کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشەکانی ئەمریکا چەندین ناوچەی نزیک لە تاران و شارەکانی دیکە بۆردومان کراون

10:42 - 21 جۆزەردان 2726

تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی لەبارەی شوێنەکانی هێرشەکەی بەرەبەیانیی پێنجشەممە بۆ سەر ئێران بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە چەندین ناوچە و شاری دیکەی ئەو وڵاتە بیستراوە.

دەنگی تەقینەوەکان لە شارەکانی سیریک، میناب، بەندەرعەباس، قێشم، دوورگەی خارک و شیراز بیستراوە. هاوکات لە چەندین شاری نزیک لە تاران لەوانە: ئابیێک، قەرچەک، نەزەرئاباد و کەرەج دەنگی تەقینەوەی بەهێز تۆمار کراوە.

سەرەتا باس لە تەقینەوە لە نزیک ئەشتەهارد کرا، بەڵام میدیا فەرمییەکانی ئێران دواتر ڕایانگەیاند کە دەنگەکان پەیوەندییان بە دەرەوەی پارێزگاکەوە هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران دانی بەوەدا نا کە لەم هێرشانەدا "کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنان، حەوشەی سەربازگەیەک لە دەوروبەری کەرەج و نەزەرئاباد، لەگەڵ بنکەیەکی نێوخۆیی پاسداران لە شاری پێشوا کراونەتە ئامانج.

هاوکات سێنتکام لە بەیاننامەی کۆتاییهاتنی هێرشەکانیدا ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی چەندین هێرشیان دژی سیستمی ڕاداری، تۆڕەکانی پەیوەندی و پێگەکانی بەرگریی ئاسمانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە چەندین ناوچەی ئەو وڵاتەدا ئەنجام داوە.