
(ساڵێک دوای دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق، بریتانیا خۆی لە پشتگیریکردن لە پلانەکانی ڕووخاندنی دەسەڵاتی خومەینی بوارد)
میدڵ ئیست مۆنیتۆر- عامر سوڵتان
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
بەگوێرەی هێندێک بەڵگەنامەی دەوڵەتی بریتانیا کە چیدیکە وەک نهێنی پۆلێن ناکرێن، لە ١٩٨١، چەند داواکاری لە لایەن تاقم و تاکەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە لایەن بریتانیاوە ڕەت کرانەوە کە داوای پشتگیرییان لە هەوڵی سەربازیی و سیاسی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی کردبوو.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە فێبریوەری ١٩٧٩، شەپۆلێک لە سیاسەتمەدار، ئەفسەرانی سەربازی، خاوەنکاران، خوێندکاران و بازرگانانی ئێرانی ڕایانکردە ئورووپا و وڵاتە یەکگرتووەکان. لە دەرەوە ڕا ئەوان هەوڵی ورووژاندنی ڕۆژئاواییەکان، بە تایبەت بریتانیا و ئەمریکایان دا تا پشتیوانیی لە شۆڕشێکی پێچەوانە لە ئێران بکەن. پێداچوونەوەیەکی سیاسی کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، دوابەدوای ڕووخانی پاشایەتی بەڕێوە چووبوو، پێشنیاری بەردەوامیی پەیوەندیی لەگەڵ تاقمەکانی نێوخۆ و هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگەی کردبوو. لە ئاکامدا، وەزارەتی کاروباری دەرەوە درێژەی بە ئاواڵا ڕاگرتنی کاناڵە پەیوەندییە نافەرمییەکان، بەڵام بە فەرمی و بە ئاشکرا بێلایەن مایەوە.
بەڵگەنامەکانی ئارشیوی نەتەوەیی بریتانیا ئاشکرای دەکەن ساڵێک دوای دەستپێکی جەنگی ئێران-عێراق، وەزارەتی کاروباری دەرەوە لە لایەن ژمارەیەک ئێرانیی تاراوگەنشین کە لایەنگری پاشایەتیی پەهلەوی بوون پەیوەندیی پێوە گیراوە. ئەوان داوای پشتگیریی لە پلانەکانیان بۆ هەڵایساندنی شۆڕشێک دژی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕی ئایەتوڵڵا خومەینییان کردوە لە کاتێکدا کە بریتانیا بە فەرمی دانی بە دەسەڵاتی نوێدا نابوو. لە سەرەتای جانیوەری ١٩٨١، جان گراهام، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا، چاوی بە محەممەد درەخشیش، وەزیرێکی پێشووی سەردەمی پاشایەتی و کەسایەتییەکی سەرسەختی دژی مەلاکان کەوت. درەخشیش داوای پشتیوانیی بریتانیای بۆ ئەو شتەی کرد کە ناوبراو بە "سەرهەڵدان" لە لایەن مامۆستایانی ئێران دژی داخرانی قوتابخانە و زانکۆکان و، کۆنتڕۆڵی پەرەئەستێنی مەلاکان بەسەر سیستەمی پەروەردە ناوی برد. ئەو ئیدیعای کرد سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانە کە بە گوتەی ناوبراو ٦٠٠ هەزار ئەندامی هەیە. ئەو هەروەها گراهامی ئاگادار کردەوە کە خەریکی ورووژاندنی پشتیوانیی بۆ جووڵانەوەی مامۆستایان لە ئەمریکایە. کاتێک لە باری بۆچوونی سیاسی پرسیاری لێ کرا، درەخشیش گوتی ئەو لە سەرەتادا دژی شا بووە و پێشوازیی لە شۆڕش کردووە، بەڵام ئەوەشی زیاد کرد "ئەوەی سەری هەڵدا ئەو شۆڕشە نەبوو کە ناوبراو خوازیاری بوو."
بەگوێرەی یادداشتەکانی چاوپێکەوتنەکە، گراهام گوتی "ئەو بە وردی سەیری پێشنیارەکە دەکات" و پێشنیاری چاوپێکەوتنێکی دیکە دوای گەڕانەوەی درەخشیش لە سەفەری ئەمریکای کرد "تا زۆرتر باسی پرسەکە بکەن." دواتر گراهام داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد تا لێکۆڵینەوە بکەن ئاخۆ درەخشیش بە ڕاستی سەرۆکی ڕێکخراوێکی بەربەرینە. لە کاتێکدا کە گراهام لە "کەسایەتیی درخشیش بۆ ڕێبەریکردنی جووڵانەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆن" بە گومان بوو، بەو ئاکامە گەیشت کە ڕابردووی ناوبراو "بۆ پاشگوێ خستن نابێت." لە کۆتاییەکانی مانگی جانیوەری، ئەردەشیر زاهیدی، وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئێران، بە هەڤاڵەکەیدا جولیان ئامری، ئەندامێکی کۆنسێرڤاتیوی ئەنجومەنی نوێنەران کە خوازیاری دەستێوەردان و سیاسەتوانێکی زایۆنیستی ناسراو بوو، پەیامێکی بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا نارد. زاهیدی ئیدیعای کرد ڕێژیمی خومەینی "لە دۆخی لەناوچوون نزیکە." ئەو هۆشداریی دا، ڕێژیمی داهاتوو یان لایەنگری خۆراوا دەبێت یان هی سۆڤیەت و، دەلیلی هێنایەوە کە هەر پلانێکی ئۆپۆزیسیۆن کە بە ئاشکرا لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان و بریتانیاوە پشتگیریی بکرێت، "سەرۆکایەتی پشتگیریی (ئێرانییەکانی) تاراوگە دەکات." لە وڵامی ئامریدا، وەزیری کاروباری دەرەوە لۆرد پیتر کارینگتۆن بوچوونی زاهیدی بە "سەرنجڕاکێش" وەسف کرد و سپاسی ئامریی کرد کە ڕوانگەکانی پەیوەندییە ئێرانییەکانی لەگەڵ باس دەکات.
لە مانگی فێبریوەری، ئــ. ح. ساحەب-دیوانی، بازرگانێکی ئێرانی کە لە بریتانیا دەژیا، داوای پشتگیریی بریتانیای لە تاقمێک بە ناوی 'ارتش ڕهایی بخش ایران' واتە ئەرتەشی ڕزگاریدەری ئێران-ی کرد. ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاربەدەستانی وەزارەتی کاروباری دەروە بە ناوی ف. م. ڤۆگان وج. لامپۆرت، گوتی ئەو ڕێکخراوەیە لە چەند پێتەختی ئورووپایی چالاکە. بە گوتەی ناوبراو، لیژنەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەکە ٢٥ ئەندامی هەن، ١٥ کەسیان هێشتا لە نێوخۆی ئێران خەریکی خزمەت کردنن. پاشماوەی دە ئەندامەکە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانیان دەکرد. ساحەب-دیوانی خۆی لە ئاشکرا کردنی ناوەکان بوارد.
لە ڕاپۆرتی ڤۆگان لەبارەی کۆبوونەوەکەدا نووسراوە کە ساحەب-دیوانی پێی گوتووە ئامانجی ئەرتەشی ڕزگاریدەری ئێران "ئامادە بوون بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بووشاییەیە کە دوای مردنی خومەینی ڕوو دەدات" و بناخەی پشتیوانیی لە ڕێکخراوەکەی، سوپای ئێرانە. ساحەب-دیوانی ئیدیعای کرد کە ئەرتەشی ڕزگاریدەری ئێران هەر ئێستا لەگەڵ مەلاکان، هۆزەکان و چینی مامناوەندی ئێران پەیوەندیی هەیە و، ئەگەرچی زۆربەی چالاکییەکانی لە خۆراوای ئورووپایە، تاقمەکە "پشتگیریی گەلێک لە لایەنە ناڕازییەکانی خودی ئێرانی لە پشتە."
کاتێک لەبارەی پلانەکانی داهاتووی ئەڕتەشی ڕزگاریدەری ئێران پرسیاری لێ کرا، ساحەب-دیوانی گوتی ئەو گرووپە بەتەمایە "بۆ ماوەیەکی دەستپێک کۆنتڕۆڵی سەربازیی ئێرانی بەدەستەوە بێت، ڕەنگبێ بۆ ماوەی ٣ ساڵ.". دوای ئەو ماوەیە "یاسای بنەڕەتی ١٩٠٦ بە پاشایەتی یان بێ پاشایەتی زیندوو بکاتەوە."
دوو مانگ دواتر ڤۆگان چاوی بە شاڕوخ فیروز، باڵوێزێکی ئێرانی و، نازم عامێری، کوڕی کۆچکردوو شێخ خەزعەل، ڕێبەرە مێژووییەکەی خوڕەمشار لە پارێزگای خوزستان کەوت.
ئەوان پێشنیاریان کرد بریتانیا فڕۆکەخانەی مێهرئاباد بۆمباران بکات و چاوەڕوان بوون ئەوە "چرا سەوزێک بێت بۆ ئەو کەسانەی سەرهەڵدان دەکەن بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم." کاربەدەستەکەی بریتانیا "سپاسی کردن بۆ ڕاوێژەکەیان." وەک نیشانەیەک بۆ ئەوە کە وڵاتەکەی لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ڕاستیی نوێ لە ئێران ناتوانرێ پێچەوانە بکرێتەوە، ڤۆگان گوتی "خۆش دەبوو هەموومان بمانتوانیبا کات بگەڕێنینەوە دواوە."
لە ئاپریلی ١٩٨١، داگڵاس هیرد، کە ئەوکات وەزیری کاروباری دەرەوە بوو، داوای کرد ڤۆگان چاوی بە دوکتور مەهدی بەهادۆری، ئامۆزای یەکێک لە کاربەدەستانی دەرباری پاشایەتی کە ئەوکاتی لە ئێران زیندانی بوو، بکەوێت. بەهادۆری داوای "پشتگیریی ئەخلاقیی" بۆ جووڵانەوەی بەرگریی ئێران، بە ڕێبەریی ژەنڕاڵ غولامعەلی ئووەیسی، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپا لە سەردەمی شادا کرد. ئووەیسی لەبەر دەوری لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بە "قەسابی تاران" ناوبانگی دەرکردبوو. ئەو داوای کرد بریتانیا لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیە "بدوێت" و داوایان لێ بکات "ئیزن بە ژەنڕاڵ ئووەیسی بدەن لە خۆرهەڵاتی تورکیە دەستی ئاواڵا بێت و دراوی بدەنێ."
دیپلۆماتە بریتانیاییەکە داواکەی ڕەت کردەوە و گوتی ئەگەرچی لە شۆڕشی ١٩٧٩ بەداخە، بەلام ئەوە "ڕاستییەکی چەسپاوە." ئەو دووپاتی کردەوە کە سیاسەتی بریتانیا ئەوەیە کە کار لەگەڵ دەوڵەتی دەسەڵاتدار لە ئێران بکات و"ناتوانێت هیچ پشتیوانییەک لە ئەو (ژەنڕاڵ ئووەیسی) بکات."
لە سەرەتای جوون، ژەنڕاڵ ئووەیسی داوای "ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی" لە لایەن بریتانیا بۆ یارمەتیدان بە "کودەتایەکی سیاسی" لە ئێرانی کرد. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جێڕاڵد ڕایان، دیپڵۆماتێکی باڵوێزخانەی بریتانیا لە پاریس، ژەنڕاڵ ئووەیسی ئیدیعای کرد "سیخوڕانی بریتانیایی" چالاکن و "خاوەن نفووزی بەرچاو" لە ئێرانن. لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا، ئەو گلەیی لە دنیای ئازاد کرد کە "بەرگرییەکی چالاکی زۆرتریان پێشان نەداوە" تا پێش بە نفووزی کۆمۆنیزمی ڕووسی لە ئێران بگرن. ژەنڕاڵ ئووەیسی هەروەها ئیدیعای کرد چاوی بە جۆرج بوش، کە ئەوکاتی جێگری سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان بوو، کەوتوە و گوتی بەڵێنی پشتیوانیی لۆجیستیکی بۆ پلانەکەی بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێرانی داوە. بەڵام، ئەو سکاڵای کرد کە هێچ پشتیوانییەکی ئەوتۆ بە کردەوە نەکراوە.
دیپڵۆماتە بریتانیاییەکە هیچ شتێکی لە بارەی لێدوانەکانی ژەنڕاڵ ئووەیسی نەگوت و هیچ بەلێنییەکیشی نەدا. ئووەیسی داوای کرد پەیامەکەی بگەیەنرێتە دەوڵەتی بریتانیا.
دواتر وەزارەتی کاروباری دەرەوە ڕێنمایی ڕایان و هاوکارەکانی کرد هیچ داواییەکی چاوپێکەوتن لە لایەن ئووەیسی یان نوێنەرەکانیەوە، بەر لە ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسەکانیان قبووڵ نەکەن. ئەوان هەروەها ڕێنماییان پێکرا کە لە هەڵسوکەتییان لەگەڵ ئێرانییان وریاتر بن.
لە مانگی جولای، ژەنڕاڵ سەید ئەحمەد مەدەنی، وەزیرێکی پێشووی ئێران و فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران، لە ڕێگەی پیتر تیمپڵ-مۆریس، کە هاوسەرەکەی ئێرانییە، پەیوەندیی بە وەزارەتی دەرەوە گرت و داوای چاوپێکەوتن لەگەڵ لیژنەیەک بە ڕێبەریی مەدەنی کرد کە نوێنەرایەتیی بەرەی نەتەوەیی دەکرد، تا "کارتەکانی لە سەر مێز دانێت." کاتێک لیژنەکە بە سەرۆکایەتی دوکتور پەرویز ئیتمینان، چاوی بە ڤۆگان کەوت، پێشنیاریان کرد "وڵاتە بچووکەکانی کەنداو" پشتگیریی دارایی بۆ پلانەکانی دەستپێکی سەرهەڵدانێک لە ئێران دابین بکەن. ئەگەر بریتانیا بە ڕاستی دەیهەوێ گەندەڵیی لە ئێران کۆتایی پێبێت، "بە تایبەتی تەنیا پێویستە ئاماژەیەک بە ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی بکات" و، ئیتمینان دڵنیایی دا کە مەدەنی و هاوکارانی "زەمانەتی سەرهەڵدانێکی سەرکەوتوو دەکەن." ئەو لەو بڕوایەدا بوو کە مەدەنی دەتوانێت جەمسەری ڕاکێشانی ئۆپۆزیسیۆن بێت."
لەبارەی هەڵوێستی هێزە چەکدارەکانی ئێران پرسیاری لێ کرا، ئیتمینان ئیدیعای کرد هێزەکانی دەریایی و ئاسمانی "لە ئاکامی هێرشێکی سەرکەوتووانەی مەدەنی و هاوپەیمانەکانی، سەرهەڵدان دەکەن." کاربەدەستەکەی وەزارەتی دەرەوە وەڵامی دایەوە کە بریتانیا "گشت کات بە گوێڕاگرتن لە بۆچوونی تاقمە جیاجیاکانی ئێرانی دڵخۆشە." بەڵام، ئەو ڕوونی کردەوە کە هەڵوێستی بریتانیا ئەوەیە کە، " (جۆرێک لە) پەیوەندیی دیپلۆماتیکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێستا هەیە" و "بڕوایەکی بەهێزی هەیە کە نابێ هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری نێوخۆی ئێراندا بکرێت."
ئەوکاتی، دوای چوونە سەری ڕێژە و ئاستی چالاکیی ئێرانییەکانی تاراوگە، وەزارەتی کاروباری دەرەوە بڕیاری دا پێداچوونەوە بە سیاسەتی پەیوەندیی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بکات. وەک ئــەی. سی. مایەرس، سەرۆکی بەشی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە باسی دەکات، بریتانیا دەیهەویست "خۆی لە زیاد کردنی شک و گومانی خۆلێلانەدەرانەی دەوڵەتی شۆڕشگێڕی ئێران ببوێرێت کە پێی وابوو ئێمە خەریکی پیلانگێڕیی بۆ ڕووخاندنی ئەوین." بریتانیاییەکان هەروەها پێیان خۆش بوو " لە دۆخێکدا بمێننەوە کە بە ئاشکرا، بە ڕاستی و ئیقناعەوە، حاشا لە بوونی گفتوگۆی ئێمە لەگەڵ تاقمەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکات."
مایەرس ئەو ڕێنوێنییانەی لە کاتی پەیوەندیی لەگەڵ ئێرانییەکانی تاراوگە پێشکەش کردن کە لە لایەن وەزارەتی کاروباری دەروە ڕەچاو کران:
ئێمە تەنیا گوێ ڕادەگرین بەبێ پابەندبوون
ئێمە بۆ نێوەندگیرەکان ڕوونی دەکەینەوە کە ناتوانین بیر لە پشتیوانیی لە ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگە لە بەرانبەر ڕێژیمدا بکەینەوە، چونکە لەو بڕوایەدا نین کە هیچ کامیان شانسی پێچەوانە کردنەوەی شۆڕشیان هەبێت.
ئێمە نامانهەوێت ئەو پەیوەندییەی خەریکین لەگەڵ دەوڵەتی نوێ دروستی بکەین، کە بە پێی پێویست دانمان پێدا ناوە، لە مەترسیی هاوێین.
ئێمە دەبێت بەردەوام لەبیرمان بێت کە نابێت خۆمان لە بۆچوونی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی وەک ئێران دابڕین.
ئێمە بەتەما نین پشتیگیریی لە هیچ تاقمێکی تاراوگە بکەین، بە شێوەی دارایی یان جۆری دیکە.
ئێمە نابێت خۆمان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ تاراوگەنشینیان ببوێرین، جا چ لە سەر داوای خۆیان بێت یان لە سەر داوای لایەنی سێهەم.
لە نێوەڕاستی ١٩٨١، ئامری، نوێنەرە بریتانیاییە زایۆنییەکە، جارێکی دیکە پاڵپشتی لە دەستێوەردانی سەربازیی لە ئێران کرد. ئەو دەلیلی هێنایەوە کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوە دەتوانێت بۆ پێشکەشکردنی بژاردەیەک بۆ دەوڵەتی شۆڕشگێڕ، یەک بگرێت. لە نامەیەکدا بۆ لۆرد کارینگتۆن، ئامری پێشنیاری کرد کە بریتانیا دەتوانێت بۆ بەڕێوەبردنی کودەتایەکی هاوشێوەی ئەوەی لە ١٩٥٣ دژی محەممەد موسەددیق کرا، ڕاوێژ لەگەڵ ئەمریکاییەکان بکات. ئەو پێشنیاری کرد عێراق، پاکستان و عوممان "ڕەگبێ بکرێت ڕازی بکرێن تا ببنە پردەباز" بۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئەوتۆ. ئامری هۆشداریی دا کە بریتانیا و خۆراوا ڕەنگبێ "لە خەو ڕابن و ببینن ڕووسیە کۆنتڕۆڵی مەیدانە نەفتییەکان و گەروویەکەی (لە کەنداو) بە دەستەوە گرتبێت."
لۆرد کارینگتۆن پێشنیارەکەی ئامری ڕەت کردەوە وشک و گومانی خستە سەر کاریگەریی ئێرانییەکانی تاراوگە. لە کاتێکدا کە دانی بەوە دانا کە دۆخی ئێران "بێگومان مەترسیدارە،" ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبی کۆماری ئیسلامیی وێدەچی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت." ئەو ئەوەشی زیاد کرد کە بریتانیا پێویستیە لەپێشدا جۆرێک ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەری ئێرانی ببینێت و بەوە کۆتایی بە بۆچوونەکەی هێنا، "ڕەنگبێ هیچ بژرادەیەک لە ئارادا نەبێت مەگەر ئیزن دان بە شۆڕشی ئێران تا ڕێچکەی خۆی بێ دەستێوەردانی دەرەکی درێژە پێ بدات."
لە هەمان کاتدا گراهام ڕەخنەی لە "خولیای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی" ئامری لە ئێران گرت. لە وەڵامدا ئەو دووپاتی کردەوە، لە دنیای ئەمڕۆدا، ئێرانییەکان "دەبێت بۆخۆیان کار بۆ چارەنووسی خۆیان بکەن." ئەو گوتی "بێتوو ئەوە یەک گرتنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ دژە کودەتایەک دژی کۆماری ئیسلامیی خومەینی بێت، بێگومان ئێمە دەبێ بتوانین ئاکامەکە قبووڵ بکەین." بەڵام، گراهام پێداگر بوو کە "ئەو لەو بڕوایەدا نیە کە هیچ تاراوگەنشینێک کە شانسی گەڕانەوەی هەبێت پشتگیریی بریتانیا یان ئەمریکا بە قازانجی بێت."
لە مانگی سێپتەمبەر، جێگری هێزی ئاسمانیی بریتانیا مارشاڵ و. ج. هەرینگتۆن چاوی بە ئادمیراڵ حەبیبوڵڵاهی، فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی ئێران و ئەندامی ئازادەگان، ڕێکخراوێکی نەتەوە پەرستی سەربازیی کە لە بریتانیا، وڵاتە یەکگرتووەکان و فەڕانسە چالاکە و ڕێبەرەکەی ژەنڕاڵ بەهرام ئاریانا، فەرماندەی گشتیی پێشووی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە، کەوت. ئادمیراڵ هۆشداریی دا کە هێزی سەربازیی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی شۆڕشگێڕ دا وەها گۆڕاوە کە بێتوو دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت، ئێران "وەک لیبی لە ژێر دەسەڵاتی سەرهەنگ قەززافی دەچێت." ئەو گوتی پشتگیریی سەرەتایی خۆراوا بۆ پێشگرتن بە ڕوو کردنی ڕێبەریی لە یەکیەتی سۆڤیەت، پێویست دەبێت.
لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە، هەرینگتۆن ئاماژەی بەوە کرد کە حەبیبوڵڵاهی و هاوکارەکانی لە ئازادەگان چاویان لە وڵاتی وەک بریتانیایە بۆ "پشتیوانیی ئەخلاقی."ئەو پێیوابوو ئەوان فرە بەپەرۆشن تا جۆرە پایگایەکیان گیر کەوێت، ڕەنگبێ دوورگەیەک، تا بتوانن لەوێوە کاریگەریی بخەنە سەر ڕووداوەکانی ئێران." هەرینگتۆن شکی دەکرد کە مەبەستی حەبیبوڵڵاهی مەسیرە لە کەناری خۆرهەڵاتی عوممان و مەزنترین دوورگەی ئەو وڵاتە، لە دەریای عەڕەب بێت. لە وەڵامدا، مایەرسی بەشی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی وەزارەتی کاروباری دەرەوە، ئامۆژگاریی هەرینگتۆنی کرد کە بریتانیا دەبێ "زانیارییەکەی بگەیەنێتە بەرزترین ئاست لە کاتێکدا کە تێوەگلانەکەی لە نزمترین ئاستدا بێت."
لە هەمان مانگدا، وەزارەتی بەرگریی بریتانیا داوای لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە کرد چاوی بە ئەسعەد هومایون، کاربەدەستێکی باڵوێزخانەی ئێران لە واشینگتۆن تا پێش شۆڕش و، ئێستا بەرپرسی ڕێکخستنی جووڵانەوەی ئازادەگان، بکەوێت. لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤۆگان، هومایون هیوای خواست "پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی بریتانیا دروست بکات."
ڤۆگان دووپاتی کردەوە کە بریتانیا هەمیشە ئامادەیە چاوی بەو ئێرانییانە بکەوێت و گوێیان لێ بگرێت کە دەخوازن بۆچوونیان لەسەر ڕووداوەکانی ئێران باس بکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە "هێچ جۆرە پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ هیچ تاقمێک، بە تایبەت ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێستان، لە ئارادا نابێت." ئەو وەبیر هومایونی هێنایەوە کە بریتانیا دانی بە ڕێژیمی شۆڕشگێڕدا هێناوە و "لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ئێران دەبێ بۆخۆی گیروگرفتەکانی چارەسەر بکات، بێ دەستێوەردانی دەرەکی."
لە نێوەڕاستی نۆڤەمبەر، گراهام چاوی بە چەند بەرپرسی پێشووی ئێرانی لە سەر داوای خۆیان کەوت. ئەو پێی گوتن ئەو سەردەمە بەسەر چوو کە بریتانیا خۆی لە کاروباری نێوخۆیی ئێران وەردەدا. ئەو جەختی کردەوە ڕێژیمی شۆڕشگێڕ "وێدەچێت دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت و وردە وردە ڕێکوپێکی لە وڵات و ئابووریدا زیاد بکات."