
ڕەحیم نزهت زادە
پێشهاتەکانی ڕۆژانی ڕابردوو جارێکی دیکە نیشانی دا، کە دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگای قەیرانسازی دەگرنە بەر، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ناچار بووە، بە ڕێگای یاسایی و سیاسی وەڵام بداتەوە. لە یەك دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سێ وڵاتی ئەوروپی، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، هەنگاوە سەرەتاییەکانی چالاککردنەوەی "میکانیزمی ماشە"یان ڕاگەیاند؛ میکانیزمێک کە لە چوارچێوەی بەرجامدا پێناسە کراوە، كە دێتە واتای گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکی سزاکانی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی کۆماری ئیسلامی. بەرپرسانی تارانیش هەڕەشەیان کردوە بێتوو بڕیارێکی لەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت، ئێران لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT) دەکشێتەوە. لە ژینگەی نێودەوڵەتیدا بە روونی ئەو دوو پێشهاتەیە، بۆ ئایندەی ئێران و ناوچەكە، دێتە واتای چوونە قۆناغێکی نوێیەوە، و ئاسۆیەكی مەترسیدار بۆ ئایندەی ئێران و ناوچەکە وێنا دەكەن.
شەرعیەتدان بە کردەوەی سەربازی
لە چەند هەفتەی ڕابردوو دا، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو; کە بۆ ئەوەی ئیسرائیل "هێرشی دووەم" بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، پێویستیە كە مكانیزمی ماشە كارا بكرێت، هەتا شەرعیەتی یاسایی و نێودەوڵەتی بۆ کردەوەیەکی لەو شێوەیە ئەنجام دابین بكرێت. ئێستا بە سەرنجدان بەو ڕەوتە نوێیە وا دەردەكەوێت، كە کۆماری ئیسلامی بە چەقبەستوویی و سیاسەتی نابەرپرسانەی خۆی، زەمینەی بۆ سیناریۆیەکی وا ئامادە کردووە. بە ئەگەری کشانەوەی تاران لە NPT هەڵگری ئەو واتایەیە، كە بە هۆی ئەو پەیماننامەیە كە بەڵگەنامەی سەرەکی نێودەوڵەتیە، بۆ گەرەنتیکردنی سروشتی ئاشتیانەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی وڵاتان، دەستی زلهێزەکانی جیهان، بۆ هەر جۆرە هەنگاوێكی ڕەق و توند، كراوە دەكات.
سیاسەتە قەیران ئافرێنەكانی کۆماری ئیسلامی
لەوەتەی کۆماری ئیسلامی هاتۆتە سەر دەسەڵات، سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بناغەی میحوەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهان، هەناردەکردنی قەیران و میلیتاریزم لە قاڵب دراوە. دەسەڵاتدارانی تاران لە جیاتی گەشەپێدانی ناوخۆیی، دێموکراسی و خۆشگوزەرانی خەڵک، ملیارەها دۆلاری لە سامانی نەتەوەی ئێرانیان، بۆ گروپە بە وەکالەتەكان لە ناوچەکەدا خەرج کردووە. دەرئەنجامی ئەم ڕێبازەش، هۆكاری زیاتر گۆشەگیریی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەپاندنی سزای بەربڵاو، زیادبوونی هەژاری و ناڕەزایی لەناو وڵاتدا بەرهەم بووە. لە وەها هەلومەرجێکدا و بە هەڕەشەی کشانەوە لە NPT، بەردەوامیە بە هەنگاوێكی دیكە، لەسەر ڕێبازی خافڵاندن و بە بارمتەگرتنی چارەنووسی نەتەوەكانی ئێران.
گەلانی ستەملێکراو قوربانییانی سەرەکی
هەرچەندە تاران بە ئاماژەی "دەسەڵات"ەوە، ئەم جۆرە سیاسەتانە پەیڕەو دەکات، بەڵام بە کردەوە، ئەوە نەتەوەكانی چەوساوەی ئێرانن کە زۆرترین باج دەدەن. گەلی کورد کە هەمیشە لە پێشەنگی خەباتی ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسیدا بووە، ئەمڕۆش بەدەست ئەم قەیرانانەوە زەرمەند دەبن. گەمارۆ ئابوورییەکان، گوشارە ئەمنییەتییەکان و ئەگەری بەربڵاوی ململانێی سەربازی، ژیانی خەڵکی کوردستان، زیاتر لەوەی هەیە، قورستر دەکەن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبەردەوامی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئایندەیەکی گەش، بەتەنیا لە سایەی دیموکراسی، ئاشتی و ڕێزگرتن لە مافی گەلان مومکینە، نەک لە گرەوی خافڵاندنە ناوەكییەكانی ڕێژیم.
پێویستیی قەبوڵی بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵگەی جیهانی
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت ئەوە بزانێت، کە قەیرانی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی، تەنیا مەترسییەکی ناوچەیی یان تەکنیکی نییە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی. بەڵام شانبەشانی گوشارە دیپلۆماسییەکان و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، پێویستە گرنگی بە چارەنووسی نەتەوەكانی ئێرانیش بدرێت و لەبەرچاو بگیرێت. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت، کە ئەم خەڵکە نەک حکومەتی ستەمکار، بەڵكو خوازیاری ئازادی، ئاسایش و پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ جیهاندان. هەر سیاسەتێکی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی دەبێت لە یەک کاتدا، زەمینە بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی نێوخۆیی، لەوان بزووتنەوەی دێموکراتی نەتەوەیی کوردستان خۆش بکات.
ئاسۆی داهاتوو
لە بارودۆخی ئێستادا، ئەگەری دوو سیناریۆ هەیە: یەکەم: چڕبوونەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەنجومەنی ئاسایش، کە دەتوانێت زیاتر ڕژێم لاواز بکات؛ دووەم: ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە NPT بکشێتەوە، شەرعیەت دەدات بە هێرشی ئیسرائیل و دیكە زلهێزەکانی دیکە، ئەوكاتیش روخساری قەیرانەكە دەگۆڕدرێت بۆ رووبەرووبوونەوەی سەربازی. دوواجار هەردوو سیناریۆکەش، بەرهەمی سیاسەتەکانی خودی ڕێژیمن، بەڵام نابێت نەتەوەكانی ئێران، ببنە قوربانی بەردەوامی ئەم گەمە مەترسیدارە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبەردەوامی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە چارەسەری ڕاستەقینە لە گۆڕینی بنچینەیی سیاسەتی ناوخۆیی، دەرەوەی ئێران، هەڵوەشاندنەوەی دیکتاتۆری ئایینی و جێگرتنەوەی سیستمێکی سێكۆلار، دێموکراتیک و فیدراڵییە؛ سیستەمێک کە ئازادی و یەکسانی و مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموو نەتەوەكانی ئێران دەستەبەر بكات، و پەیوەندیی ئاشتیانە لەگەڵ جیهاندا دابمەزرێنێت.
كۆتا پەیڤ
چالاکبوونی میکانیزمی ماشە و هەڕەشەی کشانەوەی کۆماری ئیسلامی لە NPT ئەوە نیشان دەدات، کە ڕژیمی دەسەڵاتدار هەرگیز بە دوای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک نەبووە. سیاسەتەکانی ئێستاشی، تەنیا پاڵ بە وڵاتەوە دەنێت كە بەرەو گۆشەگیری زیاتر و ئەگەری شەڕێکی وێرانکەر هەنگاو بنێت. بەرپرسیارەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم هەلومەرجەدا ئەوەیە، کە جگە لە گوشار خستنە سەر ڕێژیم، گوێ لە دەنگی نەتەوەكانی ئێرانیش بگرێت و، پشتیوانی لە داخوازی ئازادی، مافی چارەی خۆنوسین و دێموکراسییان بکات. تەنها بەم شێوەیەیە، دەتوانین هیوای ئایندەیەکی دوور لە هەڕەشەی ئەتۆمی و سەربازی بۆ ناوچەکە و جیهان بخوازین.