کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفرانسی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ هەنگاوێکی نوێ بەرەو یەکگرتنی سیاسی

01:57 - 6 رەزبەر 2725

ڕەحیم نز‌هەت‌زادە

لە سێهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژینادا، و هاوتەریب لەگەڵ ئەو دروwشمەی، کە لە کوردستانەوە بۆ جیهان دەنگی دایەوە، "ژن، ژیان، ئازادی"؛ حەوت لایەنی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کۆ دەبنەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێکی هاوبەش. ئەم ڕووداوە، لە دەرەوەی دانیشتنێکی ئاسایی حیزبی، سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ بابەتێک کە هەم دەتوانێت ببێتە هۆی لێکنزیکبوونەوەیەکی بەردەوام، هەم بەهێزکردنی ڕیزەکانی نەتەوەی کورد، لە بەرامبەر ئالەنگارییە سیاسییەکانی ئێستای ئێراندا.

وەک زۆرێک لە شیکاران جەختیان لەسەر کردووەتەوە، گەورەترین سەرمایەی نەتەوەیەک لە کاتی گوشار و حاشای ئەویدییەکاندا، توانای ئەو لە پاراستنی یەکگرتوویی و ئیرادەی بەکۆمەڵە. نەتەوەی کورد لە ئێران دەیان ساڵە ڕووبەڕووی سیاسەتی ستەم و هەڵاواردنی پێکهاتەیی بۆتەوە. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، هاوکاری و یەکدەنگیی لایەنەکان، نەک هەر پێویستییەکی تاکتیکی، بەڵکوو هەروەها خواستێکی ستراتیژی و ئایدیالیستی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و بەستنی ئەم کۆنفرانسە وەڵامێکی کردەییە، بە ئاراستەی خواستە مێژووییەكان.

کۆنفرانسی کۆڵن بە تایبەتی لەو دیدەوە گرنگە، کە جگە لە نوێنەری پارتە سیاسییەکان، کۆمەڵێک کەسایەتیی ئەکادیمی، چالاکانی مەدەنی و ڕۆشنبیرانی کورد بەشداریی تێدا دەکەن. ئەم پێکهاتە هەمەچەشنە نیشان دەدات، کە لێکنزیکبوونەوە خەریکە دەبێتە پڕۆژەیەکی هەمەلایەنە، و بەتەنها لە ئاستی حیزبدا كورت ناكرێتەوە. بەشداریی چالاکانەی نوخبە و کۆمەڵگەی مەدەنی لەم پرۆسەیەدا، دەتوانێت گەرەنتی بەردەوامیی و بەرفراوانتر بوونی ئەو هەنگاوە بێت.

یەکێک لە دەستکەوتە دیارەکانی ئەم دیدارە، جەختکردنەوەی هاوبەش لەسەر پێویستی هەماهەنگییەکی نوێ، بۆ بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلی کورد دەبێ و ئەمە لە پێداگریی لایەنەکان لەسەر پرەنسیپەکانی وەک دێموکراسی، سێکولاریزم و فیدرالیزم، وەک چوارچێوەی داهاتووی ئێران، ڕەنگ دەداتەوە. ئەم سێ پرەنسیپە نەک هەر داخوازی لەمێژینەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، بەڵکوو لەگەڵ داخوازییەکانی دیموکراسیخوازانی ڕاستەقینە، لە سەرتاسەری ئێرانیشدا یەک دەگرنەوە. بە واتایەکیتر، لێکنزیکبوونەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەتوانێت بەشێک لە پرۆژەیەکی نەتەوەییتر، كە ئامانجی ئەو گواستنەوە بۆ سیستمێکی یەکسانی دیموکراسی، فرەیی و یاساییە.

هەروەها بەستنەوەی ئەم هەوڵە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵگری مانای تایبەتە. ئەم دروشمە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتوە، ئەمڕۆ بووەتە هێمای بەرخۆدان، لە دژی ستەمکاری و هەڵاواردن، لە سەرتاسەری ناوچەکەدا. بوونی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک ناسنامە و میحوەری سیاسیی کۆنفرانس، دەریدەخا کە خەباتی مێژوویی گەلی کورد، بەتەنیا بە سنوورە جوگرافییەکانەوە سنووردار نیە، بەڵکوو بەشێک لە شەپۆلێکی جیهانی دادپەروەری و ئازادییە.

بێ گومان ڕێگای یەکگرتوویی و لێکنزیکبوونەوە، دوور لە ئاستەنگیش نابێت. ئەزموونەکانی ڕابردوو دەریانخستووە، کە جیاوازی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوەیی دەتوانێت پرۆسەی هاوکاری قورس بکەن. هەروەها گوشارە دەرەکییەکان دەتوانێ هەڕەشە لەسەر ئەو یەکیەتییە تازەپێگەیشتووە بێت. بەڵام جیاوازیی سەڕەکی ئەمڕۆ لەگەڵ ڕابردوودا، گۆڕانی ئیرادەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. کۆمەڵگەی کوردی ئیتر وەرگر نیە بۆ دابەشبوون و چاوەڕێی ئەوە دەکات كە لایەنەکان بەرامبەر بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بوەستنەوە.

لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت کۆنفرانسی کۆڵن، وەک خاڵی دەستپێکێک سەیر بکرێت، کە ئەگەر بە باشی بەڕێوە ببردرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی یەكدەنگی و یەکگرتنی سیاسی. دروستکردنی میکانیزمی هاوبەش، پێکهێنانی لیژنە هەماهەنگییەکان و داڕشتنی ستراتیژی یەکگرتوو، هەنگاوەکانی داهاتوو دەبن، کە واتا و گرنگییەکی زۆریان هەیە. تەنیا بە ڕێبازێکی لەو شێوەیە، ئەم لێکنزیکبوونەوەیە لە ئاستی ڕەمزییەوە تێدەپەڕێت، و دەبێتە هێزێکی کردەیی لە گۆڕەپانی سیاسیدا.

خاڵێکی دیکە کە نابێت چاوپۆشی لێ بکرێت، ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەم پرۆسەیەدا. بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لە ئەڵمانیا، بۆ خۆی نیشانەی گرنگی ڕەوەندی کوردی و توانا نێودەوڵەتییەکانیەتی. بوونی میدیاکان و سەرنجی بازنەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەم دیدارە، دەتوانێ زیاتر دەنگی گەلی کورد لەسەر شانۆی جیهانی بەرز و بەرجەستە بکاتەوە. ئەمەش بە تایبەتی لە بارودۆخێکدایە، کە حکومەتی ئێران هەوڵ دەدات، پرسی کورد وەک پرسێکی ئەمنی و سنووردار بە ناوخۆوە نیشان بدات.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کۆنفرانسی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری کۆڵن، هەنگاوێکی نوێ و ئومێدبەخشە لەسەر ڕێگای یەکڕیزی سیاسی. ئەم هەنگاوە نەک هەر وەبیرهێنانەوەی خواستی لەمێژینەی گەل بۆ لێکنزیکبوونەوەیە، بەڵکو هاوكات نیشانەی پێگەیشتنی سیاسی هێزە کوردییەکانە. ئەگەر ئەم ڕەوتە بەڕدەوام بێت و بگۆڕێت بۆ بەرنامەیەکی کردەیی، دەتوانێت لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتەکانی گەلی کورد له ئێراندا دیاری بکات؛ لاپەڕەیەک کە تیایدا، یەک دەنگ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەڵدەستێت و دەنگدانەوەکەی بەڵێنی دیموکراسی، ئازادی و دادپەروەری بۆ هەموو نەتەوەكانی ئێران دەدات.