کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەلاوێژی ئەو ساڵە!

14:11 - 2 خەرمانان 2725

ڕەسووڵ سوڵتانی

پاڵم وە لاشیپانەی دەرگا دارەكەی ژوورێ داوە. ژوور چ ژوور، وەكوو ژووری هەموو كەس، لە نێوەڕاستەكەیدا تەندوورێك و كولانكەیەكی هەیە و، لە لایەكییەوە هەرزاڵێك كە دەستەنوێنی لەسەر دانراوە و بن هەرزاڵەكەش كەلوپەلی ماڵێی تێدایە و لە گۆشەیەكیشەوە چەند فەردە ئارد لەسەر یەك دانراون. ساڵێكیان ئەو فەردە ئاردانە نەبوایەن گوللە تۆپەكە ڕێك دەهاتە ژوورێ و لەوانەبوو هەموومان بكوژێ، بەڵام لە نێوان دیوار و فەردەئاردەكاندا گیرساوە و نەتەقی. ئەوە دوایی بۆت باس دەكەم چۆن بوو. جا زستانان هەموو ڕۆژێ دەبێ ئەو تەندوورە نێڵ بدرێ و دوای دامركانەوەی كورسیی لەسەر دانێن. دایكم وردە وردە بە دەوری تەندوورەكەدا دەهاتەوە و دەیگوت لێوارەكانی شكاوە، ئەمساڵ پێم نەكرا تەندوورێكی تازە دانێم. ئەو خەمی تەندوورەكەیەتی و خەمی نانكردنی زستانێ كە لەوانەیە هەویرەكەی بەو تەندوورەوە گیر نەبێ و هەمووی لێ داچۆڕێتە نێو ئاگرەكە و ببێتە كۆڵوو، منیش ئەوە شانم بە لاشیپانی دەرگاكەوە ناوە و بەزمی ناسنامەم پێ گرتوە.

- باشە كوڕم خودا گەورەیە با بابت بێتەوە پێی دەڵێم وەدووی كەوێ.

- جا كەنگێ وەدووی دەكەوێ؟ بۆ پێت وایە كراسە بچێ لە بازاڕ بیكڕێ؟

- ئەیەڕۆ هێشتا نەچوویەتە خوێندن ئەو قسە زل زلانە لە كوێ دێنی؟ ئاخر زەمانە. منداڵی ئەو دەوروزەمانە دەڵێی زمانی شەیتانیان لە زاری‌دایە. كوڕە ڕۆڵە باشە با بابت بێتەوە.

- دەڵێم ئەی بۆچی كاكم هەیەتی؟

لەبەر خۆیەوە دەبۆڵێنێ و جاروبار دڵم دەداتەوە و جاروباریش لێم تووڕە دەبێ بەشكم لەكۆڵ خۆیم بكاتەوە. دەڵێ وەرە پووڵت دەمێ بچۆ لە دووكان بۆخۆت شت بكڕە.

- نامەوێ، پووڵم ناوێ. منداڵی خەڵك هەموو لە مەدرەسەن، ئەمن نەبێ. خانم دەڵێ شناسنامەت نیە ناتوانین ناوت بنووسین و ڕاتگرین.

باشە كوڕم، بۆخۆم دێم قسە لەگەڵ مونیرە خانم دەكەم، پێی دەڵێم ڕێگەت بدا لەگەڵ منداڵەكان دانیشی.

بەو قسەیە تۆزێك ئەهۆن دەبمەوە. مونیرە خانم دایكمی زۆر خۆش دەوێ. چوار خانمە مامۆستان لە مەهابادەوە هاتوون. شەوانی چوارشەممە دەعوەتی ماڵی ئێمەن. ئاخر چوارشەممۆیان بابم دەچێتە بازاڕی میاندواو و گۆشت دەكڕێ و دایكم شۆرباو كفتە لێ دەنێ. قسەی بابمیان زۆر پێ خۆشە. قاقا دەكێشن. بە دایكم دەڵێن دەستاوت زۆر خۆشە. بابم دەڵێ ماچیشی خۆشە. دایكم سوور هەڵدەگەڕێ و دەڵێ ئەیڕۆ بایز بۆ هەرچی بێتە سەر زارت نایگێڕییەوە. ئەوانیش قاقا پێ دەكەنن. دایكم هەڵدەستێ بە بیانووی شتێكەوە دەڕوا و تاوێكی دی دێتەوە.

گوتم مونیرە خانمیش ڕێگەم بدا، دوایی ناهێڵن ئیمتیحان بدەم و دەڵێ دەبێ ناوت بنووسرێ.

دەڵێ هەتا وەختی ئیمتیحان بابت شناسنامەكەت بۆ وەردەگرێ. پێی دەڵێم لەگەڵ میرزا ئەحمەد بچێ لە كەلبەڕەزاخان بۆت وەرگرێ. دەڵێن لەوێ دەیدەن.

بە بیستنی ناوی كەلبەڕەزاخان، ترسێك دامدەگرێ. ئاخر پایەگای کەلبەڕەزاخان تەنیا پاسداری لێیە و ئەوانیش هەر کەس ببینن دەیكوژن. جاران مەقەڕی پێشمەرگە لێ بوو. نازانم چ ساڵێک بوو عەوڵای برام ساوا بوو. نەخۆش بوو بردمان لەوێ لە بەشی تەندروستییەکەی دەرزییان لێ دا. بۆنی دەرمان زۆر ناخۆش بوو، بەڵام پێشمەرگەکان دەهاتن و دەچوون ئاغابانوویان لەسەر بوو. پێشمەرگەیەك بابمی دەناسی. دەستی لە گیرفانی نا، لوێچێك مێوژەڕەشەی دەرهێنا و پێی گوتم كۆشت بگرەوە. مێوژەكە زۆر خۆش بوو. بۆخۆشمان مێوژمان هەبوو، بەڵام ئەوەی ئەو زۆر خۆش بوو. لەو ڕۆژەوە هەر جارێكی تەقە دەبوو، دەمگوت خوایە پێشمەرگەی مێوژەكە هیچی لێ نەیە.

ئێستا ئیدی ئەو شوێنە بنکەی پاسدارانە و خەڵک دەبەن لەوێ دەیانکوژن و دایکیشم دەڵێ دەبێ ناوی من لەوێ بنووسرێ ناسنامەم بدەنێ. ترسێک هەموو گیانم دادەگرێ. ناسنامەی من لەوێ بدرێ؟ ئاخر حەفتەی پێشتوو محەممەدی عەلی تەها و مەحموودی قادرۆکەیان لەوێ کوشتبوو. کاک محەممەدم جوان لەبیرە. پیاوێکی ڕەشتاڵەی ڕەقەڵە بوو. ئەسپ و داشقەی هەبوو و جاروبار بابم دەیهێنا حەوز و شۆرکە و شتی پێ دروست دەکرد. ڕوخساری دادە حوسنیی دایکی کاک محەممەدیشم هەر لە بەر چاوە، کە لاڕوومەتی خۆی ڕنیبوو، خۆی ڕادەژاند و هۆن هۆن فرمێسکی لە چاو دەهاتنە خوار و زوو زوو به لۆی چارەکەشانەی لووتی دەسڕییەوە و جار نە جارێکیش لە پڕ لە هەر دوو ڕانی خۆی ڕادەکێشا و دەیگوت ئەی ڕۆۆۆۆۆ ئەی ڕۆۆۆۆ محەممەد گیان، کۆزی ساوات بۆ کێ بەجێ هێشتوە؟ بە قوربانی کۆزی ساوات بم. زۆری نەبرد دادە حوسنییش مرد. گوتیان لە سوێی كاك محەممەد دڵی تۆقیوە. ئەو كاتە دادە عیسمەتی خێزانی کاک محەمەد دووگیان بوو. بە دەردی دایكم دەیگوت كۆشێك منداڵی هەبوو. كۆشێك یانی چەند؟ ئەو سێی هەبوو. هاشم و حامید و پیرۆز. هاشم گەورە بوو و بۆ بابی دەگریا. حامید تاسابوو. پیرۆز منداڵێکی زەردەڵەی قژکاڵ هێشتا نەیدەزانی چ قەوماوە. منداڵی پاشەبەرە کە ئێستا ئیدی پیاوێکە، ناوی نرا رێبوار. کاک محەممەد زۆر لە دایکی دەچوو. کاک محەمەد و کاک مەحموود و چەند کەسێک بەهارێ خەریکی ئاوداشتنێ دەبن کە پاسدار بەو دەشتە وەردەبن و ڕەشبگیر هەرچی تووشیان دەبێ دەیانگرن و دەیانبەنە پایەگای کەلبەڕەزاخان.

بابم هەموو جارێ دەیگێڕاوە و دەیگوت: كابرایەك گێڕایەوە گوتی، ئەو ڕۆژەی محەممەد و مەحموود كوژران منیش گیرابووم، بە حوكمی ئەو خوایە منیان نەكوشت. كە گرتیانم یەكسەر چاویان بەستم و بردیانم، خۆ نەمزانی بۆ كوێم دەبەن. لە ژوورێكیان كردم دیار بوو چەند كەسێكی دیكەشی لێ بوون. ئەمن محەممەد و مەحموودم بە دەنگیانڕا ناسییەوە، گوتم محەمەد ئێوەیان لە كوێ گرت؟ گوتی لەگەڵ مەحموود ئاوان دەداشت. یەکێکیان نەمزانی کێیە گوتی دەمانکوژن. محەممەد گوتی پەنا بە خوا. ئەی منداڵەکانمان؟ خۆزگەم بە خۆت هێشتا منداڵت نیە. هاشم دوو ڕۆژە داوای کراس دەکا گوتم چوارشەممە لە بازاڕ بۆت دەکڕم. مەحموود هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی دەمانتوانی هەڵێین ماڵت نەشێوێ محەممەد. گوتم وەرە لەگەڵ کاک بایز و کاک کەریم خۆمان بە چۆمەکەدا بدەین و بپەڕینەوە بەری ساروقامیش.

ئەوان کە پاسدارەکانیان دیتبوو، زانیبوویان نابێ ڕاوەستن. ماوەیەک بوو تووشی هەر کەس دەبوون دەیانکوشت. لێپرسین و شتی وا نەبوو. لە هەر جێیەک لە شەڕی پێشمەرگە دەشکان، لە گەڕانەوەدا خەڵکیان دەکوشت. بۆیە یەکسەر بەرەو چۆمەکە هەڵاتبوون و پاسدار سەریان لە دوو نابوون. ئەوان خۆیان بە چۆمەکەدا دابوو و پاسدار تەقەیان لێ کردبوون. بابم گوتی هەر بە قودرەتی خودا نەیانئەنگاوتین و ترس وای کرد لەو چۆمە بەخوڕ و قووڵە بپەڕینەوە. بابم گوتی وەڵڵا پێم گوت گوتم محەممەد دەمانکوژن دەبێ هەڵێین، محەممەد گوتی جا چمان کردوە بایز؟ ئەوەتا من خەریکی ئاوداشتنم بۆ دەبێ بمکوژن؟ ئیدی پاسدارەکان خەریک بوون دەگەیشتنێ و کاتم نەبوو لەوە زیاتر قسەی لەگەڵ بکەم دەبوو هەڵێم. خەڵکەکەی دیکەش دوور کەوتبوونەوە. خەمی پەرویزی حوسێنی حاجی بەنگینم بوو، منداڵ بوو گوتم لەو چۆمەدا دەخنکێ، کەچی پێش هەموومان ئەو پەڕییەوە.

کاک مەحموود گوتبووی محەممەد خەتای تۆ بوو. نەتهێشت منیش هەڵێم. بەخوای هەموومان....

گوتی: لەو کاتەدا دەرگا کرایەوە و نەیانهێشت مەحموود قسەکانی تەواو بکا. ئەو و محەممەدیان بردە دەرێ. لە دەرێ دەنگی هاوار و ناڵەناڵیان دەهات. زانیم لێیان دەدەن. تاوێک بوو هەر دەنگی پاسدارەکان دەهات و هیچی دی. ئەوجار دەنگی تەقەی تفەنگ هات. سڕ بووم. گیانم لەبەردا نەما. زانیم تەقەیان لەوان کردوە. دەنگی دەرگا کرایەوە و هەموومانیان وەپێش خۆیان دا. نەمدەزانی بەرەو کوێمان دەبەن. زرمەیەک لە پشتم هات، دەتگوت کێوێکم بەسەردا ڕووخا. نازانم بە چی لێیان دام. بەرەو دەم کەوتم. هەڵیانستاندمەوە. ئەوانی دیکەش هاوار هاواریان بوو. دەنگەدەنگی پاسدارەکان جار بە جار بەرزتر و گرژتر دەبوو. یەکێکیان دەیگوت با سەریان ببڕین. ئەوی دی دەیگوت یەکی یەک گوللەیان بەسە. بە دیوارێکیانەوە ناین. چاومان هەر بەسترابوو. ئەژنۆم شل بوون. دەنگی چەکەکانیان هات کە خستیاننە سەر پێ. چاوەڕێ بووم بزانم چۆن و لە کوێم دەدرێ. سەرم؟ سینگم؟ دایکم هاتە پێش چاوم، خۆی دەڕنی و لە خۆی دەدا و خۆڵی وەسەر خۆی دەکرد. لەو دەمەدا دەنگێک بە تورکی گوتی دەست ڕاگرن. بوو بە هەرا. ئەو دەیگوت بۆچی دەیانکوژن؟ من ئەوانە دەناسم. خەڵکی ماڵوێرانی ئەو دێهاتانەن. سەد جار لە ماڵیان نانم خواردوە. چۆن دڵتان دێ؟ ئەوانەتان بۆ کوشتوە؟ ئەوانە؟ یانی محەممەد و مەحموودیان کوشتبوو؟ ئێمەش دەکوژن؟ بڵێی بە قسەی بکەن و نەمانکوژن؟ دەنگەکان خاو بوونەوە. دەستێک پەڕۆی چاوی کردینەوە. بەرچاوم تاریک بوو. تاوێک هیچم نەدەدی. وردە وردە کە بەرچاوم ڕوون بۆوە، دیتم مەحموود و محەممەد لەو لاوە کەوتوون و خوێنێکی زۆریان لەبەر ڕۆیشتوە. بە تەور لە سەریان دابوون و بە گوللەش. نازانم لە پێشدا بە کامیان. مەشەدی غوڵام بەسەریانەوە ڕاوەستابوو و هەر لە ئەژنۆی خۆی دەدا و جنێوی بەو پاسدارە ڕیشنە دەدا کە لەولاوە نێوچاوانی غەزەبی لێ دەباری. مەشەدی غوڵام بوو نەیهشێت ئێمە بکوژن.

دایکم دەیگوت حەک کوێر بم بۆ عیسمەت، بە سەری شلکی لێی قەوما. بە کۆشێک منداڵەوە. جا دایکم کە وای دەگوت چاوێکی لە بابم دەکرد، هەستم دەکرد دەڵێ خوایە شکوور هێشتا سێبەریمان بەسەرەوە ماوە. ئاخر ئەو ساڵانە هەر ڕۆژە و هەواڵی کوژرانی یەکێک دەبیسترا. پاسدار لە سەر هیچ و خۆڕایی خەڵکیان دەکوشتن. کەچی دایکم بۆخۆشی هەر بە سەری شلکی لێی قەوما. هێشتا سەری کوڵمەکانی سوور سوور بوون کە بابم مرد. ئەودەم من چەند ساڵێک بوو ناسنامەم وەرگرتبوو و دەرسم دەخوێند. چواری سەرەتایی بووم. تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بوو. یانی چوار ساڵ بوو سجیلم هەبوو. دەمێک بوو ئیدی خانمە مامۆستاکان جلوبەرگی کوردییان لەبەر نەدەکرد. ئێستا مانتۆیان لەبەر دەکرد و کۆچکەیان لەسەر دەکرد، بەڵام هەر وا میهرەبان بوون، ئەوەندەیە وەکوو ساڵی یەکەم و دووەم داوای سروود و گۆرانییان لە منداڵەکان نەدەکرد. لە پێشدا وا نەبوو. ئەو ساڵەی من چوومە مەدرەسە و دوایی ناردیانمەوە هێشتا کتێب نەدرابوو بە منداڵان، خانمە مامۆستاکان دەیانگوت کێ دەنگی خۆشە بێ گۆرانی بڵێ. جا ئی وا بوو پێی خۆش بوو بچێ و شەرمیشی دەکرد. هاوڕێی پەنا دەستی، دەستی بەرز دەکردەوە و دەیگوت خانم ئەوە دەنگی خۆشە. با بێ. ئیدی دوای چەند ڕۆژێک من دەر کرام. نیوەڕۆیەک بابم هاتەوە ژوورێ و گوتی هەستە وەرە. چوومە دەرێ، دوو پاسدار لە ماشێنێک دابەزین، جلوبەرگەكانیان خاڵ خاڵ بوو، ڕیشێكی درێژ و شەپكەیەك لەسەر. میرزا ئەحمەدیش کە شوڕای گوند بوو، لەوێ بوو. هێندێ پرسیاریان لە بابم کرد، دیاربوو بابم زۆر بە ڕوونی جوابی نەدانەوە بۆیە میرزا ئەحمەد هاتە بەر دەرگا و بانگی دایکمی کرد:

- ڕووحیزاد

- بەڵێ مام میرزا.

- حەمەڕەسووڵ چ ساڵێک لە دایک بووە؟

- کاکە میرزا گیان ئەوە دەبێتە حەوت پاییز. بەڵام دووەم مانگی هاوین بوو، سێ چوار ڕۆژێک لە گەلاوێژ تێپەڕیبوو. ئەوێ ساڵێ من نەمتوانی بچمە دەشتێ.

- زۆر باشە. تەواو.

هاتەوە و پاسدارەکان هێندێ شتیان نووسی و سەیرێکی منیان کرد و ڕۆیشتن. من سەیری تفەنگەکانیانم کرد گوتم تۆ بڵێی ئەوانە کامیان کاک محەممەد و کاک مەحموودیان کوشتبێ؟