
هەردی سەلیمی
کاتێک سروودی "کاتیۆشا" داندرا و مەبەست لەو سروودە بەرگریکردن لە نیشتمان لە بەرامبەر فاشیستاندا بوو، ڕەنگە کەمتر کەسێک بیری لەوە کردبێتەوە ئەم سروودە دەبێتە سروودێکی جیهانی و نزیکەی سەدەیەک دواتریش لە زمانەکانی تردا درێژە بە ژیانی دەدات، بەڵام فاشیزم و داگیرکاری لە شێوازی جۆراوجۆردا بەردەوامە و ئەم سروودەشی هەرماو کردووە؛ ئەو سروودەی گیانی بەرخۆدان و نەچەمین و هیوادارییە.
دەقی سروودەکە بە زمانی ڕووسییە و لە نیوەی دووەمی سەدەی پێشوودا لەلایەن "شاسوار جەلال سەعید" ناسراو بە شەهید ئارام، یەکێک لە سکرتێرەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە وەرگێڕڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و بە ناوی "ڕێی خەباتمان" دەناسرێتەوە. نیو سەدە پاش لەدایکبوونی ئەم سروودە بە زمانی کوردی، لەو دیوی سنوورە دەسکردەکانەوە منداڵانی خوێندنگەیەک لە شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو جوانڕۆیەی لە پاییزی ١٤٠١دا و لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، بە دەستی بەتاڵ بووە "ستالینگراد"ێک و هێزی فاشیستیی کۆماری ئیسلامی گەمارۆی دابوو، یەکدەنگ لە بەرامبەر فاشیستاندا هاوار دەکەن "ڕێی خەباتمان چەندە سەخت و دوور بێت/ با چوار دەورمان کڵپەی ئاگر بێت/ لەم ڕێ پیرۆزە هەرگیز لا نادەین/ ئێمە بۆ مردنیش ئامادەین"، پەیامی سەرەکییەکەی ڕوونە: دەڵێن هەرچەندە لەمەی کە ئێستاش هەیە دۆخەکە ئەستەمتر بێت، ئەو ڕێیەی گیراوەتە بەر، بەر نادرێ هەتا ئەو ڕۆژەی بەری پێ دەدرێ.
هەر ئەم ڕاشکاوییە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی تووڕە کردووە و لە بەرامبەردا پەنای بردۆتە بەر تاکە تاکتیکەکەی واتە نەهێشتن و وەلانان، بۆیە لە درێژەی سیاسەتی وەدەرنان و لاکارلادانیدا خاتوو "زەیتوون کۆهزادی"، بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگەیەی جوانڕۆی لەسەر کار لاداوە و لە پیشەی مامۆستایەتی دەری کردووە. ئەو تاکتیکەی کەوا پێشتریش و لە پێوەندی لەگەڵ هەزاران کەسی تێکۆشەری تریشدا زۆری بەکار هێناوە، بەڵام کەسیان بیر لەوە ناکەنەوە گەر بەناو ڕێکارەکەیان کاریگەر بووایە، دەبوو هیچ هەوڵێکی لەم چەشنە هەر ئاسەواریشی نەمابا! چونکە پێشتریش مامۆستای قوتابخانەکانیان دەرکردووە و وەلایان ناون، چونکە پێشتریش گەردنی شەهید "فەرزادی کەمانگەر"یان وەک مامۆستایەکی پەروەردەکەر بە پەتی سێدارەوە کردووە، ئەدی بۆ کەس "پشتی لە هۆنراوە و ئاواز و لەیلاکان و خەونەکانی هەڵ نەکردووە"؟
هەر لە شاری جوانڕۆ دوابەدوای ئەوەی ئەو حوکمی دەرکردنە، کە باشترە بڵێین ئەو میدالی شانازییەیان کردە ملی ئەو مامۆستا نیشتمانپەروەرە، لە خوێندنگەیەکی تری ئەو شارە بۆ یەکەم جار جلوبەرگی فەرمیی خوێندنیان کردە جلوبەرگی کوردی، ئەویش بەمەبەستی پاراستنی شوناسی نەتەوەیی خۆیان. بۆیە ئەوەی هاوار دەکەن: "لەم ڕێ پیرۆزە هەرگیز لا نادەین" تەنیا دروشمێک نییە و بەڕاستی ئەو کۆمەڵگە وشیار و لەسەرهەستە نایەوێ هیچ کات لەو ڕێ پیرۆزە، کە ئەنجام و ئاکامەکەی گەیشتن و گەیاندنی نیشتمان بە ئازادی و دادپەروەرییە، لا بدات.
کوردستان بە واتای تەواوی وشە کۆڵ نادات و ئەمەی سەلماندوە. زۆر دوور ناکەوینەوە و ناچینە دڵی مێژووەوە هەر باس لە دوێنێی نیشتمان دەکەین کە نەوەی زێد، شەقامەکانی کوردستانی ئازاد کرد، ئەوا ئەمڕۆ لە نەوەی زێدیش تێپەڕی کردووە و نەوەی ئاڵفاشمان تەیارە و بە وزەیەکی نوێترەوە پێی ناوەتە ئەم مەیدانەوە؛ کوردستان هەموو چین و توێژی و هەموو وەچە و نەوەیەکی گڕی نەورۆز و شۆڕشی پێیە و ئەم گڕەی بە داییساوی هێشتۆتەوە.
باسی شەهید ئارام کرا لەگەڵ ئەوەی دەبێ بۆ جەختێکی زیاتر بڵێین گەر نەهێشتن وڵامدەر بووایە، ئێستا پاش نیو سەدە لە نەهێشتنی ئارام، وا وەچەی زێد و ئاڵفا پیت و وشەکانی ئەویان لەبەر نەدەبوو و نەیاندەوتەوە، پێویستە ئەو کۆپلە هۆنراوەیەی بۆ یادی شەهید ئارام وتراوە بیهێنینەوە و گەشبین بین بە هەموو ئارامەکانی نیشتمان: "دە با فاشییەکان بزانن/ وا ئێستاکە لە کوردستانی ئاراما/ لە کوردستانی قەتماغە و کێڵگەی زاما/ ھەر دەوەنە و بن تاشەبەردی چیایە/ سەنگەرێکە و قوتابخانەی دروستبوونی ئارامێکی تری تیایە."