کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بارەی چوارەمین کۆنفڕانسی ئەنجومەن

00:48 - 14 خەرمانان 2725

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

زیندانیانی خۆراگری سیاسیی کوردستان!

بنەماڵەی سەربەرزی زیندانی سیاسی!

ئەندامانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، چوارەمین کۆنفرانسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی نزیک بە تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەن لە هەرێمی باشووری کوردستان دەستیپێکرد و دوای چەند کاتژمێر کاری بەردەوام، ئێوارەی هەمان ڕۆژ سەرکەوتووانە کۆتایی بەکارەکانی هێنا.

 لەسەرەتای کاری کۆنفڕانس‌دا وێڕای سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، پەیامی کردنەوەی کۆنفڕانسی ئەنجومەن لە لایەن خاتوو سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و ئەندامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان پێشکەش کرا.

بە مەبەستی بەخێرهێنانی ئەندامانی بەشدار لە کۆنفڕانس و سەرجەم ئامادەبووان، بەڕێز سەلاح خزرپوور، بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و سپاسی پشتیوانی و هاوکاری و بەشداریی هەموو ئەو ئۆڕگان و لایەنانەی کرد کە لە بەڕێوەبردنی چوارەمین کۆنفڕانسی ئەنجومەن‌دا ڕۆڵیان گێڕاوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین کۆنفڕانسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆنفڕانس لە لایەن  کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی دەستەی کارگێرییەوە پێشکەش کرا.  بەڕێزیان لە سەرەتای قسەکانی‌دا ویڕای پیرۆزبایی بەستنی کۆنفڕانسی ئەنجومەن، سەرکەوتنی کۆنگرەی لە کاروباری‌دا بە ئاوات خواست.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانی‌دا وتی: کۆنفڕانسی چوارەمی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێ کە دۆخی نێوخۆی ئێران زیاتر لە هەر کاتێک هەستیار و بەستێن‌سازی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانە و دوای شەڕی دوازدە ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل و تێکشکاندنی هەیمەنەی درۆیینی رێژیمی کۆماری ئیسلامی دەرکەوت کە ئەم ڕێژیمە لەوپەڕی لاوازی و قەیرانی مەشروعییەت و تەریککەوتنەوە دایە.

لە پەیامەکەی دەستەی کارگێریی‌دا ویڕای ئاماژەدان بە دۆخی قەیراناوی لە ئێران و بێزاریی خەڵک لە ڕێژیم و بەرینبوونەوەی مەیدانی بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕێژیم، باس لە بەدەوامیی سیاسەتی سەرکوت و داپڵۆسینی رێژیم بەرانبەر بە خەڵک و جیابیران کرا و لەم پێوەندییەدا بەڕێز باڵەکی وتی؛ لە نێوخۆی وڵاتیشدا لەهەمبەر ویست و داخوازییەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا داماو و زەبوونە و هەربۆیەش دەزگای سەرکوت بە هەموو شێوەیەک بۆ چاوترسێنکردن و قەرەبووی شکستەکانی ڕێژیم دەستی داوەتەوە ڕەشبگیری و دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و خەڵکی بێتاوان بەتۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل و چالاکیی بە دژی ڕێژیم و دادگاییکردنی نایاسایی و نادادپەروەرانە و سەپاندنی سزای بەندکردنی درێژخایەن و تەنانەت لەسێدارەدان بەشێک لە ڕەفتارەکانی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامین کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پتر پەرەیان سەندووە.

لەدرێژەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین کۆنفڕانسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان‌دا، پەیامی هەیئەتی ئامادەکاری کۆنفڕاس، لەلایەن کاک بەختیار نەزەری، ئەندامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشکەش بە ئامادەبوان کرا و پاشان لە لایەن بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە، کاک سمکۆ دەستمەردەوە، ئاماژە بەو پەیامانە کرا کە لە لایەن حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانەوە بۆ کۆنفڕانس نێردرابوون و دواتر لەگەڵ بەڵگەنامەکانی دیکەی کۆنفڕانس‌دا چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.

پەیامی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆنفڕانسی چوارەمی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان نێوەڕۆکی بڕگەیەکی دیکە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفراس بوو کە لە لایەن سمایل شەڕەفی، بەرپرسی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە پێشکەش کرا. بەڕێز شەرەفی لە بەشێک لە پەپامەکەی‌دا ڕوو بە ئەندامانی کۆنفڕانس وتی؛ ئێوە لە هەلومەرجێکدا چوارەمین کۆنفرانسی ئەنجومەنەکەتان دەبەستن کە وڵاتی ئێران بۆ سەرجەم دانیشتووانی بووەتە بەندیخانەیەکی گەورە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وێڕای سەپاندنی نزیک بە نیوسەدە لە دەسەڵاتی ڕەش و دیکتاتۆریی خۆی، بە بیانوو و شێوازی جۆراوجۆر، ماف و ئازادییەکانی خەڵكی ئێران و گەلانی ئەو وڵاتەی بە بارمتە گرتووە.

نیشاندانی دێکیۆمێنتارییەک لەسەر ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان و بەندکراوانی سیاسیی کورد کە لەلایەن کۆماری بەهاری، ئەندامی ئەنجومەنەوە ئامادە کرابوو، دوایین بڕگەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفڕانسی پێک دێنا. لەو کورتە گرتە دیکۆمێنتارییەدا باس لە بەندکراوان سیاسیی کورد، چالاکییەکانی ئەنجومەن و ڕۆژی دامەزراندنی ئەنجومەنکە کرا.

دوای بەرێوەچوونی ڕێوڕەسمی کردنەوە، لە ماوەی چەند کاتژمێری بەدوای یەکدا کارە سەرەکییەکانی کۆنفڕانس بەڕێوەچوون کە بریتی بوون لە؛

١- پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی بەرێوەبەریی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆنفڕانسی چواری ئەنجومەن کە لایەن بەڕیز سەلاح خزرپوور، بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنەوە پێشکەش کرا. دوای وەرگرتنی ڕاوبۆچوون و پێشنیاری ئەندامانی کۆنفڕانس بە تێکڕای دەنگ ڕاپۆرت پەسەند کرا.

٢- پەسەند کردنی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی ئەنجومەن.

٣- قسەکردن لە کارو و چالاکییەکانی ئەنجومەن لە ماوەی نێوان دوو کۆنفڕانس. لەم بەشە لە کاری کۆنفڕانس‌دا بە ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە کار و چالاکییەکانی ئەنجومەن، کۆمەڵێک پێشنیار و ڕاسپاردە خرانە بەر باس و بەرێوەبەریی تازەی ئەنجومەنیان پێ‌ئەرکدار کرا.

٤- هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری و بەرپرسی ئەنجومەن. بۆ ئەم بەشە لە کاری کۆنفڕانس کە لە لایەن ناوەندی هەڵبژاردن بە سەرپەرەستیی بەرێز محەممەد ساڵح قادری، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنەکانەوە بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەرییەکی نوێ بۆ ئەنجومەن هەڵبژێردرا کە لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆێدا بەڕێز سەلاح خزرپوور بە بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانیە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە.

لە کۆتایی‌دا، کۆنفڕانسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵە بەڕێزی بەندکراوانی سیاسی کرد کە لە لەلایەن بەڕێز شێرکۆ شێخاڵی، ئەندامی ئەنجومەنەوە پێشکەش کرا. لە بەشێک لەم پەیامەدا هاتووە؛ ئێوە بەندکراوانی سیاسیی کورد کە بەشێکی گرینگ لەو خەبات و تێکۆشانەتان لەسەر شان بووە، مایەتان لە تەمەن و ژیانی ئاسایی خۆیان داناوە و بەخۆڕاگری و کۆڵنەدانتان لە بەندیخانەدا سەنگەری بەرگریتان ئاوەدان ڕاگرتووە، بێگومان مێژووی خەبات وخۆڕاگری بەندکراوانی سیاسی بەشێکی گرینگە لە مێژووی خەباتی ڕەزگاری خوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆتە جێگای شانازی پێکردن، بۆیە جێگای خۆیەتیی کە شانازی بە ئێوە؛ بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵە بەرێزەکانتانەوە بکەین.

کۆتاییهاتنی سەرکەوتوانەی چوارەمین کۆنفڕانسی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەندامانی ئەنجومەن و هەموو زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر و بنەماڵە سەربەرزەکانیان پیرۆز بێت.

                                                                              ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

                                                                                               ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی

                                                                                                    ٤ی سپتامبری ٢٠٢٥ی زاینیی