کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ١٤٠٤-١٤٠٥

11:14 - 30 خەرمانان 2725

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ١ی ڕەزبەر و ساڵی نوێی خوێندن، جارێکی دیکە گەلانی ئێران بەگشتی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی بەرچاو دەبنەوە کە کاریگەرییان لەسەر خێزان، خوێندکاران، مامۆستایان و تەواوی سیستەمی پەروەردە و فێرکاری هەیە. قەیرانی ئابووری بەرەو دۆخی خراپتر دەڕوا، داهاتووی ئاقاری پەروەردە نادیارە و گرفتە کۆنەکان هەر وەک خۆیان بە کەڵەکەیی ماونەتەوە. بە واتایەکی دیکە، لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی خوێندن، پرسی فێرکاری جارێکی دیکە لە هەلومەرجێکی سەخت و پڕ لە نیگەرانی دەردەکەوێتەوە. بنەماڵە، خوێندکار و مامۆستایان لە هەموو بەشەکانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی بەربڵاودا بەرەوڕوون، کێشەگەلێک کە تەنیا لە دەرئەنجامی قەیرانی ئاسایی و درێژخایەنی ئابووری کورت ناکرێنەوە، بەڵکوو بەهۆی بڕیارگەلی ناڕوون و ناسەردەمیانەی حکوومەتەوە ئاکامی ئاڵۆزیان لێکەوتۆتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە پێویستە پەروەردە وەک بناغەی گەشەپێدانی بەردەوام و ئایندەیەکی ڕوون بۆ کۆمەڵگە پێناسە بکرێت، دەسەڵاتداران هیچ بەرنامەیەکی کردەیی و پاڵپشتکاریان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییە پەروەردەییەکانی قوتابی و خوێندکاران لە بەردەستدا نییە و بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان پرۆژە و پلانێکی دیاریکراو بۆ ڕای گشتی دەر ناکەن.

جیا لەو کێشەو گرفتە گشتییانەی کە خرانە بەر باس، جێگەی ئاماژەیە کە پەروەردەی ئەمڕۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران نە تەنیا هیچ ترووسکایەکی بۆ داهاتووی کۆمەڵگەی ئەوان تێدا بەدی ناکرێ، بەڵکوو فاکتەری ناتەبایی و ئینکار و یەکتر سڕینەوە بۆ داهاتوو پێکدەهێنن کە چەند بەشێکیان بەم شێوەن:

بێبەشکردنی ملیۆنان منداڵی کورد، عەرەب، بەلووچ، تورکمان و ئازەری لە خوێندن بە زمانی زگماکی خۆیان، هیچی لە ژینۆسایدی کولتووری کەمتر نییە. ئەم سیاسەتە بەئەنقەست و بە ئامانجی ئاسێمیلەکردنی زۆرەملێ و پاکتاوکردنی ناسنامەی جۆراوجۆری گەلانی ئێران داڕێژراوە. کۆماری ئیسلامی بە نکۆڵیکردن لەو مافە ئاشکرایانە، هەم بنەماکانی یونسکۆ و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و هەم نەوەکانی داهاتوو بە بێ شوناسی و بێهیوایی مەحکوم دەکات.

قوتابخانەکان لە ئێران لەبری چاندنی بیری ئازاد، ڕۆڵی ئۆردوگای مێشک شۆردنەوە دەگێڕن. منداڵان و لاوان لەبری ئەوەی فێری زانستی مۆدێرن و کارامەییەکانی ژیان بکرێن، تەنیا وەک بەکارهێنەرانی زۆرەملێی ڕەوایەتە ئایدیۆلۆژییەکان کەڵکیان لێوەردەگیرێ. ئەمەش لە دژی مافەکانی زانست تاوانێکی ڕێکخراوە.

لە کوردستان، بەلووچستان و خووزستان، قوتابییان بەئەنقەست لە ئیمکاناتی خوێندن بێبەش کراون. ئەم جیاکارییە هەڵەی بەڕێوەبەریی نییە، بەڵکوو سیاسەتێکی هۆشیارانەیە لە پەراوێزخستنی نەتەوە غەیرە فارسەکان و درێژەدان بە هەژموونی سیاسی-فەرهەنگی ناوەند.

کۆماری ئیسلامی بەم سیاسەتانە نەک هەر مافی ملیۆنان منداڵ و لاو لەژێر پێ دەخا، بەڵکوو بە ئاشکرا دژی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەڵگەنامەکانیان کە بۆ خۆشی لە پەسەندکردنیان بەشداربووە، دەوەستێتەوە.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ کە سیاسەتە پەروەردەییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی کولتوور و زمان و بیرکردنەوە تاوان بە ئەژمار دێن.

مافی خوێندن بە زمانی دایکی داواکارییەکی لاوەکی نییە، بەڵکوو دەبێ وەک پایەیەکی بنەڕەتی دادپەروەری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی حیسابی بۆ بکرێ.

خەبات بۆ پەروەردەی ئازاد و فرەزمانی بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات بۆ دێموکراسی و ڕزگاریی نەتەوە چەوساوەکان لە ئێران ساز دەکات.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ دەبێ لێپرسینەوە لە کۆماری ئیسلامی بکەن و وەک پێشێلکاری سیستماتیکی مافی خوێندن سزای بدەن.

پەروەردەی ئەمڕۆی ئێران نەتەنیا سەکۆی گەشەکردن نییە، بەڵکوو مەیدانی سەرکوتکردنی بێ‌کۆتاییە. کۆماری ئیسلامی بەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە داهاتووی گەلانی ئێرانی بە بارمتە گرتووە. ئێمە پێمان وایە کە تەنیا بە سیستمێکی پەروەردەیی دێموکراتیک، فرەزمان و بەدوور لە زاڵیەتی نەتەوەی باڵادەست، داهاتوویەکی ئینسانی و دادپەروەرانە بۆ گەلانی ئێران مسۆگەر دەبێ.

دەسەڵات لە کوردستان لە پێشخستنی گوتارگەلی شەڕەنگێزانە و پەنابردن بۆ هەڕەشەی هەمیشەیی بۆ سەر خەڵک، چالاکانی مافی مرۆڤ و مامۆستایانی سندیکالیست بەردەوامە. ڕێژیمی داگیرکەر بە چڕی بەرگری لە ڕێبازە سیاسییە چەوتەکەی دەکا و ڕێگەی هەرجۆرە دانووسان و ڕاوێژی لەگەڵ یەکیەتییە پیشەییەکان داخستووە. هەر بۆیە وەک دەبینین، مامۆستایانی ئێمە هەردەم لەژێر سێبەری گوتاری هەڕەشە و تۆقاندن دەوام دەکەن. لە کوردستان، مامۆستایانی بەئەزموون و شکۆمەند بە هۆکاری تۆمەتی ترسنۆکانە و نەشیاوی ئەمنی یان بە هۆی جیاوازیی هزری و کولتووری لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە، ناچار بە خانەنشینی دەکرێن و سزای نادادپەروەرانەی دیکەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.

وەک هەمیشە دەسەڵاتی سیاسی و بەرپرسانی پەروەردەیی ئامادە نین کە گوێ لە دەنگی مامۆستایان و شارەزایانی کەرتی فێرکاری بگرن و تەنانەت هیچ حیسابێکیش بۆ نوێنەر یان سەرپەرەستانی قوتابییان ناکەن. پشتگوێخستنی داواکارییەکانی سەندیکا و پەروەردە، هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی چالاکانی مەدەنی و پیشەیی، ئەوە دەردەخا کە لەلایەن دەسەڵاتەوە هیچ ئیرادەیەکی جیددی بۆ چاکسازی لە پێکهاتە و بەهێزکردنی کوالێتیی پەروەردە نییە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەزموونە جیهانییەکان سەلماندوویانە کە گەشەسەندنی بەردەوام و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بەبێ سیستەمێکی پەروەردەیی بەتوانا و سەربەخۆ مومکین نییە.

یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ سەبارەت بە دۆخی ئێستای فێرکاری، سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن بە گرینگیەکی تایبەت هەڵدەسەنگێنێ. ئێمە هاوسۆزی تەواوی خۆمان لەگەڵ مامۆستایانی ژێر گوشار، بێبەشکراو لە مافی پیشەیی یان بەندکراو دەردەبڕین و داخوازە ڕوون و ئاشکراکانمان کە بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی هەموو بڕیارە ناڕەواکانن، دووپات دەکەینەوە.

ئێمە پێمان وایە کە قوتابخانە نەک هەر جێگەی هەڕەشە و سەرکوتکردن نییە، بەڵکوو دەبێ مەیدانی ئومێد و تەبایی و بنیاتنانی ئایندەیەکی پڕشنگدار بۆ نەوەکانی دواڕۆژمان بێت. داهاتووی منداڵانی ئەم وڵاتە پێویستە بە ئیرادەی هاوبەش بۆ بەرگریکردن لە مافی خوێندنی یەکسان و ئازاد ببەسترێتەوە.

یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان جارێکی تر بە هەموو توانایەوە پێداگری لەسەر ئەو پرەنسیپانە دەکاتەوە کە هاتنە بەرباس و داوا لە هەموو هێزە خەمخۆرەکانی کۆمەڵگە دەکا کە بە یەکگرتوویی لەم بوارەدا هاوڕێ و یارمەتیدەرمان بن.

 

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران 

٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی