کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێناسە و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی شەهیدی ڕێبەر دوکتور سادقی شەرەفکەندی

00:27 - 1 رەزبەر 2725

مستەفا شەڵماشی

دوکتور سادقی شەرەفکەندی ڕۆژی ٢١ی بەفرانباری ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی (١١-١-١٩٣٨)ی میلادی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ئایینیدا لە گوندی تەرەغەی بۆکان لەدایک‌بووە. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی لەدەست داوە و لە لایەن براگەورەکەی، واتە شاعیر و نیشتمانپەروەری گەورەی کوردستان خوالێخۆشبوو، مامۆستا هەژاری موکریانییەوە سەرپەرستی کراوە. سەردەمی منداڵیی دوکتور سادق، هاوکات بووە لەگەڵ پەرەئەستاندنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دامەزراندنی کۆماری کوردستان. هەربۆیە ڕێنوێنی و ئاموژگارییەکانی برا زانا و خەباتگێڕەکەی و زۆر دیمەن لە قۆناغی مێژوویی ئەو کات لەبیر و زەینیدا نەخشی بەستووە.

پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لە بۆکان و پاشان کە بنەماڵەکەی لە مەهاباد گیرسایەوە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لەو شارە و ساڵی ئاخیری دەبیرستانی لە تەورێز تەواو کردوە و ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی (١٩٥٩) لە دانشسەرای عالیی تاران لیسانسی کیمیای وەرگرتووە. شایانی سەرنجە کە لە هەموو پلەکانی خوێندندا یان خاوەنی پلەی یەکەم، یان یەکێک لە باشترین قوتابییان و خوێندکاران بووە. دوای وەرگرتنی لیسانس بووە بە مامۆستای دەرسی کیمیا و هەتا ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی (١٩٦٥) لە شارەکانی ورمێ و مەهاباد مامۆستای ناوەندیی بووە. لەو ماوەیەدا وەک مامۆستایەکی شارەزا ناوی دەرکرد و بۆ پێگەیاندنی قوتابییانی کوردستان زەحمەتێکی زۆر و بەرچاوی کێشاوە. بەڵام کاتێک ساواک هەستی بە خۆشەویستی ئەو لەنێو قوتابییەکانی و کۆمەڵانی خەڵکدا کرد، ئەو خزمەتەی لە کوردستان پێ ڕەوا نەدی و لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای دیکەی هاوبیر و هاوکاری بۆ شارەکانی ئەراک و کەرەج و چەند شاری دیکە دووری خستنەوە. بەهۆی لێوەشاوەیی و لێهاتوویی لە پسپۆڕیی خۆیدا ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی (١٩٧٠) لە زانستگای پەروەردەکردنی مامۆستا وەک ئاسیستانی بەشی کیمیا کاری پێ سپێردراوە. پاش نیشاندانی لێوەشاوەییەکی تەواو لەو ئەرکەدا، ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی (١٩٧٢ی زایینی) بە کەلک‌وەرگرتن لە بوورسی وەزارەتی علووم چوو بۆ فەڕەنسا و پاش چوار ساڵ مانەوە لەو وڵاتە توانیویەتی دوکتورای کیمیای ئانالیز (شیمی تجزیە) لە زانستگای ژمارە ٦ی پاریس وەربگرێت. دوای ئەوە ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی (١٩٧٦ی زایینی) گەڕایەوە تاران و وەک ئۆستادیاری کیمیا لە زانستگای "تربیت معلم" درێژەی بە کاری مامۆستایەتیدا کە لە بەجێهێنانی ئەو ئەرکەشدا بە تەواوی سەرکەوتوو بوو.

لە دەورانی خوێندنی دوکتورا لە پاریس، لەگەڵ ڕێبەری مەزن دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو ئاشنا دەبێ و بەشێوەی نەهێنی دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان. پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، لە خەباتێکی نهێنی زۆر سەرکەوتوودا بوو بە ڕابێتی نێوان دوکتور قاسملوو و ئەندامانی کۆنی ڕێبەرایەتیی حیزب و لەو پەیوەندییەدا زەحمەتێکی زۆری کێشا و زۆر جاریش گیانی خۆی خستە مەترسییەوە. دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی (١٩٧٩ی زایینی) بوو بە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی و ڕەشەممەی ساڵی ١٣٥٨ (فیورییەی١٩٨٠ی زایینی) لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردرا و بەرپرسایەتیی کۆمیتەی حیزب لە تارانی پێ ئەسپێردرا، کە ئەو بەرپرسایەتییەشی بە لێوەشاوەیی و کارزانییەوە بە ئەنجام گەیاند. سەرەتای هاوینی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی (١٩٨٠ی زایینی) لە لایەن ڕێبەرایەتیی حیزبەوە بۆ کاری تەواو وەخت بانگ کرایەوە کوردستان و هەموو توانای خۆی بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە ئیختیاری خزمەت بە حیزب نا ‎لە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی لە هاوینی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی (١٩٨٠ی زایینی)دا بە ئەندامی دەفتەریی سیاسی هەڵبژێردرا. لە کۆنگرەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، هەشتەم و نۆهەمی حیزبدا هەموو جارێ بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و لە کۆمیتەی ناوەندییشدا هەموو جارێ بوو بە ئەندامی دەفتەریی سیاسی هەڵبژێر دراوەتەوە و تا کاتی شەهید بوونی دوکتور قاسملووی نەمر، ئەرکی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبیشی بەئەستووە بووە. دوکتور سادق شەرەفکەندی لە یەکەم پلینۆمی دوای شەهید بوونی دوکتور قاسملوودا بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێردرا و لە کۆنگرەی نۆهەمی حیزبیشەوە تا کاتی شەهید بوونی (٢٦ی خەرمانانی ساڵی (١٣٧١) ڕێکەوتی (١٧-٩-١٩٩٢) ئەرک و بەرپرسایەتیی قورسی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بەڕێوە بردوە. ‎

بۆ یەکەمجار دوکتور شەرەفکەندیم لە دیدارێک لەگەڵ شەهیدی ڕێبەر دوکتور قاسملوودا ناسی. پێش کۆنگرەی چوار کە من تازە لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە ناوچەی ورمێ گەڕابوومەوە، لە مەهاباد سەردانێکی شەهید دوکتور قاسملووم کرد. لە دانیشتنەکەماندا دوو کەسی دیکەشی لێ بوون. یەکیان کاک سەلیم بابانزادە بوو و ئەوی دیکەشیان کەسێکی وشیاری خڕە بنەی چاوزیت و دەم بە پێکەنین بوو، کە هەر لە یەکەمین چاوپێکەوتندا هەستێکی تێدا دەبزواندی کە هەوڵ بدەی زۆرتری بناسی. دوکتور قاسملوو ڕووی لەو پیاوە کرد و منی پێ ناساند و ئەڵبەت زۆر بە لوتفەوە باسی چالاکیی من و بەتایبەت وردبینی منی لەو ڕاپۆرتەدا کرد کە سەبارەت بە کەش و هەوای سیاسی ناوچەی ورمێ و باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی بۆم ناردبوو. پاشان دوکتور شەرەفکەندیشی بە وەسفێکی جوان لە باری خوێندەواری و لێهاتووییەوە بە من ناساند.

لەو ڕۆژە بە دواوە هەرکات من و دوکتور شەرەفکەندی بگەیشتینایە لای یەکتر زۆر بەگەرمییەوە پێکەوە قسەمان دەکرد و دەتوانم بڵێم لە زۆربەی هەڵوێستە سیاسییەکانی حیزبییشدا لێک نیزیک بووین و لە شێوەی کاری حیزبیشدا زۆر پێکەوە هەم ئاهەنگ بووین. ئەڵبەت جاروبار جیاوازی بیروڕاشمان هەبوو کە بەدڵ فراوانییەوە لەگەڵ یەکتر تاوتوێمان دەکرد. دیارە لەو کاتانەدا ئەمن وەک شاگردێک گوێم بۆ دەگرت و ئەو وەک مامۆستایەک بە سەبرو حەوسەلەوە باسی لەگەڵ دەکردم. کاری حیزبی و هەلومەرجەکانی ئەوکات بوو بەهۆی ئەوەی کە بۆ ماوەی چەند ساڵان ببینە هاوکاری یەکتر و تەنانەت هاومەنزڵی یەکتر. لە دوای کۆنگرەی چوار کاتێک هەردووکمان بووینە ئەندامی ڕێبەریی و ئەندامی دەفتەریی سیاسی، زۆرتر یەکترمان ناسی و زیاتر لە تایبەتمەندییەکانی یەکتر شارەزا بووین. لە دوای ساردبوونەوەی وتووێژەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەدوای شکستهێنانی هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیشدا بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد بەشێوەی سیاسی لە ئێراندا، حیزب بڕیاریدا دەفتەریی سیاسی لە شاری مەهاباد بەرێتە دەرێ و یەکەم دەستەی کادرەکانی دەفتەر و دەورووبەری دەفتەری ناردە ناوچەی سەرشاخان لە دۆڵە شێخان. هاوکات لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانیش دامەزرا و دەنگی زوڵاڵی ئەو ڕادیۆیە لە شیو و دۆڵەکانی کوردستان دەنگی دایەوە.

من و دوکتور شەرەفکەندی و کاک عەزیز ماملێ و کاک فەتاحی کاویان و کاک تەها عەتیقی و زۆر هاوڕێی دیکەش کە ڕەنگە ناوی زۆریانم لەبیر نەمابێ، لەنێو یەکەم دەستەدا بووین کە چووینە دۆڵە شێخان و کاری سەرەکیمان نووسین بۆ ڕادیۆ و ڕۆژنامە بوو، سەرەڕای هێندێک کاروباری دەفتەری سیاسی. وا ڕێکەوت کە چادری من و شەهید دوکتور شەرەفکەندی ڕاست بە پەنای یەکەوە بوون. بەو بۆنەوە کە من عوسمانی خوشکەزام لەگەڵ بوو و بەیانیان خێرا هەڵدەستا دەچوو بەشە نان و ماست و پەنیری خۆمانی دێنا، نانی بەیانانمان هەمیشە پێکەوە لەگەڵ دوکتور شەرەفکەندی دەخوارد. لەوەش گرنگتر کاتێک دەفتەریی سیاسیمان گواستەوە بۆ شیوەجۆ لە ناوچەی سەردەشت، ژوورێکیان دانابوو کە من و دوکتور شەرەفکەندی پێکەوە تێیدا بحاوێینەوە. ژوورەکەمان بە کەندەڵانێکەوە دروست کرابوو کە لای سەرەوەی دیوارەکە هەر خودی کەندەڵانەکە بوو. هەریەکەی لە لایەک بە بلۆک و دەرگای کۆن نەوعێک تەختی نووستنمان دروست کردبوو. بە نێوەڕاستی تەختی هەردووکماندا جۆگەلەیەکمان دروست کردبوو، تا لە بەهاراندا کاتێک ئاو زۆر دەبوو، ئەو ئاوەی لە کەندەڵانەکەوە دەچۆڕایەوە بچێتە نێو جۆگەلەکە و، بڕواتە خوارێ، تا ژوورەکەمان زۆر تەڕ نەکا.

جگە لەو پێکەوە بوونە، ئێمە هەردووکمان پێکەوە لە تەڵەیەک ڕزگاریمان بوو کە کۆماری ئیسلامی بە هاوکاری حیزبی توودە، بەشێک لە گروپی حەوت کەسی، ڕەحمانی کەریمی و هێندێک کەس لەنێو ڕیزەکانی حیزبدا و بە ئاگاداری قیادەی مووەقەت، بە ناوی وتووێژەوە لە ناوچەی شنۆ بۆیان دانابووین تا بمانگرن. دیارە بە هاوکاریی بێوێنەی یەکتر و بەشێک لە کادرە بەوەفاکانی حیزب توانیمان لەو تەڵەیەش دەرچین کە بەشێوەیەکی زۆر دەقیق بۆ ئێمە و بۆ حیزب بەگشتی داندرابوو. ئەو باسە دووروودرێژە و لە کتێبی "ئەزموونی من"دا کە تازە لە باشوور بڵاو بووەتەوە، بەدرێژی و بە ڕوونی باسی کردوە. جگە لەوانەش زۆر سەفەر و هاورێیەتی دیکەمان لەگەڵ دوکتور شەرەفکەندی پێکەوە هەبووە و تەنانەت لەو کاتەش‌ ڕا کە من هاتوومە دەرەوەی وڵات تا کاتی شەهیدبوونی ئەو ڕێبەرە بلیمەتە، بەرەدوام نامە نووسینمان بۆ یەکتر هەبووە و تا ئێستاش بۆ خۆم خاوەنی گەنجینەیەک لە نامەی دەسخەتی ئەو ڕێبەرە بلیمەتەم. ئەو کورتە باسە لە شێوەی ئاشنا بوون و پێکەوە بوون بۆ ئەوە بوو کە بڵێم بە ڕاستی ئەو ڕێبەرە مەزنەم ئەوەندە ناسیوە کە لە خۆم ڕاببینم باسی کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی بکەم.

یەکەم تایبەتمەندیی دوکتور شەرەفکەندی، "خاکی بوون و خۆگونجاندن"ی ئەو بوو لەگەڵ هەر جۆرە ژیانێک کە بۆی بێتە پێش. دیارە ئەوەندەی بیستوومە لە سەردەمی منداڵیدا تووشی تەنگ و چەڵەمەی ژیان بووە. بەڵام لەو کاتەوە کە خۆی ناسیبوو بەهۆی زیرەکی و بلیمەتییەکەیەوە توانیبووی ژیانێکی خۆش بۆ خۆی و ماڵ و منداڵی دەستەبەر بکا. ئەو کە خاوەنی بڕوانامەی دوکتورا بوو لە پسپۆڕییەکی گرنگی وەک شیمی، ئەویش لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک فەڕانسە، ژیانی تا ئەوکاتی زۆرتر بە خوێندن و مامۆستایی و مامۆستایی زانکۆ تێپەڕی بوو. بەڵام دەتوانم بڵێم لەو شاخانەی کوردستان لە هەموومان خاکی‌تر و ڕازیتر بوو بەو ژیانە پێشمەرگانەیەی کە لەپێناو ئامانجەکانی نەتەوەکەماندا هەڵمانبژاردبوو. کەسێکی ئەوەندە نەفسبەرز بوو کە ئەگەر دوو ڕۆژیش نانی نەخواردبایە، یا هەر نانی نەدرابایە دەنگی لێ نەدەهات. هەرچی لە بەردەمی داندرابایە بە بێدەنگی دەیخوارد. ئەوەندە خاکی بوو کە خێرا پڕی دەدایە قاپ و قاچاخەکانی خۆی و دەیشتن. جلەکانی دەشتن و هەڵی دەخستن، هەرچەند ئەولاوە پێشمەرگانەی لە دەورمان بوون زۆریان هەوڵ دەدا نەیەڵن ئەو کارانە بکا. هێندە لەگەڵ ژیانی شاخ خۆی گونجاندبوو کە تەنانەت لەگەڵ مارێکی شینی سەرپان ببوو بە هاوڕێ. ئەوکاتەی لە ناوچەی سەرشاخانی مەهاباد بووین، لای خوارەوەی چادرەکانمان کەڵەک بوو و بەردەمی چادرەکانیشمان سەکۆ بوو. شەوانە تا کاتی نووستن کە دوکتور چرا فانۆسەکەی هەڵدەکرد و دەستی دەکرد بە نووسین، یا خوێندنەوە، مارەکە لەنێو ئەو کەڵەکە بەردەوە سەری وەدەر دەنا و ملی بەرز دەکردەوە و چاوی لە دوکتور دەکرد. ئەویش بێ ئەوەی خۆی تێکنێ پێدەکەنی و دەیگوت ها ڕفیق بەخێر بێیەوە! ئەمن بەش بەحاڵی خۆم لەوەی دەترسام ئەو مارە ڕۆژێک کارێکمان بداتە دەست و بەردەوام داوام لە دوکتور دەکرد با بیکوژین. ئەو ڕازی نەبوو دەیفەرموو، لێیگەڕێن بووەتە دۆستمان. ئاخری تا کاتی گواستنەوەمان ئەو مارە زۆر شەوان میوانی بوو.

دووهەم تایبەتمەندی زۆر بەرزی دوکتور شەرەفکەندی "ماندوویی نەناسی"ی ئەو بوو. هیچ کات لە کارکردن ماندوو نەدەبوو. لە ڕاستیدا جگە لەو چەند سەعاتەی کە دەنووست، هەمیشە کارێکی هەر دەکرد. یا لە کۆبوونەوە و باسکردن دابوو، یا دەینووسی و یا خەریکی خوێندنەوە بوو. دیارە جاروباریش وەختی دەدا بە قسەی خۆش و گاڵتەکردن لەگەڵ دەورووبەری. لەگەڵ هەموو کەس دەدوا. پلەی خوێندەواری، تەمەن، پلەی بەرپرسایەتی و پلەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو هیچ کاتێک بەربەست نەبوون بۆ ئەوەی لەگەڵ دەورووبەری هەڵسوکەوت بکا، یا تەنانەت شۆخی و جەفەنگ بکا. ئەو تایبەتمەندییە کارێکی کردبوو کە لە کۆتاییدا ببوو بە هاوڕێی کوڕ و کچەکانی ڕادیۆ و چاپەمەنیی حیزب. هێندە لەگەڵیان ڕێک کەوتبوو کە دایم لەنێو ئەو کۆمەڵە کادرە لاوەی حیزبدا بوو و ڕەفتارێکی لەگەڵ دەکردن کە زۆرتر لە نێوان هاوڕێیانی گیانی بە گیانیدا دەکرێ، تا لەنێو بەرپرس و کادری کاریدا. بۆیەش زیادم نە گوتووە ئەگەر بڵێم دوکتور شەرەفکەندی خۆشەویستترین بەرپرسی حیزب بوو لەنێو کوڕ و کچەکانی ڕادیۆ و چاپەمەنیی حیزبدا.

سێهەمین تایبەتمەندیی دوکتور شەرەفکەندی بریتیی بوو لە: "هۆش و زەکاوەتی بێوێنە"ی ئەو ڕێبەرە. سەری باست بکردایەوە، ئەو ئاخری باسەکەی دەخوێندەوە. هەڵسەگاندنەکانی لەسەر خوێندنەوەیەکی قووڵ و ورد و هەمە لایەنەی ئەو مەسەلەیە بوو، کە باسی لێوە دەکرا. ئەو هەوڵی دەدا بەر لە هەڵوێستگرتن، مەسەلەکە بە باشی تێبگا. شێوەی ئانالیز و هەڵسەنگاندنەکانی زانستی بوون، لە لایەن کەسێکەوە کە هۆش و زیرەکییەکی بێوێنەی هەبوو. لە باس و وڵامدانەوە نەدەترسا و زۆر ئەهلی پۆلیمیک بوو. بەتایبەت لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە ئێرانی و کوردستانییەکاندا هەر کاتێک هەلی بۆ هەڵکەوتبایە ڕاشکاوانە بۆچوونەکانی خۆیی باس دەکرد و بە زمانێکی پاراوی کوردی و فارسی، مەسەلە سیاسییەکانی شی دەکردەوە. ئەو کاتانەی لە شیوەجۆ بووین، یا لە ناوچەی ئالانی سەردەشت، هەیئەتی حیزبە ئێرانی و کوردییەکان بەردەوام سەردانیان دەکردین و یەکێک لە چالاکترین کەسەکانی دەفتەریی سیاسی لەگەڵ ئەو هەیئەتانە دوکتور شەرەفکەندی بوو.

چوارەمین تایبەتمەندی دوکتور شەرەفکەندی ئەوە بوو کە "زۆر باش دەیتوانی بیر و بۆچوونەکانی خۆی فۆرمولە بکا" و بینووسێتەوە. بۆیە یەکێک لە باشترین قەڵەم بەدەستەکانی حیزب بوو. بە فارسی و کوردی زۆر ڕەوان و جوانی دەنووسی. لە باری فەرهەنگیشەوە مرۆڤێکی پڕ و بەتوانا بوو. هەر لەو کاتەدا وەرگێڕێکی باشی فارسی بۆ کوردی، یا کوردی بۆ فارسی بوو. ئەوکاتانەی کە بەرپرسی ڕادیۆ و چاپەمەنی بوو، ئیدی ترس لەوە نەبوو کە بەرنامەیەکی ڕادیۆ یا دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان وەدوا کەوێ. ئەو کاتانەش کە بەرپرسی ئەو بەشە نەبوو، هاوکارێکی بەردەوام و جێگای پشت پێبەستن بۆ ئەو بەشە بوو. من بۆخۆم هەردووک حاڵەتەکەم لەگەڵ تاقی کردوەتەوە. کاتێک بەرپرسی ئەو بەشە بووە، هاوکارێکی بەردەوامی بووم و کاتێک من بەرپرسی ئەو بەشە بووم، پشتیوانێکی بەردەوام و کاریگەرم بووە.

پێنجەمین تایبەتمەندیی دوکتور شەرەفکەندی، کە ئەگەر بۆ کاری سیاسی هەڵی سەنگێنین دەکرێ پلەی یەکەمی لە تایبەتمەندییەکانیدا بدەینێ، بریتیی بوو لە: "سەربەخۆیی لە بۆچووندا" و بێ پێچ‌وپەنا قسەکردنی ئەو کەم وێنە بوو. هەمیشە خاوەنی بۆچوونی خۆی بوو و هیچ کاتێکیش و لەژێر هیچ فشارێکیشدا ئامادە نەبوو بۆچوونی خۆی بشارێتەوە. هاوڕێیەتی و تەنانەت ڕەفاقەتیش بەجێگای خۆی، بەڵام هەر بۆچوونێکی لەسەر هەر کەسیش هەبایە، بێ‌پەردە و زۆر بەڕوونی دەریدەبڕی. ئەهلی پێداگری بوو لەسەر بۆچوونەکانی و جاری واش بوو ئەوە بە باری نەرێنیشدا دەشکایەوە. تا قانیع نەبایە دەستی لە بۆچوونی خۆی هەڵنەدەگرت و ئەوەش جاری وابوو وردە کێشەی لێ دروست دەبوو، چونکە بە هاسانیش نەدەتوانرا قانیع بکرێ. ئەو خاوەنی هزری تایبەت بەخۆی بوو کە بەشی هەرە زۆری لە ستراتێژی خەباتی نەتەوەیی و ستراتێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەرگیرابوو.

شەشەمین تایبەتمەندیی دوکتور شەرەفکەندی کە گەورەترین هێزی بۆ درێژەدانی خەبات پێ بەخشیبوو،" ساغبوونەوەی فیکری" ئەوبوو. هەر لە ئەوەڵین ڕۆژەکانەوە کە ناسیوومە بۆم دەرکەوتوە کە ئەو بلیمەتە ئاشقی کوردایەتی بوو. هەرچەند یەکێک لە ڕووناکبیرە گەورەکانی کوردستان بەحیساب دەهات، بەڵام هیچ کاتێک خۆی پێوە ڕانەدەنا و هەوڵی نەدەدا بۆ ئەوەی پۆزی ڕووناکبیری لێ بدا و ئیزم و میزمان بەکار بێنێ. دیارە لەو جێگایەی کە پێویست بایە بەکاری دێنان، بەڵام بۆ خۆنواندن نا. جگە لە مافی نەتەوەیی و دێموکراسی بانگەشەی بۆ هیچ بیر و بۆچوونێکی دیکە نەدەکرد. هەرچەند لەگەڵ ڕێکخراوە چەپە ئێرانییەکاندا نێوانی زۆر خۆش بوو، بەڵام قەت ئیددیعای ئەوەی نەدەکرد کە بیروبۆچوونی چەپی هەیە. باوەڕی بە یەکسانی هەبوو، بۆ بەرهەمهێنانی بەختەوەری بۆ مرۆڤەکان، بەڵام ئەوەی پەیوەست نەدەدایەوە بە ئیدئۆلۆژیکێکی تایبەتەوە. ئەو یەکسانیی وەکوو مافێک دەدیت و کراوەش بوو لەو بارەوە کە ئەو یەکسانییە چۆن و بە چ میکانیزمێک وەدی بێ. ئەگەر پێناسەیەکی گشتی لە بیروبۆچوونی دوکتور شەرەفکەندی بکەم دەڵێم: ناسیۆنالیستێکی سۆسیال دێموکرات بوو. واتە بەر لە هەموو شتێک وەدیهێنانی مافی نەتەوەیی پێ گرنگ بوو، پاشان دێموکراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی.

حەوتەمین تایبەتمەنی ئەو بلیمەتە "ئازایەتی و بەورەیی" بوو. ئەو لە بڕیارداندا ئازا بوو و تەنانەت ئەگەر مەسەلەیەکی زۆر هەستیار و دژواریشی بهاتایە بەردەم، دەیتوانی ساغبوونەوە بکا و بڕیار بدا. ئەمن بۆخۆم شاهیدی زۆر بڕیاری دژوار بووم لەو کاتانەدا کە پێکەوە لە یەک ئۆرگاندا بووین، یا پێکەوە لە مەئمورییەتێکی تایبەتیدا بووین. لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتدا و لە کاتی تەنگ و چەڵەمەکاندا هەموو دەورووبەریانی شاهیدی بۆ دەدەن کە مرۆڤێکی بە ئیرادە و بوێر بووە. بەتایبەت دوای شەهید بوونی دوکتور قاسملوو زۆر بەجوانی ئەو بوێری و ئیرادەیەی لەخۆی نیشاندا و توانی تا ڕادەیەکی زۆر کەلێنی دوکتور قاسملوو پڕ بکاتەوە. هەر بۆیەش دوژمنی قین لە دڵ هەموو ئیمکاناتی تێرۆریستی و زانیاری خۆی بۆ تەرخان کرد و شەهیدی کرد.

ئەو حەوت تایبەتمەندییە، لەگەڵ زۆر خوو و ڕەوشتی دیکەی ئەو ڕێبەرە مەزنە ئەویان کردبوو بە کەسێکی لێهاتوو بۆ ڕێبەری کردن. دیارە باسی هەموو تایبەتمەندییەکانی دوکتور شەرەفکەندی و هەموو ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی کە لە ژیانی خۆیدا چ بۆخۆ پێگەیاندن و چ لە بواری بەرپرسایەتیی وەعۆدەگرتندا لەخۆیی نیشان دا بوو لە چوارچێوەی گوتارێکی ئاوا کورتدا کە مەجالێکی دیاریکراوی هەیە، ناگونجێ و بێگومان ناساندنی ئەو بلیمەتە بە تەواوی پێویستی بە کتێبێک هەیە. بۆیە بە باسکردنی دوو تایبەتمەندی نەرێنی ئەو ڕێبەرە کۆتایی بە باسەکەم دێنم. سەرەڕای ئەو هەموو لێهاتوویی، خوێندەواری و بوێرییەی کە شەهیدی ڕێبەر هەیبوون، بە باوەڕی من وەک هەر مرۆڤێکی دیکە دەکرێ خاڵی نەرێنیشی هەبووبن. بە بۆچوونی من دوو تایبەتمەندیی تا ڕادەیەک نەرێنی لە دوکتور شەرەفکەندی‌دا هەبوون:

یەکەم "تووڕە بوون و هەڵچوون" کە زۆرجار لە ڕادەی پێویست زیاتر خۆیان دەنواند. ئەو ڕێبەرە بلیمەتە جاری وابوو زۆر تووڕە دەبوو. تووڕەییەکەی هەڵچوونی تێدا بوو و هێندێک جار کەسی بەرانبەری دەڕەنجاند. ئەڵبەت توندییەکەی زۆرجار یارمەتیدەر بوو بۆ مودیرییەت کردن، بەڵام کاتێک لە کوورە دەردەچوو، ئیدی ڕێگای بۆ باسکردن نەدەهێشتەوە و بەرانبەرەکەی یا دەبوو تەسلیم بێ، یا بەجێی بێڵێ. جاری وابوو بۆ خۆشی دوای ئەوەی کە خاو دەبۆوە، لەو ڕەفتارەی ناڕەحەت بوو.

دووەم "بێموبالاتی لە باری ئەمنییەتییەوە" کە بەداخێکی گرانەوە ئەو تایبەتمەندییە لە زووربەی ڕێبەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە و تا ئێستاش زیانێکی زۆری لە جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە. ئەو تایبەتمەندییە لە دوکتور شەرەفکەندیشدا زۆر بوو. هەر ئەوەش هەلی بۆ ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی ڕەخساند تا لە نێوجەرگەی ئورووپادا تێرۆری بکا.

سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدی ڕێبەر، دوکتور شەرەفکەندی و ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵی شەهید کران، شەهید فەتاحی عەبدولی، شەهید هۆمایونی ئەردەڵان و شەهید نووریی دێهکوردی. یاد و ناویان بەرز و بەڕێز بێ.