کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی نوخبە: توانایەکی کاریگەر، بەربڵاو و شوێندانەر

00:32 - 25 خەرمانان 2725

شەهێن زادئەحمەد

بە گشتی، مرۆڤ لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، ڕۆڵێکی چالاکی هەیە لە بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە و پەرەپێدانی ئاوەدانی کۆمەڵگە و نیشتمان. ئەم چالاکییانه پەیوەندی بە تواناکان، وزە و هەستەکانیانەوە هەیە، کە لە بوارگەلی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەوە کاریگەرییان دەبێت بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، ئاسوودەیی، بەختەوەری و سەروەری گشتی. هەروەها، لە سەردەمی ئێستادا بەشێکی بەرچاو لە مرۆڤەکان خوێندەوارن و کاتەکانیان بۆ خوێندنەوە، توێژینەوە، شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی کێشە و ئاڵۆزییەکان تەرخان دەکەن. ئەوان بە وردی پرسیار دەکەن، ڕەخنە دەگرن و وڵام و ڕوونکردنەوەی قووڵ سەبارەت بە بابەتەکان پێشکەش دەکەن. ئەمە تایبەتمەندییەکی گرنگ و سەرەکییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە نەبێتە قوربانیی تێڕوانینی تاکلایەنی یان تەنیا توێژێکی کۆمەڵگە، بەڵکوو دەبێتە شوێنێک بۆ یەکگرتوویی و گۆڕینەوەی بیروڕای جیاواز لەسەر کێشەکان.

مرۆڤی هەڵکەوتە جیا لەوەیکە دەبێ شارەزایی بەسەر زانستەکاندا هەبێ و وێڕای خوێندنەوە ڕاڤە بکا و ڕەخنە بگرێ دەکرێ هەڵگری ڕەوشتە جوانەکانی مرۆڤایەتیش بێت ئەوەیکە ئەفلاتۆن پێێ دەڵێ "فەزیڵەتی ئینسانی". لێرەدایە بوونی ئاسایش و تەناهی گونجاویش بۆ پیشکەوتنی زیاتر دەردەکەوێ. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، کۆمەڵگەی سیاسی بە هانای کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دێ و بەستێنی لەباری بۆ گەشە و چالاکی و کار کردن ئامادە دەکات، ئەوان لە ڕێگەی دامەزراوە و ناوەند و بەرنامەی ماددی و مەعنەوییەوە پشتیوانی لە کەسانی کارامە و دەستەبژێر دەکەن. دەسەڵات بۆ قازانجی خۆیشی بێ پێشوازی و پشتیوانی لە ڕووناکبیران و داخوازییەکانی نوخبەکانیان دەکات و بەرهەمی فیکری و زانستییان لە هەموو بوارەکانەوە لێ وەردەگرن و چیان پیویست بێ بۆیان دابین دەکەن.

کێشەی نەبوونی ناوەند و سەرچاوە بۆ نوخبەکان

بەداخەوە، لە نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیدا، ئەم خزمەتگوزارییانە یان ئەو سیاسەتانەی برەو بە گەشەی زانستی و مرۆیی دەدەن، لەو وڵاتانەی کوردیان بەسەر دابەش کراوە یان بوونی نیە یان لەبەر هەڵاواردن بەشیان ناکات، بە شێوەیەکی گشتی لەم بەشەشدا نادادپەروەری هەستی پێ دەکرێ، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا نەک هەر ڕێگایان بۆ ناکەنەوە بەڵکوو دەبنە لەمپەر و گرفتیان بۆ ساز دەکەن.

بوونی دامەزراوە یان ناوەند و ژووری فکری، توێژینەوە و ڕێنمایی لە بوارە جیاوازەکاندا، بەدڵنیاییەوە دەبێتە پشتوپەنا و وێستگەیەکی ڕاست و ئامادە بۆ نوخبەکان. ئەگە ئەو ناوەندە بوارێکی بۆ بڕەخسێنرێت، ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی نوخبەکان لە پاراستنی نیشتمان و کۆمەڵگەدا بەهێزتر دەبێت و بەشدارییەکی کاریگەرتر دەکەن. لێرەدایە هەست بەوە دەکرێت کە دەبێ هەرچۆنێک بێ پشتیوانی لە مرۆڤانی بەتوانا، خوێندکار و نوخبەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت. لە هەمان کاتدا، داگیرکەر بە بەرنامە و بەکارهێنانی هێزی سیستەماتیک، هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەری نوخبە و ئیلیتی نیشتمانی دەدات. ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی بەتوانا و زانا بەهۆی فشار و توندوتیژی یاسایی و سیاسییەوە لە وڵات و ناوچەکانیان دوورخراونەتەوە یان زیندانی کراون.

چالاکییەکانی نوخبە لە دیاسپۆرا

بەشێک لە نوخبەکان لە دیاسپۆرا (تاراوگە) بە شێوەیەکی جیاواز کار دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی مرۆڤ، بە گشتی و بەتایبەتی لە دژی تواندنەوە و پێشێلکردنی مافەکانی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکاندا یان بە شێوەی تاکەکەسی، تێکۆشان و چالاکی دەکەن. لە هەلومەرجی ئاڵۆزی ئێستادا، پێویستە ناوەندە سیاسی و حیزبییەکان – بەتایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – ئەرکی ڕێنمایی و سەرپەرشتیکردنی نوخبە و ئیلیتە بەرز و بڵاوەکانی کورد لە تاراوگە بگرنە ئەستۆ. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی نوخبە و کادری سیاسی بە شێوەیەکی ڕێکخراو و پەیوەندیدار بەیەکەوە گرێ بدرێن و بیروڕا و ئەزموونەکانی توێژینەوەی حزبی و ناحزبی بە باشی هەڵبژێرن و بەکاریان بهێنن.

ئەم هەماهەنگییە دەتوانێت هەر جۆرە کەلێن و کێشەیەک لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکان کەم بکاتەوە و ڕۆحی هاوکاری و پشتیوانی لە یەکتر بەهێزتر بکات، بۆ ئەوەی مرۆڤی زانا و بەتوانا کاریگەرییەکی باشتر و گشتگیرتری لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا هەبێت.