ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە نوێترین ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە مانگی مەی زایینییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا. ئەم دابەزینە لەکاتێکدایە کە بەرهەمهێنانی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە گەشەیەکی ڕێژەیی بەخۆوە بینیوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە مانگی مەیدا بە ڕێژەی ٥٤٦ هەزار بەرمیل دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی ٢ میلیۆن و ٣٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەمە سێیەمین مانگی لەسەریەکە کە بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە ڕوو دەکاتە دابەزین، بەڵام ڕێژەی دابەزینەکە لە مانگی ڕابردوودا زۆر خێراتر و توندتر بووە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە و سەپاندنی گەمارۆ دەریاییەکان، کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بەراورد بە قۆناغی پێش قەیرانەکە، نزیکەی ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمی کردووە.
ئۆپێک ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆی بەرهەمهێنانی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە لەگەڵ ئیمارات کە بەم دواییانە لە ئۆپێک کشانەوەی ڕاگەیاندبوو، لە مانگی مەیدا گەیشتووەتە ١٨.٨ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
هاوکات نرخی سەبەتەی نەوتی ئۆپێک لەم مانگەدا گەیشتووەتە ١٠٩ دۆلار، کە بەراورد بە مانگی ئەپریل ٥.٥ دۆلار زیادی کردووە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە نرخی نەوت پێش گرژییەکان لە دەوروبەری ٧٠ دۆلاردا بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی پەرەسەندنی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەتییەکانەوە لە دەوروبەری ٨٨ دۆلاردا جێگیر بووە.