کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایدۆلۆژییەکان و حیزبی دێموکرات

14:04 - 30 گەلاوێژ 2725

ئەلبورز ڕوئین‌تەن

 ئاماژە: هەبوونی چوارچێوەیەکی هزری بۆ ئەوەی مانا بە جیهان و کردە و ئامانجەکانی ببەخشێ، لە زووەوە بەشێک لە هزری مرۆڤایەتی بوە، بەڵام ئەوەی بە ناو ئایدۆلۆژی باسی لێوە دەکرێ لە سەردەمی ڕۆشنگەری لە فەڕانسە داهێنراوە بۆ ئەوەی چوارچێوەی سیستمی هزری و فەلسەفییەکاندا دیار بکات و لە دوو سەدەی ڕابردو بە ئەرێنی و نەرێنی زۆر باسی لە سەر کراوە. هەر بۆیەش پێش ئەوەی ئایدۆلۆژییەکان جێگەی مشتومڕ بن ئەوە ئایدۆلۆژیا بۆ خۆشی هەر جێگای مشتومڕە کە چۆن ژیانی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی وەک مرۆڤ کە بەگوێرەی ئەرەستو بوونەوەرێکی سیاسییشە و لەژێر کاریگەریی دەیان فاکتەری گۆڕاو و نەگۆڕیش‌دایە بخرێتەوە ئەو چوارچێوەیە و تەنانەت قەتیس بکرێتەوە، جا لە هەمووشی خراپتر هەموو کۆمەڵگەکان وەک یەک ببینرێ. بۆ نموونە ئایدۆلۆژیی ئیدئۆلۆگێکی وڵاتێکی سەرمایەداری کە قوناغە جیاوازەکانی مێژوو تێپەڕی کردوە و لەژێرکاریگەری مۆتۆڕی بوخاردا شۆڕشی گەورەی وەک پیشەسازیی داهێناوە و لە وڵاتێکی دیکە کە لە قوناغ و سەردەمی زۆر جیاوازدا دەژیت کۆپی بکەی و تەنیا ڕێگەی بەختەوەری و ڕزگاری هەر ئەو ئایدۆلۆژییایە بزانی.

جا لەوانەش خراپتر لە سەردەمی هۆشی دەستکرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەویە نێو جەدەلێک کە وڵاتانی داهێنەری هۆشی دەستکرد نزیکەی سەد ساڵ پێش یەکلایان کردۆتەوە. لە وەها دۆخێکدا بۆ جووڵانەوەیەکی سیاسی و ڕێکخراوی کارای ئەو جووڵانەوەیە دەبوا زیاتر لە چییەتی ئایدۆلۆژیاکەی، چۆنیەتیی گەیشتن بە ئازادی -بۆ ئەوەی بتوانێ سیستمی هزری بۆ خزمەتی خەڵکی خۆی دیاری بکات- جێگای مشتومڕ با. ئەوە بەو مانایە نیە کە ئەو جووڵانەوەیە یا ڕێکخراوەیە پێویستیی بە چوارچێوەیەکی هزری یا دنیابینیەک بۆ داهاتوو نەبێ، بەڵکوو پێویستە ئەولەوییەت بە ئازادبوون بدرێت و لە پەنا ئەو ئەولەوییەتەش کار بۆ شیکردنەوەی چییەتیی ئایدۆلوژی ئەو ڕێکخراوەیە بکرێت. مەبەستی ئەو نووسینەش ئەوەیە گرینگی ئەولەوییەتی ئازادی وەبیر بهێنێتەوە و لە پەنا ئەوەش چییەتیی ئایدۆلۆژی حیزبی دێموکرات بخاتە بەر باس.

کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکرات

بێگومان گەڕانەوە بۆ مێژوو و قوناغەکانی دەتوانن یاریدەدەری پرسی ئایدۆلۆژیی حیزبی دێموکرات بن، ئەو مێژووەش بۆ ڕێکخراوی کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە. بەر لە کۆمەڵەی ژێکاف وێڕای هەندێ جووڵانەوەی کاتیی بچووک و گەورە ئێمە دوو شۆڕشی شێخ عوبەیدوكڵا و شۆڕشی سمکۆ دەبینین، کە بناغەی هزریی ئەوان لەسەر ئازادیی کوردستان بنیات نراوە و ئەوەندی لە بیری ئازادکردنی کوردستان‌دان، بیریان لەوە نەکردۆتەوە ئەگەر ئازاد بوو چۆنی بەڕێوە ببەن. ئەو وەپێشخستنی ئازادییە لە سەردەمی کۆمەڵەی ژێکافیش هەر هەبووە، بەڵام بەو جیاوازییە لە کۆمەڵەی ژێکافدا ئەوە ڕێبەری کاریزما و ئازا و زانا نیە کە دەتوانێ ئەو کارە بکات، بەڵکو وئەوە توێژی ڕووناکبیر و زانا و ڕێبەریی بەکۆمەڵە کە بە چەکی زانست دەتوانی ئەو کارە بکات. دەبینین کە کار بۆ ئەو ئامانجەش کراوە و ئەمە لە دوتوێی بڵاوکراوەی "نیشتمان" بڵاوکەرەوەی بیری "کۆمەڵەی ژێکاف"دا زۆر بە باشی دەبیندرێت. تەنانەت جەختکردن لە سەر ئەو بابەتە ئەوەندە بایەخی لای چالاکانی ئەو ڕێکخراوەیە هەبوو کە نەیاندەویست ڕێکخراوەکە بدەن بە دەستی ئاغا و شێخ بەڵکوو دەیانهەویست بە شێوەی ئاسۆیی بەڕێوەی ببەن.

لێرەدا پرسی ئەوە دێتە پێش ئەدی چۆن پێشەوای نەمر بوو بە کەسی یەکەمی ئەو ڕێکخراوەیە و دواتر بوو  بەسەرۆکی حیزبی دێموکرات و سەرۆک‌کۆماری کوردستان؟ هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشەوا هەموو خسڵەتەکانی ڕووناکبیری زانا و ئازای کۆمەڵگەی هەبوو و سەڕەڕای ئەوانەش پێگەی ئایینی و عەشیرەتی و ناوبانگەکەی وای کردبوو ئەو پێداویستییەی کۆمەڵەی ژێکاف پڕ بکاتەوە. د. جەماڵ نەبەز لە لێکۆلینەوەیەکی لەسەر بڵاوکراوەی "نیشتمان" بەو ئاکامە دەگات کە کۆمەڵەی ژێکاف ڕێکخراوێکی ناسیونالیستیی دروستکراوی وردە بۆرژوازیی ڕووناکبیری کورد بووە و لەسەر ڕێچکەی ناسیۆنالیستیی کلاسیکی کورد بەڕێوە چووە. د. یاسین سەردەشتی لە باسکردن لەسەر ژێکاف بەو ئاکامە دەگات کە "ئامانجــی یەکەمــی کۆمەڵــەی ژێــکاف بەدیهێنانــی خودموختــاری بــوو بــۆ گەلــی کــورد لــە کوردســتانی ئێــراندا. مەســەلەی خەباتیشــی بــۆ ڕزگارکردنـی سەرانسـەری کوردسـتانی مـەزن و یەکگرتنـەوەی کوردسـتانی دابەشــکراو و دامەزراندنــی دەوڵەتێکــی ســەربەخۆ بــۆ قوناغێکــی دواتــر دانابــوو. کۆمەڵــە بــۆ بەدیهێنانــی ئامانجەکانــی پشــتی بــە زانســت و خوێنــدەواری و گەشــەکردنی کۆمەڵایەتــی دەبەســت لــە جیاتــی چــەک و پەلامـار و هێـرشبـردن. هـەر بۆیـە لـە قوناغـی یەکەمـی دامەزرانـدن زۆر هێرشــی تەبلیغاتــیی دەکــردە ســەر شــێوازی کاری عەشــیرەتی. بــە لەبەرچاوگرتنـی ڕەوشـی ئایینـیی کوردسـتان، کۆمەڵـە بنەماکانـی خـۆی لـە سـەر چـوار کۆڵەکـە دامەزراندبـوو: ئیسـلامییەت، کوردایەتـی، مەدەنیـیەت و ئاشــتیخوازی".

ئەگەر بناغە و کۆڵەکەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بە کۆمەڵەی ژێکاف بزانین و لە کاریگەریی کۆمەڵەی ژێکاف لەسەر قوناغەکانی دواتر ورد بینەوە، دەبین کە حیزبی دێموکرات لەسەر بناغەی ناسیۆنالیستیی کورد بۆ ئازادیی کورد و کوردستان دامەزراوە و، تەنانەت لە سەرەتاوە داوای ئازادکردنی کوردستانی گەورەی کردوە و لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لە پەیوەندیدابووە. هەوڵی پەیماننامەی سێ سنووریش کە لە بیرەوەریی کەسایەتییە جیاوازەکاندا باسی لێ کراوە، نمونەی ئەو بیرۆکەیەیە. تەنانەت ئەگەر لە بڵاوکراوەی "نیشتمان"یشدا باسی لایەنی بێگانە کرابێ، مەبەست لێی وەرگرتنی یارمەتی بۆ ئەو بیرۆکە سەرەکییەە بوو. لە ساڵەکانی دواتری کۆمەڵەی ژێکافدا ئەگەر بیرۆکەی کوردستانی گەورە کاڵیش بووبێتەوە، مەبەست لێی ئینکار و پاشگەزبوونەوە نەبووە، بەڵکوو ئەولەوییەتەکان بەگوێرەی هەلومەرج گۆڕانکارییان بەسەردا هاتوە. بەگوێرەی هەموو بەڵگەکان نە سۆسیالیزم و نە لیبڕالیزم تەوەر نەبووە، بەڵکو تەوەری سەرەکی هەر ناسیۆنالیزم و  نەتەوەی کورد و کوردستان و ئازادییەکەی بووە.

کۆماری کوردستان

کۆماری کوردستان بە هەموو کەموکوڕییەکان و بەرتەسکبوونی بازنەی حوکمڕانییەکەی لە جوغرافیایەکی سنوورداریشەوە بە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووی نەتەوەی دادەنرێت. ئەوە کە کۆماری کوردستان چۆن بەو تەمەنە کورتەوە ئەوەندەی کاریگەریی لە سەر دۆزی ڕەوای کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەبووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە کۆماری کوردستان دەرخەری حەقیقەتی ویستی کورد بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی خۆی بووە. بۆ لێکۆلینەوە لە سەر ئایدۆلۆژیی کۆماری کوردستان وەک دەوڵەت لێ‌وردبوونەوە لە ئایدۆلۆژیی سێ کۆڵەکەی کۆمەڵەێ ژێکاف، حیزبی دێموکرات و پێشەوای نەمر قازی محەممەد پێویستە. چونکە کۆمەڵەی ژێکاف وەک باکگراواندی حیزبی دێموکرات حیزب وەک ڕێکخستنێکی سیاسی و هەروەها کەسایەتیی پێشەوای نەمر وەک ڕێبەرێکی کاریگەر ڕۆلی سەرەکییان لە بیچمدانی دۆخی ئەو کات هەبووە تەنانەت ئەگەر هەندێک‌جار ڕۆڵی هەر سێ ئێلمێنتەکەش هەر وەک یەک بنوێنێ.

لە تێڕوانینی هەر سێ ئێلمێنتەکەدا خزمەت بە ئایدۆلۆژییەکی دیاریکراو نابیندرێ، بەڵکوو بە شایەدیی هەموو ئەوانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە دۆخی ئەو کات هەبووە و تەنانەت کۆماری کوردستانیان لە نزیکەوە دیتوە، بە ئاشکرا دەڵێن کۆماری کوردستان کۆمارێکی دێموکراتیکی نەتەوەی کورد بووە. ئەوە کە چەند توانیویەتی لەوبارە سەرکەوتوو بێت باسێکی دیکەیەم بەڵام نە نوێنەرانی ئیمپیریاڵیزم و لیبڕالیزم توانیان بڵێن کە ئەمە سەر بە سۆسیالیزمە و نە سۆسیالیستەکانیش توانییان وەک حیزبە چەپەکانی دیکە بیخەنە ژێر ڕکێڤی خۆیان و نەیاندەتوانیش بڵێن کە ئەو کۆمارە سەر بە ئەمریکا و بریتانیایە. تەنانەت هەمووشیان گلەییان هەبوو لە سیاسەتی سەربەخۆیی کۆماری کوردستان و کۆماری کوردستانیش دەیهەویست لە نێوان سیاسەتی زلهێزان شوێنێک بۆ کورد و کوردستان لە دونیای پاش شەڕی جیهانی دووەمدا کە نەزمەکەی ڕێک دەخراوە بۆ خۆی ببینێتەوە.

بە دڵنیاییەوە یەکێک لە کاریگەریی کۆماری کوردستان تا بە ئێستاش  بەپێچەوانەی کۆماری ئازەربایجان کە لەژێر هەژموونیی بلۆکی سوسیالیزمدا بوون هەر ئەو ڕاستییە بوو کە کۆماری کوردستان هەڵقوڵاوی ناسیونالیزمی کوردان بوو. هەر چەند بەشێک لە لێکۆلەران کەموکوڕیی ئەو ناسیۆنالیزمە زیاتریش زەق بکەنەوە بەڵام ناتوانن ئینکاری ناسیونالیست‌بوونی کۆماری کوردستان بکەن. هەر بۆیەش حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان لە دەورانی دوای کۆمەڵەی ژێکافیش هەر توانیویەتی بیری ناسیونالیستیی خۆی بپارێزێ و هەوڵ بدات بێ دژایەتییەکی ڕادیکاڵ لەگەڵ چەپ و ڕاست هەوڵی کەلک‌وەرگرتن لە هەر لایەک بدات بۆ خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای کورد. تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش نەبێ بەڵام هەر ئەوەی کە نەبووە بە خزمەتکاری ئایدۆلۆژییەک بە سەرکەوتنێکی گەورە دادەنرێت.

لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان تا ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی

هەر چەند ئەو قوناغە واتە لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان تا ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی خۆی بە سەر چەند قوناغی دیکەدا دابەش دەبێت و هەر یەک لەو قوناغانە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و تەنانەت  هەندێک جار جیاوازییەکی دژ بە یەکیش دەبیندرێ، بەڵام ئایدۆلۆژیی حیزب لە خاڵی سەرەتا، واتە کۆماری کوردستان و خاڵی کۆتایی واتە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لێک دەچوون.

لە دوای کۆماری کوردستان کە خەباتی کورد و حیزبی دێموکرات بەبێ  ڕێبەر و تەنانەت ڕێبەرایەتی ماو،ە چونکە کاراکتەرە سەرەکییەکانی خەبات یا لە سێدارە دران یا ئاوارە و یان دەنا پاسیڤ بوون. هەر بۆیەش ئەوانەی کە خۆیان بە چالاکی ئەو دۆزە و ڕێبازە دەدیت لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەش لە حیزبی توودە نزیک بوونەوە و بە جورێک هاوپەیمانی، هەماهەنگی یا هاوکاریی تەشکیلاتی یا هەر ناوێکی دیکەی لێ بنێین لەگەڵ حیزبی توودەدا دروست بوو. هەروەها بە هۆی ئایدۆلۆژیی حیزبی توودە کە چەپێکی سۆسیالیستیی لایەنگری تۆخی یەکیەتیی سوڤیەتی بوون، ئەوەش کاریگەری بەسەر بیرکردنەوەی چالاکانی حیزبی دێموکرات لەو دەورەیەدا هەبوو بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە ئەو بیرکردنەوەیە لەگەڵ ڕەساڵەت و ئایدۆلۆژیی حیزبی دێموکرات کە بۆ دابینکردنی مافی نەتەوەیی دامەزراوە ناگونجێ. هەر بۆیە پارادۆکسەکان زەقتر دەبوون و چالاکانی کوردیش کە دوای ترۆمای ڕووخانی کۆماری کوردستان وەخۆ هاتبوونەوە، لە کۆنفڕانسی یەکەمی حیزب لە ساڵی ١٣٣٤دا بڕیاری پچڕاندنی یەکیەتیی تەشکیلاتییان لەگەڵ حیزبی تودە ڕایگەیاند و ئەو پچڕاندنە بە مانای ئەوە بوو تەنانەت ئەگەر حیزب چەپیش بێت، پەیڕەوی چەپی توەدەیی و سۆڤیەتی و چەپی ڕادیکاڵی نیە کە گرینگە.

لە نێوان کۆنفڕانسی یەک هەتا کۆنفڕانسی سێیەم (١٣٥٠) هەموو کاتێک لە نێوان باڵی ڕاست و چەپی حیزبدا مشتومڕی جیدی هەبووە، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەو ڕاستیەش بکەین  مشتومڕی یا ناکۆکییەکان چەندە تەشکیلاتی یا ئایدۆلوژیک بوون یا چەندە ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی بەدەنە یا ناکۆکیی ڕێبەرایەتی بوون هەر بۆخۆی جێگای باسە؛ چونکە تا بە ئەمڕۆش زۆر جار ناکۆکییەکانی تەشکیلاتی بۆ ئەوەی ڕەواییان پێ بدرێ بە شێوەیەکی دیکە نیشان دەدرێن. بەڵام ئەگەر وا دابنێین کە ئەو  ململانێیە ململانێیەکی ئایدۆلوژیکییش بووە ئەوە کۆنگرەی دووی حیزب بە ڕێبەرایەتیی عەبدوڵڵا ئیسحاقیی ڕاستی ناسیونالیستی بەستراوە و حیزب لە کۆنگرەی سێیەمیی خۆی بە ڕێبەرایەتیی دکتور قاسملوو هاتۆتە سەر بەرنامەی چەپی دێمموکراتیک.

لێرەدا شایانی باس ئەوەیە هەم ناسیۆنالیست و ڕاست‌بوونی کۆنگرەی دوو، هەم چەپی دێموکراتیکی کۆنگرەی سێ جێگای باس و شرۆڤن و هەر کام دەتوانن لە چوارچێوەیەک دابندرێ، تەنیا بەو جیاوازییەوە کە لە کۆنفڕانسی سێیەمەوە بە تایبەتی لە کۆنگرەی سێیەمەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئێران) بە هۆی هەبوونی کەسایەتییەکی وەک دکتور قاسملوو کە لە فەلسەفەی سیاسی و ڕەساڵەتی مێژوویی حیزبی دێموکرات و هەروەها سیاسەتی ڕێکخراوەیی و ئورگانیزەکردن زۆر شارەزا بوو، توانیبووی کە باکگراواندی فیکری و  ڕیزەکانی تەشکیلاتیی حیزبی دێموکرات لە پڕشوبڵاوی ڕزگار بکات و بەرەو یەکیەتیی سیاسی و فیکریی ببات.

جێگای سەرنج ئەوەیە کە ئایدۆلۆژییەتی ئەو یەکیەتیی سیاسی و فیکرییەش ئەوە بوو کە بەڵێ ئێمە دەتوانین چەپ بین بەڵام پرسی سەرەکی ئێمە پرسی نەتەوەییە کە واتە پێویستە خەبات بۆ پرسی نەتەوەیی بە بەکارهێنانی نرخەکانی چەپ کاری بۆ بکرێت. ئەو تێڕوانینەی کۆنگرەی سێیەم هەتا کۆنگرەی شەش بەو شێوەیە بەردەوام بوو. واتە حیزبی دێموکرات لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان کە بە ڕوانگەیەکی ناسیونالیستیی کورد دادەنرێ هەتا کاتی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی جاری وا هەبووە ناسیۆنالیستی ڕاست و جاری وا هەبووە چەپی ڕادیکاڵ و جاری واش هەبووە چەپی دێموکرات بووە و لە کاتی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتییش هەوڵی بەرەو پێشبردنی دۆزی ڕەوای کورد بە داواکردنی خودموختاری وێڕای هەبوونی نرخ‌گەلی دونیای چەپ و تەنانەت شێوازی ئورگانیزەکردنی حیزبە چەپەکان باکگڕاوندی ئایدۆلۆژی حیزب بووە.