
لەکاتێکدا خەڵکی ئێران لە گەرمای هاویندا لەگەڵ پچڕانی بەردەوامی ئاو و کارەبادا دەجەنگن، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەروا هەوڵ دەدەن ناکارامەیی پێکهاتەیی و خراپ بەڕێوەبردنی درێژخایەنی خۆیان لە پشت بیانووەکانی وەک "وشکەساڵی" و "زێدەڕۆیی لە بەکارهێنان" بشارنەوە.
بەپێی میدیا نێوخۆییەکان، خەڵکی شاری بانە ڕۆژانە بۆ ماوەی ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر بێ ئاون، هەروەها ناوچە گەرمەکانی وەک سیستان و بەلووچستان بارودۆخی هاوشێوەیان بەخۆوە بینیوە و ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاستی گەرما لەم پارێزگایە لە سەرووی ٥٠ پلەدایە.
مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینی زاهیدان، ڕەخنەی لە بارودۆخی ئێستا گرت و کێشەکانی وەک کەمی ئاو، گرانی نرخی نان و هەژاریی گشتیی بە کێشەی جیددی کۆمەڵگە ناوبرد.
هاوکات لەگەڵ قەیرانی نەبوونی ئاو پچڕانی بەردەوامیی کارەبا ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و چالاکیی ئابووری و تەنانەت ئەمنییەتی خۆراکیشی تێک داوە.
پارەی کارەبا کە سێ بۆ حەوت هێندە زیادی کردووە، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی خەڵکی لێکەوتەوە.
قەیرانی وزە سێبەری بەسەر بازاڕی خۆراکیشدا کێشاوە، غوڵامڕەزا نووری قزلجە، وەزیری کشتوکاڵی ڕێژیم دووپاتی کردووەتەوە کە پچڕانی کارەبا بووەتە هۆی پەککەوتنی بەخێوکردنی پەلەوەر و بەرزبوونەوەی نرخی مریشک.
نرخی مریشک کە لە سەرەتای ساڵدا ٩٥ هەزار تمەن بوو، ئێستا لە بازاڕدا گەیشتووەتە ١٤٠ هەزار تمەن، بە واتایەکی دیکە لە ماوەی کەمتر لە هەشت مانگدا ٪٢٦ زیادی کردووە.
ئەم کارەساتە ژینگەیی و ئابوورییانە تەنیا لە ژیانی خەڵکدا قەتیس نەبوونەتەوە، تاڵاوی نێودەوڵەتیی "میانکاڵە" لە پارێزگای مازەندەران لە لێواری لەنێوچووندایە.
وشکبوون و بەرەوە لەنێوچوونی تاڵاوەکانی هەشیلان، بەختگان، گاوخوونی، هاموون و هوورولعەزیم و هەروەها گۆلی ورمێ و دەیان وسەدان سەرچاوە ئاوی سەرزەوی و بن زەوییەکانی دیکەی ئێران، تەنیا بەشێکی دیکە لە بەڕێوەبەریی سەقەتی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی تەمەنی خۆیدا بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم لەبری ئەوەی بەرپرسیاریەتی قبوڵ بکەن و ڕێگەی چارە بدۆزنەوە، پاساو بۆ شکستەکانیان بە دروشمی وەک "خۆگونجاندن لەگەڵ کەمیی ئاو'' دەهێننەوە.
زنجیرەی ئەم قەیرانانە ئەوە دەردەخات کە کێشەی سەرەکی لە کەمبوونەوەی ڕێژەی بارین یان زیادبوونی بەکارهێنانی گشتیـدا نییە، بەڵکوو لە گەندەڵیی پێکهاتەیی بەڕێوەبردنی سەقەت و خستنە پێشی بەرژەوەندییە ئیدۆلۆژیک و سیاسییەکان بەسەر خۆشبژیوی و ئاسوودەیی خەڵکدایە.