
ڕەحیم نزهەتزادە
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی خوێندنی خۆریی ١٤٠٤-١٤٠٥، بە میلیۆنان خوێندکار لە ئێران و بە تایبەتی لە پاڕێزگاكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی دیکە چوونەتە قوتابخانەکان؛ بەڵام هەر وەک ساڵانی پێشوو، ئەم سەرەتایە لەگەڵ هیوا و حەماسەت بۆ پەروەردە نیە، بەڵکو بیرهێنانەوەی کەڵەکەبوونی کێشەکانە، کە ساڵانێکە قورسایی خستۆتە سەر شانی منداڵان و خێزانەکان. سیستەمی پەروەردە لەم ناوچانە، نەک هەر لە کێشە لە مێژینەكان ڕزگاری نەبووە، بەڵکوو ئەوجارەیان بەستراوەتەوە بە قەیرانی نوێترەوە.
یەکێک لە کێشە هەرە گرنگەکان، بێبەشکردنی بەربڵاوی بەشێک لە منداڵانە لە مافی خوێندن. لە کاتێکدا ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتی و ژێرزەمینییەکان، بەڵام خراپ بەڕێوەبردن، گەندەڵی و ناکارامەیی پێکهاتەیی کۆماری ئیسلامی وای کردوە، هەزاران منداڵ لە کوردستان و ناوچە بێبەشەکانی دیکەدا لە خوێندن داببڕێن. بۆ زۆرێک لە خێزانەکان، تێچووی سەرەتایی ناو تۆمارکردن، کڕینی کتێب و کەلوپەلی نووسین هێندە زۆرە، کە منداڵان ناچارن هەر لە سەرەتای ساڵدا، واز لە خوێندن بهێنن. ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی بنەڕەتی پەروەردە، و پێشێلکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانە، لە بواری پاراستنی مافەکانی منداڵاندا.
زیادبوونی بەرچاوی هەژاری و بێکاری لە کوردستان خێزانەکانی خستۆتە دۆخێکەوە، کە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، هەندێکجار دەگۆڕدرێت بۆ "ئیمتیازێکی لوکس". زۆرێک لە خوێندکاران بۆ بژێوی خێزانەکانیان، ڕوو لە کارە سەخت و کەم مووچەکان دەکەن، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر لە چوونە پۆل بێبەشیان دەکات. ئەم دیاردەیەش، نەک هەر ئایندەی تاکەکەسی منداڵان لەنێو دەبات، بەڵکوو پاشەکشە بە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و کولتووری لەو ناوچانەشدا دەکات.
کێشەیەکی جددیی دیکە نەبوونی ژێرخانی پەروەردەیی دروستە. زۆرێک لە قوتابخانەکان، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان، وێران، ناستاندارد و تەنانەت ناپارێزراون. چڕیی زۆری قوتابیان لە هۆڵەکانی خوێندن، نەبوونی کەرەستەی پەروەردەیی مۆدێرن، نەبوونی ئیمکاناتی وەرزشی و ڕۆشنبیری، بە شێوەیەكی بەرچاو، هۆکارێکە بۆ دابەزینی کوالیتی خوێندن. لە هەندێک قوتابخانەدا ژمارەی خوێندکاران لە پۆلێکدا، چەند هێندە زیاترە لە ستانداردی جیهانی؛ بارودۆخێک کە بەکردەوە پرۆسەی پەروردە و فێربوون لاواز و تێک دەدات.
جگە لە کێشەی خوێندکاران، دۆخی مامۆستایانیش مەترسیدارە. نزمیی مووچە و نەدانی حەقدەست لە کاتی خۆیدا، وای کردوە بەشێکی زۆر لە مامۆستایان، خۆیان لە ئاستەنگی داراییدا ببیننەوە. هەندێکیان ناچار دەبن بۆ دابینكردنی خەرجییەکیانی ژیان، چەند کارێکی دیکە بگرنە ئەستۆ، ئەمەش لە بەرامبەردا لە کوالیتی وانەوتنەوە کەم دەکاتەوە. دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتی سەندیکاکان و مامۆستاكان لە ساڵانی ڕابردوودا، نیشانی دەدات کە قەیرانی بژێوی ژیانیان، بووەتە کێشەیەکی جددی نیشتمانیی. لە نەبوونی ئەمنییەتی کار و خۆشبژیوتی ڕێژەییدا، چۆن چاوەڕێی ئەوە بین، کە مامۆستایان بە پاڵنەر و وزەی تەواوەوە، بەشداری پۆلەکان بکەن؟
لە زۆرێك لە پارێزگاكان، تەحەدایەکی دیکەی نوێ; نەبونی بەردەوامی کارەبایە. لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاوی پەروەردەی جیهانی ئەمڕۆ، پشت بە کەرەستەی دیجیتاڵی دەبەستێت، خوێندکاران لە کوردستان تەنانەت لە ئاسانکارییە سەرەتاییەکانی، وەک کارەبای جێگیر بێبەش دەمێننەوە. هەروەها نەبوونی سیستەمێکی ستانداردی گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە، بارودۆخێکی سەختتر بۆ منداڵان لە وەرزی سەرما و گەرمادا دروست دەکات.
سیستەمی پەروەردەی ئێران، بە تایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان، سووتەمەنی و هۆكاری دابەشبوونی قووڵی چینایەتییە. منداڵانی خێزانە دەوڵەمەندەکان، دەتوانن سوود لە پۆلە تایبەتەکان، قوتابخانە ناحکومییەکان و ئاسانکاریی باشتر وەربگرن، لە کاتێکدا منداڵانی خێزانی چینە هەژارەكان، لە قوتابخانە کوالیتی نزم، بەبێ ئاسانکاری بەجێدەهێڵرێن. ئەم نایەکسانی پەروەردەییە، دەبێتە هۆی نایەکسانییەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری فراوانتر، کە سووڕی هەژاری و بێبەشی، دووبارە بە بەرهەم دەهێنێتەوە.
سەرەتای ساڵی خوێندنی ١٤٠٤ – ١٤٠٥ دەرفەتێکە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیر لەم پرسیارە بنەڕەتییە بکەینەوە: ئایندەی پەروەردە لە ئێران و کوردستان، بەرەو کوێ ڕێگا دەگرێت؟ ئەگەر سیاسەتی ناکاریگەر و گەندەڵی پێکهاتەیی بەردەوام بێت، مەترسی "نەوەیەکی نەخوێندەوار" لە بۆسەدایە. نەوەیەک کە لەبری قەڵەم و کتێب، بەناچاری ناچار دەكرێت، کەرەستەی کار و سەختییەکانی بژێوی ژیان هەڵبژێرن و هەڵبگرنە سەر شان.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆڵی بەرخۆدانی خێزانانە، هەوڵی مامۆستایانی خەمخۆر و پاڵنەری ئەو خوێندکارانەی، کە سەرەڕای هەموو سەختییەکان دەچنە قوتابخانە، ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن. هیواش بۆ داهاتوو، لەم خۆڕاگرییەدایە. بەڵام تا ئەو پێکهاتەیەی کە پەروەردە بەڕێوە دەبات، چاکسازی نەکرێت و دادپەروەری پەروەردەیی دانەمزرێت، ساڵانی نوێی خوێندن، جگە لە دووبارەبوونەوەی قەیرانەکانی ڕابردوو بە قەیرانی نوێترەوە، هیچی زیاتری لە هەگبەدا پێ نابێت.
ساڵی خوێندنی ١٤٠٤-١٤٠٥، جارێکی دیکە واقعی تاڵی پەروەردە لە ئێران و کوردستان ئاشکرا دەکات: واقیعێک تێکەڵ بە هەژاری، نایەکسانی، ناکارامەیی و بێبایەخکردنی مافی منداڵان و مامۆستایان. مافی پەروەردە مافێکی بنەڕەتییە، و ناکرێت ببێتە قوربانیی گەندەڵی و ناکارامەیی پێکهاتەیی. ئایندەی ئەم خاکە بەندە بە پەروەردەی نەوەی نوێ؛ نەوەیەک کە ئەگەر ئەمڕۆ لە قوتابخانە و کتێب بێبەش بکرێن، سبەی لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و پێشکەوتوودا بێبەش دەبن.