
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
هاونیشتمانییانی بەڕێز!
خەڵکی خەباتکار و یەکگرتووی کوردستان!
ماوەیەکە دەزگای سایبێریی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێوان خەڵکی کوردستاندا، خەریکی بەڕێوەبردنی پیلانێکە.
بابەتەکە بەم جۆرەیە کە دەزگای سایبێریی ڕێژیم ئەمجارە بە دروستکردنی پەیجی ساختە و فەیک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام خەریکی دروستکردنی کێشە و ناتەبایی لە نێوان شار و ناوچە و ئاواییەکانی کوردستانە. ئەوان لەم هەوڵە تێکدەرانەدا و، لەو پەیجە فەیکانەوە کە بە ناوی شار و ئاواییەکانەوە دروست کراوە، خەریکی بێڕێزیکردن یان گاڵتەکردن بە یەکترن کە ڕەنگە بینەر لە یەکەم ڕوانیندا پێی وابێ ئەوە پەیجی ڕاستییە و بکەوێتە ئەو داوەوە کە، دەزگا سیخوڕی و سایبێریەکانی ڕێژیم بەو مەبەست و ئامانجانە دروستیان کردوون .
خەلکی خەباتگێڕی کوردستان!
بێ گومان مەبەستی سەرەکیی ڕێژیم لەم پیلانگێڕییە ئەوەیە کە لەم ڕێگایەوە هەوڵ بدەن ئەو یەکڕیزی و یەکگرتووییەی لە نێوان ئێوەی بەهەڵوێست و خەباتکاردا هەیە، تێکی بدەن. ئەو یەکڕیزی و یەکگرتووییەی بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا کە نیشانەی زیندوویی و هوشیاریی سیاسی و نەتەوەیی ئەو گەلە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان و ڕێوڕەسمەکانی دیکەدا و لە خۆشی و ناخۆشیدا لە نێوان ئێوەدا پێک هاتووە، سەرمایەیەکی بەنرخی نەتەوەییە کە دوژمن لێی تۆقیوە و لە هەوڵی ئەوەدان کە چەندی بۆیان بکرێ زەربە لەو یەکڕیزی و یەکگرتووییەی ئێوە بدەن.
بۆیە چاوەڕوانی لە ئێوەی تێکۆشەر ئەوەیە کە بە وشیارییەوە یەکتر ئاگادار بکەنەوە و لای خۆتانەوە ئەگەر تووشی ئەو پەیجانە بوون ڕیپۆرت و بلاکیان بکەن. بۆ ئاگاداریتان ئەو پەیجانە کە بە ناوی شار و گوندەکانەوە دروست کراوە، هەر هەموویان پاشگری " میم" یان پێوەیە.
سڵاو لە هێزی لەبڕاننەهاتووی گەڵ.
سڵاو لە یەکڕیزی و یەکگرتووییتان کە زامنی سەرکەوتنمانە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلاتی نهێنی
١٣ی خەرمانانی ١٤٠٤