( وتاری حیزبی دێموکرات لە پاڕلمانی ئورووپا لە کۆبوونەوەی داهاتووی کوردستان و ڕۆڵی ژنان کە لەلایەن د. کوێستان گادانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵاتەوە پێشکێش کرا)
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چەمکی «هاوژیانی» زیاتر لە هەر کاتێکی تر بۆتە بابەتی گفتوگۆی سیاسی لە ناوچەکەماندا. خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کە دەیان ساڵە لەژێر کاریگەریی شەڕ، دەسەڵاتە سەڕەڕ و نادێموکراتیکەکان، جیاکاری و ملمـلانێی ناسنامەییدا دەژی، ئێستا پێویستییەکی زۆری بە پێناسەکردنەوەی هاوژیانی هەیە. بەڵام هاوژیانی تەنها واتای نەبوونی ملمـلانێ و توندوتیژی نییە؛ بەڵکو واتای دروستکردنی سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە لەودا هەموو نەتەوەکان، زمانەکان، ئایینەکان و ناسنامە جیاوازەکان بتوانن بە شێوەیەکی یەکسان و بەڕێزەوە پێکەوە بژین.
لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، ئەمە یەکێکە لە گرنگترین پرسیارەکانی ئێستای ئێران و ناوچەش. کێشەکە ئەوە نییە چۆن جیاوازییەکان بسڕینەوە، بەڵکوو ئەوە کە چۆن دەتوانین دامەزراوە و سیستەمێکی دێموکراتیک بنیات بنێین کە جیاوازییەکان وەک سەرچاوەی دەوڵەمەندی و هێز بناسین، نەک وەک هەڕەشە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی زیاتر لە هەشتا ساڵ خەباتی خۆیدا هەمیشە بانگەشەی ئەوەی کردووە چارەسەری پرسی کورد لە ئێران تەنیا لە ڕێگای دێموکراسی، دانپێدانان بە مافە نەتەوەییەکان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵاتدا بەدی دێت. ئەزموونی مێژوویی حیزب، لەدامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە هەتا بەردەوامیی خەبات و تێکؤشانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ لە هەموو ڕەهەندەکانیدا و؛ ئەزموون و وتە و پاشخانی زانستی و خەباتگێڕیی شەهیدە گەورەکانی وەک دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و دکتۆر شەرەفکەندی، هەموویان پێ لەسەر ئەو باوەڕە دادەگرن کە دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکان لە یەکتر جیا ناکرێنەوە.
حیزبی دێموکرات ئێستاش باوەری وایە هیچ داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ ئێران بەبێ داننان بە فرەنەتەوەیی، فرەزمانی و فرەکەلتووریی لەم وڵاتەدا و دەستەبەربوونی مافی جۆراوجۆرییەکان لەو جوغرافیا سیاسییەدا بەدی نایەت. هاوژیانیی ڕاستەقینە لەو کاتەدا دروست دەبێت کە هیچ هاووڵاتییەک هەست بەوە نەکات بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەدا جێی بکرێتەوە، دەبێ ناسنامەی خۆی بشارێتەوە یان حاشا لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی بکات. بەڵام ئەگەر قەرارە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێکەوە چێ ببێتەوە، بێگومان دەبێت باس لە یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی گۆڕان بکەین؛ واتە ژنان.
لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ژنان لە ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان ئەگەر قوربانیی جیاکاری و ستەم بوون، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا وەک کاراکتەرێکی سەرەکیی گۆڕان دەرکەوتوون. ژنان لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، میدیا، خوێندنگەکان، زانکۆکان و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا ڕۆڵێکی کاریگەر و بنەڕەتییان گێڕاوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا توانیویانە ڕۆڵێکی دیار و کاریگەر لە کایە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی ژیانی گشتیی کۆمەڵگەدا بگێڕن. ژنانی کورد لەنیو ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا، لەنێو دامەزراوەکانی ژنانی خۆبەخشدا، لە چالاکییەکانی ژینگەپارێزیدا، لە هەوڵەکانی پەروەردە و فێرکاریدا، لە میدیا و پاراستنی مافی مرۆڤدا، بوونەتە هێزێکی سەرەکی بۆ گۆڕان. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە زۆربەی ئەم چالاکییە پڕ بەرهەمانەش لەژێر گوشاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کراون و بەرەوپێش براون. لەگەڵ ئەوەشدا ژنان سەرەڕای هەموو زەبروزەنگە حکوومەتی و هاوکات بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان هەرگیز لە داواکانیان بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری پاشگەز نەبوونەتەوە. هەر ئەم خەبات و خۆڕاگری و ئەزموونە بەرهەمدارانەش بۆتە هۆی دروستبوونی نەوەیەک لە ژنانی رێبەر و چالاک کە ئێستا لە زۆر بواردا دەنگی کۆمەڵگەی خۆیانن.
لە کوردستاندا، ژنان بە شێوەیەکی تایبەت توانیویانە لە نێوان خەبات بۆ یەکسانیی ڕەگەزی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافە نەتەوەییەکان و دێموکراسی و خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەییدا پەیوەندی دروست بکەن. زۆرێک لە چالاکییە مەدەنییەکان، بزووتنەوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ، هەوڵەکانی پەروەردەیی و هەڵسووڕانی کولتووریدا بە بەشداریی ڕاستەوخۆی ژنان بەرەوپێش هەنگاویان ناوە.
لە هەمان کاتدا، ژنانی کورد لە دیاسپۆراش بوونەتە بەشێکی گرنگ لەم پڕۆسەیە. لە ئورووپا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان، ژنانی کورد لە بوارەکانی توێژینەوە، زانست، ڕاگەیاندن، مافی مرۆڤ، سیاسەت و چالاکیی مەدەنیدا، دەنگی مافخوازی و ئامانجەکانی کوردستان بوون. گرنگتر لە هەموو ئەوانەش، توانیویانە تۆڕێکی بەهێزی هاوکاری و هاوپشتی لەنێوان ژناندا دروست بکەن. ئەم هاوپشتییە لەسەر بنەمای یەکسانیخوازی، دادپەروەری و بەرگری لە مافی ژنان دروست بووە و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە گواستنەوەی ئەزموون، پشتگیریی یەکتر و دروستکردنی گوتارێکی هاوبەش سەبارەت بە ئازادی و یەکسانی. ئەم ئەزموونە نیشانی داوە کە ژنانی کورد، سەرەڕای دووریی جوگرافی و جیاوازیی بارودۆخ و ژینگە، هەستی هاوبەشییان بەرامبەر چارەنووسی یەکتر هەیە و دەتوانن یەکێک لە بەهێزترین تۆڕەکانی هاوپشتی و هاوکاریی کۆمەڵایەتی دروست بکەن.
ئەم ئەزموونە نیشانی داوە ژنان توانایەکی تایبەتیان هەیە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا. لە زۆر کاتدا، ژنان تواناییان هەیە زمانێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ، سازان و تێگەیشتنی نێوان گرووپە جیاوازەکان دروست بکەن. لەبەر ئەوە، بەشداریی ژنان تەنها بابەتێکی پەیوەست بە مافی ژنان نییە؛ بەڵکو مەرجێکی سەرەکیی بنیاتنانی هاوژیانی و دیموکراسییە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە ئەم باوەڕە لەنێو ڕیزەکانی خۆیدا بکاتە ڕاستییەکی سیاسی. بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداریی ژنان لە ئورگانەکانی حیزب، لە بڕیارسازی و لە ژیانی سیاسیی ڕێکخراوەییدا، بەشێک بووە لە تێگەیشتنێکی قووڵتر لەو چەمکە کە دێموکراسی و یەکسانیی ڕەگەزی لە یەکتر جیا نابنەوە. ئەم تێگەیشتنە لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا بە باشترین شێوە خۆی دەردەخات. ئەم دروشمە کە ڕیشەی لە ئەزموونی خەباتی ژنانی کوردستاندایە، ئێستا بووەتە زمانی هاوبەشی میلیونان کەس لە ئێران و جیهان. هێزی ئەم دروشمە لەوەدایە کە ئازادیی ژن بە ئازادیی کۆمەڵگەوە گرێ دەدات و ئەم پەیامە دەدات کە هیچ کۆمەڵگەیەک ئازاد نابێت بێتوو نیوەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە لە ماف و بەشداریی یەکسان بێبەش بکرێن.
لە ڕاستیدا، ژن، ژیان، ئازادی تەنها دروشمی ناڕەزایەتی نییە؛ بەڵکو ڕوانگەیەکی بەرفراوان و پڕ ڕەهەندە بۆ داهاتوو. داهاتوویەک کە تێیدا ژنان نەک هەر بەشدار و هاوبەش، بەڵکوو ڕێبەرانی گۆڕان دەبن. داهاتوویەک کە تێیدا هاوژیانی لەسەر بنەمای دادپەروەری، یەکسانی و دانپێدانان بە جیاوازییەکان دروست بکرێت.
ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا باوەڕمان وایە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داهاتووی دێموکراسی لە ئێران و داهاتووی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەمان، تا ڕادەیەکی زۆر بەوەوە گرێ دراوە کە ژنان تا چەند بتوانن بە شێوەیەکی یەکسان و کاریگەر لە پڕۆسەی بڕیارسازی و بنیاتنانی داهاتوودا بەشدار بن. هەروەها باوەڕمان وایە کە ئێرانی داهاتوو پێویستی بە گرێبەستێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە؛ گرێبەستێک کە لەسەر بنەمای دێموکراسی، مافی مرۆڤ، پلۆرالیزمی نەتەوەیی و ئایینی، سیستەمی دەسەڵات و بەشداریی یەکسانی ژنان و پیاوان بنیات بنرێت. بەبێ ئەم بنەمایانە، نە چارەسەرییەکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد دەتوانرێت بدۆزرێتەوە و نە هاوژیانییەکی پایەدار لەنێوان پێکهاتەکانی ئێراندا دروست دەبێت.
ئەگەر یەک وانە لە مێژووی نوێی کوردستان فێر ببین، ئەوەیە کە هیچ پڕۆژەیەکی دیموکراتیک بەبێ ژنان سەر ناکەوێت و هیچ هاوژیانییەکی پایەدار بەبێ یەکسانی و دادپەروەری دروست نابێت. بۆیە پەیامی ژن، ژیان، ئازادی هێشتا ئەوەندە کاریگەرە؛ چونکە تەنها بانگەوازێک بۆ خۆڕاگری نییە، بەڵکوو نەخشەڕێگایەکە بۆ داهاتوویەکی باشتر؛ داهاتوویەک کە تێیدا ئازادی، دێموکراسی، یەکسانی و هاوژیانی بنەمای ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بن.