هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە دەم چۆمی ناوچەی "ئالان"ی سەردەشت جێگیرن، پوش و پاوانی ئەو ناوچەیەیان ئاگر تێبەردا.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنخشەممە ٢١ی جۆزەردان ئەم ئاگرکەوتنەوەیە رووی داوە کە بە خێرایی پەرەی سەندووە و سنووری گوندی "گاکێ" تا گوندەکانی "تیەت" و "بەردان"ی گرتووەتەوە. بەهۆی ئەم کارەوە، بەشێکی زۆر لە لێڕەوارە سروشتییەکان و ڕەز و باخی دانیشتووانی ناوچەکە سووتاون و زیانێکی زۆر بە گوندنشینان گەیشتووە.
دوای ڕووداوەکە و بەهۆی نەبوونی چاوەدێری و ناڕەسایی ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوەی حکوومەتی، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر بە ژن و پیاوەوە بە شێوەیەکی خۆرسک و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کارەساتی گەورەتر، بە کۆمەڵ بە هانای ڕووداوەکەوە چوون بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە.