کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی مێرمنداڵێکی خەڵکی کامێران پاش شەش ڕۆژ دەسبەسەرکردنی

11:02 - 22 جۆزەردان 2726

سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی گوندی "پاڵنگان"ی سەر بە شاری کامێران بە ناوی "هێرش شەریفیان"، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی هێرش شەریفیان و بە شکاندنی دەرگای ماڵەکە، ویستوویانە بیڕفێنن؛ بەڵام بەهۆی نەبوونی لە ماڵەوە، بنەماڵەکەیان ناچار کردووە کوڕەکەیان ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران بکەن.

هێرش شەریفیان پاش سەردانکردنی ئیدارەی سەرکوتکەری ئیتلاعات، دەستبەجێ دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گرتنەکەی بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دژ بە مێرمنداڵان بە پێشێلکارییەکی قورسی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی منداڵ دەزانن.