کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژن، ژیان، ئازادی؛ مانیفێستێک لە کوردستانەوە بۆ هەموو ئێران

19:28 - 7 رەزبەر 2725

ڕەحیم نزهەت‌زادە

٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا، خاڵی وەرچەرخان بوو. لە ڕۆژێکی وەک ئەم ڕۆژەدا ژینا ئەمینی کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ، كچی بنەماڵەیەکی کورد، لە پایتەختی ئێران گیانی لەدەست دا. ئەو قوربانیی توندوتیژیی دەسەڵاتێک بوو کە چوار دەیەیە بە ئامرازەکانی سەرکوتکردن بە سەر ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی خەڵکدا زاڵ بووە. شەهیدبوونی ژینا نەک هەر برینی کۆنی بۆ خەڵکی کوردستان نوێ کردەوە، بەڵکو هاوكات بوو بە بڵێسەی ڕاپەڕینێكی  سەرتاسەری بە دروشمی نوێ و ڕەگداکوتاو.

ڕاپەڕین لە سەقز دەستی پێ کرد، کە خەڵکی کوردستان بە نەریتی خەبات و پاشخانی مێژوویی كە هەیانە، مردنی ژینایان نەک وەک ڕووداوێکی تاکەکەسی، بەڵکوو وەک ڕەمزی چەوساندنەوەی سیستماتیک دەبینی. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شەقامەکانی کوردستاندا دەنگی دایەوە و لە ماوەیەکی کورتدا، لە سنووری ئەم جوگرافیایە دەرچوو و بوو بە زمان و کولتووری خەباتی هەموو ئێران. ئەم دروشمە لە کولتوورێکەوە سەرچاوەی گرتوە، کە جەخت لەسەر ئازادی ژن، یەکسانی کۆمەڵایەتی و مافی ژیانی مرۆڤ دەکاتەوە؛ کولتوورێک کە دەیان ساڵە، ڕەگ و ڕیشەی لە خەباتەکانی گەلی کورددا داکوتاوە، و ئەمڕۆ توانیویەتی بە هێزێکی سەرسوڕهێنەر ڕۆحی ناڕەزایەتی بۆ هەموو ئێران بگوازێتەوە.

لە ماوەیەكی كورتدا، ئەم ڕاپەڕینە بناغە لەرزۆکەکانی کۆماری ئیسلامیی هڵۆڵ کرد. لە شارە گەورە و بچووکەکاندا ژن و پیاو، گەنجان و قوتابیان، کرێکاران و ڕۆشنبیران، هەموویان ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەو دیواری ترسەی کە ڕژیم بەدرێژایی ساڵان دروستی کردبوو، داڕما و نەوەیەکی نوێ بە دەنگی بەرز ڕایگەیاند، کە چیتر نایەوێت بە دیکتاتۆرییەک حوکمڕانی بکرێت. سەرەڕای هەمووی ئەمانە و وەک مێژوو شاهیدی بۆ داوە و دەریخستووە، هەرکاتێک بزووتنەوەیەکی جەماوەری و ئازادیخواز لە ئێراندا سەری هەڵدابێت، هێزە ناوەندگەرەکان و هەلپەرستەکان، هەوڵی ڕفاندن و لادانی ڕێبازەکەیان داوە. لە سەردەمی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"شدا ئەمە خۆی بەرجەستە كردەوە. هەندێک کەسایەتی پەیوەست بە پێکهاتە کۆن و پاشایەتییەکان، بە ئیدیعای بێ بنەما سەبارەت بە "یەکپارچەیی خاک" و بە کەڵکوەرگرتن لە کورتبینی هەندێک کەسایەتی ئەکادیمی و میدیایی، هەوڵیان دا ئەم ڕاپەڕینە لە ناوەڕۆکی ڕەسەنی خۆی بەتاڵ بکەنەوە، و بیکەن بە ئامرازێک بۆ ئامانجە شەخسی و سیاسییەکانی خۆیان. ئەم ئیدیعایانەش، لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان لۆژیکی شێخ و پاشا زیاتر نەبوون و نین؛ لۆژیکێک، کە هەمیشە لەسەر دروشمی یەکگرتوویی، بە کردەوە لەسەر نکۆڵیکردن لە مافی نەتەوەکان، سەرکوتکردنی ژنان و نکۆڵیکردن لە فرەچەشنی کولتووری و زمانەوانی دامەزراو بووە. بەڵام واقیعەکە ئەوەیە، کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەر زوو لە چوارچێوە داخراوەکانی ناوەندگەرایی تێپەڕی و بەبێ جاوازی، بوو بە زمانی هاوبەشی هەموو ستەملێکراوان. لە کوردستانەوە تا بەلوچستان، لە تارانەوە تا ئەهواز، هەمووان ناسنامەی هاوبەشی خۆیان لەگەڵیدا ناسییەوە.

هەرچەندە ئەم ڕاپەڕینە، بە شەهیدبوونی سەدان کەس، هەزاران بریندار و زیندانیی سیاسی، تێچووی زۆری بەسەر خەڵکدا سەپاند، بەڵام دەستکەوتەکانیشی حاشا هەڵنەگرن. یەکەم: ئەم ڕاپەڕینە دەریخست، کە هیچ حکومەتێک ناتوانێت بە تەنها بە توندوتیژی دەنگی خەڵک بێدەنگ بکات. دووەم: لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، بۆ یەكەمین جار دروشمێک کە لە دڵی فەرهەنگی کوردەوە سەرچاوەی گرتبوو، توانی ببێتە هێمایەکی نەتەوەیی هەموو پێكهاتە نەتەوییەكان و تەنانەت نێودەوڵەتی. سێیەم: ئەم بزووتنەوەیە توانی، پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لە نێوان ژن و پیاو، نەتەوە جیاوازەکان و نەوەی گەنج، لەگەڵ نەوەکانی پێشوودا دروست بکات.

لەم نێوەندەدا، هەندێک لە بزووتنەوە هەلپەرستەکان، هەوڵیاندا بە ئیدیعای پووچ و بێبنەما، خۆیان وەک "سەرکردە"ی ئەم بزووتنەوەیە بناسێنن. بەڵام گەل زۆر باش لەوە تێگەیشتبوو، کە ئایندەی ئازادی، بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوویەکی پڕ لە ستەمکاری و نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی بنیات نایەت. ئەزمونە تاڵەکانی سەدەی ڕابردوو ئەوە دەخەنە بەر دید، کە هەر جارێک دەنگی ئازادی بەرز بووەتەوە، هێزەکانی دەسەڵات بە دروشمی فریودەرەوە چوونەتە مەیدان، و جگە لە سەرکوتکردن و پاشەکشە هیچ ئەنجامێکیان نەهێناوە.

بۆیە گرنگی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" تەنیا بە ڕەهەندە ناڕەزایەتییەکانیدا سنووردار ناكرێت. ئەو بزوتنەوەیە مۆدێلێکی نوێی خەباتی خستە نمایشەوە: یەکێکیان لەسەر بنەمای سێ پرەنسیپ – ئازادی ژن وەک هێمایەک بۆ ئازادی کۆمەڵگا، مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ، و ئازادی لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری، جا چ ئایینی بێت یان شاهانە.

 

ئەمڕۆ ئەرکی ڕۆشنبیران، چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و هەموو ئەوانەی دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات، ئەوەیە كە پارێزڤانی ڕەسەنایەتی ئەم بزووتنەوەیە بن. نابێت هیچ دەرفەتێک بدرێتە هێزە ناوەندگەرا و هەلپەرستەکان، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە گەمە سیاسییەکانیان، ڕێبازی خەڵک بەلاڕێگادا ببەن. ئەم ڕاپەڕینە هی تاک و گروپێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو سەرمایەیەكی گەلانە، کە بە خوێنی شەهیدان، هاواری ژن و پیاوی ئازادیخواز بنیات نراوە. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەمڕۆ لە دڵ و مێشکی ملیۆنان مرۆڤدا هەڵکەندراوە. ئەم دروشمە گوزارشت لە ئایدیاڵەکانی نەوەیەک دەکات، کە چیتر ئامادە نییە لە ژێر بارگرانی ستەمکاریدا بمێنێتەوە. ئەمجارە خەڵک فێری ئەوە بوون، کە ڕێگای ئازادی لە کوردستانەوە دەست پێدەکات، بەڵام شوێنی مەبەست هەموو ئێرانە و تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانیش. ئایندەیەک کە هیچ پاشا و شێخێک، مافی ئەوەی نییە حوکمڕانی چارەنووسی گەلان بکات، بەڵکو ئەوە گەلان خۆیانن، کە بە یەکڕیزی، هۆشیاری و کۆڵنەدان، ئازادی و یەکسانی بنیات دەنێن.