بڕیاردەری کاتە سەختەکان! پەیامهێنەری ئاشتی و خۆشەویستی! دیموکراتی باوەڕمەند!