کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور شەرەفکەندی؛ ڕووناکبیری ئۆرگانیک و خەبات بۆ هێژموونی فەرهەنگی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کورددا!

00:18 - 1 رەزبەر 2725

ئیبراهیم لاجانی

هەڵسەنگاندنی ژیان و خەباتی شەهید دوکتور شەرەفکەندی لەبەر ڕووناکایی تیئورییەکانی ئەنتۆنیۆگرامشیدا، بەتایبەتی چەمکەکانی ڕووناکبیری ئۆرگانیک و هێژموونی فەرهەنگی، دەتوانێ دەرگایەکی تازەمان بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵ و پێگەی ناوبراو لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی کوردستاندا بە ڕوودا بکاتەوە. گرامشی لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا نیشان دەدات کە بزووتنەوە ئازادیخوازەکان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان تەنیا هەر لە شکڵی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و نیزامیدا دەرناکەون، بەڵکوو بۆ ئەوان مەیدانی سەرەکی خەبات و ململانێ و بەربەرەکانی بریتییە لە: مەیدانی کار و تێکۆشانی فەرهەنگی و فیکری. لێرەدایە کە دەبینین دوکتور شەرەفکەندی نەک بەتەنیا هەر وەک ڕێبەرێکی سیاسی، بەڵکوو وەک ڕووناکبیرێکی  شۆڕشگێڕ و ئۆرگانیک دەورێکی سەرەکی هەیە.

ڕووناکبیری ئۆرگانیک و دوکتور شەرەفکەندی

گرامشی ڕووناکبیران لە دوو دەستەدا دابەش دەکات: ڕووناکبیرە سونەتییەکان کە سەر بە دامەزراوە جێکەوتووەکانی وەک زانستگە، دین و نیهادە بۆرۆکراتیکە دەوڵەتییەکانن و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، لە ڕاگرتن و پاراستنی هەلومەرجی مەوجووددا نەخشیان هەیە. هەروەها ڕووناکبیرانی ئۆرگانیک کە لە نێو دڵی بزووتنەوە چینایەتی، نەتەوایەتی، یا کۆمەڵایەتییەکان دێنەسەر و بیرو ئەندێشەکانیان بۆ ڕێکخستن و ڕێبەری کردنی خەبات و تێکۆشانی ئەو جووڵانەوانە دەکار دەکەن. بەوجۆرە ڕووناکبیری ئۆرگانیک نەک هەر لە بوورجی عاجەوە تەماشای وەزعەکە ناکات، بەڵکوو دێتە نێو جەرگەی مەیدانی خەبات.

شەرەفکەندی مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕێکی بەرجەستەی شیمی بوو، بۆیە دەیتوانی ژیانێکی خۆش و ئارام لە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکاندا بەرێتە سەر. بەڵام ئەو ڕێگایەکی دیکەی هەڵبژارد. ناوبراو بە بوون بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لەبەرکردنی بەرگی پێشمەرگایەتی، زانست، ئێعتیبار و توانا و لێوەشاوەییەکانی خۆی بۆ خزمەت بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد تەرخان کردن. ئەوە گۆڕانە لە ڕووناکبیریی سوننەتییەوە بۆ ڕووناکبیرێکی ئۆرگانیک و خەباتگێڕ.

دوکتور شەرەفکەندی نەک هەر لە بوارەکانی نەزەری و داڕشتنی سیاسەتەکانی حیزبی دێموكراتدا چالاک و کاریگەر بوو، بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵانی هەراوی خەڵک پێوەندیی هەبوو، ڕۆڵی لە ڕێکخستن و ڕێبەری‌کردنی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەیدا هەبوو. لەوەش زیاتر، تەنانەت لە بردنەپێشی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ پرسی کورد لە ئێراندا، چالاک و هەڵسووڕ بوو. بە تەعبیری گرامشی کەسانێکی ئاوا ڕۆڵی (عەقڵی جەمعی) بزووتنەوەیەک دەبینین. ئەو جۆرە کەسانە ڕێبەرانێکن کە دەتوانن ناڕەزایەتیی خەڵک لە پڕشووبڵاوی دەربێنن و ئاستی وشیاریی سیاسی و ڕێکخستنی بزووتنەوەکە بەرنە سەر. بۆ نموونە: دوکتور شەرەفکەندی بە وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی دەزگای چاپەمەنی و  ڕاگەیاندنی حیزب، نەخشێکی بنەڕەتی لە داڕشتن و بڵاوکردنەوەی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب و وشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستان و ئێراندا گێڕا. ئەو ئەرکە بەتەنیا هەر بریتیی نەبوو لە کاری ڕاگەیاندن و بەس، بەڵکوو جۆرێک خەباتی فەرهەنگی بوو بۆ هێنانەکایەی ڕیوایەت و دیسکۆرسێکی تازە لە بەرانبەر ڕیوایەت و وێژمانی فەرمی ڕێژیمدا.

خەبات بۆ هێژموونی فەرهەنگی

لە ڕوانگەی گرامشییەوە، دەستەڵاتی سیاسیی جێکەوتوو کاتێک شکڵ دەگرێت کە چینێک، دەستەیەک یا توێژێکی کۆمەڵایەتی بتوانێ، نەک هەر بەتەنیا لە ڕێگای زەخت و زۆرەوە، بەڵکوو لە ڕێگای وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی زۆربەی کۆمەڵگەوە، هێژموونی بەدەستەوە بگرێت. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە نموونەیەکی زیندووە. ئەو ڕێژیمە لە ڕێگای دەکارکردنی سەرکوت و زەبروزەنگ و ئیدئۆلۆژیی مەزهەبییەوە توانی دەستەڵاتی خۆی بسەپێنێ.

دوکتور شەرەفکەندی بە باشی لەو ڕاستییە تێگەیشتبوو کە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی هەر بەتەنیا لە بواری نیزامی و سیاسیدا، بە ئاکام ناگات. ئەو دەیزانی بۆ ئەوەی بزووتنەوەی کوردستان بە سەرکەوتن بگات، پێویستە هێژموونی فیکری و فەرهەنگی و ڕیوایەتێکی تایبەت بەخۆیی وەک ئاڵتێرناتیڤی فەرهەنگ و ڕیوایەتی ڕێژیم، بێنێتەکایەوە. ئەو هێژموونییەی دوکتور شەرەفکەندی مەبەستی بوو لەسەر چەند پایە ڕاوەستابوو.

یەکەم: دێموکراسی وەک نرخ و بایەخی سەرەکی

دوکتور شەرەفکەندی هەمیشە پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە ئامانجی حیزبی دێموکرات بەتەنیا هەر ئەوە نیە، کە دەستەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی بۆ گەلی کورد دەستەبەر بکات، بەڵکوو بریتییە لە: دامەزراندنی سیستەمێکی دێموكراتیک کە بتوانێ ماف و ئازادییەکانی هەموو گەلانی ئێران و هاونیشتیمانانمان دابین بکات. ئەو سیاسەتە پێشگیریی لەوە دەکرد کە جووڵانەوەی کوردستان لە بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی ئێران داببڕێ و وەک جووڵانەوەیەکی ناوچەیی نەتەوەیی کورد دوورەپەرێز بکەوێتەوە.

 دووهەم: مافی گەلان و هاوپێوەندیی نێوانیان

دوکتور شەرەفکەندی لەو بڕوایەدا بوو کە بەبێ هاوکاری و هاوپێوەندیی خەباتگێڕانەی هەموو هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخواخەکانی ئێران ئیمکانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕێدا نیە. هەربۆیە بەردەوام  لە هەوڵی ئەوەدا بوو لە نێوان بزووتنەوەی کوردستان و باقی بزووتنەوە ئازادیخوازیەکانی دیکەی وڵاتەکەمان پرد دروست بکات.

سێهەم: پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی ناسنامە و شوناسی کوردستان

کۆماری ئیسلامی تێدەکۆشا گەلی کورد و خەڵکی کوردستان وەک (جیاوازیخواز) و (دژی ئیسلام) بناسێنێ و لەنێو بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێراندا بەدناویان بکات. دوکتور شەرەفکەندی بەپێداگرتن لەسەر زەقکردنەوەی فەرهەنگ و زمان و مێژوو و ئەدەبیاتی کوردستان، بەتایبەت لە ڕێگای ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانەوە، ناسنامە و شوناسێکی سیاسیی نوێی خوڵقاند، کە نەک هەر خاوەنی ڕەگ و ڕیشەیەکی ڕەسەن بوو، بەڵکوو پشتی بە بایەخە بەرزە جیهانییەکانی وەک ئازادی و عەداڵەتیش دەبەست.

ئەو هەوڵانە بە بەشێک لە خەباتی هێژموونیک دادەنرێن کە گرامشی لە لێکۆڵینەوەکانیدا باسیان دەکات. خەباتێک کە نەک هەر کار لەسەر داگیرکردنی خاک، بەڵکوو کار لەسەر دەستبەسەرداگرتنی زەین و بیر و دڵی خەڵکدا دەکات.

ڕۆڵی شەرەفکەندی لە سەردەمی قەیرانی هێژموونیکدا

دوکتور شەرەفکەندی لە سەردەمێکدا بوو بە سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە دنیا لەگەڵ ئاڵوگۆڕیی گەورە و قووڵ بەرەوڕوو بوو. ڕووخان و لەبەریەک هەڵوەشانی یەکیەیتی سۆڤییەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات، بزووتنەوە چەپی و ناسیۆنالیستییەکانی  لە سەرتاسەری دنیادا تووشی قەیران کرد. گرامشی ئەو قۆناغانە، ئەوجۆرە ڕووداوانە بە قەیرانی هێژموونیک لە قەڵەم دەدات. لەو حاڵەتانەدا ئیدئۆلۆژییە قەدیمییەکان مەشروعییەتی خۆیان لەدەست دەدەن و هیچ دیسکۆڕس و وێژمانیكی تازەش نەهاتۆتە ئاراوە تا جێگایان بگرێتەوە. لەو دۆخەدا شەرەفکەندی توانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێلێونبوون و سەرلێشێواوی ڕزگار بکات. دوکتور شەرەفکەندی بزووتنەوەی کوردستانی لە چوارچێوەی ئیدئۆلۆژییە چەقبەستووەکان هێنادەر و پێی لەسەر بردنەپێشی سیاسەتێکی عەمەلی، پڕاگماتیستی و دێموکراتیک داگرت.

خەباتی گەلی کورد و بزووتنەوەی کوردستانی لە شکڵی جووڵانەوەیەکی مەحەللی هێنایەدەر و لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازەکانی سەرتاسەری ئێران و ڕەوتی دێموکراتیزاسیۆن لە ئاستی دنیادا لێک‌گرێدان. ئەو هەنگاوانە، لە هەلومەرجی تایبەتی ئەودەمدا، شەرەفکەندیان کرد بە مێعماری هێژموونییەکی ئاڵتێرناتیڤ. هێژموونییەک کە دەیتوانی لە بەرانبەر ڕیوایەتی کۆنەپەرستانەی ڕێژیمدا ڕابۆوەستێ و ڕێگا و ڕێبازێکی تازەش بۆ پتەوکردنی پێکەوە ژیانی گەلانی ئێران پێشنیار بکات.

دادگای میکۆنۆس و تێکشکاندنی هێژموونی و ڕیوایەتی ڕێژیم لە ئورووپا

تێرۆری شەرەفکەندی لە ١٣ی سێپتامبری  ١٩٩٢دا، لە ڕێستۆڕانتی میکۆنۆس لە بەرلین، هەوڵی کۆماری ئیسلامی بوو، بۆ لەبەینبردنی دەنگی ئەو ڕیوایەتە ئاڵتێرناتیڤە. بەڵام ئاکامەکەی بەپێچەوانەی ویستی ڕێژیم هاتەدەر. دادگای میکۆنۆس، کە دواتر پێکهات، کاربەدەستانی هەرە بەرزی ڕێژیمی وەک تاوانباری ئەو تێرۆرە ناساندن و مەحکوومی کردن. ئەو مەحکوومییەتە، لە ئاستی نێونەتەوەییەدا، زەبرێکی کاریگەریی لە مەشروعییەتی کۆماری ئیسلامیدا. لەوەش دەرکەوت کە تەنانەت بەکارهێنانی توندوتیژی و تێرۆر و تۆقاندنیش ناتوانن جیاوازییە هێژموونییەکان بشارنەوە.

بۆ حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران و بزووتنەوەی کوردستان دادگای میکۆنۆس و بڕیارەکانی سەرکەوتنێکی سیاسی و فەرهەنگی گەورە بوون. بۆ بیروڕای گشتیی خەڵکی دنیا دەرکەوت کە کوردەکان نەک هەر تێرۆریست نین، بەڵکوو قوربانی تێرۆر و توندوتیژی دەوڵەتیشن. ئەوە ئەو شتەیە کە گرامشی وەک سەرکەوتن لە مەیدانی  فەرهەنگ و بیروڕای گشتییدا باسی دەکات.

شەرەفکەندی وەک سیمبولی ئەخلاق و ڕێبەرایەتیی دێموكراتیک

کەسایەتیی دوکتور شەرەفکەندی نەک هەر لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئەخلاقیشەوە یارمەتییەکی گەورەی بە دروستبوونی هێژموونی ئاڵتێرناتیڤ کرد. گرامشی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ڕێبەرایەتیی هێژموونیک دەبێت لەسەر بناغەی ئەخلاق و ڕەزامەندیی ڕاوەستێ، نەک بەتەنیا لەسەر ئەساسی زەخت و زۆر.  تایبەتمەندییەکانی وەک سینگفرەوانی، سەداقەت، ئازایەتی، دلێری، فیداکاری و لەخۆبوردوویی لە کەسایەتیی دوکتور شەرەفکەندیدا زەق و بەرچاو بوون. ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە دوکتور شەرەفکەندی ببێتە جێگای متمانەی بەدەنە و ڕێبەرایەتی حیزب و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئەو هیچکات خەڵکی وەک ئامرازی بردنەپێشی مەبەست و بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆی نەدەدی، بەڵکوو ژیانی خۆی بۆ بەرگری و دیفاع لە ماف و ئازادی و ئامانجەکانی ئەوان تەرخان کردبوو. ئەو لایەنە ئەخلاقییە لە مێتۆدی ڕێبەرایەتیی دوکتور شەرەفکەندیدا، ئەو ڕیوایەت و هێژموونییەی بەهێز دەکرد کە بزووتنەوەی کوردستان وەک ئاڵتێڕناتیڤی هێژموونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێنابوویە کایەوە. بەر لەوەش زیاتر مەشروعییەتیشی بە هێژموونی ئاڵتێرناتیڤ دەبەخشی.

ڕووناکبیری ئۆرگانیک لە بزووتنەوەی کوردستاندا

بزووتنەوەی میللی و دێموكراتیکی کوردستان بەدرێژایی مێژوویی خۆیی پێویستی بە کۆمەڵێک لەو ڕووناکبیرانە بووە کە بتوانن  زمانێکی هاوبەش لە نێوان سیاسەت، فەرهەنگ و خەڵکدا دروست بکەن. دوکتور شەرەفکەندی باشترین نموونەی ئەو ڕووناکبیرانەیە.

ئەو بەهۆی ئاگاهی زانستیی و وشیاریی سیاسی خۆی توانی پردێک لە نێوان زانستگا و کۆمەڵگەی کوردستاندا دروست بکات.

ئەو لە ڕێگای چالاکی سیاسی و فەرهەنگییەوە، یارمەتیی زۆری بە چوونەسەری ئاستی وشیاری سیاسیی خەڵکی کوردستان کرد. بەتایبەتی لە ڕێگای کار و تێکۆشانی وەک مۆدیر و بەڕێوەبەریی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران.

بەهێنانە گۆڕ و بڵاوکردنەوەی ئیدە و بیرۆکە دێموکراتیک و پێشکەوتنخوازەکان، دیسکۆرسێکی تازەی بۆ بزووتنەوەی کوردستان خوڵقاند کە ئێستاش هەروا سەرچاوەی ئیلهامە بۆ هەموو ئازادیخوازانی ئێران. ئەوە دەریدەخات کە بەبێ بەشداری ڕووناکبیرانی ئۆرگانیک، هیچ بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانە ناڕواتەپێش و بە سەرکەوتن ناگات. هەر بەو جۆرە کە گرامشی دەڵێت: (هەموو بزووتنەوەیەک بۆ سەرکەوتنی خۆی، بێجگە لە سوپایەکی نیزامی، پێویستی بە لەشکرێکی گەورە لە بیرۆکەو ئیدە و ئەندێشە هەیە).

کۆتایی:

ژیان و خەباتی دوکتور شەرەفکەندی لەبەر ڕووناکایی بیروبۆچوونەکانی گرامشیدا، نوێنگەی یەکگرتنی نێوان ئەندێشە و کردەوەیە. دوکتور شەرەفکەندی وەک  ڕووناکبیرێکی ئۆرگانیک توانی زانست و ئەزموونی خۆی بخاتە خزمەت جووڵانەوەی میللی و دێموکراتیکی کوردستان و بە تێکۆشان و کارو چالاکی لە بوارەکانی فەرهەنگ و سیاسەت و دیپلۆماسیدا، دیسکۆرسێکی تازە بێنێتەکایەو هێژموونی ئاڵتێرناتیڤ لە بەرانبەر ڕیوایەتی دەوڵەتی ناوەندی و ڕێژیمی ئاخوندیدا بخوڵقێنێ.

تێرۆری ئەو لە بەرلین لە لایەن تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، دەریخست کە ڕێژیمی ئاخوندی تەواو هەستی بەو هێژموونییە ئاڵتێرناتیڤە کردبوو کە شەرەفکەندی و حیزبەکەی ئاڵاهەڵگری بوون. بەو حاڵەش ئەو بیرۆکانە، ئەو ئەندێشە و ئیدەبەرزانە، ئەو وێژمانەی کە شەرەفکەندی و حیزبەکەی بنیاتیانناوە، هەروا زیندوونە و ڕێنیشاندەری خەبات و تێکۆشانی ئێستا و داهاتووی خەڵکی کوردستانن.

میراتی خەباتگێڕانەی شەرەفکەندی نەک هەر بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو ئازادیخوازانی ئێران سەرچاوەی وزە و گڕو وتینە. ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سەرکەوتن لە مەیدانی سیاسەتدا، پێش هەر شتێکی تر بریتییە لە: سەرکەوتن لە مەیدانی فەرهەنگ و بیر و ئەندێشەدا. بەو جۆرە بۆمان دەردەکەوێت کە شەرەفکەندی نموویەکی بەرچاوی ئەو شتەیە کە ئەنتۆنیۆ گرامشی ئارەزووی دەکرد:"ڕێبەرییەک کە بە ئاوێتەکردنی ئەندێشە و ئەخلاق عەمەل، کۆمەڵگە بەرە و ئازادی و دێموکراسی ڕێبەریی بکات".