
فەرهاد سلێمانپوور
داڕمانی ئابووری (economic collapse) جیاوازە لە هەر دوو قۆناخی داکشان (recession) و بێ بازاڕیی قووڵی ئابووری (چەقین، depression). لە هەرتک ئەو قۆناخانەدا گەشەی ئابووری، بەرهەمهێنان و بێکاری کەم دەبنەوە و ماوەکەیان دیارە و زۆر جار بە سیاسەتی ئابووری چارەسەر دەکرێن، ئێستا بەپێی ئەزموون و شارەزایی وڵاتان ناهێڵن ئابووری بچێتە قۆناخی بێبازاڕی قووڵەوە، هەرکە کەوتە نێو داکشان، لە ماوەی یەک دوو ساڵ یان کەمتریشدا چارەسەری دەکەن. لە ئەدەبیاتی باوی ئابووریدا هەردووک ئەو قۆناخە لە وانە ئابوورییەکانی تایبەت بە بارگۆڕانی ئابووریدا(١) باس کراون، بەڵام بابەتی داڕمانی ئابووری هێشتا نەچووەتە نێو وانەکانی خوێندن و نەبووەتە بەشێک لە وێکهاتنەوە و بەرکرانەوەی (انقباض و انبساط) بارگۆڕانی ئابووری. داڕمانی ئابووری قەیرانێکی قووڵ و بەرفرە و دەمدرێژە کە بێ متمانەیی گشتی و مایەپووچبوونی یەکە و دەزگا ئابوورییەکانی بەدواوەیە، بەرە دۆخێک دەڕوا کە بەرلێگرتنی زۆر زەحمەتە.
دەمێکە ئابووریی ئێران چووەتە نێو قۆناخی چەقینی هەڵاوساناوییەوە (رکود تورمی، stagflation). هەرکە کۆماریی ئیسلامی گەیشتە دەسەڵات ئابووری کەوتە سەرەولێژی و بەرەبەرە بە هۆی ئابووریی دەوڵەتی، گەندەڵیی سیستماتیک، ڕانتخۆری، دەستی ئاوەڵای سپای پاسداران و بەرپرسان لە ئابووری (کلیپتۆکراسی) و کارگێڕیی نەشیاو کە ئاکامی سیستەمی نادیموکراتیک و ئابووریی دەوڵەتی ئێرانن لەکزی داوە و، لە دەیەی شستدا کەوتە قۆناخی داکشان و لە دەیەی نەوددا کەوتە قۆناخی چەقینی قووڵ و ئێستاش لە سەرەتا و بەرەبەری داڕماندایە. ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێ و کۆماری ئیسلامی بەلای ئەمریکا و ئیسرائیل بای نەداتەوە یان ئەو دەسەڵاتە وەلا نەنرێت، لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا ئابووری دادەڕمێت.
قۆناخی داکشانی ئابووری ئەم تایبەتمەندییانەی هەیە: کار و چالاکیی ئابووری هێدی هێدی کەم دەبێتەوە، ماوەکەی شەش مانگ تا دوو ساڵە و زۆربەی نیشاندەرەکانی ئابووریی تەڤ(٢) هێواش هێواش لە کەمی دەدەن، ڕێژەی کەمبوونەوەی GDP سەدا پێنج بۆ سەدا دەیە، ڕێژەی بێکاری تا سەدا دەیە، هێندێ کار و چالاکی و یەکەی ئابووری مایەپووچ دەبن. یەک دوو ساڵی دەوێ تا ئەم قۆناخە چارەسەر بکرێ و بکەوێتەوە سەر ڕەوتی بوژانەوە و گەشەسەندن. ئەم قۆناخە لە زۆربەی ئابوورییەکاندا ڕوو دەدات، بەڵام بەهۆی ئەزموون و شارەزایی لە چارەکردنیدا، هەر زوو بەپێی سیاسەتی نەختینەیی و دارایی چارە دەکرێ و ناهێڵن بگاتە قۆناخی چەقین. داکشانی ئابووریی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ی ئەمریکا، داکشانی ئابووریی زۆر وڵات لە ٢٠٢٠دا بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە (کۆڤیدەوە) و داکشانی ١٩٣٣ی ژاپۆن چەند نموونەیەکی داکشانی ئابوورین کە زوو چارەسەر کران. دەیەی ١٣٦٠ی (١٩٨٠) ئێران قۆناخی داکشانی ئابوورییە.
لە دەیەی شەستدا ئیسلامییە چەپەکان و چەپەکان سیستەمی ئابووریی ئێرانیان لە دەستووردا نووسییەوە، سیستەمی ئابوورییان گۆڕی و پێچەوانەی سەردەمی پەهلەوییان گرتەبەر، ئابووری بوو بە ئابوورییەکی دەوڵەتی و تا ڕادەیەکی زۆر لە هی مارکسیست و سۆسیالیستەکان دەچوو، بەڵام وەک هی ئەوان بە داب و دەستوور (بەسەروبەر، قاعیدەمند) نەبوو. لەم دەیەدا کارگێڕی و بەڕێوەبردنی پیشەسازیی و کۆمپانیا گەورە و مامناوەندەکان بەدەوڵەتی کران، نرخ دیاریی دەکرا و، شمەکە سەرەکییەکان دابین و دابەش دەکران، بازرگانیی دەرەکی لە ئاست کۆفرۆشی و بەشێکی زۆری تاکفرۆشی خۆراکدا بەدەوڵەتی کران و بەشی بەرچاویان لە ڕێگەی کۆپینەوە دابەش دەکران، ئابووری کرا بە ئابوورییەکی دەوڵەتی و کۆپینی. لەم دەیەدا (جگە لە ٦١ و ٦٢ کە داهاتی نەوت زۆر بوو) ئابووری لە قۆناخی داکشاندا بوو، ڕێژەی بێکاریی لە ناوەڕاستی دەیەدا لە ١٤٪ زیاتر بوو، ڕێژەی هەڵاوسان تا ساڵی ١٣٦٧ بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی بڕی نەختینەییەوە کەم بوو، نێونجی ڕێژەی گەشەی ئابووری ٢.٤- بوو. بەپێی ڕاپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتی دراو ڕێژەی گەشە بەم شێوەیە بوو:
ساڵ
1960-70
1977-88
1989-2002
نێونجی ڕیژەی گەشە
9.8
–2.4
4.7
ڕەوتی گەشەی ئابووری لە ١٩٧٧- ١٩٨٨پێچەوانە بۆوە، زۆر کەمی کرد، ئەمەش بەهۆی شۆڕشی ئێران، شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراق، پەراوێزکەوتنی ئێران، بەدەوڵەتیکردنی ئابووری و کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بوو. بەرهەمهێنانی نەوت لە ١٩٨٨ تەنیا هێندەی ٣٦٪ی ١٩٧٦ بوو و نرخی نەوتیش سەدا چل دابەزیبوو، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا بەشی نانەوتی GDP زۆر کەمی کردبوو. لە ١٣٦٧ ئابووری ئەوەندە بچووک ببوو کە بەرهەمهێنانی گەیشتبووە کەمترین ئاست، کەمی کردبوو بۆ ئەوەندەی بیست ساڵی ڕابردووی. بەهای تمەن زۆر کەمی کرد، لە ١٣٦٠ کە نرخەکەی لە بەرامبەر دۆلاردا ٢٧ تەمەن بوو لە ساڵی ١٣٧٠ گەیشتە ١٤٢ تەمەن. کێشە و گرفتی ئەم چل و حەوت ساڵەی ئابووریی ئێران لە بنەڕەتدا لەم دەیەوە سەرچاوەی گرتووە، لەبەرئەوەی هەر لە سەرتاوە زۆر سامان و دارایی و کۆمپانیا بە ناهەق زەوت کران و مافی خاوەندارییەتی پێشێل کرا، کەرتی تایبەت پشتگوێ خرا، دەستی دەوڵەت لە ورد و درشتی کاروباری ئابووریدا ئاوەڵە کرا، سپای پاسدارن بەرەبەرە خزییە ناو ئابووری و زۆربەی ئابووری کۆنتڕۆڵ کرد و گەندەڵی سیستەماتیک بوو بە تایبەتمەندی ئاسایی ئەم سیستەمە. بناخەی خراپی سیستەمی سیاسی و ئابووری دەیەی ١٣٦٠ی ئیران، هۆکاری داڕمانی ئابوورییە لە ٢٠٢٥دا.
لە ساڵی ١٣٦٨ (١٩٨٩) بەملاوە، بەهۆی ڕاوەستانی شەڕ و بە تایبەتی بە هۆی داهاتی زۆری نەوتەوە (جگە لە ١٣٧١ تا ١٣٧٣ کە گەشەی ئابووری کەم بوو) گەشەی ئابووری پۆزەتیڤ بوو، لە دەیەی هەشتاش هەر بەو شێوەیە گەشە پۆزەتیڤ بوو، بەڵام لە دەیەی نەوەد ئابووری چووە نێو قۆناخی چەقینەوە (بێ بازاڕی قووڵ). ئەگەر نیشاندەر و پێنوێنەکانی ئابووری لە چەند ساڵێکی دەیەی حەفتا و هەشتادا دۆخێكی باشتریان نیشان دەدا، ئەوا تەنیا بە هۆی داهاتی زۆروزەوەندی نەوت و گازەوە بوو.
لە قۆناخی چەقینی ئابووریدا (depression) هەمان ئەو کێشانەی قۆناخی داکشان هەن، بەڵام قووڵتر و زیاترن و زۆرتریش دەخایەنەن، سێ ساڵ و زیاتریش، ڕێژەی بێکاریی سەدا بیست یان زیاترە، کەمبوونەی GDP بە ڕێژەی سەدا دە و زیاترە. ئەم قۆناخە لە ئابوریدا کەمتر ڕوو دەدات و ساڵانی دەوێ بۆ چارەسەرکردنی، وەک چەقینی ئابووری دەیەی ١٩٣٠ ئەمریکا، چەقینی ئابووریی ١٩٩٨-٢٠٠٢ی ئەرجەنتین و قەیرانی قەرزی ٢٠١٠-٢٠١٨ی یۆنان. لەم قۆناخەدا رێژەی هەڵاوسان کەمە. ئابووریناسی بەناوبانگ پێی وابوو لەم قۆناخەدا هەڵاوسان ڕوو نادات، بەڵام لە دەیەی ١٩٧٠ ئابووریناسی ناودار میلتۆن فریدمەن ڕایگەیاند لەم قۆناخەدا هاوکات لەگەڵ بێکاری هەڵاوسانیش هەیە و ئەم قۆناخەی ناو نا چەقینی هەڵاوساناویی (رکودی تورمی)، ئەوەی کە ئێستا ئابووریی ئیران تێیکەوتووە. لە وڵاتانی سەرمایەداری دیمۆکراتیکدا بە ئەزموون و بە تیۆری بەوە گەیشتوون کە ئابووری نەگاتە ئەم قۆناخە و لە داکشانەوە دیسان بیگەڕێننەوە سەر ڕەوتی بووژاندنەوە. ئەم قۆناخە زۆر مەترسیدارە، ئەگەر لە وڵاتانی ئازاددا ڕوو بدات بە ڕیسوایی دادەنرێ و کابینەی حکوومەت دەس لەکار دەکێشێتەوە یان لە دەسەڵاتی دەخەن، بەڵام لە وڵاتانی نادیمۆکراتیکدا وەک ئێران بە زەبروزەنگ دەسەڵاتە سیاسییەکە ڕاگیراوە.
لە ١٩٩١ەوە (٢٠١٢) ئابووریی ئێران کەوتووەتە قۆناخی چەقینی هەڵاوساناوییەوە. لەگەڵ توندترکردنی سزای سەر نەوت و بانکەکان لە لایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە، هەناردەی نەوتی و نانەوتیی ئێران کەمی کرد، هەڵاوسان لە ماوەی ئەم دەیە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێ زیاترە لە ٣٠٪، GDP لە ساڵی ٢٠١١دا کە بە بڕی ٦٢٥ ملیارد دۆلار بوو لە ٢٠٢٠دا بۆ ١٩٥ میلیارد دۆلار کەم بووەوە(٤)، گەشەی ئابووری نێگەتیڤ و لە سفرەوە نزیک بووە، ساڵێ ٢٠١٢ ڕێژەکەی ٣.٧٥٪- بوو،٢٠١٣ ڕیژەکەی ١.٥٢٪- بوو، ٢٠١٤ بەرز بووەتەوە بۆ ٤.٩٨، لە ٢٠١٥ نزیکەی ١.٤٢٪- بوو، ٢٠١٧ نزیکەی ٢.٧٦٪، ٢٠١٨ بە ڕێژەی ١.٨٤٪- بوو، لە ٢٠١٩ بە ڕێژەی ٣.٠٧٪- بووە و لە ٢٠٢٠ەوە کە ئیدارەی بایدەن بەری بۆ هەناردنی نەوت شل کرد، ئەوا ڕێژەی گەشەی ئابووری بەرزبووەوە، لە ٢٠٢٤ەوە دیسان بەرەو نێگەتیڤ چووە (جێی سەرنجە لە هەموو ئەم ساڵانەدا ئەگەر ڕێژەی گەشە زیادی کردبێت، ڕاستەوخۆ پێوەندی بە هەناردەی نەوت و زۆربوونی داهاتی نەوت و گازەوە بووە، نەک هەناردەی بەرهەمی نانەوتی). ڕێژەی بێکاری لە ٢٠١٦ەوە لە سەدا بیست زیاترە و تەنیا هی ساڵی ١٤٠٠ ڕاستە کە ٣١.٧٪ی نیشان داوە، بۆ ساڵەکانی تر شێوازی هەژمارکردنی بێکاری هەڵەیە و شارەزایانی ئامار و ئابووریناسان لەسەر ئەوە کۆکن ئەو شێوازە هەژمارکردنە ڕاست نیە و ڕێژەکانی کەم نیشان داوە. ڕێژەی هەڵاوسان لە ٢٠١٦ەوە بەرز بووەتەوە، لەوساوە تا ئێستا هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ(٥) لە سەرەوەی ٤٠٪ە و، بۆ کەلوپەلی خۆراک و بنەڕەتی وەک نان لە سەروەی سەدا ٨٠ یە. نیشاندەری کولەمەرگی(٦) بۆ کۆتایی ٢٠٢٤ بە ڕێژەی ٤٠.٣ بووە و لە بەهاری ئەم ساڵیشدا بە ڕێژەی ٤٢.٢.
ئەوەی لەم دوو سێ مانگەدا بەدی دەکرێ، دەرکەوتنی نیشانەکانی داڕمانی یەکجارەکی ئابووریی ئێرانە. کێشەی کەمی ئاو، کارەبا، بەنزین و گاز، کشانەوەی سەرمایەیەکی زۆر لە بۆرسە بەهۆی چاوەڕوانیی خراپتربوونی دۆخی ئابووری، هەڵکشانی زیاتری نرخ و بێکاری، کەمبوونەوەی زیاتری بەهای تمەن و هێزی کڕینەکەی، نەمانی متمانەی خەڵک بە دراو و سیستمەی دارایی وڵات، سەرهەڵگرتنی بەلێشاوی سەرمایە، هەڵکشانی نرخی یەکەی خانووبەرە بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر، زۆربوونی رێژەی کولەمەرگی (فلاکت، misery)، مایەپووچبوون و داخستنی یەکە و کۆمپانیاکان، کۆن بوون و لەکارکەوتنی ژێرخانی ئابووری، کڕینی زێڕ و دراوی دەرەکی و بە گشتی پەرەسەندنی ئابووری سەوداگەری و دەڵاڵی و دوورکەوتنەوە لە کاری بەرهەمهێنان لە نیشانە و تایبەتمەندییەکانی داڕمانی ئابوورین.
ئەم تایبەتمەندییانە داڕمانی ئابووری لە چەقینی ئابووری جیا دەکەنەوە: لە داڕمانی ئابووریدا خێرایی دادەپینی ئابووری زیاترە و کاریگەریی لەسەر هەموو کەرتەکان وەک بانک، بەرهەمهێنان و بازرگانی دادەنێت؛ داڕمان تەنیا نابەسترێتەوە بە بێکاریی و هەڵاوسان یان گەشەی ئابووری، بەڵکوو سەرجەم بوارەکانی تریش دەگرێتەوە؛ خەڵک متمانەی بە دراو بە بانک و بە دامودەزگای حکوومەت نامێنێت؛ وەبەرهێنەری نێوخۆ و دەرەکی سەرمایەکەیان دەکشێننەوە؛ دۆخی دەروونی خەڵک دەگۆڕێ و بەلێشاو پارەیان لە بانک دەکشێننەوە و قۆرخکردنی شمەک بە مەبەستی گرانترفرۆشتنی دەست پێ دەکات؛ بەهای دراو زۆر کەم دەبێتەوە و خەڵک ناچار دەکات دراوی تر لە مامەڵەی ڕۆژانەیدا بەکاربهێنن؛ بەلێشاو لە بانکەکان، لە سندووقی خانەنشینی پارە و هەژماری پاشکەوتی تر پارە ڕادەکێشرێت؛ مایەپووچبوون و داخستنی یەکە و کارگە و کۆمپانیا بە خێرایی زیاتر دەبێت؛ خەڵک لە کاری ڕاستەقینە و بەرهەمهێنان دوور دەکەونەوە و ڕوو دەکەنە کاری سەوداگەری و دەڵاڵی و خستنەڕووی شمەک و بەرهەم کەم دەبێتەوە؛ زۆربەی خەڵک بەتایبەتی لە کەرتی فەرمیدا کارەکەیان لەدەست دەدەن؛ حکوومەت بۆ پێدانی مووچە، خەرجی و خزمەتگوزارییەکان قەرز دەکات یان پارە لە چاپ دەدات کە ئەمەش هەڵاوسانی پڕتاوی(٧) لێدەکەوێتەوە؛ حکوومەت توانای دابینکردنی پیداویستییە بنەڕەتییەکانی نابێت؛ سیاسەتەکانی حکوومەت کاریگەر نابن؛ ڕێژەی هەژاری و برسییەتی هەر هەڵدەکشێت؛ چینی مامناوەند کەم دەبێتەوە و دەبێتە هەژار؛ نایەکەسانی دەگاتە لووتکە و؛ ئابووری بچووک دەبێتەوە و پەراوێز دەکەوێت. ئاکامی ئەمانەش خۆپێشاندان، مانگرتن و ڕاپەڕینە. داڕمانی سۆڤیەت لە ١٩٩١، ئەڵمان لە دەیەی ١٩٢٠ (کۆماری وایمار)، ڤەنزویلا لە ٢٠١٤ تا ئێستا و زیمبابۆی لە سەرەتای دەیەی ٢٠٠٠، لۆبنان لە ٢٠١٩ەوە تا ئێستا، نموونەی داڕمانی ئابوورین.
ئابووریی ئێران کەوتووەتە سەر ڕەوتی داڕمان (collapse) و ئەم هۆکارانە وادەکات لەم چەند مانگەدا بە یەکجارەکی دابڕمێت:
دۆشدامان و دەستەوەستانی کۆماری ئیسلامی و لەکەڵکەوتنی هەر چەشنە سیاسەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئابووری.
سزادانی زیاتری ئابووری لە لایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە.
بەکارخستنی میکانیزمی پەلەپیتکە (Snapback Mechanism)، ئەگەر کارا بکرێت، هەموو کوون و کەلبەڕیکی هاتن و چوونی پارە دەگرێت و لەهەموو ئاستێکدا تەنگ بە ئابووری هەڵدەچنێت.
کۆماری ئیسلامی کە ئێستا لە دۆخی شەڕدایە، زۆربەی پارە و دراوەکەی لە بواری پەرەپێدانی مووشەک، کڕینی سیستەمی بەرگری و بە گشتی بواری ئەمنیەتی و سەربازیدا خەرج دەکات.
کێشەی پچڕانی ئەنتەرنێت و وزە و ئاو، کەرتی بەرهەمهێنان بە تەواوی پەک دەخات.
***
١. Economic cycle, or Business cycle: بارگۆڕانی ئابووری (سیکلی ئابووری) لە چوار قۆناخ پێک دێت، قۆناخی بووژاندنەوە (recovery) کە بەرەبەرە ئابووری گەشە دەکات و دەچیتە قۆناخی پەرەسەندنی بەرفرە (expansion) و دەگاتە بەرزترین خاڵ کە پێی دەڵین لوتکە (peak) و لە پاش ئەم خاڵە ئابووریی ڕوو لە کزی دەکات و بەم قۆناخە دەگوترێ داکشان contraction or recession)) و ئەگەر داکشانەکە بەردەوام بێ و گۆڕاوەکانی ئابووری لە دۆخێکی زۆر خراپدا بن، ئەوا دەبێنتە قۆناخی چەقین (بێبازاڕی قووڵ) (depression) و ئابووری دەگاتە نزمترین خاڵ کە پیی دەڵین خاڵی بنۆک (trough). قۆناخەکانی بارگۆڕانی ئابووری زیاتر بەپیی کۆبەرهەمی نێوخۆ (GDP) دیاریی دەکرێن.
٢. Macro economy (اقتصاد کلان)
٣. بۆ دیتنی ڕپۆرتەکە سەیری ئەمە بکەن: file:///C:/Users/sourc/Downloads/9781589064416-9781589064416.pdf
٤. بۆ زانینی ڕێژەی کۆ بەرهەمی ناوخۆ (GDP) سەیرئەم سایتە بکەن: (https://www.statista.com/statistics/294233/iran-gross-domestic-product-gdp/)
٥. Point-to-point inflation: هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ (نقطە بە نقطە): دیاریکردنی گۆڕانی ڕێژەی نرخی شمەک و خزمەتگوزاریە لە مانگێکی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی پێشوودا، بۆ نموونە ڕێژەی گۆڕانی نرخی شمەکی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بەبەراورد بە مانگی گەلاوێژی پارەکە (ساڵی پار).
٦. Misery Index: پێنوێنی، نەمرنەژی، کولەمەرگی، چارەڕەشی، بەشمەینەتی: ئەم نیشاندەرە لە کۆکردنەوەی ڕێژەی بێکاریی و هەڵاوسان پێک دێت و لە دەیەی ١٩٦٠ لە لایەن ئرسر ۆکیونەوە (Arthur Okun) باس کرا و پەرەی پێ درا.
٧. hyperinflation: هەڵاوسانی پڕتاو، هەڵاوسانی بێ هەوسار: ڕێژەی ئەم هەڵاوسانە مانگانە ٥٠٪ یان زیاترە.