کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاریس/  بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە

21:36 - 14 خەرمانان 2725

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی(٥ی سێپتەمبری ٢٠٢٥) لە پاریسی پایتەختی فەرانسە لە پارکی ئاندغێ سیتغۆئێن «ڕێڕەوی پێشمەرگە» کرایەوە.

ئەم ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی  سەرۆکی شارەوانیی پاریس و سەرۆکی شارەوانیی پانزەی پاریس و چەندین کەسایەتیی سیاسی و حکوومیی فەرانسە، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی کاک حەسەن شەرەفی ئەندامی دەستەی کارگێڕی، بەڕێز مەسعوود بارزانی و بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران  بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا هونەرمەندی کورد «ئەلەند» سروودی «ئەز هوجامم»ی خوێندەوە.

دواتر هەر یەک لە بەڕێزان فیلیپ گوژۆ شارەوانی ناوچەی پانزەی فەڕەنسا، ئان هیدالگۆ شارەوانی پاریس، غۆماغیک غۆنیۆ دیپلۆماتی فەڕەنسی و هەروەها بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان وتارێکیان دەربارەی ڕۆڵی پێشمەرگە و کورد لە تێکشکاندنی تیرۆریسم و داعش و گرنگیی پێوەندی نێوان فەرانسە و کورد پێشکەش کرد. 

لەکۆتاییشدا هونەرمەند شوان پەروەر سروودێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەردەمی سکرتێریی شەهید دکتۆر قاسملۆوە پێوەندییەکی بەرچاوی لەگەڵ دەوڵەتی فەرانسە هەبووە و شەهید قاسملوو یەکەم سەرکردەی کورد بووە کە لە سەرەتای هەشتاکانی زایینیدا دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەوکاتی فەرانسە، فڕانسوا میتران هەبووە.

شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی کاک حەسەن شەرەفی ئەندامی دەستەی کارگێڕی،  لەم رێوڕەسمەدا بەشدار بوون.

«ڕێڕەوی پێشمەرگە» لە پاریسی پانزە و لە پارکی ئاندغێ سیتغۆئێن کە شوێنێکی ناسراو و گەشتیارییە هەڵکەوتووە.