کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەتا لووتکە چەندی ماوە؟

00:18 - 25 خەرمانان 2725

خوێندنەوەیەکی بوونناسانە و ڕەوانبێژییانە لە شێعری بەرگری و ڕزگاریی جەلال مەلەکشادا

هێمن مەردانی

پوختە: شێعرەکانی جەلال مەلەکشا، ئاوێنەی باڵانوێنی ئەزموونیی تاڵ و هاوکات  بە تام وچێژی بەرگریی لە هەناوی مێژوویەکی دارماڵ لە قەیران و دوورخستنەوە و ستەمی نەتەوایەتیی و چینایەتییە. پارچە شێعری بەهێز و بەپێزی هەتا لووتکە چەندی ماوە؟ نەک تەنیا دەرخەر و دەنگدانەوەی ڕەنج و مەینەتی تاکە کەسیی بگرە زمانحاڵێکی مێژوویی و فەلسەفی لە بارودۆخی بوونە، جێگەیێک کە دڵەڕاوکێ، نەبوونی مانا و قەیرانی شوناس تێکەڵ بە یەکترین دەبن و دەبنە هۆی خوڵقانی پارچە شێعرێکی پڕاوپڕ لە ئاڵۆزکاوییەکانی بوونناسانە و سیمبولیک. لەو کورتە وتارە دا هەوڵدراوە بە کەڵک وەرگرتن لە بیروبۆچوونەکانی سارتر و کامۆ و هی تر و چوارچێوە فەلەسەفییەکانی مۆدێرن، خوێندنەوەیێک بۆ ئەم شێعرە بکەین و دەور و کاریگەریی ئەم لە ناو ئەدەبیی بەرگری و ڕزگاریدا زەق و بەرچاو بکەینەوە.

وشەیەل سەرەکی: ئەدەبی بەرگری و ڕزگاری، هێماگەلی بوونناسیی، لووتکە، تاراوگە،

پێشبار:

جەلال مەلەکشا و مامۆستا هەڵۆ (قاسم مۆئەیەدزادە)، عەزیز ئاڵی، ڕەحیم لوقمانی و حەمەساڵە سووزەنی و..... وەکوو شاعیرانی بەرەی یەکەمی شێعری نوێی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەژمار دێن. شاعیرانی بەرەی یێکەمی شێعری نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  لە فۆرمی نیمایی تێپەرین و دواجار وازیان لێ هێنا و گەڕانەوە سەر کێشی خۆماڵی کوردی. پێ بە پێی ئەم ئاڵووگۆڕییانە، ڕەوتەکانی شێعری کوردی وفارسیش کاریگەرییان دانا لەسەر ئەو کۆمەڵە شاعیرە. لە وەها بارودۆخێکدا بوو کە توانیان شوناسێکی ئەدەبی مۆدێرن چێ بکەن لە پانتایی شێعری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. بەناوبانگترین و شوێن دانەرترینی ئەو شاعیرانە بریتی بوون لە مامۆستا هەڵۆ و جەلالی مەلەکشا.

بۆ تێگەیشتنێکی قووڵ لەو پارچە شێعرە، پێویستە سەرەتا  لە بەستێنی مێژووی کوردستان و ئەزموونە سیاسییەکانی ئەودا ورد ببینەوە. تاراوگە(جا چ ئەم تارواگەیە لە دەرەوەی وڵات بێت یان لە چوارچێوەی وڵاتێک بە ناوی ئێراندا کە پارچەیێکی لە کوردستان داگیرکردووە) ، سەرکووت و زەبر و زەنگ نواندن و قەیرانی شوناسی نەتەوەیی پاژێکی گرینگی ئەو شێعرەن. مەلەکشا زمانحاڵی ئەو وەچانەیە کە بەردەوام لە ژێڕ سەرکووت دابوونە و شێعرەکانی دەنگدانەوەی خۆڕاگری سیاسی و ڕەنج و مەینەتی بە کۆمەڵن.  هەروەک چۆن بارت دەڵێت، دەقی ئەدەبی بەرهەمێکی مێژوویی و فەرهەنگییە کە مانا لە ڕێی هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی و هەڵس و کەوت تەک بەردەنگدا چێ دەبێت، هەر ئەمجۆرەش  مەلەکشا، دەقی کردووتە گۆڕەپانیک بۆ ژاینادنەوەی مانا و شوناس.

شێعری مەلەکشا بە دەکارکردنی زمانی کوردی و  شێوازی مۆدێرنی شێعری نوێ خۆڕاگری دەکات لەبەرامبەر زمانی فەرمی و داگیرکەرانەدا. ئەو زمانە یاخییە، ئامێرێکە بۆ نوێکردنەوەی شوناس و ناڕەزایەتیی دەربرینی سیاسی. بە ڕای فێرکلاف، زمان دەرخەری دوو ڕەهەندی دەنگدانەوەی دەستەڵات و هەمیش بەرهەم هێنانی دەستەڵاتە.

مەلەکشا، پێی وایە زمان تەنیا کەرەسەی گەیاندن و پێوەندی نیە، بەڵکوو هاوکات کەرەسەیەکیشە  بۆ خەباتی فەرهەنگی و سیاسی کە دەبێتە مایەی بە هێز کردنی خۆڕاگریی.

شێوازناسی بە ئاراستەی ڕەخنەی ئەدەبی و فەلسەفی

ئەم توێژینەوەیە لە هەندێ شێوازی توێژینەوەی چلۆنایەتیی بە ڕووکردی ڕەخنەی ئەدەبیی هاوچەرخ کەڵکی وەرگرتوە. دەیتاکانی لێکۆلینەوەکە بریتین لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی فەلسەفی و ئەدەبیی بژاردە کە لە ڕێی قووڵبوونەوە لە  شیکاریی ناوئاخنی و لێکدانەوەی دەقەکان لە ڕوانگەی فەلسەفی و ڕەخنەی ئەدەبیی هاوچەرخن. لەو پرۆسەیەدا، چەمکە سەرەکییەکان و بابەت گەلی شاراوە  لە هەناوی  بەرهەمەکاندا بە یارمەتیی وەرگرتن لە ڕا و بۆچوونی ڕەخنەی فەلسەفی و ئەدەبیی هەڵجێندراون و شی کراونەتەوە و ئەوەش بە مەبەستی خستنە ڕووی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دەقەکان بووە تاکوو باشتر بکرێ ڕێ و شوێنیان لە بەستێنی ئەدەبیی و فەلسەفی هاوچەرخدا دیاری بکرێتەوە. بە هۆی ئەم شێوازناسییەوە دەکارین شیکارییەکی چەن لایەنە و فرە ڕەهەند ساز بدەین و دواجار پردیک لە نێوان ئەدەبیات و فەلسەفە هەڵبەستین و بچنین.

ناوئاخن: چوارچێوەی تیۆرێکی:

بۆ شیکاریی زیاتر چوارچێوەی ئەم شێعرە لە ناوئاخنی شەش سەردێری سەرەکیی  دەخەینە بەر باس و لیکۆلینەوە:

١. قەیرانی بوون و دوورخراوەیی: ڕووبەڕووبوونەوە تەک پووچی و وشیاریی

پرسیارگەلی سەرەکیی بوونناسانە لەو شێعرە دا بەم جۆرە خۆ دەنوێنن: " بۆ کوێ دەڕۆم، نازانم لە کوێوە هاتووم؟

 ئەم چەشنە هەست و دەربڕینە، دەرخەری دۆخی مرۆڤە (بۆ خۆیەتیی) کە سارتر لە کتێبی بوون و نەبووندا ئاماژەی پێ کردووە، دۆخێک کە لەودا ئینسان پێی وایە کە هەڵگری "بوونیی لە پێشدا پلان بۆ داڕێژڕاو" نییە و دەبێ بوونیی خۆی لە ڕێی هەڵبژاردن و کردەوە بناسێنێت.

لەو شێعرەدا ئەم بارودۆخە لە شێوەی دوورخراوەیی و بێ ماڵ و حاڵ بوونی مەعنەوی یان ڕۆحی وێنا کراوە. دوورخراوەیی و زیندان نەک بەس لە لایەنی جوغرافی، بگرە لایەنی ڕەوانناسانە و بوونناسانەش دەگرێتە خۆ. بڕوانن لێرە شاعیر چۆن ئەمە دەردەبڕێ:

 "بۆیە ئێستا لە تاراوگەی هەڵەمووتم، ڕزگارم کەن".

ئەم قەیرانی بوونگەراییە، هاوڕێکە تەک چەمکی "ئەبزۆرد"ی فەلسەفەی کامۆ، شوێنێک کە لەودا مرۆڤ لە جیهانێکی بێ مانادا دەژیت بەڵام هاوکات گەرەکیەتی بگەرێت بە شوێن مانا و خوڵقاندنی مانا لە بوونیی خۆیدا.

ئەوە نیە بڵیین شێعری مەلەکشا تەنیا باسی نائومێدی دەکات، نەخێر، بەڵکوو لە هەمان کاتدا باس لە خەبات و شۆڕشی بەردەوام بۆ دۆزینەوەی مانا و شوناس دەکات لە دەق و هەناوی شێعرەکانیدا.

٢. هێماگەلی بوونناسانە: سیزیف، پرۆمتە و مەسیح

یەکێ لە خەسڵەتە بەرچاوەکانی ئەم پارچە شێعرە، دەکارکردنی هێما ئۆستوورەیی و ئایینی یەکانە کە هەرکامەیان بە جۆرێ لەخۆداگری چەمکە قووڵەکانی فەلسەفەن. لێرەدا کەڵک لە سێ هێما وەرگیراوە کە ئاوێنەی باڵانوێنی بەرگری و خۆراگری بوونناسانەن. سیزیف وەک هێمای هەوڵدان و چنگە کڕەی بێ ئاکام بەڵام هاوکات بە کەڵک. پرۆمتە هێمای ڕاسان دژ بە ستەم و ڕفاندنی ڕۆشنایی ئاگر بە بیانووی ڕەنج و دوورخراوەیی. مەسیح وەک نموونە ی لە خۆبوردویی و رەنج و مەینەتیی پیرۆز لە هەمبەر کۆمەڵگەیێکی بێ‌بەزەیی و بێ‌ویژداندا. لێرەدا شاعیر خۆی وەک سیزیف دەبینێت کە دەڵێت:

"ئاخر مەگە نازانن من

ساڵگارێکە گاشەبەردەکەی سیزیف م لە کۆڵ ناوە؟"

ئەم وێنەیە، خوازەیەکە لە هەول و دەوڵی بێکۆتایی و بارگرانیی و خۆڕاگری کردنە لە هەمبەر پووچی و بێ ماناییدا. کامۆ لە کتێبی ئەفسانەی سیزیف ئەم وێنەیە بە واتای هێما و سیمبولی ژیانی ئەبسۆرد وبێمانا دەناسینێت و پێێ وایە کە سیزیف بە ئاگاداربوون لەو پووچی و ناوبۆشی و بێ ماناییە ، خۆی بە بەختەوەر دەزانێت.

هاوکات شاعیر خۆی بە پرۆمتە دەچوێنێ:

"ئاوڕم دزی بۆ مرۆڤ و

لە مەشخەڵدانی ڕۆحی خۆم

تیشک و ڕووناکیم دابەش کرد

گوناهم کرد!"

پرۆمته  لە دیمای هێمایێکی شۆڕش و ڕووناکبیرییانەدا، گوزارە لە مرۆڤێک دەکات کە سەرەڕای ئاگاداربوون لە دەرەنجامەکان، کارێک دەکات تاوەکوو تیشک و ڕۆشنایی بگەیێنێتە مرۆڤەکان. دواجار، شاعیر خۆی دەچوێنێت بە  مەسیحی لە خاچدراو:

"بە ئەندازەی هەزار عیسای ناسری لە خاچ دراوم"،

کە دەرخەری خۆبەخش کردنی وجوودی (بوونگەرایانە) و ئازار و مەینەتیی بێ دوایییە، ڕێک وەک ئەوە وایە کە کۆمەڵگایێکی بێ ویژدان و سەرکووتگەر بە سەری دەهێنێت.

٣. وریایی چینایەتیی و ویژدانی بە کۆمەڵ

جیا لە سەرنجدان بە ئەزموونیی تاکە کەسیی، شێعری مەلەکشا لە چوارچێوەی وریایی چینایەتیشدا شایانی لێ وردبوونەوەیە. جۆرج لۆکاچ وابیردەکاتەوە کە ئاگایی و وریایی تاکە کەسیی لە بەستێنی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی خۆیدا شەقڵ دەگڕێت و لە هەل و مەرجی قەیراناویدا دەبێتە وریایی و بەئاگایی چینایەتیی.

هاوارەکانی شاعیر دەنگدانەوەی ڕەنج و مەینەتی لەمێژینەی نەتەوەیێکە کە لە ژێر گوشار و ستەمی لە ڕادەبەدەرە.

"ئاسۆ تا ئاسۆ تاریکە

تەنیا ڕێگەی بەر هەنگاوم

لە خۆمەوە دەست پێ دەکا و..."

دەرخەری وشیاریی قووڵە سەبارەت بە چارەنووسی بە کۆمەڵ و پێویستی حاشاهەڵنەگری خۆڕاگری و بەربەرەکانی. لێرە دا تێکهەڵکێشێک لە جەبری مێژوویی و دەستەڵاتی تاکەکەسیی لەبەرامبەر چارەنووسدا بەدی دەکرێت.

 ٤. ناڕەزایەتی دژ بە دەستەڵات و براگەورەیی

دەستەواژەی دووپاتەی "ئەی خوا گەورە و بچووکەکانی سەردەمی ویژدان تۆپیو".

وەک ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بە دەستەڵاتە سەرکووتگەرەکانە. ئەم "خواوەندانە" هێمای حاکمەکان، سەرمایەداران و کەسایەتییە بژاردەکانی فەرهەنگی سەر بە دەستەڵاتن کە بە مردن و تۆپینی ویژدان و زەمیر و ئەخلاقیان، ئازادی و شوناسی خەڵکیان پێشێل کردوە. زمانی شێعرەکە بە زەبر و زەنگی بە ئاگایانە و وشیارانە لە دژی داگیرکەران وەخۆ دەکەوێت. هەر ئەو جۆرەی سارتر دەڵێت، مرۆڤ لە ڕێی کردە وخۆڕاگری مانا بەخۆوە دەگرێت و لەو خەبات و شۆڕشەدا ئازادی خۆی وەدەست دێنێتەوە.

 ٥. خوازەی "لووتکە": هێمای هیوا و هومێدی مرۆڤی شۆڕشگێڕ و پرسیاری دووپاتەبووە

پرسیاری جەوهەری و فەلسەفی کە چەند جاران لە ناو دەقی شێعرەکدا دووپاتە کراوەتەوە: "هەتا لووتکە چەندی ماوە؟"

یەکێ لە گرینگترین و سەرەکیترین تەوەرەکانی ئەم پارچە شێعرەیە. دەکرێ بڵێین ئەو شێعرە تەنیا دەلالەت لە سەرلێشێواوی ناکات بگرە ئاشێرەیەکە لە بوونی هیوا و هومێد لە هەمبەر بۆشاییگەرێتی و پووچێتیدا. هیوا و هومێدێک کە بە پێچەوانەی  وەهم، ڕەگ و ڕیشەی لە وریایی و تێگەیشتنی قووڵ داکوتاوە بۆ بارودۆخەکە. ئەو بارودۆخە ڕێک لە بارودۆخی هاوشێوەی چەمکی "شۆڕش کردن/یاخیبوون"دایە لە فەلسەفەی کامۆ کە ملکەچ ناکات بۆ ئەبسۆرد و بێمانایی و بەرەنگاری ئەو دۆخە دەبێتەوە.

ڕەگەزی هیوا و هومێد لەو پرسیارە دووپاتەشدا، وزە و ورەی بەرەوپێشچوون و چرای ڕێی ڕزگارییە. پرسیاری "هەتا لووتکە چەندی ماوە" وەکوو سەربەند لەنێو شێعرەکەدا بەردەوام دووپات دەبێتەوە. ئەم پرسیارە هێمایەکی سیزیفیانەیە کە هەڵقووڵاوی وشیاریی و خۆراگرییە نەک وەهم یان ساوێلکە بینی. لە ڕاستیدا ئەو پرسیارە جەوهەرییە کە رۆح وەبەر شێعرەکە دەنێت و گیانی بەبەردا دەکات و بەردەنگەکانی دەباتە ناو ڕامانەوە. لووتکە ئاماژەیە بۆ ئامانج، ئازادی و ڕزگاری کە سەرەڕای هەموو کەند و کۆسپ و لەمپەرەکان هەروا لەبەر چاوان دیار و  ڕوونە.

 ٦. زمان و داڕشتی شێعریی:  تەقینەوەی مانا و ڕەخنە لە نیشانەو هێماکان

شێعری مەلەکشا دەربازی فۆرم و چوارچێوەی تەقلیدی و سوننەتی دەبێت و بە زمانێکی دارماڵ لە وێنەگەلی بەهێز، دووپاتەکان و دەستەواژەی سیمبولیک، بە جۆرێ لە جۆرەکان مانا دەخوڵقێنێت. دەکارکردنی واژەی "دال" کە بەرەدوام لەو شێعرەدا لە هاتووچۆدایە، دەرخەری قەیرانێکی قووڵە لە سیستێمی نیشانە و ماناکاندا:

"هەر داڵ دێن و جەرگم دەخۆن

ئەم ئاسمانە هەر داڵ ئەزێ!"

ئەم چەشنە دەکارهێنانانە زۆر نیزیکن لە شرۆڤە و شیکاری داڕشتخوازی و دوا/داڕشتخوازیی و هێمایە بۆ دابڕانی مانا و شێواوی نیشانەکان. لەم جیهانە بێ مانا و مایە پووچە دا شاعیر هەر بەم زمانە سەرکووتکراوه، هاواری خۆڕاگری و ڕزگاریی خۆی بەرز دەکاتەوە.

پاشبار: شێعر وەک بەرخۆدانێک بۆ بوون

ئەو شێعرە، شێعرێکی فرە ڕەهەندە کە بە کەڵک‌وەرگرتن لە فەلسەفەی بوونناسانە، ئۆستوورەناسی، ڕەوانبێژی و وشیاری چینایەتی، دەنگی خۆڕاگری بە کۆمەڵ و تاکەکەسیی ئاوێتەی یەکتر کردووە. شێعری مەلەکشا، نەک پرسی وجوودیی مرۆڤی هاوچەرخ لە هەل و مەرجی تاراوگە و بێ مانایی دایە بەڵکوو بەڵگەیێکیشە لە مێژو و فەرهەنگی خۆڕاگری کوردستان. لە جێدا هەڵگری ئەو پەیامەیە کە لە سەختترین و دژوارترین ساتەوەختەکانیشدا، هیوا و هومێد و شۆڕش بەردەوام لەگەڕدایە و زیندوون و دەبێ پرسیار بکرێ، خۆڕاگرێ بکرێ و ژیان بکرێ.

پارچە شێعری "هەتا لووتکە چەندی ماوە"؟ نواندنێکی دراماتیکە لە هەلومەرجی وجوود(بوون)، دوورخراوەیی، زیندان و خۆڕاگریی دژ بە بێ مانایی و دەستەڵاتی زاڵ. لە هەمان کاتدا ئەم بەرهەمە بە پێزە، ئەدەبی خۆڕاگری بوونناسانەیە کە لە هەناوی ناهومێدیدا، هیوا و وشیاریی دەخوڵقێنێت. ئەو شێعرە نەک بە تەنیا ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی تاکەکەسی بگرە دەنگی بە کۆمەڵی شۆڕش و خەباتە بۆ شوناس و ئازادی. پرسیاری سەرەکی و جەوهەری  "هەتا لووتکە چەندی ماوە؟" لە ڕاستیدا پرسیاری کۆتاییش نیە. لە جێدا چرا و مەشخەڵێکە لە ناوەڕاستی تاریکاییدا کە ڕێگەی ڕزگاری ڕووناک و پڕ شۆق دەکاتەوە.

هەروەک چۆن کامۆ دەڵێت: "ئێمە دەبێ وای دابنێێن کە سیزیف کەسێکی بەختەوەرە".

بۆچی، چوونکوو وشیاریی و خۆڕاگری لە هەمبەر بێ مانایی و بۆشایی گەرێتیدا، خۆی باشترین جۆری ژیانە.

***

References

Barthes, R., 1977. Image-Music-Text. London: Fontana.

Camus, A., 1951. The rebel: An essay on man in revolt. New York: Knopf.

Camus, A., 1955. The myth of Sisyphus and other essays. Translated by J. O’Brien. New York: Vintage International.

Fairclough, N., 1995. Critical discourse analysis: The critical study of language. London: Longman.

Kurdish Culture and Literature Publishing Center, 2000. An anthology of Kurdish poets. Volume 1. Urmia: Salah al-Din Ayubi Publications, First edition.

Lukács, G., 1971. History and class consciousness: Studies in Marxist dialectics. Translated by R. Livingstone. Cambridge, MA: MIT Press.

Malaksha, J., 2020. A collection of Kurdish and Persian poems. Sanandaj: Partuk Publishing House.

Sartre, J.P., 1956. Being and nothingness: An essay in phenomenological ontology. Translated by H.E. Barnes. New York: Philosophical Library.