
دیلان هەردی
هێز، پێناسەیەکی یەکدەست و جێگیری نیە و لە هەر سەردەمێکدا بەپێی بارودۆخی ئەو سەردەمە پێناسەیەکی بۆ کراوە. لە سەردەمانی کۆندا، هێز بریتی بوو لە دەستبەسەرداگرتنی زۆرترین خاک. واتە هەر وڵاتێک توانیبای خاکی زۆرتر داگیر بکا، بە وڵاتێکی بەهێز ئەژمار دەکرا. ئیمپڕاتۆرییەکان بەرهەمی ئەو تێگەیشتنە بوون. لە ئیمپڕاتۆریدا، نەتەوەیەک (بە تێگەیشتنی ئەو سەردەم، نەک نەتەوەی مۆدێرن) بەسەر چەندین نەتەوە و میرنشیندا سەر دەکەوت یان لەگەڵیان ڕێک دەکەوت و بەو شێوەیە ناوچەیەکی گەورەی دەهێنایە ژێر دەسەڵاتی خۆی. لە میانەی سەدەکانی نێوەڕاستەوە، تێگەیشتن لە هێز گۆڕانکاریی بەسەردا هات. لەمەوبەدوا هەر بە تەنیا خاکی زۆر نەبوو کە بە هێز ئەژمار دەکرا، بەڵکوو ئاوی زۆریش بە هێز ئەژمار دەکرا. واتە هێز بریتی بوو لە دەستبەسەرداگرتنی دەریاکانیش. ئەو نەتەوەیە بەهێز بوو کە لەوبەر دەریاکانیشەوە خاکی داگیر کردبا. دواتر بە هۆی دروستبوونی بەلەمی زەریاپێو، ئەو تێگەیشتنە لە هێز خۆی گۆڕی بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەریاکان یان ئۆقیانووسەکانیش.
لەگەڵ گەشەکردنی سەردەمی مۆدێرنیتە و دروستبوونی دەوڵەت نەتەوەی مۆدێرن، دیسان پێناسەی هێز گۆڕانکاریی بەسەر داهات. جیهانی مۆدێرن پێویستیی بە کەرستەیەکی گرنگ هەبوو، ئەویش وزە بوو. ئەو وزەیەش بە نەوت بەرهەم دەهات. لەمەوبەدوا بەهێزترین وڵات ئەو وڵاتە بوو کە دەستی بەسەر زۆرترین نەوت داگرتبا. زۆرترین نەوتیش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئەو نەوتەش
دابگیرێ، دەبوایە ئیمپراتۆرییەکان هەڵوەشێندرابانەوە. ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی بەرهەمی ئەوە بوو. دوو وڵاتی وەک بریتانیا و فەڕانسە بە هاندانی سەرۆک هۆز و حاکمە ناوچەییەکانی نێو ئیمپراتۆریی عوسمانی توانیان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئەو ئیمپراتۆرییە هەڵوەشێننەوە. زۆرینەی ئەو وڵاتانەی دوای هەڵوەشانەوە دروست کران، هیچ بنەمایەکی نەتەوەیی و زمانی و ئایینییان نەبوو، بەڵکوو لەسۆنگەی بوونی نەوتەوە دروست کران. کۆمەڵێک وڵاتی بچووک لە کەنداو تەنیا بیری نەوت بوون و سنووریان بە دەوریدا کێشرا و بوون بە وڵات.
لە ئێران ڕێگای دیکە گیرایە بەر، ئەویش ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵات بوو. ساڵی ١٨٩١ ژاک دۆ مۆرگان، ئاسەوارناسی فەڕەنسی لە قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوی بە نەوت کەوت و لە بڵاوکراوەیەکی فەڕەنسیدا بڵاوی کردەوە. ئەوەش سەرنجی دەسەڵاتی فارس (ئەو سەردەم شتێک بە ناوی ئێران نەبوو) ڕادەکێشێ. بۆ گەڕان بە دوای نەوتدا، ساڵی ١٩٠٠ڕێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی فارس و ویلیام ناکس دارسی، گەورە بازرگانی بریتانی مۆر کرا، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، تەنیا چەند لەسەد لە داهاتی نەوت دەدرێ بە حکوومەتی فارس. دانانی ڕەزاخان و بەلاڕێدابردنی ڕەوتی بەدێموکراسیبوون لە سەردەمی مەشرووتەدا لە ئێران، بەرهەمی دەستبەسەرداگرتنی نەوت لە لایەن بریتانیا بوو. جارێکی دیکە لە سەردەمی محەممەد موسەدیق لە ساڵی ١٩٥٣دا کە دەیویست نەوت لە بن دەستی بریتانیا بهێنێتە دەر، بریتانیا و ئەمریکا پێشیان بە ڕەوتی بەدێموکراسیبوون لە ئێران گرت و بە کودەتایەک محەممەدڕەزاشایان هێنایەوە سەر دەسەڵات تا نەوت لە دەستیان نەهێندرێتە دەر. ئەوەش بوو بە هۆی دروستبوونی هزری دژە ئەمریکی و دژە ڕۆژئاوایی و لە ئەنجامدا هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی.
لە سەدەی بیست و یەکەمدا، پێناسەیەکی دیکە بۆ هێز هاتە ئاراوە. لەمەوبەدوا هێز بریتی بوو لە زانیاری. واتە ئەو وڵاتە بەهێز بوو کە زۆرترین زانیاریی لەسەر خەڵک و وڵاتانی جیهان لەلا با. بۆ ئەو مەبەستەش، ئینتێرنێت کە ئامرازی پەیوەندیی نێوخۆیی سیخوڕەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان بوو، کرا بە ئامرازی پەیوەندیی نێوان هەموو خەڵکی جیهان. پێویست بوو هەموو خەڵکی جیهان بچنە نێو تۆڕێکەوە کە بنکەکەی لە ئەمریکا بوو، یان لانیکەم لەوێوە دەکرا چاودێری بکرێ. ئامانجەکە دەستڕاگەیشتن بوو بە داتا و زانیاریی هەموو خەڵکی جیهان، بە سیاسی و ناسیاسییەوە. ئەو داتایانە دەبوایە لە شوێنێک بپارێزرێن، کە پێی دەگوترێ سێرڤێر. واتە پەیوەندیی خەڵک لە ڕێگای ئیمەیلەوە، لەنێو سێرڤێرەکان دەپارێزرێ و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. ئەگەر سەرنج بدەینە زانیارییە بڵاوکراوەکانی ویکی لیکسەوە کە بە میلیۆنان بەڵگە بڵاو کرانەوە، دەبینین کە ئەو داتا و زانیارییانە هەمان ئەو ئیمەیلانەی خەڵکن کە لە سێرڤێرەکانی ئینتێرنتدا پارێزرابوون. بۆ نموونە دوو کەس ٢٠ ساڵ لەمەوبەر لە ڕێگەی ئیمەیلەوە بەڵگە و بابەتی جۆراوجوریان لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ کردوە. ئێستا ئەو دوو کەسە لە وڵاتی خۆیان بوون بە کەسانی سیاسی یان دەسەڵاتدار. ویکی لیکس کە دەستی بە داتای ئەو سێرڤێرانە گەیشتوە، میلیۆنان ئیمەیل بە شێوەی هەڕەمەکی بڵاو دەکاتەوە. ئەگەر خەڵکی ئەو وڵاتە بە دوای ناوی ئەو دوو کەسەدا بگەڕێن کە باسم کردن، دەتوانن هەموو بەڵگە و بابەتەکانیان سەیر بکەن. ئەگەر بابەتەکان هەستیار بن، دەبێتە هۆی کێشەی سیاسی.
ئەمریکا لە بواری هێزی زانیاریدا پێشەنگە. نزیک بە تەواوی ئەو تۆڕانەی خەڵکی جیهانیان پێک بەستۆتەوە، بنکەی سێرڤێرەکانیان لە ئەمریکایە. ئێستا ئیتر هەموو خەڵکی جیهان بە واتساپ و فەیسبووک و ئینستاگرام و تۆڕەکانی دیکە لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدان کە هەمووی لە ئەمریکا تۆمار دەکرێ و دەشکرێتە نووسین. کڵاودەکانیش بەو مەبەستە دروست کراون، بۆ نموونە گووگڵ دڕایڤ و و واندڕایڤ و ئای کڵاود بۆ ئەوە دروست کراون کە خەڵک داتاکانی خۆیان وەکوو وێنە و دۆکیۆمێنتەکانیان لەلای ئەوان بپارێزێن. تەنانەت فایلەکانی نووسینی بەرنامەی وۆردی مایکڕۆسۆفتیش هاوکات کە کەسێک دەیاننوسێ، لەوێ دەپارێزرێن. جگە لەوانە، لە ڕێگای جی پی ئێسی مۆبایلەکانەوە، چرکە بە چرکەی شوێنی خەڵک تۆمار دەکرێ. واتە ئەمریکا چرکە بە چرکە لە قسەکردنەوە تا شوێنی مانەوەی زۆرینەی خەڵکی جیهانی لە لایە و دەتوانێ بە شێوەی جۆراوجۆر کەلک لەو داتایانە وەربگرێ، هەر لە ئاراستەکردنی خەڵکی جیهان لە ڕووی فکرییەوە هەتا بواری نیزامی. ئەگەر سەرنجمان دابێ، یەکێک لە بابەتەکانی نێوان ئەمریکا و چین کە مشتومڕی زۆری لەسەرە، تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکە. ئەمریکییەکان مەبەستیانە سێرڤێرەکانی ئەو تۆڕەش بگوازنەوە وڵاتی خۆیان.
بە زمانێکی سادە، کەسێک کە نەهێنییەکانی ژیانی کەسانی دیکەی لەلا بێ، دەتوانێ کۆنتڕۆڵیان بکا و وا بکا هەموویان بە مەیلی ئەو ڕەفتار بکەن، یان هەر نەبێ ناتوانن ڕۆژیک لە ڕۆژان دژایەتی بکەن. ئەگەر ڕۆژێک ئەمریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، پەیوەندییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی چین یان ئێران لە نێو واتساپ و ئینستاگرام و فەیسبووک لە ماڵپەڕێکی وەک ویکی لیکس بڵاو بکاتەوە، دەتوانێ کۆمەڵگەی ئیران بە تەواوی بشێوێنێ.
گرنگیی ئەو داتایانە لە شەڕی نێوان ئیسڕائل و حەماس، هەروەها لە شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسڕائیل و ئێران باشتر دەرکەوت، کاتێک خەڵک تووشی سەرسوڕمان بوون و نەیاندەزانی چلۆن ئیسڕائیلییەکان توانیویانە ژووری خەوی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بکەنە ئامانج. ئەوە بەرهەمی نزیک دوو دەیە کۆکردنەوەی داتای خەڵک بوو، کە زیرەکیی دەستکرد هات و کارەکەی بۆ ئیسڕائیلییەکان زۆر ئاسان کرد. ئیسڕائیل هەم لە غەزە و هەم لە ئێران کەلکی لە دوو سیستەمی ژیری دەستکرد وەردەگرت. یەکێکیان بە ناوی Lavender کە ئەرکەکەی ناسین و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانە بوو کە "مەترسیدارن". ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ڕابردووی کەسەکان. بۆ نموونە، Lavender توانی لەنێو شاری غەزە ٣٧ هەزار کەس وەکوو ئەندام و لایەنگری حەماس دەستنیشان بکا. ئەو سیستەمە بە دەستڕاگەیشتن بە سێرڤێر و داتای خەڵک لەنێو ئینتەرنێت، وەکوو چالاکییەکانیان لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گفتوگۆکانیان، جی پی ئێسەکانیان، تەلەیفوون و هتد، توانی هەموو ئەلگۆریتمە ڕەفتارییەکانی تاکەکان تاوتوێ بکا و بە لێکدانەوەی ئەو زانیارییانە بزانێ کە ئەو ٣٧٠٠٠ کەسە ئەندام و لایەنگری حەماسن. ئەو سیستەمە بە سیستەمێکی دیکەی ژیری دەستکرد بەستراوبوویەوە بە ناوی Gospel کە ئەرکی ئەویش دەستنیشانکردنی ئەو بینا و باڵەخانانە و ژوورانە بوو کە ئەندامە دەستنیشانکراوەکانی تێدا دەژیا. سیستەمی Gospel لە ڕێگای داتای هەموو کەسەکانی نێو باڵەخانەکەوە دەزانێ ئامانجەکان لە کام ژوورن و لە کام ئەندامی بنەماڵەش نزیکن. کاتێک کەسەکان و شوێنی مانەوەیان دەستنیشان کرا، لە ڕێگەی درۆنەکان یان فڕۆکەکانەوە کەسەکان جاری وایە لەگەڵ تەواوی بنەماڵەکەیان دەکرێنە ئامانج. هەڵبەت دەرکەوت کە ١٠ لەسەدی ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج، هیچ پەیوەندییەکیان بە حەماسەوە نەبووە، کە ئەوەش وەک هەڵەی سیستەمەکە ئەژمار دەکرێ. بۆ نموونە لەوانەیە کەسانێک تەنیا بە هۆی پەیوەندی هاوڕێیەتی یان بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنە لەسەر حەماسەوە لە لایەن Lavender ـەوە وەک مەترسی دەستنیشان کرابن.
ئەوەی لە شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسڕائیل و ئێرانیش ڕووی دا، لەسەر بنەمای زانیاری بوو. نەک هەر دەستنیشانکردنی کەسە گرنگەکان، بەڵکوو هەموو بنکە نیزامی و دامودەزگا دەوڵەتییەکانیش دەیان ساڵە لە لایەن ئیسڕائیلەوە زانیاریی وردیان لەسەر کۆ دەکرێتەوە. ئەو زانیارییانە هەم لە ڕێگەی دوورەوە و هەم لە ڕێگەی سیخوڕەکانەوە چوونەتە نێو بانکی زانیاریی ئیسڕائیلەوە و بوون بە سەرەکیترین خاڵی هێز بۆ ئیسڕائیل. بەر لە بەئامانجگرتنی کەسە گرنگەکان، ئیسڕائیل بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، کەلک لە چەندین سەرچاوە وەردەگرێ:
یەکەم، لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تەلەیفوون و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەلگۆریتمی ڕەفتاریی کەسەکان وەدەست دێنێ. بۆ نموونە، دەزانێ فڵان کەس زۆربەی شەوانی دووشەممە لەکوێ دەمێنتەوە، یان زۆربەی ڕۆژەکان لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی لەکوێیە.
دووهەم، لە ڕێگای سیخوڕی نێوخۆییەوە، زانیاریی نێوخۆیی ئۆرگانەکانی دەسەڵات وەدەست دێنێ و دەزانێ فڵان کەسە، کەی لە ماڵی خۆی دەمێنێتەوە و کەی لە شوێنی کار.
سێهەم، لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵی تەلەفوونی هاوڕێ و خزم و کەسە نزیکەکانی دەزانێ کە ئەو کەسە لە ماڵە یان نا.
چوارەم، لە ڕێگای کۆنتڕۆڵی جی پی ئێسی مۆبایلی کەسەکە و بنەماڵەکەی دەزانێ ئەو کەسە لە ماڵە یان نا.
پێنجەم لە ڕێگەی سیخوڕێک لەنێو بیناکەوە دەزانێ ئەو کەسە لە ماڵە یان نا.
شەشەم، لە ڕێگەی هاککردنی کامێراکانی چاودێریی بیناکە یان سەرشەقام دەزانێ ئەو کەسە چووەتەوە ماڵەکەی یان نا.
حەوتەم لە ڕێگەی سیخوڕێک لە دەرەوەی بیناکەوە سەیری ئاپارتمانەکە دەکا بزانێ گڵۆپی ماڵەکەی هەڵ کراون یان نا. هەمووی ئەو زانیارییانە بە جیا و لە ڕێگەی گرووپی جیاوازەوە کۆ دەکرێنەوە و نوێ دەکرێنەوە و هیچ پەیوەندییەک لەنێوانیاندا نیە. چونکە هەر گرووپێک زانیاریی خۆی وەدەست دێنێ و ئاگای لەوانی دیکە نیە، بەڵام لە ژووری ئۆپەراسیۆن، هەمووی ئەو زانیارییانە، لە تەنیشت یەکتر دادەندرێن و نیشانی دەدەن کە ئامانجەکە لە ماڵەوەیە یان نا. هەر وەک بینیمان، خاڵی سەرکیی زاڵبوونی ئیسڕائیل لە شەڕی دوازدە ڕۆژە، بەسەر ئێراندا، تەنیا زانیاری بوو کە توانی بە بەئامانجگرتنی فەرماندە سەرەکییەکانی ئێران، شیرازەی نیزامیی ئێران تێک بشکێنێ. لە دوای زانیاری، تەکنۆلۆژیای نیزامی بە پلەی دووهەم دێ.
لە ئەنجامدا، پێناسەی هێز لە سەدەی بیست و یەکەم چیتر کۆنتڕۆڵی خاکی زور و دەریای گەورە و نەوت نیە، بەڵکوو وەدەستهێنانی زانیارییە. بەهێزترین وڵات ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین زانیاری لە بن دەستدا بێ. لایەنێکی نیزامی ئەگەر زانیاریی وردی دوژمنەکەی نەزانێ، کەرەستەی پێشکەوتووشی هەبێ، ناتوانێ لە شەڕدا سەر کەوێ.