
عەلی لەیلاخ
ڕەفتار و هەڵسوکەوتی حکومەتە دیکتاتۆرەکان هێندە وێکچوون و خاڵی هاوبەشیان هەیە کە بە سەرنجدان بە هەرکامەیان دەتوانی حکومەتێکی وەک کۆماری ئیسلامی پێ، ئانالیز بکەی؛ چونکە لە بنەڕەتدا دیکتاتۆرەکان بەسەر ستۆندەکی خەڵک و هێزی سەرکوتکەر و دەزگای پروپاگاندا خۆیان ڕاگرتووە.
خەڵکی ئێران و کوردستان بەتایبەتی بنەماڵەی داخدار و تازیەباری ڕاپەڕینی ژینا لە کاتێکدا پێ دەنێنە سێیەمین ساڵیادی ئەو ڕاپەڕینە خوێناوییە کە هێشتا هیچ کام لە جینایەتکارانی ئەو کارەساتە نە دادگایی کراون و نەناسیندراون و هەروەها حاکمییەتی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامیش لەسەر تەختی خوێن دەسەڵاتدان.
یەکێک لە خسڵەتە دیارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ خۆدزینەوە لە ئاست بەرپرسایەتییەکانی و کێشەی ماهییەت یان چییەتی خۆی و هەروەها بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، بریتییە لە پەنابردن بۆ هەستی ئێرانگەرایی و بۆ ئەم مەبەستەش دەسئاوەڵاییەک دەهێڵێتەوە بۆ هێندێک ڕووداوی فەرهەنگی؛ تەنانەت گەر هێندێک مەلا و مەرجەع تەقلیدی قوم و جەمارانیش لێی لالووت بن و پرتەوبۆڵەی ئایینییان هەبێ.
ساڵی ١٩٩١ـی زایینی گرووپی مووسیقیی ڕاکی "مێتالیکا" لە فڕۆکەخانەی "توشینو" لە سەر داوای حکومەتی ئەوکاتی مۆسکۆ کۆنسێرتێکیان بەڕێوەبرد کە دەگوترێ نیزیک بە دوو میلیۆن کەس لەو کۆنسێرتەدا بەشدار بوون و بە هۆی قەرەباڵغییەوە ٥٣ کەس کوژران و سەدان کەس برینداری لێکەوتەوە!
هەر سێ مانگ دوای ئەوە لە دێسامبری هەمان ساڵ یەکیەتیی سووڤیەت هەڵوەشایەوە و مووسیقیی جیهانیش ساڕێژی کێشە بنەڕەتییەکانی نەکرد.
بڕیار بوو ڕۆژی هەینی واتە ١٤ی خەرمانان بە هەمان شێوە و لە قەبارەی چووکەتردا "هومایون شەجەریان" لە مەیدانی ئازادیی "تاران"ی ئازادیکوژ! کۆنسێرتی خۆڕایی بەڕێوە ببات و چەندین کەسی دیکەش لە نۆرەدان. ئەویش لە دۆخێکی وەکوو ئێستا کە خەڵک بەسازی "مەرگەسات"ـەوە هەناسەکێشانی خەم و خەفەتیانە!
یەکەم ئەوەی کە دەسەڵات لە بەرەبەری ساڵیادی ڕاپەڕینی ژینا و هەروەها کاریگەرییەکانی شەڕی١٢ ڕۆژە کەوتووەتە مانۆڕی وا بۆ ئەوەی پیشان بدات هەموو شتێک لە جێگەی خۆیەتی و "خەڵک و دەسەڵات" پێکەوەن و بە ورووژاندنی هەستی "ئێرانی-فارسی" دیسانەوە مەشرووعییەتی نەبووی سیاسیی خۆی بچەسپێنێ و بڵێ ئێران شام شەریفە!
لە کاتێکدا هەر لەو شەقام و فۆلکانەی ژێر دەسەڵاتی تاران بوو کە سێ ساڵ پێش دەیان گەنج و لاوی مووسیقیدۆست و ژیانویست، کە ئەو دەسەڵاتە تاریکەیان نەدەویست کوژران و کوێر کران و حاکمانی سەرمەست لە خوێن هێشتا لەسەر تەختی دەسەڵاتن.
لەلایەک دیکەشەوە سەڵتەنەتخوازانی "دەرفەتدز" بانگەشەیان بۆ ئەوەیە کە لە ئەگەری بەشداری خەڵک کە بەشداریش دەکەن ! بڵێن ئەوە ڕێکخستنەکانی ئەوان کاریگەریی هەبووە بۆ کۆبوونەوەی خەڵک و گوتنەوەی "مرغ سحر"ێک کە ٤٧ ساڵە سەربڕاوە و ئیتر دادی پاوانخوازیی سیاسی-فەرهەنگییان نادا .
ئەم خۆزەقکردنەوە نابەجێی پاشاخوازانیش هاوشێوەی هەمان (الیگارشی کۆمۆنیستی حاکمیەتیی مسکۆ لە ١٩٩١ بێجگە پۆپۆلیستییەکی ڕووکەش، ناتوانێ کاریگەرییەکی بنچینەیی هەبێ.
بێگومان ئەو کۆنسێرتە بەخۆڕایی نەبووە و نییە، بەڵکوو نرخەکەی فێڵكردن و گەمژاندنێکی قورس و گرانە بۆ خۆنواندنی حاکمییەت ڕوو بە دنیای دەرەوە و هەروەها سەرقاڵکردنی خەڵک و بەلاڕێدابردنی ئەسڵی بابەتەکان کە کێشە و گرفتە ئابووری و سیاسییەکانە.
خاڵی جێگای سەرنج و بگرە جێی دڵخۆشیش ئەوە بوو کە زۆرینەی خەڵک لە سوشیالمیدا بەو هەواڵە شاگەشکە نەبوون بەڵکوو تووڕەییان گەیشتە ئاستێک کە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆنسێرتەی دوودڵ و دڵسارد کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی؛ کە دەتوانین ئەم چەند خاڵە بە هۆکار بزانین:
یەکەم کۆماری ئیسلامی لە پاش شەڕی ١٢ ڕۆژەوە پێویستی بە مانۆر و گردبوونەوەی جەماوەرییە، ئەم مانۆڕەش وەکوو ساڵانی پێشوو بۆی نالوێ کە لایەنگرانی ڕێژیم دیسان بڕژێنە سەرشەقام و پاش کڕووزانەوەی ڕێبەر و باسی جەستەی نوقستانی، دەست بکەن بە دروشمدان و ئاڵا سووتاندن؛ بەڵکوو لە ڕێگای "تەقییە"و فێڵی شەرعییەوە لە هەوڵدان بۆ کەمکردنی بۆشایی نێوان لایەنگرانی خۆیان و ناڕازییانی سەرشەقام. هەر بۆیە لە مەراسمی تازیەباری عاشوورای ئەمساڵ خامنەیی ئەمری کرد بە "مەداح"ەکەی کە "سروودی ئەی ئێران" بڵێتەوە !
کەواتە ئێرانگەرایی بووەتە ئەولەویەت و سەرەتی کاری ژوورە ئەمنییەکانی ڕێژیم و هەرچەشنە هەوڵ و هەواڵی هاوشێوەی کۆنسێڕتەکەی "هومایون شەجەریان" دەچێتە هەمان خانەوە.
ئەو ڕووداوە تا ئێستا وادیارە پەک خراوە و دەتوانین بەم شێوە خوێندنەوەی بۆ بکەین:
یەکەم هەروا کە ناوەندە ئەمنییەکان ڕێگەیان پێداوە دیسانەکە بە تێبینیی ئەمنی ئەوانەوە بە دوومەبەست هەڵوەشاوەتەوە.
سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە بە ڕۆڵگێڕی ئیسڵاحخوازانی دەوڵەتی بە فێڵی سواوی چاکسازی و کرانەوەی فەرهەنگی و سیاسیی لە ئێران و پەرەپێدان بە سیاسەتی "تەحەموڵ و چاوەڕێ"کردن لە جیاتی تووڕەیی و هەڵتەکاندنی بنەڕەتیی ڕێژیم.
دووهەم ترسی ناوەندە ئەمنییەکان لەم ڕیسکە کە هاوشێوەی شۆڕشی ڕۆمانی مێژوو دووپات ببێتەوە تەنانەت ئەگەر لە ئاستی چووکەتریشدا بێ.
ساڵی ١٩٨٩ "نیکۆلا چائۆشسکۆ" دیکتاتۆرە کۆمۆنیستەکەی ڕۆمانی وەکوو یەکەم میوانی بیانی سەردەمی سەرکۆماری هاشمیی ڕەفسەنجانی، لە کاتێکدا خەریکی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی خومەینی بوو، لە وڵاتەکەی ئاژاوەیەک سەری هەڵدا کە هەر زوو گۆڕی خۆی و دەسەڵاتەکەی پێ هەڵکەندرا.
"چائووشسکۆ" ناسراو بە "شەیتانی ڕۆمانی" سەرەڕای خوڵکی گەرمی دیکتاتۆرە هاوشان و هاوبیرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوی لە تاران بە پەلە ئێرانی بەجێهشت هەتا لە کۆبوونەوەیەکی بەربڵاو سەرلەنوێ بە وادە و بەڵێن و خۆسەپاندنی کەسیەتیی خۆی دەست بداتە "وتار دەرمانی" بەڵام لە ڕۆژی ٢٠ی دێسامبری ساڵی ١٩٨٩ لەو کۆبوونەوە هەزاران کەسییەدا نەتەنیا چەپڵەی بۆ لێنەدرا بەڵکوو خەڵک هێرشیان کردەسەر کۆشک و تەلاری دیکتاتۆرییەکەی و ناچار بە هەڵاتن بوو و چەند ڕۆژ دواتریش خۆی و خێرانی "ئێلێنا چائووشسکۆ" تیرباران کران.
بێگومان وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕووداوانە دڵەڕاوکێی خستووتەسەر ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم کە هەم پێویستیان بە کۆکردنەوەی خەڵکە و هەم نیگەرانی پەنگخواردووی تووڕەیی خەڵکن.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاردانەوەکان لەهەمبەر کۆنسیرتی خۆڕایی مەیدان "ئازادی" ی تاران، دەریخست کە تەنانەت پەنابردن بۆ مووسیقیی سوننەتی و ئێرانگەرایی ناتوانێ زۆرینەی خەڵک پێکەوە گرێ بدا و ڕاستە مووسیقیی هونەرێکی مەزنە، بەڵام لە دەستی دەسەڵاتی خوێنمژ هەموو جوانییەکان ڕزیو دەبن.
بەهەرحاڵ تاران و تارانییەکان کەیفی خۆیانە خوێن لە بیربکەنەوە و بەدەور مەیدانی "ئازادی"ی مەملەکەتی دیلکەوتووان "سەما" بکەن بەڵام دەنگۆی هەوڵی هاوشێوە لە کوردستانیش هەیە کە وشیاری زیاتری خەڵکی کوردی پێویستە بۆ بێ بایەخکردنی ئەو هەوڵە ناخەڵکی و فێڵاوییە.
کاتی خۆی خومەینی گوتی : جمهووری ئیسلامی نە کەلیمەیەک زیاتر و نە کەلیمەیەک کەمتر"؛ ئێستاش بە پێی دووپاتبوونەوەی مێژوو هەتا دێ ئەو لایەنە بەهێزتر دەبن کە خوازیاری "نەمان و تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامین نە وشەیەک زیاتر و نە وشەیەک کەمتر.