کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندووکردنەوەی پڕۆژەی سەرکوتکردن لە دەرەوەی سنوورەکان

13:56 - 12 گەلاوێژ 2725

زیندووکردنەوەی پڕۆژەی سەرکوتکردن لە دەرەوەی سنوورەکان

(هەنگاوێکی دیکە لە سیاسەتە ئەمنیەتی ئاڕاستەکراوەکانی کۆماری ئیسلامی)

ڕەحیم نزهەت‌زادە

لە هەڵومەرجێكدا، كە کۆمەڵگەی ئێران لەگەڵ قەیرانی قووڵی وەک هەڵاوسانی ئابووریی بەربڵاو، هەژاریی سیستماتیکی، گەندەڵی بەربڵاو، وشکەساڵی و بێکاری بەرەوڕوو بووەتەوە، کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە ڕێگای سەرکوت و کۆنترۆڵکردنی گرتووەتەبەر، لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشە بنەڕەتییانە بێت. پەسەندکردنی ئەم دواییەی گەڵاڵەیەک بە ناوی "پشتیوانی لە ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات" لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیدا، بە ڕوونی مەبەستی ڕاستەقینەی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران ئاشکرا دەکات؛ واتە نەک پشتگیری، بەڵکوو چاودێری و شوێنپێ هەڵگرتنی ئەو هاووڵاتیانەیە، کە بە هیوای ژیانێکی ئازادتر ڕێگەی هەندەرانیان گرتووەتە بەر.

بەپێی بڕگەکانی ئەم پڕۆژە یاسایە، وەزارەتی دەرەوە پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، داتابەیسی تۆکمەی ئێرانییەکانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات ئامادە بکات. هەروەها پێویستە وەزارەت ڕاپۆرتێکی ساڵانە، سەبارەت بە چۆنیەتیی پەیوەندی و هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو کەسانە، پێشکەش بە کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان بکات. هەرچەندە لە رووكەشدا ئەم پڕۆژە یاسایە، بە ئیدیعای "پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ ئێرانییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات" دەخرێتە ڕوو، بەڵام چوارچێوە یاسایی و کردارییەکەی، تەنیا بەدوای ئامانجە ئەمنییەتییەکان و هەواڵگرییەکان دەگەڕێن؛ ئامانجەکان کە سروشت و دەرئەنجامەکانیان، لە ڕێگەی ئەزموونی چوار دەیەی ڕابردووەوە بۆ ئێمە ئاشنان.

لە یادەوەری تاڵەکانی ساڵانی هەشتا و نەوەدەکانی زایینیەوە، بۆ پڕۆژەی چاودێری نوێ

بۆ زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و كۆچبەری ئێران، بەتایبەتی کورد و نەتەوە چەوساوەکانی دیکە، پەسەندکردنی گەڵاڵەیەکی لەو شێوەیە، ڕۆژانی ڕەشی ساڵانی هەشتا و نەوەدەکان دەهێنێتەوە یاد. لەو ماوەیەدا کۆماری ئیسلامی، بە کەڵک وەرگرتن لە باڵوێزخانە و ناوەندە فەرهەنگی و کاریگەرەکانی لە وڵاتانی ئورووپایی، پڕۆژەیەکی بەرفراوانی بۆ تیرۆرکردنی نەیارانی ئەنجامدا؛ پڕۆژەیەک کە ژیانی زۆرێک لە چالاکانی ئازادیخوازی كردە قوربانی. تیرۆرکردنی شەهیدان دوكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفکەندی، تەنها دوو نموونەی ئەم تاوانە دەرەوەی سنورانەن.

ئێستا لەگەڵ زیندووبوونەوەی میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات، نیگەرانییەکی جددی دهێنێتە پێش، کە کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، بە دوای زیندووکردنەوەی هەمان سیاسەتی سەرکوتگەرانەیە، بەڵام ئەمجارەیان بە بەرگێكی یاسایی، تۆكمە و ڕێکخراوتر.

سیاسەتێک بە ئامانجی "بەئەمنی كردن"؛ نەک "خاوەندارییەتی"

لێکۆڵینەوە بۆ پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە هەر کردەوەیەک لە پێوەندی لە گەڵ كۆچبەراندا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی نیە، بەڵکوو بە ئامانجی درێژەدان بە کۆنتڕۆڵی ئایدیۆلۆژی و چەسپاندنی هەژموونی ئەمنیەتییە. دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕێژیم، هەمیشە بچووکترین پەیوەندی خێزانی، دارایی، یان کولتووری ئێرانییەکانیان لە دەرەوەی وڵات، وەک ئامرازێک بۆ هەڕەشەکردن، فشار و ڕاکێشانی هاوکاری بەكارییان هێناوە. بەڵام ئەمجارەیان دەرکردنی یاسایەک بە ڕواڵەتی "خاوەندارییەتی" لە ڕاستیدا بنەمایەکە بۆ بەدامەزراوەییکردنی ئەو جۆرە ڕەفتارانە.

بەکردەوە ئەوەی وەک "کۆکردنەوەی زانیاری" پێشکەش دەکرێت، بە شێوەیەکی ڕستەیی پڕۆژەیەکی "چاودێری سیاسییە". ئەم چاودێریکردنە بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هۆی دەستگیرکردنی ئەندامانی خێزان لە ماڵەوە، هەڕەشەکردن لە سەروەت و سامانی دارایی، یان زەوتکردنی زانیاری لە دژی تاکەکان. پێکهاتەیەکی لەم جۆرە ڕەوەندی ئێرانی، بەرەوڕووی جۆرێک لە بە بارمتەگیرانی نەرم دەکاتەوە.

لێكەوتەلانی سنووربەزاندن: هەڕەشە لەسەر دیموکراسی و ئاسایش لە وڵاتانی میوانداردا

لە دەرەوەی کاریگەرییە ناوخۆییەکانی ئەم پڕۆژە یاسایە، کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانیشی جێگەی نیگەرانییە. وڵاتانی میوانداری كۆچبەرانی ئێران، بە تایبەت لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور، دەبێت لە بەرامبەر چالاکییە هەواڵگرییەکان و کردەوەی تێکدەرانەی باڵیۆزخانەکانی کۆماری ئیسلامی، وریا بن. مێژووی کۆماری ئیسلامی لە پێشێلکردنی سەروەری نەتەوەیی وەڵاتان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لەسەر خاکی ئەوان، هۆکارێکی بەسە بۆ نیگەرانی و سەپاندنی سنووردارکردنی دیپلۆماسی، بەسەر دەزگا جێبەجێکارییەکانی ئەم پڕۆژە یاسایەدا.

ئەگەر دامودەزگا ئەمنییەکان لە ئەوروپا و جیهانی دیموکراسی ئەم بابەتە پشتگوێ بخەن، نەک هەر سەلامەتی چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان دەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵکو بنەما بنەڕەتییەکانی ئازادی ڕادەربڕین، گردبوونەوە و چالاکیی سیاسیش، بە توندی دەکەونە ژێر مەترسییەوە.

ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە: یەکێتی كۆچبەران، ڕۆشنگەری گشتی و فشاری نێودەوڵەتی

لە بەرامبەر هەڕەشەیەکی لەو شێوەیەدا، کۆمەڵگەكانی نەتەوەكانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، دەبێت لە حاڵەتی پاسیڤی خۆیان دوور بکەونەوە، و بەرەو کردەی بەكۆمەڵ، بە بەڵگەكردن و ڕۆشنگەری گشتی هەنگاو بنێن. پێکهێنانی ئەنجوومەنی سەربەخۆی كۆچبەران، بە بەڵگەنامەکردنی هەڕەشە و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی، هاوکاری لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و مافی مرۆڤ و دواجار دادگاییکردنی قەزایی لە وڵاتانی میواندار، لەو ئامرازانەن، کە دەتوانن ئەم پڕۆژە بەناو یاساییەی كۆماری ئیسلامی، بێكاریگەر بکەن.

هەروەها خاوەن گرنگییەكی تایبەتە، کە ڕۆشنبیران، نووسەڕان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نەتەوەكانی ئێران، له پلاتفۆرمی جۆراوجۆر بۆ ئاشکراکردنی ئامانجە ڕاستەقینەکانی ئەم پڕۆژە یاسایە، و دەڕخستنی وێنە فریوكارانەكەی ئەو یاسایە، به کار بهێنن. نابێت ڕێگە بدرێت كە سەرکوتکردن، ئەمجارەیان لەژێر نیقابی دیپلۆماسی دا، بچێتە ناو ماڵی كۆچبەرە ئازادەکانەوە.

پەیڤی كۆتایی

لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ، کە پەسەند کردنی وەها پڕۆژە یاسایەک، نیشانەی دەسەڵات نییە، بەڵکو دانپێدانانی ڕوونە، بە لاوازی قەوارەی سیاسی کۆماری ئیسلامی. دەسەڵاتێک کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی لەدەستداوە، بە دەستی لەرزۆکەوە دەستی درێژ دەکات، بۆ بڵاوکردنەوەی سێبەری ترسی خۆی بۆ سەر ئاوارەبووەكان. بەڵام مێژوو فێری کردووین، کە هیچ سیستەمێک ناتوانێ لە ڕێگەی هەڕەشە و سەرکوتەوە، بەرگەی شەپۆلی ئیرادەی نەتەوەكان بگرێت.

مرۆڤە ئازادەکان لە هەر کوێیەک بن، درەنگ یان زوو، دوواجار ستەمکاری مەجبور دەكەن بكەوێتە سەر ئەژنۆوە.