
شەفیع ئاراستە
بەپێی میکانیزمی سناپباک هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێش ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەسەر ئێراندا سەپێندرابوون، بەهۆی پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانییەوە، دەگەڕێنەوە سەر شوێنی خۆیان و چالاک دەکرێنەوە.
ئەم میکانیزمە بەشێک لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، کە پشتگیری لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکرد.
هەرچەندە ئەمریکا دوای کشانەوەی لە بەرجام، هەوڵی چالاککردنی ئەم میکانیزمەی دا، بەڵام ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایش و لایەنەکانی دیکەی بەرجام، بەتایبەتی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، ئەم کارەیان بە نادروست زانی و پێیان وابوو کە ئەمریکا چیتر "دەوڵەتێکی بەشدار" لە بەرجام نیە.
بەڵام ئەگەر ئەم میکانیزمە بەڕاستی لە لایەن یەکێک لە لایەنەکانی چالاک لە ڕێککەوتنی بەرجام کارا بکرێتەوە و پاشان لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند بکرێت (ئەمشەو پەسەند کرا )، لێکەوتی زۆر جیددی بۆ ئێران و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دروست دەکات.
گەڕانەوەی گەمارۆوە نەوتییەکان، بە قەدەغەکردنی تەواوەتی کڕینی نەوت لە ئێران، لە لایەن هەموو وڵاتان، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتی دراوی بیانی، بودجەی حکوومەت و ئەمەش کاریگەریی خراپی بۆ سەر ژیانی خەڵک لە گشت سێکتەرەکان لێ دەکەوێتەوە.
دەستڕانەگەیشتن بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی، وەک سوئیفت، ڕێگری لە ئێران دەکات کە دەستی بە بانک و ماڵەی پووڵی بگات و ئەمەش وای لێدەکات کە هیچ مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵ جیهانی دەرەوە بۆ ئەنجام نەدرێت.
هەروەها هاوردەکردنی کاڵای سەرەکی وەک خۆراک، دەرمان، کەرەستەی خاوی پیشەسازی و هەناردەکردنی کەلووپەلی نانەوتی لە ڕادەبەدەر بۆ ئێران قورس بێت.
دابەزینی بەرچاوی داهاتی دراوی بیانی و نەتوانینی ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی، دەبێتە هۆی داڕمانی بەهای ڕیاڵ و زیادبوونی هەڵاوسان و دەرئەنجام؛ کەمبوونەوەی توانایی کڕینی خەڵکی لێ دەکەوێتەوە، و هەر وەبەرهێنانێکی دەرەکی کە لە ئێستاشدا زۆر سنووردارە، دەگاتە سیفر و کۆمپانیا بیانییەکانی ناچار دەبن ئێران بەجێبهێڵن.
پاشەکشەی ئابووری کە بەهۆی سزاکانەوە دەبێت، دەبێتە هۆی داخستنی شوێنە بازرگانییەکان و زیادبوونی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگەدا بڵاو دەبێتەوە و قەدەغەکردنی خزمەتگوزاری بیمە، کەشتیوانی بۆ تانکەر و کەشتییە ئێرانییەکان، هەناردەکردن و هاوردەکردن زیاتر قورستر دەکات.
دەرەنجام:
کەمبوونەوەی شەرعییەت و زیادبوونی ناڕەزایەتیی گشتی، تێکچوونی توندی دۆخی ئابووری دەبێتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لە ئاستی فراوانتر و ئەمەش زیاتر هەڕەشە لە شەرعییەت و قبووڵکردنی حکوومەت لە لایەن خەڵکەوە دەکات.
پەرەسەندنی قەیرانەکان دەتوانێ دووبەرەکیی هەنووکەیی نێوان باڵە سیاسییە جیاوازەکانی ناو حکوومەت قووڵتر بکاتەوە و ناکۆکی لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە و سیاسەتی دەرەوە زیاد بکات.
سەرکردەکانی وڵات لەژێر فشارێکی زیاتردا بۆ بڕیاردانی قورس و چارەنووسسازدا دەبن.
بارودۆخی سەختی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەتوانێت ببێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی کۆچی نوخبە و پیشەیی لە وڵاتەوە و بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە چینی ناوەڕاست تووشی ئاستەنگی جیددی دەکاتەوە.
ئێران بە توندی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دادەبڕێت و تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە پێشتر هەوڵی پاراستنی بەرجامیان دەدا (وەک ئەورووپا) ناچار دەبن پابەند بە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بن، و ئەمەش هێزی دانوستاندنی ئێران لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا بە توندی کەمدەکاتەوە.
هەروەها لەگەڵ چالاکبوونی میکانیزمی ماشە بەهۆی پێشکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا، ئیسڕائیل و وڵاتانی ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و مەترسییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەرز دەبنەوە و ڕەنگە ئێران لە بەرانبەر چالاککردنی میکانیزمی ماشەدا، بەڵێنەکانی لەژێر ڕێککەوتنی بەرجام دابووی، ڕابگرێت و دەست بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ڕێژەیەکی زیاتر یان پەرەپێدانی لایەنەکانی دیکەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، کە ئەمەش لە بەرانبەردا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی قووڵتر و بەربڵاوتر لە ئاستی ئێراندا، بکاتەوە.
هەر چەندە بە شێوەیەکی گشتی خۆراک و دەرمان بە فەرمی لە گەمارۆکان بەخشراون، بەڵام کێشەی بانکی و گواستنەوە و هاوردەکردنیان زۆر قورس و تێچووی زۆر دەکات، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی گرانی نرخی ئەو کەلوپەلانە و کارەساتێکی مرۆیی دروست بکات.
بە کەمکردنەوەی داهاتی حکوومەت، توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانی ئابووری زۆر لاواز دەبێت.
هەژاری، بێکاری و بێ ئومێدی دەبێتە هۆی زیادبوونی زیانەکانی کۆمەڵایەتی، وەک گیرۆدەبوون بە ماددەسڕکەرەکان و تاوان و کێشەی تەندروستی دەروونی و زیادبوونی تاوان و خۆ کوشتنی لەنێو کۆمەڵگە دروست دەکات.