
جەماڵ فەتحی
هەر قۆناغێک لە مێژووی مرۆڤایەتی هەڵگری تایبەتمەندیی ئەو قۆناغەیە و هەموو ڕووداوە سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتییەکانیش لەژێر باندۆڕی ئەو تایبەتمەندنییانەیە و بەبێ لێکدانەوە و تاوتوێکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی سەردەم ناکرێت بە شێوەیەکی لۆژیکی لەسەر هیچ ڕووداو و دیاردەیەک باس و لێکدانەوە بکرێت. مێژووی کورد کە وەکوو مێژووی هەموو نەتەوەیەکی دیکە لەم حەقیقەتە بەری نیە و ناکرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکان بۆچوون لەسەر ڕووداوەکانی کوردستان دەرببڕدرێت و تاکلانەیە شەنوکەوی ئەوەی ڕووی داوە، بکرێت. کوردستان کە زیاتر لە سەد ساڵە دابەش کراوە، لە ڕەوتی مێژووییی خۆیدا دەیان و سەدان ڕووداوی تاڵ و ناخۆشی چێشتوە و دەیان هەستانەوە و کەوتنی بە خۆوە بینیوە.
ئەوەی کە بەگشتی بە دەسپێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و ناسیۆنالیزمی کورد لە قەڵەم دەدرێت، شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری لە ساڵی ١٨٨٠ی زایینییە کە شەمزینان، هەکاری، مەهاباد و تەنانەت تەورێزیشی گرتەبەر و لە کۆتاییدا لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانی و قاجارییەکان تێک شکێندرا. ئەم قۆناغە لە خەباتی کورد کە بە خاڵی وەرچەرخانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە قەڵەم دەدرێت ڕێگاخۆشکەر بوو بۆ بزووتنەوەکانی دوای خۆی. هەر لە شۆڕشی بۆتان، سۆران، شێخ سەعید پیران و شێخ ڕەزا درسیمەوە بگرە هەتا شۆڕشی شێخ مەحموود نەمر، چیای ئاگرین، سمایل ئاغای سمکۆ، شۆڕشی بارزانییەکان و کۆمارە ساواکەی کوردستان هەتا ئێستە ئەم کاروانە بۆ دەستەبەرکردنی خواستێکی مرۆیی نەتەوەی کورد بەردەوامە و خاڵی هاوبەشی ئەم شۆڕشانە یەک شتە، ئەویش پێداگریی لەسەر دەستەبەرکردنی مافی مرۆیی و نەتەوەیی کوردە. گرنگیی ئەم شۆڕشانە لە مێژووی کورددا خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە حکمەت و عەقڵیەتییان لە ڕەگەزی عەقڵیەتێکی نوێی جیهانییە کە پاش زاڵبوونی ئەم عەقڵیەتە وەرچەرخانێکی مەزن لە سیستەم و نەزمی جیهاندا هاتە ئاراوە و گوتاری زاڵ لە ئاستی جیهاندا گوتاری دەوڵەت ـ نەتەوە و دیاریکردنی کەوشەنی وڵاتەکانە. ئەگەرچی پێش ئەم عەقڵییەتەش وڵاتان کەم و زۆر خاوەن کەوشەنی خۆیان بوون، بەڵام ئەوەی کە بە زەقی هەر وڵات و نەتەوەیەک جیا لە چوارچێوەی جوغرافیایی خۆی، پێناسە و شوناسێکی تایبەتی بۆ خۆی وێنا کرد، جووڵەیەکی هزری و مەعریفی بوو کە لە ئاستی جیهاندا هاتە ئاراوە.
کوردیش وەکوو هەموو نەتەوەکانی دیکە کەم و زۆر لەم گۆڕانە ئاگادار بوو و لە ڕێگای کەسە بەرچاو و بلیمەتەکانی خۆیەوە بۆ بەجێنەمان لەم دۆخە نوێیە وە خۆ کەوت و بە شێوەیەکی سەردەمیانە و لە ئاستی دەفری سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان خوازیاری بەدەستەوگرتنی چارەنووسی خۆی بوو. یەکێک لەو قۆناغە مێژوویی و هەستیارانەی کە هەتا ئێستەش کورد شانازی پێوە دەکات، قۆناغی بزووتنەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کوردە کە بەستێنەکەی لە مەهاباد و لە ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی بە دامەزرانی حیزبی ئازادیی کوردستان و دواتر کۆمەڵەی ژێکاف (١٣٢١) و حیزبی دێموکراتی کوردستان (١٣٢٤) ئامادە کرا. ئەم ڕێچکە و ڕێبازە کە هەتا ئێستەش لەسەر پرسی نەتەوەیی ـ دێموکراتیکی کورد بەردەوامە، ئەگەرچی هەوراز و نشێوی زۆری دیوە و هەتا ئێستە بە ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی واتە دیاریکردنی چارەنووسی کورد بە شێوەیەکی دێموکراتیک و بەرابەریخوازی نەگەیشتوە، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی لۆژیکی و بەپێی توانایی و دەفری کۆمەڵایەتی، خەسارناسی بۆ بکرێت، دەکرێت هەم خاڵی بەهێزی هەبێت هەم خاڵی لاواز.
کە باس لە خاڵی بەهێز و لاوازەکانی هەر ڕەوت و تێکۆشانێک دەکرێت، بەبێ ئەملاوئەولا دەبێت هەلومەرجی کات و شوێنیان لە هەڵسەنگاندنەکان ڕەچاو بکرێت، دەنا خەسارناسی و هەڵسەنگاندنەکان دەچنە چوارچێوەی خەسارناسێکی تاکلایەنە یان دوور لە ویژدانەوە. بۆ ئەوەی خەسارناسییەکی ژیرتەوەری لەسەر خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بکرێت، دەبێت پێش هەر شتێک ئەم خەباتە وەکوو خۆی بەسەر چەندین قۆناغدا دابەش بکرێت کە بەگشتی خەباتی ئەم حیزبە لە دژی دوو دەسەڵاتی پالەوییەکان و ڕێژیمی ئاخوندەکان بووە کە هەردوو قۆناغەکە دەکەوێتە نێو سەردەمی شەڕی سارد و دابەشبوونی جیهان بەسەر دوو جەمسەری کاپیتالیزم و سۆسیالیزمدا. جیا لەوەی ئەم خەباتە لە دوو سەردەمی جیاوازی دەسەڵاتداریەتی عەقڵییەتی ئێرانیدا هاتووەتە ئاراوە لە بواری چوارچێوەی خەباتی ئەم حیزبە دەکرێت بڵێین زیاترین تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی جوغرافیای خۆی بووە. بۆیە هەڵسەنگاندن و خەسارناسیی ئەم حیزبە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم کەتوارانە، هەڵەیە و بڕیاری تاکلایەنەی لێ دەکەوێتەوە. بە پشتبەستن بە کەتواری کات و شوێن، دەرفەت و هەلومەرج ئەگەر باس لە خاڵە بەهێزەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات بکەین، دەتوانین ئەم خاڵانە دەسنیشان بکەین کە هەر کامەیان تێڕامان و وردبوونەوەی زیاتر لە وتارێک دەخوازن.
خاڵە بەهێزەکانی خەباتی ٨٠ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستان:
١- بەردەوامبوون لەسەر پرسی نەتەوەیی و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی کورد لە ئاستی ڕۆژهەڵات و هەروەها پشتیوانیی و هەوڵ بۆ چارەسەریی ئەم پرسە لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا.
٢- دامەزرانی کۆماری کوردستان لە بەستێنێکی نالەبار و ئەستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی ئێران و لە سەردەمێک کە خەڵکی ئێران هەزاران ساڵ بوو بە سیستەمی پاشایەتی ڕاهاتبوون و لەگەڵ سیستەم و دامەزراوە دێموکراتیک و سەردەمییەکان نامۆ بوون. دامەزرانی کۆماری کوردستان لە نێودڵی حیزب و پێکهاتەیەکی چووکەتر لە خۆی.
ئەگەرچی ئەم ڕەوتە بەپێچەوانەی نەزمی نوێی جیهان بوو و دەبوو حیزب لە نێودڵی کۆماردا سەری هەڵدایە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کورد خاوەن دەوڵەت نەبوو ڕەوتەکە بەپێچەوانەوە چووە پێشەوە و حیزبی دێموکرات تاکە حیزبی کوردییە کە دامەزرانی کیانی سیاسی و سەربەخۆیی لە نێو کارنامەکەیدا تۆمار کراوە.
٤- بەرزکردنەوەی دروشمی یەکسانیخوازیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو، چاند و شوناسی جیاواز لە هەمبەر داگیرکەرێک کە باوەڕی بە شوناسێکی دیکە و مێژوویەکی دیکە لە ئێران جگە لە شوناس و عەقڵیەتی ئێرانی نەبوو.
٤- پێداگری لەسەر زیندووکردنەوەی شوناسی نەتەوەیەک کە جیا لە ستەمی نەتەوەی سەردەست، عەقڵییەتی خێلایەتی و دیدی بەرتەسکی ناوچەیی بەسەریدا زاڵ ببوو، واتە بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەم کۆمەڵگەیە نامۆ و بەرژەوەندیی خێڵ زاڵ بوو.
٥- دامەزرانی پێکهاتەیەکی دێموکراتیک و وێناکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و بەدوور لە هەر ستەمێکی چینایەتی، ڕەگەزی، زاییندەیی و نەتەوەیی لە پەنای پێکهاتەیەکی نادێموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی ملکەجی سیستەمی پاشایەتی کە لەسەر مێژوویەکی ساختە و فەیک چێ کرابوو.
٦- ڕێگاخۆشکردن بۆ گەشەی چاند و وێژەی زمان و ئەدەبیاتێک کە هەزاران ساڵ بوو جگە لە شێعر لە هیچ ژانرێکی دیکەدا خۆی نەنواندبوو، کەچی لە سەردەمی کۆماردا چاند و وێژەی کوردی لە بواری ڕۆژنامەوانی سەردەم، شانۆ، دەرکردنی گۆڤاری جۆراوجۆر و تایبەت بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تاقی کرانەوە.
٧- هەڵکردنی ئاڵایەکی حکوومەتی کە جیا لە ڕەنگدانەوەی مێژوو، خواستی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەکی دابڕاو و پەراوێزخراوی مێژوو و جیهان بوو.
پێش کۆماری کوردستانیش کورد خاوەن چەندین ئاڵا بووە و یەک لەوانە ئاڵای کۆمەڵەی خۆییبوونە کە ئاڵای کۆماری کوردستان وێکچوونێکی لەگەڵ ئەو ئاڵایەدا هەیە، بەڵام ئەوەی کە لێرەدا گرنگە ئاڵای کوردستان وەکوو ئاڵای دەسەڵات و کیانێک هەڵکرا کە وڵاتێکی ناوچەکە وەکوو یەکیەتیی سۆڤیەت تا قۆناغێک ئەگەریش کەم بوو پشتیوانیی لەم کیانە سیاسییە دەکرد.
٨- کۆماری کوردستان کە بڕیاری ئەوەی دابوو ببێتە کیانێکی سەربەخۆی سیاسی بۆ کورد، تەواوی ئێلمانەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی سەردەمیانەی تێدا بەدی دەکرا. هێزی پێشمەرگە، ئاڵا، ئەنجومەنی وەزیران، سەرکۆماری، سروودی تایبەت، ڕاگەیاندن وەکوو زمانحاڵی کۆمار و دامودەزگای جۆراوجۆری ئیداری لەو توخمە سەرەکییانەن کە دەسەڵاتێکی مودێڕنی پێ پێناسە دەکرێت.
خاڵە لاوازەکانی مێژووی حیزبی ێموکرات:
ئەگەرچی هەموو ئەو خاڵانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا خاڵی جێی تێڕامانن و وەکوو خاڵی بەهێزی خەباتی حیزبی دێموکرات ئاماژەیان پێ کرا، بەڵام خەباتێکی ٨٠ ساڵەی بە ئامانج نەگەیشتوو بەدڵنیاییەوە بەبێ کەموکۆڕی نییە و ئەوەی کە ئەم حیزبە هەتا ئێستە بە مەبەستی سەرەکی خۆی نەگەیشتووە هۆکارگەلێکی لە پشتە، کە دەکرێت ئاماژە بەم چەند خاڵە سەرەکییانە بکرێت:
١- لەتبوونەکان و تەنانەت دابڕانی بەشێکی بەرچاو لە حیزبی دێموکرات لە چەند قۆناغدا،
٢- دابەزین لە شاخ و لاوازبوونی خەباتی پێشمەرگانە و چەکداری. ئەگەرچی حیزبی دێموکرات ئەگەر لە وڵاتێکی دێموکراتیکدا ببوایە دەبوو خەباتەکەی بەس سیاسی و مەدەنی بوایە، بەڵام هەم بە هۆی ئەوەی ئەم حیزبە لە هەمبەر دوو دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دیکتاتۆردا خەباتی کردووە و هەم مافی دیاریکردنی چارەنووس ستراتیژیی سەرەکیی ئەم حیزبەیە کە دەکرێت خۆی لە سەربەخۆیی، فیدراڵیزم و ئۆتۆنۆمیدا خۆی ببینێتەوە، هەم بۆ قۆناغی خەبات لە هەمبەر دیکتاتۆردا و هەم بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتەکان پێویستی بە هێزی پێشمەرگە هەبووە. لە ٣٠ ساڵی دوایی خەباتی ئەم حیزبە ئەگەرچی چەکی دانەناوە، بەڵام بە هۆی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان خەباتی پێشمەرگانەی لە کەمترین ئاستی خۆیدا کردوە و خەباتی سیاسی و مەدەنی زیاتر ئاماژەیان پێ کراوە، کەچی بەهۆی خەسڵەتی نادێموکراتیک و ملهوڕیی کۆماری ئیسلامی ئەم جۆرە لە خەبات نەیتوانیوە بەدیهێنەری ویست و خواستە سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات بێت.
٣- هەڵگرتنی بەرپرسایەتییەکی قورس وەکوو دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی فرەنەتەوەی ئێران کە لەسەر بنەمای دەوڵەت - نەتەوەی ئێرانی دامەزراوە و ئێرانیبوون واتە توانەوە لەنێو شوناسی فەرهەنگی، مێژوویی، ئایینی و سیاسی نەتەوەی فارسدا و ئەم ئەرکە قورسە لە توانایی حیزبی دێموکرات نیە و خۆماندووکردن بەم پرسەوە دوورکەوتنەوەیە لە پرسی کورد کە پرسی جەوهەریی حیزبی دێموکراتە.
٤- پێداگریی لەسەر خەباتی بەرگریکارانە و خۆنەدان لە خەباتی هێرشبەرانە کە بەرهەمی باوەڕمەندبوون بە دێموکراسییەکە کە تەنانەت وڵاتانی لانکەی دێموکراسیش ڕەچاوی ناکەن. لە شەڕی نێوان دوو لایەنی بەهێز و لایەنی بێهێزدا یەکێک لەو خاڵانەی لایەنێک وەک بەهێز پیشان دەدا، دەسپێشخەری و دۆخی هێرشبەری لە دەرەوەی سنوورەکانە و لایەنی بێهێز ئەو لایەنەیە کە بەردەوام خۆی بۆ هێرشی بۆ سەر خۆی و بەرگریکردن ئامادە کردووە.
٥- چاوەڕوانی لە ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەی سەردەستی فارس کە لە هەمبەر پرسی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران زۆر توندتر و دەمارگیرتر لە کۆماری ئیسلامی دەردەکەون و تەنانەت مانەوەی کۆماری ئیسلامی بە زامنێک بۆ پاراستنی یەکپارچەییی ئێران دەزانن.
ئەنجام:
حیزبی دێموکرات کە بە حیزبێکی گەورە و خاوەن باندۆڕ پێناسە دەکرێت، دەبێت زیاتر و جیددیتر لە هەر هێزێکی سیاسی لەسەری بنووسرێت و قۆناغەکانی خەباتی ئەم حیزبە شەنوکەو بکرێت، کە بە ڕەخنەی ڕەسەن و ڕاستەقینە پێش بە بەلاڕێداچوون و ونکردنی ئامانجە سەرەکییەکەی بگیردرێت. هیچ ڕەوتێک و دامەزراوەیەک بەبێ ڕەخنە و پێداچوونەوەی سیاسەت و پراکتیکەکانی ناتوانێ ڕێگا بۆ سەرکەوتن و دەسکەوتی زیاتر دەستەبەر بکات، بەتایبەت ئێمەی کورد کە لە دۆخی بندەستیی دەسەڵاتگەلێکداین کە هیچ باوەڕێکیان بە پێوەرەکانی دێموکراسی و تلۆرانسی سیاسی نیە.