کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی دیکتاتۆرێکی تا سەر ئێسقان دژ بە کورد

16:03 - 10 رەشەمه 2725

تاهیر قاسمی

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، خەڵکی کوردستان ڕۆژەکەیان بە بیستنی موژدەی خۆشی هەواڵی مەرگی جەللادی ڕۆڵەکانی خۆیان لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەست پێ کرد؛ هەواڵێک کە شەوی ڕابردوو لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەنرابوو. بەوەش ٤٧ ساڵ دوژمنایەتی و دژایەتیی ئەو دیکتاتۆرە لەگەڵ کوردستان و مافەکانی خەڵکی کورد کۆتایی هات. کۆتاییەک کە ئەگەرچی کۆتایی سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان لەلایەن پاشماوەکانی خامنەیی و پاوانخوازەکانی دیکەی ناوەندگەرای ئێران نییە، بەڵام پسانی ئەستوورترین ئەڵقەی ئەو سەرکوت و دوژمنایەتییەیە.

عەلی خامنەیی هەر لە سەرەتای دزرانی شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن ئاخوندەکان بە ڕێبەریی خومەینی و بەرهەڵستیی کوردستان لەگەڵ ئەو لە گرێژنەبردنی ئامانجەکانی شۆڕشدا، ڕۆڵی سەرەکیی خۆی بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان دەست پێ کرد.

ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، لە کاتێکدا ئەندامی شوورای ئینقلاب و جێگری وەزیری بەرگری بوو، لە بەرگی پاسدارێکی جەللاددا هاتە کوردستان و ڕاستەوخۆ ڕۆڵی لە کوشتنی خەڵک و قەڵاچۆی کوردستاندا گێڕا. دواتر لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەسەڵاتەکانی لەنێو ڕێژیمدا، دوژمنایەتییەکانی خۆی زیاتر پەرە پێ دا. بەهاری ساڵی ١٣٦٨ و لە پۆستی سەرکۆماریدا، جارێکی دیکە سەردانی کوردستانی کرد کە سەرەڕای هاتوهەوار و پڕوپاگەندەی زۆری دەزگای تەبلیغاتیی ڕێژیم، لەگەڵ پێشوازیی ساردی خەڵک بەرەوڕوو بوو. ئەگەرچی بەوە دڵخۆش بووە کە گۆڕەپانی قسەکردنەکەی بە منداڵانی قوتابخانە و بە تۆبزی بۆ کرابووەوە، بەڵام لە بیرەوەرییەکانیدا دان بەو ساردوسڕییەی خەڵکدا دەنێت، بەتایبەت لە شاری مەهاباد لەسەر بانگەوازی حیزبی دێموکرات.

ئەو لەو سەردەمە بەدواوە، یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی تایبەت و ڕەنگە کەسی یەکەمی ئەو کۆمیتەیە بوو بۆ دەرکردنی بڕیاری تیرۆری جیابیران و لەوانە تیرۆری ڕێبەرانی کورد. بە فەرمانی ئەو کۆمیتەیە، هەر لەو ساڵەدا دکتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو و کاک عەبدوڵڵای قادری‌ئازەر لە شاری ڤییەن و لەسەر مێزی وتووێژ تیرۆر کران. سێ ساڵ دواتر، دکتۆر سادقی شەرەفکەندی، سکرتێری حیزب و جێگرەوەی دکتۆر قاسملوو، لەگەڵ چوار کەس لە هەڤاڵەکانی لە ڕێستورانتی میکۆنۆسی شاری بێرلینی ئاڵمان تیرۆر کران. ساڵی ١٣٧٦ لەلایەن دادگای میکۆنۆسەوە ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە بە فەرمانی کۆمیتەی تایبەت پشتڕاست کرایەوە.

ئەمانەش برینی سەر جەستەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هۆی ڕق و کینەی زۆری خەڵک لە خامنەیی و ڕێژیمەکەی بوو کە لە سایەی هەڵسوکەوت و سەرکوتی بەردەوامی ئەودا ساڵ‌دوای‌ساڵ زیاتر پەرەی دەسەند. ڕق و کینەیەک کە لەسەر شەقامەکان بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی، لە ساڵوەگەڕی تیرۆری ڕێبەراندا بە مانگرتن و داخستنی دوکان و بازاڕ، و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بە بایکۆتکردن یان دەنگدان بە کەسێک کە پێیان وابوو دژ بە عەلی خامنەیی و ڕێژیمەکەیەتی، بە ڕوونی ڕەنگی دەدایەوە.

خامنەیی لە بەهاری ١٣٨٨دا، بە خەیاڵی خۆی بۆ ساڕێژکردنەوەی ئەو برینانە و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک، لە کاتێکدا ململانێی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆمار پەرەی دەسەند، ئەمجار لە بەرگی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا سەردانی کوردستانی کردەوە. سەردانێک کە بە ڕواڵەت سەری کیسەی بۆ خەڵک کردبووەوە و دەزگای بانگەشەی ڕێژیم دیسان بۆی لە کەڕەنا دەدایەوە، بەڵام ئاکامەکەی نیشانی دا کە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەستی خەڵک و هیچ دەستکەوتێکی بۆ ڕێژیم و بۆ عەلی خامنەیی نەبوو. کوردستان هەروا لەسەر پێ و دژ بە ڕێژیم مایەوە. ئەحمەدی‌نەژاد کە کاندیدی خامنەیی بوو، لە کوردستان هیچ دەنگێکی ئەوتۆی پێ نەدرا و ساڵێک دواتر بۆ ناڕەزایەتی لە بەرامبەر لەسێدارەدانی فەرزادی کەمانگەر و هەڤاڵەکانی، کوردستان جارێکی دیکە مانگرتنێکی یەکپارچەی بەڕێوە برد.

لە شۆڕشی ژینادا، کوردستان وەک کانگای سەرەکیی شۆڕشەکە و دروشمی «مەرگ بۆ خامنەیی» لە سەرانسەری ئێراندا بووە دروشمێکی سەرەکیی سەرهەڵدانەکە و کۆشکی بەیتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی لەرزاند. خامنەیی بە ناوبردنی شۆڕشگێڕان وەک «شەڕخواز» و پێناسەکردنی خواستەکانی خەڵک بە «ئاژاوە»، فەرمانی «کۆکردنەوەی ئامرازەکانی شەڕخوازی» و فتوای سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی دەرکرد. ئەنجامی ئەوەش لەشکرکێشیی سپای پاسداران بۆ سەر کوردستان، تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپێشاندەران و شەهیدکرانی سەدان کەسی تر لە ڕۆڵەکانی کوردستان و ئازادیخوازانی سەرانسەری ئێران بوو.

عەلی خامنەیی کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، هەمیشە یەکێک لە سەرەکیترین داڕێژەرانی سیاسەتی سەرکوتی خەڵکی کوردستان بوو، بەردەوام وەک پرسێکی ئەمنییەتی لە کوردستانی دەڕوانی و خواستەکانی خەڵکی کوردستانی تەنیا لە زمانی جاشەکانەوە دەبیست. هەر خواستێکی خەڵکی کوردستانی بە خواستی «ئیستیکبار» و «شەیتانی گەورە» دەقەبڵاند و هەوڵی دەدا خواستە نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد بە بانگەشەی بێ‌بنەمای یەکێتیی شیعە و سوننە لە کۆماری ئیسلامیدا بشارێتەوە. ئەگەر لە شوێنێکدا ستایشی کوردێکی کردبێت، ئەوە بێگومان لەپێناو خزمەتی ئەو کەسە بە فەرهەنگی فارسی بووە و ئەگەر کوردێکی خەڵات کردبێت، ئەوە بەهۆی هەڵگەڕانەوەی ئەو کەسە لە گەلی خۆی و جاشایەتی بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بووە.

عەلی خامنەیی نەک هەر دژ بە کورد لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەڵکوو لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش، دوژمنی ڕقئەستووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. ساڵی ٢٠١٧ و لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ئەو لە هیچ دژایەتی و دوژمنایەتییەک بۆ لەباربردنی ئەم پڕۆسەیە درێغی نەکرد. لە شەڕ و ناکۆکییەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەردا، ئەو شوێنەی کە بە فەرمانی خامنەیی بێ‌هۆ و لە هەموو شوێنێک زیاتر کەوتە بەر ڕێژنەی مووشەک و درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی، باشووری کوردستان و شاری هەولێر بوو.

بە کوژرانی عەلی خامنەیی، ئەمڕۆ خەڵکی ئێران شاهیدی مەرگی یەکێک لە دیکتاتۆرترین و ماڵوێرانکەرترین دیکتاتۆرەکانی مێژووی خۆیەتی و گەلی کورد شادیی مەرگی دوژمنێکی تا سەر ئێسقان دژ بە ماف و ئازادییەکانی خۆی دەگێڕێت.