کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیكارییەک بۆ شكستهێنانی بڕیارنامە ڕووسی و چینییەکەی ئێران‌پارێزەكە لە شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا

18:29 - 8 رەزبەر 2725

ڕەحیم نزهەت‌زادە

بڕیاری ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارنامەیەک کە چین و ڕووسیە، كە بە ئامانجی دواخستنی جێبەجێکردنی میکانیزمی بەناو "ماشە" پێشنیاریان كردبوو، جارێکی دیکە قەیرانی ئەتۆمیی ئێرانی هێنایەوە ڕیزی پێشەوەی، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە. ئەم شکستە دەریخست، کە سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هێندێک لە زلهێزەکان بۆ کڕینی کات، ئیتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر ئامادە نیە، چاوی لە هەڵسوکەوتی سەرگەردانبكەرانەی کۆماری ئیسلامی بنوقێنێت.

ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارنامەیە، پەیامێکی ڕوونە بۆ تاران: ئەو بڕیارنامەیەی چین و ڕووسیا پێشنیاریان کردبوو، تەنیا چوار دەنگی بەڵێ، نۆ دەنگی نەخێر و دوو دەنگی بێ لایەنی بەدەستهێنا. ئەم هاوسەنگییەی دەنگەکان ئەوە نیشان دەدات، کە تەنانەت هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی تارانیش، ناتوانن پشتیوانییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی کۆبکەنەوە. پەیامی ڕوونی ئەم دەنگدانە لەوەدایە، کە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، مەترسییەکانی سیاسەتی فراوانخوازانە و ناسەقامگیرکەری کۆماری ئیسلامی، بەجددیتر لە هەر ڕەچاوکردنێكی سیاسی کورتخایەن دەزانن.

لە ماوەی دوو دەیەیی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی هەوڵی داوە، کە لە ڕێگەی تاکتیکی دانوستاندنەوە، کاتێکی زیاتر بۆ پێشخستنی پرۆژە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت. لەم ڕووەوە ناوكی هەوڵەکانی چین و ڕووسیا بۆ دواخستنی گەڕانەوەی سزاکان، دیارە: لە بارودۆخێكی هێورتر، ئافراندنی پەراوێزێكی سەلامەتە بۆ تاران، بۆ بەردەوامبوون لە چەسپاندنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا. بەڵام دەنگی نەرێنی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، دەریخست کە جیهان لەوە زیاتر كاتی فریوخوراوی ئەو یارییە چەندبارە بووەوەی نیە.

دەرئەنجامەکانی بڕیارەکەی شوڕای ئەمنییەت:

شکستی ئەم بڕیارنامەیە بە واتای، نزیكتربوونەوەی کاتی كرداری میکانیزمی ماشەیە، و گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکی گەمارۆوەکانی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشە دژی بە ئێران. گەڕانەوەی ئەم گەمارۆیانە، نەک هەر کایەی ئابووری ئێران زیاتر بەرتەسک دەکاتەوە، بەڵکوو پێگەی سیاسی و شەرعییەتی نێودەوڵەتیی ڕێژیمیش، دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بە واتایەکی تر ڕێژیمی تاران دەچێتە قۆناغێکەوە، کە نە دەتوانێت ڕێککەوتنە نیوەچڵەكان بقۆزێتەوە، نەش دەتوانێت پشتیوانییەکی بەربڵاوی نێودەوڵەتی بۆ خۆی دەستەبەر بكات.

قەیرانی شەرعییەت لە ناوخۆ و دەرەوە:

خەڵكی ئێران، ساڵانێکە باجی قورسی سیاسەتە گرژی خوڵقێنەكانی حکوومەت دەدەن. لە کاتێکدا زۆرینەی هاووڵاتیان لەگەڵ بێکاری، هەڵاوسان و فشارە ئابوورییەکان دەجەنگن، كەچی دامەزراوەی دەسەڵاتدار لە ئێران، میلیاردها دۆلار بۆ پرۆژە سەربازییەکان و دەستێوەردانەکانی ناوچەیی خەرج دەکات. ئەم بۆشاییە قووڵەی نێوان خەڵک و حکوومەت، هاوکات لەگەڵ گۆشەگیریی نێودەوڵەتی، زیاتر لە هەموو کاتێک تەحەدای شەرعییەتی سیاسی دەسەڵاتی کردوە. بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایش، لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ئەم قەیرانەی شەرعییەت لەسەر ئاستی جیهانییە.

کاریگەری لەسەر هاوکێشە ناوچەییەکان:

گەڕانەوەی سزاکان و زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر تاران، دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای دەستێوەردان لە وڵاتانی دراوسێ. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە، کە هەر کاتێک کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا گوشاری لەسەر بێت، توانای دارایی و سەربازیی بۆ پشتیوانی لە گروپە بە وەکاڵەتەكان لە ناوچەکەدا کەم بووەتەوە. ئەم پێشهاتە دەتوانێت سوود بە سەقامگیری ناوچەکە و ئەو گەلانە بگەیەنێت، کە دەیان ساڵە قوربانی سیاسەتە فراوانخوازییەکانی تارانن.

پێویستی چارەسەری بنەڕەتی:

سەرەڕای گرنگی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، دەبێت دان بەوەدا بنرێت، کە بەتەنیا گەڕانەوەی سزاکان چارەسەرێکی كاریگەر بۆ قەیرانی ئێران نیە. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری قەیرانەكان لە ڕەگ و ڕیشەڕا، بەڕاستی خوازیاری ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەبێت لە فشارە ئابوورییەکان ئەولاترەوە هەنگاو بنێت. کێشەی سەرەکی تەنیا بەرنامەی ئەتۆمی نیە، بەڵکوو سروشتی پاوانخوازانە و قەیران دروستکەری ئەو سیستمە سیاسییەیە، كە ئێران بەڕێوە دەبات. تا ئەو پێکهاتەیە نەگۆڕێت، گرژی و قەیرانەکان، هەروا بە بەردەوامی دەمێننەوە.

كۆتا پەیڤ:

بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایش، لە پرۆسەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئێران، وەک خاڵی وەرچەرخان دێتە هەژمار. ڕەتکرانەوەی بڕیارنامەی چین و ڕووسیا نیشانی دا، کە سیاسەتی کڕینی کات ئیتر کاریگەری خۆی لەدەست داوە. جیهان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، کە پاشەکشەکردن لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی، نەک گەرەنتی ئاسایش و ئارامی دەستەبەر ناکات، بەڵکوو زەمینە بۆ قەیرانی قووڵتریش خۆش دەکات. ئەم دۆخە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت گەلی کورد دەڕەخسێنێت، کە زیاتر لە هەموو کاتێک جەخت لەسەر پێویستی دێموکراسی، دادپەروەری و مافی چارەی خۆنووسین بکەنەوە. ئایندەیەکی بەردەوام تەنیا کاتێک مومکین دەبێت، کە ڕێژێمە تاکڕەوەکان جێگە و پێگەی خۆیان، بە حوکمڕانی جەماوەری و بەرپرسیارانە بدەن.