کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانیفێستی "ئاکسفۆرد"

09:35 - 4 خەزەڵوەر 2725

شاڕۆخ حەسەن‌زادە

دوای کۆتایی‌هاتنی شەڕیی جیهانیی دووهەم، دوو قوتابخانەی ئابووری و سیاسیی بەرەی سەرەکیی دێموکراسی، بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە ئایدۆلۆژییەکانیان، سنوورێکی ڕوون و ئاشکرایان لە بەرانبەر تۆتالیتاریزمی کۆمۆنیستی بە سەرۆکایەتیی یەکیەتیی سۆڤیەت کێشایەوە. لیبڕاڵەکان بە داڕشتنی مانیفێستی ئاکسفۆرد (١٩٤٧)، لیبڕالیزمیان وەک ڕێگەی مسۆگەرکردنی ئازادیی تاکەکەسی و سەروەریی یاسا ناساند و پێگەی خۆیان لە بەرانبەر هەردوو توندڕەویی فاشیزم و کۆمۆنیزمدا قایم کرد. بە هەمان شێوە، سۆسیال دێموکراتەکانیش پێنج ساڵ دواتر، لە ساڵی ١٩٥١دا بە جاڕنامەی فرانکفۆرت، بەفەرمی ئایدیای خۆیان لە مۆدێلی دەسەڵاتخوازیی سۆڤیەت جیا کردەوە و جەختیان لەسەر پابەندبوونی سەرەکییان بە دێموکراسیی فرە-حیزبی و مافی مرۆڤ کردەوە؛ بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە سۆسیالیزمی دێموکراتیک، بە پێچەوانەی کۆمۆنیزمەوە، پرۆژەیەکی چاکسازیخواز و دێموکراتیکە*. ئەم بەڵگەنامانە، چوارچێوەی فیکریی کۆتایی و سنووربەندیی بەرەی دێموکراسیی ڕۆژئاوایان لە بەرانبەر هەڕەشەکانی شەڕیی سارددا دیاری کرد.

لە درێژەی ئەم پرۆسەی چاکسازییەدا، بزووتنەوەی "بەهاری پراگ" لە ساڵی ١٩٦٨، لە ڕاستیدا هەوڵێک بوو بە مەبەستی درێژەپێدان بە چاکسازییە پێکهاتەییەکانی سۆسیالیزمی دێموکراتیک – واتە سۆسیال دێموکراسی – بەڵام ئەمجارەیان لە لایەن ڕیفۆرمخوازانی نێوخۆیی حیزبی کۆمۆنیستی چیکۆسلۆڤاکیاوە دەکرا. ئامانجی ئەو سەرکردانە، لەوانە "ئەلێکساندەر دوبچێک"، جێبەجێکردنی پرۆژەی "سۆسیالیزم بە ڕوخسارێکی مرۆڤانەوە" بوو کەمبریتی بوو لە: تێکەڵکردنی بنەما سۆسیالیستییەکان لەگەڵ ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، لامەرکەزییەت لە ئابووری و مافی مرۆڤ، بەبێ لادانی فەرمی لە بلۆکی ڕۆژهەڵات. بەڵام ئەم هەوڵە بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی سۆسیالیزمی دێموکراتیک لەنێو جەرگەی بلۆکی کۆمۆنیستیادا، لە لایەن سەرکردایەتیی سۆڤیەتەوە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ دەسەڵاتی مۆسکۆ چاو لێ‌دەکرا. لە ئاکامدا، بە دەستێوەردانی نیزامی سپای سوور لە مانگی گەلاوێژی ١٩٦٨دا، ئەم چاکسازییانە بە توندی سەرکوت کرا و سنووربەندیی سۆسیالیستەکانی ئەورووپا لەگەڵ ستەمکاریی سۆڤیەت جارێکی دیکە بە ڕوونی دەرکەوتەوە.

لە بەرانبەردا، سیستەمی دێموکراسیی لیبڕاڵ، هەرچەندە بەرەوڕووی ئاڵنگارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بۆوە -وەک قەیرانەکانی سەرمایەداری و نایەکسانی کۆمەڵایەتی- توانی گەشەی بەردەوامی خۆی بە نەرمی و پێکهاتەیی درێژە پێ بدات. دامەزراوەی "نێونەتەوەیی لیبڕاڵ" (Liberal International) بە داڕشتنی مانیفێستی ئاکسفۆرد، توانی بنەماکانی خۆی لەسەر کۆڵەکەی ئازادییە تاکەکەسییەکان، سەروەریی یاسا و دەوڵەتی خۆش‌بژێو-لە چوارچێوەی مۆدێلی لیبڕاڵیزمی کۆمەڵایەتی- دابمەزرێنێ. ئەم چوارچێوەیە، بەهۆی سروشتی دێموکراتیکەوە، ڕێگەی بە چاکسازیی هەنگاو بە هەنگاو و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات دەدا، لە کاتێکدا بلۆکی سۆسیالیستیی ژێر دەسەڵاتی سۆڤیەت، هەر هەوڵێکی چاکسازیی هاوشێوەی بە هێزی نیزامی سەرکوت دەکرد. لە کۆتاییدا هەر ئەم جیاوازییە لە میکانیزم و چۆنیەتی بەرەوڕووبوونەوە بوو کە ڕێگەی بە سیستەمی دێموکراسیی لیبڕاڵ دا، بە سەرکەوتوویی شەڕیی سارد تێپەڕێنێت و ئایدۆلۆژیا ڕەکەبەرەکەی وەپاش خۆی بدات.

مانیفێستی ئاکسفۆرد، یەکەمین جاڕنامەی جیهانیی بنەماکانی لیبڕاڵیزم لە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم بوو، کە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم-نازیسم و کۆمۆنیزم- داڕێژرا و بووە بنەمای دامەزراندنی "لیبرالیزمی نێودەوڵەتی"(LI). ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییە، کە زیاتر لە ١٠٠ ئەندام-پارتە لیبڕاڵەکانی سەرانسەری جیهان- تێیدا چالاکن، لە ساڵی ١٩٤٧ی زایینی لە شاری "ئاکسفۆرد"ی ئینگلیس دامەزرا و هەتا ئێستاش بارەگا سەرەکییەکەی لەو شارەدا جێگیرە. لەو ساڵەدا، لیبڕاڵەکان لە ١٨ وڵاتی جیاوازەوە لەو کۆنفڕانسەدا کۆ بوونەوە بۆ ئەوەی بەرەیەکی هزریی یەکگرتوو لە بەرانبەر هەڕەشە نوێیەکان پێک‌بهێنن. دوای شکستی فاشیزم لە جەنگەی شەڕیی سارددا، پێویست بوو لیبڕاڵەکان بنەماکانی خۆیان لە بەرانبەر مەترسیی کۆمۆنیزمی دەسەڵاتخواز و هەروەها زیادەڕۆییە ئەگەرییەکانی سەرمایەداریی بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا پێناسە بکەن. ئەم مانیفێستە بە جۆرێک لە پێناسەکردنەوە و میانڕەوکردنی لیبڕاڵیزم لە سەردەمی نوێدا بوو. فەلسەفەی دامەزراندنی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە بریتی بوو لە: بەرگریکردن لە ئازادییە تاکەکەسییەکان، سەروەریی یاسا و دێموکراسیی پەرلەمانی لە ئاستی جیهاندا. ڕاگەیاندنی بنەما لیبڕاڵەکان وەک تەنیا جێگرەوەی کردەیی بۆ هەموو شێوەکانی تۆتالیتاریزم و دروستکردنی چوارچێوەیەک بۆ نەزمێکی جیهانیی ئاشتیخواز لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ، لە ئامانجەکانی ئەم مانیفێستە بوون. ئەم مانیفێستە هەوڵی ئەوە بوو بڵێ؛ لیبڕاڵیزم نەک تەنیا فەلسەفەیەکی سیاسییە، بەڵکوو ڕێکارێکە بۆ دڵنیاییدان لە خۆش‌بژێوی و تەناهی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی.

کۆڵەکە سەرەکییەکانی مانیفێستی ئاکسفۆردی ١٩٤٧:

١. ئازادییە تاکەکەسییەکان و مافە مەدەنییەکان:

- دڵنیاییدان لە ئازادییە بنەڕەتییەکان وەک ئازادیی ویژدان، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی چاپەمەنی و ئازادیی کۆڕ و کۆبوونەوە.

- جەختکردنەوە لەسەر سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادوەری بۆ پاراستنی تاک لەهەمبەر دەوڵەت.

٢. ئازادیی کۆمەڵایەتی:

- مافی مرۆڤ دەبێت بەبێ جیاکاریی ڕەگەزی، چینایەتی یان جێندەری جێبەجێ بکرێت.

- دابینکردنی لانیکەمی بژێو بۆ هەر تاکێک لەهەمبەر نەخۆشی، بێکاری و پیری، لە چوارچێوەی چەمکێکدا کە نزیکە لە لیبڕاڵیزمی کۆمەڵایەتی (Social Liberalism).

٣. ئازادیی ئابووری:

- پشتیوانیکردن لە خاوەنداریەتی تایبەت و ئابووریی بازاڕی کێبڕکێیی.

- بەڵام بازاڕ دەبێت لەژێر ڕێسایەکدا بێت کە ڕێگری لە قۆرغکاری بکات و بەرژەوەندی گشتی مسۆگەر بکات

- جەختکردنەوە لەسەر کێبڕکێی دادپەروەرانە و ڕەتکردنەوەی کاپیتالیزمی کۆنتڕۆڵ‌نەکراو.

٤. ئاشتیی نێودەوڵەتی:

- جەختکردنەوە لەسەر هاوکاریی نێونەتەوەیی لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە تایبەتەکانییەوە.

- پشتیوانیکردن لە مافیی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و پابەندبوون بە بنەماکانی دێموکراسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

بە شێوەیەکی گشتی، مانیفێستی ئاکسفۆرد بەڵگەنامەیەکی مێژووییە کە لیبڕاڵیزمی لە تۆمەتی بێ‌باکبوون بەرانبەر چینی هەژار، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و پرسی دادپەروەری بێبەری کرد و وەک فەلسەفەیەکی پابەند بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی خۆشگوزەران، شانبەشانی ئازادییە نەریتییەکان، لە بەرانبەر کۆمۆنیزمدا ڕاگرت. ئەوە لەحاڵێک‌دا بوو کە، بەهۆی ئاڵنگارییە نوێیەکانی جیهان لە سەدەی ٢١دا، وەک قەیرانی دارایی، سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم، هەڕەشەکانی ژینگەیی و شۆڕشی دیجیتاڵی، نێونەتەوەیی لیبڕاڵ بنەماکانی خۆی لە ساڵی ٢٠١٧ لە "ئەندۆرا" نوێ کردەوە. ئەم خوێندنەوە نوێیە، لە کاتێکدا بنەماکانی ١٩٤٧ پشتڕاست دەکاتەوە، زیاتر سەرنجی لەسەر پرسەکانی سەردەمی نوێیە.

تەوەری سەرەکی مانیفێستی ئەندۆرای ٢٠١٧:

١. بەردەوامی و، ژینگە:

لە مانیفێستەکەدا، پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا وەک ئەرکێکی بنەڕەتیی لیبڕاڵی و پێویستییەکی ئەخلاقی و ئابووری ناسێنراوە.

٢. بەرەنگاربوونەوەی پۆپۆلیزم و ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵ:

جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی بەرگریی چالاکانە لە دامەزراوە دێموکراسییەکان و بەها جیهانییەکان لە بەرانبەر شەپۆلی نوێی سیاسەتە شوناسخوازە ڕژدەکان و دەسەڵاتخوازیی پۆپۆلیستی.

٣. کۆمەڵگەی دیجیتاڵ و هەلی یەکسان:

جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی دەست‌وێڕاگەیشتنی جیهانی بە زانیاری و ئینتەرنێت وەک مافێکی بنەڕەتی.

پێویستیی پێداچوونەوە بە مۆدێلەکانی دەوڵەتی خۆشگوزەران بۆ وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییەکانی ئۆتۆمەیشن (خۆکارکردن) و ئابووریی گیگ (Gig Economy).

٤. سیاسەتی دەرەوەی مرۆڤ-تەوەر:

فراوانکردنی چەمکی مافەکانی مرۆڤ و بەرگریکردن لە ئازادییە جێندەرییەکان و مافی کەمینەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

لەکاتێکدا مانیفێستی ١٩٤٧ زیاتر سەرنجی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم و کۆمۆنیزم -هەڕەشەکانی سەدەی بیستەم- بوو. مانیفێستی ٢٠١٧ سەرنج دەخاتە سەر بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ناوخۆی دێموکراسی-پۆپۆلیزم و نادادپەروەری- و ئاڵنگارییەکانی تەکنۆلۆژیا و ژینگە وەک پرسەکانی سەدەی بیست و یەکەم.

***

جاڕنامەی سۆسیال ئەنتەرناسیۆناڵ(SI) کە لە ساڵی ١٩٥١ لە فرانکفۆرتی ئاڵمان بڵاو بۆوە، وەک ئەنتەرناسیۆناڵی چوارەم ئەژمار دەکرێ (هەرچەندە زۆرجاریش وەک جێگرەوەی ڕاستەوخۆی ئەنتەرناسیۆنالی دووەم ناسراوە).