کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەرەنتیی سەرکەوتن

13:08 - 4 گەلاوێژ 2725

گەرەنتیی سەرکەوتن

ئاسۆ مینبەری

پێکهاتەی مرۆیی کۆمەڵگەکان و دابەشکردنی ئەرک و ڕۆڵەکان چ لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی چ لە ڕووی دیکەوە وای کردوە کە هەمیشە لە کاتی باسکردن لە بابەتە پێوەندیدارەکانی کۆمەڵگەدا، ڕۆڵ و پێگەی تاکەکان بەرز بنرخێندرێت و گرینگیی تایبەتی پێ بدرێت. هەر کۆمەڵگەیەک کە زیاتر پێوەرەکانی ئازادژیانی تێدا بەدی بکرێت ئەم دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسایەتییانە، دادپەروەرانەترە و زیاتر لەگەڵ پێوەرە پێشکەوتووەکانی جیهان یەک دەگرێتەوە، بە پێچەوانەش هەرکۆمەڵگەیەک کە پێوەرەکانی ئازادژیانی تێدا نەبیندرێت و تاکەکانی گیرۆدەی کۆمەڵێک چوارچێوەی دەستکردی مرۆڤە بیرتەسک و پاوانخوازەکان بێت، ئەوە بێگومان دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیش بەو ڕادەیە نادادپەروەرانە دەبێت و قەت ئەرک و بەرپرسایەتییەکان لەگەڵ توانا و پۆتانسییەل و لێهاتوویی تاکەکان یەک ناگرێتەوە.

لەم نێوانەدا، وەک زۆر پرس و بابەتی دیکە، دیسان ژنان ڕێک لەژێر کاریگەریی سیستەمی سیاسی، باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و پرسی فەرهەنگی کۆمەڵگەدا، ڕادەی بەشداریکردن و نەکردنیان لە کاروباری کۆمەڵگە و بەڕێوەبەریدا دیارت دەکرێت. ڕاستی ئەوەیە کە بەشداریی ژنان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، جا ئەو کۆمەڵگەیە چ ولات بێت یان کۆڕ و گرووپی بچووک یان حیزب و لایەنی سیاسی، پێوەندیی راستەوخۆی بە جۆری تێڕوانینی ئەو پێکهاتەیە سەبارەت بە پرسی ژنان هەیە و بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبەریی هەرکام لەم پێکهاتانەدا، ڕێک ئەو کاتە مانا دەگرێ کە پێناسەی ڕاستەقینەی ئەو پێکهاتەیە لەبەر چاو بگیردرێت. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی ئێراندا، کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی ئیسلامیی ویلایەتی فەقێهی کە تێیدا ژن وەک بوونەوەرێکی سەربەست پێناسەی بۆ نەکراوە و بوونی هەمیشە گرێدراو بە بوونی پیاوان لە ڕۆڵی باوک، برا، هاوسەر یان منداڵی کوڕدا پێناسەی بۆ کراوە، نیشانەیەک لە سەربەستی بۆ ژن تەنانەت لە چوارچێوەی ژیانی ئاسایی بنەماڵەییشدا نابیندرێت چ بگا بەوەی کە هەر ئەو ژنە لە دەرەوەی ئەو ژینگەیە و لە ژینگەیەکی گەورەتردا پێناسەیەکی بۆ بکرێت کە وەکوو مرۆڤێکی سەربەست هەست بە بوونی خۆی بکات.

هەروا کە ئاماژەی پێ کرا، چوارچێوە و جۆری هزر و سیستەمی سیاسیی زاڵە کە ئەرک و ڕۆڵ و کاریگەریی تاکەکان لە کۆمەڵگەدا دیاری دەکات و بایەخ بە بوونی تاکەکان دەدات، چونکە لەو جۆرە سیستەم و هزرەدا، تاکی کۆمەڵگە وەک فاکتەرێکی مرۆیی بەهێزی خاوەن ئەندێشە چاوی لێ دەکرێت کە بە بێ بوونی چوارچێوەکە بەشێک لە مانەکەی خۆی لەدەست دەدات. لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیشدا وەک حیزبێکی سیاسیی مۆدێڕن کە خاوەنی سیستەمی بەڕێوەبەریی تایبەت بە خۆی بووە و ئۆرگانیزاسیۆن و شێوە کاری دیاریکراوی هەیە، بوونی هەر تاکێک بایەخی خۆی پێ دراوە، هەر بۆیە لە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسایەتیشدا هەوڵ دراوە خوێندنەوە بۆ توانا و حەز و خولیای تاکەکان بکرێت و ئەرکیان پێ بسپێردرێت.

ئەوەی کە لە حیزبی دێموکراتدا سەرنجڕاکێشە، گرینگیدان بە ژنان و بەشداریکردنیان لە پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و پەروەردەییەکان و باقی پرسەکانی دیکەشدا بەپێی دۆخ و هەلومەرجی کاتی خۆی بووە. هەر لە پێشەوا قازی محەممەدەوە بگرە هەتا ڕێبەرایەتیی ئەمڕۆی ئەو حیزبە، بە بایەخەوە چاویان لە پرسی ژن کردووە هەر بۆیە بە باوەڕ بە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، هەمیشە یەکێک لەو بابەتانە بووە کە لام حیزبەداا کاری لەسەر کراوە. پێشەوا قازی بە هاندان و بەشدارکردنی مینا خانمی قازی لە کاروباری تەشکیلاتی و سیاسی و دامەزراندنی یەکەمین ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان، بناخەیەکی پڕبایەخ لە مەیداندان بە ژنانی دامەزراند و ئەم ڕێچکەیە لە حیزبی دێموکراتدا جێگای خۆی گرت. دوکتور قاسملووی نەمر، وەک ڕێبەری حیزبی دێموکرات و کەسایەتییەکی ئاکادێمیک کە وڵاتانی ئورووپایی و خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکانی دیکەی جیهانیشی بینیبوو، یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە حیزبی دێموکراتدا بایەخی زۆری بە بوونی ژنان و چالاکیی ژنان لە بوارە جیاجیاکانی کاروباری کۆمەڵگەدا داوە.

دوکتور قاسملوو وتەیەکی جوانی هەیە کە دەفەرموێ: هەرچی زیاتر ژنان لە کارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشدار بن، کۆمەڵ پیشکەوتووترە و هەرچی لە بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەیەکدا ژنان تێکۆشەرتر بن، بزووتنەوەکە پێشکەوتووترە و شانسی سەرکەوتنی زیاترە.

سەرنجدانی ئەم وتەیە بە ڕوونی هەڵوێست و ڕوانینی دوکتور قاسملوو لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ژنان و بەشداربوونیان لە کاروباری کۆمەڵگەدا دەردەخات و ڕوونی دەکاتەوە کە لای ئەو ڕێبەرە، هەبوون و بایەخدان بە ژنان و هاوکات، هەوڵ و تێکۆشانی خودی ژنانیش لە پێشکەوتنی کۆمەڵگە و بزووتنەوەی سیاسییدا دەتوانێ کاریگەر بێت. دوکتور قاسملوو لە چەندین وتاری خۆیدا و بەتایبەت لە وتارێکدا لە ٨ی مارس، ڕوو لە ژنان و کچان، داوایان لێ دەکات کە زیاتر خۆیان تێکەڵی کاروباری سیاسی بکەن تاکوو بتوانن داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوو دابین بکەن. ئەم وتانە، نیشاندەری باوەڕی قووڵی ئەم ڕێبەرە بە ڕۆڵ و کاریگەریی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بە بێ جیاوازیی ڕەگەزی لە پێکهاتەی کۆمەڵگەیە و نیشانی دەدات کە بەڕاستی هەبوون و بەشداریی کارا دەتوانێ گەرەنتیی سەرکەوتن بکات.

ئێمەی ژن، وەکوو ئەو نەسڵەی کە بەداخەوە دوکتور قاسملووی ڕێبەرمان لە نزیکەوە نەبینیوە، پێویستە بە خوێندنەوەی زیاتر و وردبوونەوە لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئەو ڕێبەرە مەزنە و بە وەرگرتنی ئامۆژگارییەکانی، زیاتر لە جاران هەست بە بەرپرسایەتی لە بەرانبەر خاک، نیشتمان، نەتەوە و بەتایبەت نەوەکانی داهاتوودا بکەین و بە بەشداریی زیاتر و چالاکیی جۆراوجۆر، بەشێک لە خەباتەکە لە ئەستۆ بگرین و بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پێشکەوتووی یەکسان هەنگاو هەڵ بگرین.