کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوڕێک لە بەیاننامەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

14:08 - 27 گەلاوێژ 2725

سۆران عەلی‌پوور

حیزبە سیاسیەکان بەشێکی گرینگی کۆمەڵگەی مۆدێرن و سیستمی نوێنەرایەتیی دێموکراسین. ئەوان بۆ مۆبیلیزەکردنی خەڵک و خستنەرووی بەرنامەکانیان بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردن، گۆڕین و پێشخستنی کۆمەڵگە وەک بەردەبازێک لە نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەتدا ڕۆڵ دەگێڕن و چاودێری بەسەر جێبەجێکردنی دەسەڵاتدا دەکەن. ئەگەر لە تێگەیشتنی کلاسیکی سۆسیالیستیدا ڕێکخراو تەنیا ئامرازێک بوو بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێک ئیدیال، ئەوا لە دنیای ئێمەدا حیزبە سیاسییەکان بەشێکی پێویست، جیانەکراوە و دانەبڕاون لە خودی سیستمێکی دێموکراتیک.

بە چاوخشاندنێک بە تیۆرییە سیاسیەکاندا ڕۆڵی پارتە سیاسیەکان لە چوار ئەرکی سەرەکیدا کورت دەکرێتەوە، بێگومان لێرەدا باس لە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک و پارلمانی دەکەین، ئامانجی هەموو پارتێکی سیاسی گەیشتن بە دەسەڵات و پیادەکردنی ئەو بەرنامە یا ئیدۆلۆژییەیە کە لە ڕێگەی ئەندامگیری و مۆبیلیزەکردنی کۆمەڵگەوە یەکدەنگیەکی بۆ دروست کردووە. واتە حیزبێکی سیاسی لە گەیشتن بە دەسەڵاتدا گرینگترین ڕۆڵی ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەک بەڕێوە ببا، ئەرکێکی دیکە ئەوەیە کە ئامادەکاری بۆ بەربژێری ئەو کاندیدانە بکەن کە ئەرکی سیایسیان پێ دەسپێردرێ, سێهەمین ڕۆل لە ئامادەکردن و بەرەوپێشبردنی ئەجێندا و بەرژەوەندی جیاوازدا کورت دەکرێتەوە بۆ پاکێجی ئامادەکراو تا دەنگدەران لە کاتی هەڵبژاردندا بتوانن هەڵوێستی لەسەر بگرن. پارتە سیاسیەکان وەک کاڵایەکی سیمبولیک و ڕەمزی بۆ ئەندامان و لایەنگرانیان گرینگی خۆیان هەیە و چۆنیەتی تێڕوانین و لێکدانەوەیان بۆ پرسە جۆراوجۆرەکان لێکیان کۆ دەکاتەوە و لەو ڕێگەیەوە جۆرێک لە ناسنامەی سیاسی فۆرم دەگرێ.

 لەگەڵ ئەوەدا ئەو مۆدێلە لە سیاسەتکردن و بەڕێوەبردن پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە مۆدێلی ڕۆژئاوایی و تایبەتر بە سیستمە دێموکراتیکییەکان هەیە، بەڵام حیزبە سیاسییەکان لە بەستێنی جۆراوجۆر و بە پێێ هەلومەرجی جیاواز شێوازی کارکردنیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ لەسەر بناغەی کۆمەڵەی ژێ ـ کاف خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی سیاسی و ڕێکخراوەیی گەلی کورد دا و ئەنجامی ئەو هەلومەرجەیە کە ڕێکخراوێکی سیاسی لە پێکهاتەیەکی سنووردار بە ئامانجی ڕادیکال و ئایدیالیستیەوە دەگوازێتەوە بۆ پێکهاتەیەکی بەرفراون بە کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی و ڕیالیستی کە بتوانێ مەودایەکی فراونتر لە نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا بگرێتە خۆی و لەهەمان کاتدا خۆی بۆ بەڕێوەبردن و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی و ئیداری ئامادە بکا. لە لایەکی دیکەشەوە غیابی دەوڵەتی ناوەندی دوای هاتنی هاوپەیمانەکان بۆ ئێران و دروستبوونی بۆشایی سیاسیی و ئیداری لە ناوچەکەدا "ژـ کاف"ی خستبووە بەردەم ڕاستییەکەوە کە چیدیکە مانەوە لە قەوارەی ڕێکخراوێکی نوخبەگەرا و سنوورداردا نەیدەتوانی وڵامی پێویستیە سیاسی و ئیدارییەکانی خەڵکی کوردستان بداتەوە. 

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەیاننامەی دامەزراندنی خۆیدا هەشت خاڵی وەک دروشم و ئامانجەکانی حیزب دیاری کردوە، کە شەش دانەیان ڕاستەوخۆ باس لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی وڵات دەکەن. ئەوەی کە بەشێکی هەرەزۆری توانا و سەرمایەی حیزب لەوکاتەدا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات تەرخان کراوە بێجگە لەوەی کە ڕەنگدانەوەی ئەو بەستێنە مێژووییەیە کە حیزبی تێدا دامەزراوە، ئاماژەشە بە تێگەیشتنی سەرانی حیزب و لە سەرووی هەموویان قازی محممەد لەو بەرپرسایەتییەی کە کەوتۆتە سەر شانیان، لە ماوەیەکی کورتی ١٦٠ ڕۆژیدا و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆی ئەو دروشمانە دەخەنە نێو پێکهاتەیەکی سیاسی و ئیداری وەک کۆماری کوردستان. لەو بەیاننامەیەدا چۆنیەتی پەیوەندی ناوەند بە کوردستان لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی دیاریکراوە، زمانی کوردی وەک زمانی ڕەسمی دەسنیشان کراوە، ئەوانەی کە ئەو سیستمە ئۆتۆنۆمیە بەڕێوە دەبەن دەبێ کورد بن و لەسەر بنەمای یاسای بنەڕەتی لە ڕێگەی ئەنجومەنێکی ویلایەتی هەڵبژێردراو کۆی کاروباری دەوڵەتی و کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبەن. سەبارەت بە دابینکردنی دادپەروەریی لە نێوان خاوەن موڵک و جوتیاردا کە ئەوکات پرسێکی گەرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو باس لەوە کراوە کە دەبێ یاسایەک دابنرێت کە مافی هەردوولا دابین بکردرێ.

بە وردبوونەوەیەکی زیاتر لەو هەشت خاڵە دەتوانین بڵێین کە ئامانجە نەتەوەیی، سیاسی و کارگێڕییەکانی بەرنامەی حیزبی دێموکرات ڕەنگدانەوەی چوار چەمکی "دێموکراسی" "ناسۆنیالیزم"، " ئۆتۆنۆمی خوازی" و "دادپەروەری" بوون. لەگەڵ ئەوەدا بە وردی باس لەوە نەکرابوو کە ئەنجومەنی ویلایەتی کوردستان چ قەوارە و دەسەڵاتێکی دەبێ، سنوورەکانی تا کوێ دەڕۆن، بەڵام بەئاشکرا باس لەوە کراوە کە ئەو ئەنجومەنە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پێک دێت و هەموو کاروبارە کۆمەڵایەتی و دەوڵەتیەکان بەڕێوە دەبات. ئەو دێموکراسی و ئازادییەی بۆ هەموو گەلانی دیکەی ئێرانیش بە پێویست زانیبوو. بەئاشکراش جێدەستی مەرامە نەتەوەییەکان بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کاروباری ئیدارییەوە دیارە، ئەوەی کە دەبێ کاربەدەستانی دەوڵەت خەڵکی ناوچەکە بن و پێداگرتن لەسەر زمانی زگماک لەو ویستە نەتەوەییەوە سەرچاوەی گرتبوو. هەرچەند سنوورە جوغرافیەکەی ئەو هەرێمە ئۆتۆنۆمییە دیاری نەکرابوو و دواتریش سنووری کۆمار بە سنووری دەسرۆیی سیاسیەکەیەوە گرێ درا بەڵام وێنەیەکی تاڕادەیەک ڕوونی لە قەوارە و دەسەڵاتەکانی ئەو سیستمە ئۆتۆنۆمیە دەستنیشان کردوە و مافی چارەی خۆنووسینی لە شێوەی هەرێمێکی خودموختاردا تێدا نەخشێنراوە.

بەیاننامەی دامەزراندنی حیزب لەگەڵ ئەوەدا بۆ سەردەمی ئەوکات بەرنامەیەکی پێشکەوتوو و ڕادیکاڵ بوو و زۆربەی ئەو ویستانەی تێدابوو کە ئێستاش هێڵە سەرەکییەکانی بەرنامەی حیزبی دێموکراتە، دەبێ لەبیرمان بێ کە هێنانەگۆری ئەو ویستە مۆدێرنانە لە کۆمەڵگەیەکی نەریتیدا کە سەتا ٩٥ی دانیشتووانی نەخوێندەوارە و نزیکەی سەتا ٨٠ی موڵک بە دەستی دەرەبەگەکانەوەیە و لە بیست ساڵی پێش دامەزراندنی حیزبدا سیاسەتێکی شۆڤێنیستی تواندنەوە و تاڵانکردنی بەسەردا پراکتیزە کراوە، کارێکی ئاسان نیە. دەسڕۆیشتوویی عەشیرەتەکان و خاوەن موڵک و دەرەبەگەکان پارادۆکسێکی گەورەی لەگەڵ نێوەرۆکی دامەزراندنی "ڕێکخراو" وەک یەکەیەکی سیاسی مۆدێرندا هەبوو، هەرچەند حیزب لە بەرنامەکەی خۆیدا دەیویست چاکسازییەکی درێژخایەن لە پەیوەندیی نێوان جوتیار و خاوەن موڵکدا بکات، بەڵام ئاواش هەبوونی ڕێکخراوێک کە دەیەوێ کۆی سیستمی کۆمەڵایەتی و ئابووری بگۆڕێ و ڕیزبەندییەکانی هێز هەڵوەشێنێتەوە لە هەموو لایەکەوە پێشوازیی لێ نەکرا. نابێ ئەو ڕاستییەش لەبیر بکەین کە ئەزموونی کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ هەبوونی ڕێکخراودا ئەزموونێکی ساوا بوو و سیستمی نوێنەرایەتیی خەڵکی دێهاتەکان لە سەر هەمان پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی فیوداڵی مایەوە و خەڵکی دێهاتەکان کە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانی کوردستانیان پێک دێنا هەر لە ڕێگەی مێتۆدی نادادپەروەرانەی خێلەکییەوە لە لایەن خاوەن موڵک و دەرەبەگەکان نوێنەرایەتیی کران و ئەوەش وایکرد کە ئەو بەرنامەیە و دواتریش دەستڕۆیشتوویی حیزب و  کۆمار لەو قۆناغە مێژووییەدا نەگاتە دێهاتەکان. زۆرینەی سەرانی حیزب پێکهاتبوون لە نوێنەری چینی تازەپێگەیشتووی وردە بۆرژوا، بازرگان و خاوەن مڵکان، سەرانی خێڵ و ڕۆشنبیران، ئەوە لە کاتێکدا کە دروشمەکانی حیزب  بەگشتیی و باوەڕ هەبوون بە پرسی نەتەوەیی توانیبووی یەکگرتوویەک و یەکدەنگییەک بەو جیاوازی و ناکۆکییانە بدا کە لە پێکهاتەی ڕێبەری و ئەندامانی حیزب و کۆمەڵگەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا هەبوو، هەبوونی هێزە کۆنەپارێزەکان لە قەوارەی سیاسیی ڕێکخراوێکدا کە توانیبووی دروشمی سیاسی دێموکراتیک و مۆدێرن بخاتە ڕوو، یەکێک لەو ئاڵنگاریانە بوو کە هەم حیزب و دواتریش کۆماری کوردستان لەگەڵی بەرەو ڕووبوون.

لە لایەکی دیکەوە بەرنامەی حیزب دوو پرسی گرینگی تێدا نەگونجێنرابوو، یەکەمیان ئەوەی کە ئاماژەیەک بە پرسی لەشکر و دەسەڵاتی سەربازی نەکرابوو، پاشانیش هەرچەند نووسرابوو کە ژیانی بازرگانی و کشتوکاڵی و فەرهەنگی و تەندروستی پێش دەخرێت بەڵام ئاماژەیەک بە وردەکاریەکانی سیستمی دارایی نەکرابوو، دیارە دواتر لە پراکتیکدا سیستمێکی ڕوونی باج وەرگرتن دروست کرا کە بە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی کۆماری کوردستانیش دادەنرا.

لە هەڵسەنگاندنی بەرنامەکانی حیزب و پراکتیزە کردنی ئەو بەرنامەیەدا دەبێ لە بیرمان بێ کە ڕەوتی ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی دەچوونە پێش و لەو ماوە کورتەشدا پراکتیزەکردنی بەرنامەیەکی سیاسی و کارگێڕی ئاوا بەرفراوان چاوەڕوانییەکی ڕیالیستی نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حیزبی دێموکرات کە دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆماری کوردستانە توانی نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ماوەیەکی کورت دا لە دەسەڵاتێکی سیاسی کوردی بەدەستەوە بدا.

یەکەم بەرنامەی حیزب ڕەنگدانەوەی چوار چەمکی دێموکراسی ، دادپەروەری، ناسیۆنالیزم و ئۆتۆنۆمیخوازی بوو کە بە درێژایی خەباتی هەشتا ساڵەی حیزبی دێموکرات لە بەرنامە و دروشم و ئامانجەکانی دانەبڕاون، لەو ماوەیەدا لەوانەیە هێندێک جار فۆرم و بەشێک لە تێڕوانینی حیزب بۆ ئەو چوار چەمکانە بە گشتی و بەتایبەتی دوو چەمکی "دادپەروەری" و ئۆتۆنۆمیخوازی" گۆڕانکارییان بەسەردا هاتبێ، بەڵام هیچ کات لە سیاسەت و ئامانجەکانیدا وەلا نەنراون و هەمیشە لە دروشمە ستراتیژییەکانی ئەو حیزبەدا ڕەنگیان داوەتەوە.

خاڵێکی دیکە کە گرینگە سەرنجی پێ بدرێت و وەک ئەزموون لە داهاتوودا کەلکی لێ‌وەربگیردرێ توانایی گۆڕانکاریی و خۆگونجاندن لە گەڵ بارودۆخی جیاوازدایە، سەرانی ژێ ـ کاف و پێش هەموویان قازی محەممەد بۆوەی کە قەوارە و نێوەرۆکی ڕێکخراوەکەیان لەگەڵ چاوەڕوانی و بەستێنی نوێی سیاسیدا بگونجێنن و ئامادەی بکەن بۆ قۆناغی داهاتوو، ئامادە بوون کۆمەڵەی ژێ ـ کاف هەڵوەشێننەوە و حیزبی دێموکرات دابمەزرێنن. چەقنەبەستوویی و باوەڕنەبوونی دۆگم بە پرس و ئامانجە سیاسیەکان وەک مێتۆدێک لە مێژووی ٨٠ ساڵەی ئەو حیزبەدا درێژەی پێ دراوە، بەڵام باوەڕهەبوون بە چوار چەمکی، نەتەوایەتی، دێموکراسی، دادپەروەری و خۆبەڕێوەبەری لە فۆرمی جیاوازدا وەک چوار بنەما تا ئێستاش ماونەتەوە.

سەرمایەی هەر هێزێکی گۆڕانخواز بێجگە لە پشتیوانی جەماوەری، پێشڕەوی و بەڕۆژکردنی سیاسەتەکانی لەگەڵ بارودۆخی ڕۆژ، ئەزموون‌وەرگرتنیشە لە مێژوو و ڕابردوو، توانایی کەلوەرگرتنیەتی لە سەرمایە ڕەمزییەکانی، حیزبی دێموکرات بە ڕابردووی ٨٠ ساڵەی و هاوکات سێ ساڵی تەمەنی ژێ کاف، خاوەن بانکێکی دەوڵەمەندی سەرمایەی ڕەمزییە کە لە دۆخی پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئێستای کوردستان و ئێران دا دەتوانێ پشتیان پێ ببەستێ.