
هەڵسەنگاندنە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیم دەرخەری ئەوەیە کە زۆربەی بنەماڵەکان لە ئێران بە هۆی هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو توانای کڕینی کەلوپەلە خۆراکییە پێویستەکانیان نییە و هەژاریی خۆراکی بەرۆکی خەڵکی کەمداهات و هەژاری ئێرانی گرتووە.
ناوەندی ئاماری ڕێژیم هەڵاوسانی مانگانەی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٤ی بە ٢.٩ لەسەدی ڕاگەیاندووە کە نێونجی نرخی کەلوپەلی خۆراکی و خواردنەوەکان لە یەک مانگی ڕابردوودا ٣.٩ لەسەد چوونەسەرەوەی بەخۆوە بینیوە.
ئەو ئامارەی ناوەندی ئاماری ڕێژیم لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوووە هەتا مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، ٥١.٤ لەسەد پەرەی سەندووە.
ئەو ناوەندەی ئامارییەی ڕێژیم نرخی هەڵاوسانی ساڵانەی بە ٣٦.٣ لەسەد خەمڵاندووە.
بە گوێرەی ئەو ئامارە، هەڵاوسانی نرخی نان و دانەوێڵە کە بەشێکی بەرچاو لە پێکهاتەی سفرەی خەڵکی ئێران پێک دێنێت لە ماوەی مانگی گەلاوێژدا ٧.٨ لەسەد و لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا ٩٣.٧ لەسەد مەزەندە کراوە.
هەروەها ئەو ڕاپۆرتە باسی لەوە کردووە کە چای، قاوە و خواردنەوە غەیرە ئەلکۆلییەکان لەو زەمەنە ١٢ مانگەییەدا ٦١.٨ لەسەد گرانتر بوون.
لەو ئامارەدا ئاماژە بە چوونەوەسەرەوەی ٥٢.٩ لەسەدیی نرخی هەڵاوسانی میوە و وەشکەبار و سەوزی کراوە.
نرخی هەڵاوسانی شیرەمەنی و هێلکەش هاوشێوەی خۆراکییە پێویستەکانی دیکە لە ١٢ مانگی ڕابردوودا ٤٤.٢ لەسەد تۆمار کراوە.
هەروەها هەرکام لە گۆشتی سوور، ڕۆنی خۆراکی، برنج و چەندین خۆراکی دیکە چوونەسەرەوەی نرخی لەڕادەبەدەریان بووە و بەو شێوەیە رۆژ بە ڕۆژ توانای کڕینی خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.
بەپێی گەڵاڵەی دیاریکردنی حەقدەست لەلایەن ئەندامانی کرێکاریی شۆرای باڵای کاری ڕێژیم کە ٢٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن دیاری کرابوو، یەکێک لە ئەندامانی ئەو شۆرایە وتوویەتی: "ئەو بەشە خۆراکییەی لە سەوەتەی گەڵاڵەی کاڵابەرگی ئێلێکترۆنی دیاری کراوە ٩ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە و لەگەڵ حەقدەستی کرێکاردا یەک ناگرێتەوە".
پێشتریش محەممەدباقر قاڵیباف، بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەرمانان، ڕاشکاوانە باسی لە بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان کرد و ئەم دۆخەی بە نیشانەیەکی ئاشکرا لە ناکارامەیی سیاسەتەکانی دەوڵەت لە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک لە قەڵەم داوە.