مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی نەخۆشخانەی (ماجدی) لە شاری هەولێر، پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەو لایەنانە کرد کە ئاسایشی هەرێمیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی هەواڵێکی کوردستان ٢٤، بارزانی ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەندێک لایەنی لەیاسادەرچوو و تیرۆریست بە هێرشی درۆنی و مووشەکی هەولێریان کردووەتە ئامانجی خۆیان.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هێرشە تیرۆریستییانە تەنیا ئامانجی سەربازییان نییە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بژێوی و خزمەتگوزارییەکانی خەڵکی کوردستان داناوە. ڕوونیشی کردەوە کە بەهۆی پەلاماردانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا کەمی کردووە و کۆمپانیاکان بۆ پاراستنی کارمەندەکانیان ناچار بوون ئاستی کارەکانیان دابەزێنن.
مەسروور بارزانی داوای لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرد کە چیتر ڕێگە بەو گروپە لەیاسادەرچووانە نەدەن پەلاماری هەرێمی کوردستان بدەن و جەختی کردەوە:
"ئێمەش ناتوانین تا سەر بێدەنگ بین بەرامبەر ئەم هێرشانە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت ستایشی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانی کرد بەرامبەر کێشەکانی وەک مووچە و کەمبوونەوەی کارەبا، و دووپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمە تاوەکو جارێکی تر ئاوەدانی و پێشکەوتن بگەڕێتەوە بۆ هەموو شارەکان.