
محەممەدباقر قاڵیباف، بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەرمانان، ڕاشکاوانە باسی لە بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان کرد و ئەم دۆخەی بە نیشانەیەکی ئاشکرا لە ناکارامەیی سیاسەتەکانی دەوڵەت لە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک زانیوە.
قاڵیباف بە ئاماژەکردن بە بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی مریشک، وەکوو یەکێک لە کاڵا سەرەکییەکانی سەبەتەی خۆراک، جەختی کردەوە کە ئەم ڕەوتە نەتەنیا سفرەی خەڵک بچووکتر دەکاتەوە بەڵکوو ئەمنییەتی خۆراکی توێژی کەمداهاتیش دەخاتە مەترسییەوە.
لەکاتێکدا کە ئەزموونی کورتماوەی گەڵاڵەی "کۆپۆنی ئێلێکترۆنیکی" بووە بە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی تێچووەکان، قاڵیباف ئەم گەڵاڵەی بە ڕێگەچارەی چوونەدەرەوە لەم قەیرانە ناو برد.
بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیم شی کردەوە ئەم شێوازە دەبێ فۆکۆس بخاتە سەر دابینکردنی لانیکەم کالۆریی ڕۆژانەی هەر کەس و کالاکانی وەک مریشک، گۆشی، شیرەمەنی بە نرخی گەرەنتیکراو و نەگۆڕ بخاتە بەر دەستی خەڵكەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە سیاسەتەکانی ئێستا تەنیا لەسەر بنەمای نرخی ئێستای ڕیاڵە کە بە هۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخەکان، کارایی نەماوە و ناتوانێ وڵامدەری پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بنەماڵەکان بێت.
ئەمە یەکەمین جار نییە کە قاڵیباف دان بە شکستەکانی سیاسەتی ئابوریی دەوڵەتدا دەنێت، ناوبراو پێشتریش لە دانیشتنی کارناسیی پێداچوونەوەی ڕاپۆرتی بەرنامەی حەوتەم، باسی لە دوو قات بوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا کرد و خوازیاری چاکسازیی خێرا لە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی کۆپۆندا بوو.
ڕاپۆرتی میدیا نێوخۆییەکانی ڕێژیم، لەوانە ماڵپەڕی جەماران، نیشانی دەدەن کە بەکارهێنەرانی ئەم گەڵاڵەیە ناچار بوون پێداویستیی بەستەبەندیکراو بە نرخگەلێکی زۆر هەتا ١٦٥ لەسەد بەرزتر لە نرخی پەسەندکراو بکڕن.
هەروەها بەپێی قسەکانی ئەحمەد مەیدەری، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕێژیم، لە ٨٥ میلیۆن حەشیمەتی ئێران، نزیکەی ٦٠ میلیۆن کەسیان بۆ دابینکردنی لانیکەمی بژێوی خۆیان ناچارن کەڵک لە یارمەتییە دەوڵەتییەکان لە چوارچێووەی کۆپۆندا بگرن.
ئەم ئامارە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی حەشیمەتی ئێران، لەژێر هێڵی خەسارهەڵگری ئابووریدان.