
ئاسۆ مینبەری
ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر سێهەمین خولی خەڵاتی میللیی لاوەتیی حەشیمەتی ڕێژیم بەڕێوە چوو. ئەم خەڵاتە کە لە ڕاستای یاسای پشتیوانی لە بنەماڵە و لاوەتێی حەشیمەت دیاری کراوە، گرینگترین ئامانجەکانی پەرەدان بە سیاسەتی ڕێژیم لە بواری گەشەی حەشیمەت و ڕێزگرتن لەو ناوەندانەی ڕێژیم یان ئەو کەسایەتییانەیە کە لەم پێناوەدا گوێڕایەڵی ڕێبەری ڕێژیمن و هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت دەدەن.
مەرزیە وەحید دەستجێردی، بەرپرسی ستادی میللی حەشیمەتی ڕێژیم لە ڕێوڕەسمەکەی ئەمساڵدا چەند باسێکی ورووژاندووە کە پێویستە سەرنجیان بدرێت: یەکەم ئەوەی ڕایگەیاندوە کە لە ڕاپرسییەکدا کە لەژێر ناوی "پەیمایشی میللیی بایەخەکان و ڕوانینی ئێرانیان" بەڕێوە چووە، ٩٦.٧ لەسەدی بەشداربووان دایکایەتی بە گەورەیی دەزانن، هەر بۆیە وەچەخستنەوەش بە پێویستیی ژیان دەبینن. ئەم قسەیە لەکاتێکدایە کە جیا لە دۆخی ئابووریی ئێستای ئێران، ئەگەری هەڵگیرسانی دووبارەی شەڕ و خراپبوونی دۆخی سیاسی و دڵنیانەبوونی خەڵک و بەتایبەت ژنان لە داهاتووی ئێران وای کردوە کە زۆربەی ژنان خۆیان لە وەچەخستنەوە بەدوور بگرن و لە جیاتی بیرکردنەوە لە هەست و سۆزی دایکایەتی و گرینگایەتیی ئەم بەرپرسایەتییە بیر لە داهاتوو و بژێوی ژیانی منداڵەکەیان بکەنەوە. کەوایە لەم دۆخەدا ئەرکی دایکایەتی لای زۆر کەس نەک تەنیا وەکوو گەورەیی چاوی لێ ناکرێت بەڵکوو وەکوو بەرپرسایەتییەکی گرینگ دەبیندرێت کە ڕەنگە هەرکەس دەرەقەتی جێبەجێکردنی نەیەت.
ناوبراو لە چوارچێوەی سیاسەتی ڕاسپێردراوی خامنەییدا، پەرژاوەتە سەر خەسارناسیی دابەزینی ئاماری هاوسەرگیری و بە نیگەرانییەوە باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ١٤٠٣دا، ئاماری ١١.٧ میلیۆن کچ و ١٢.٩ میلیۆن کوڕی خوار تەمەنی ٢٠ ساڵ تۆمار کراوە کە هیشتا نەچوونەتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە. ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ڕوونی نەکردووەتەوە کە مەبەست لە کەسانی خوار ئەم تەمەنە کێیە و ئامارە لە چ تەمەنێکەوە دەست پێ دەکات و وا وێدەچێ کە مەبەستی درێژەدان بە دیاردەی منداڵهاوسەری و ئەو پرۆژەیە بێت کە لە ماوەکانی ڕابردووشدا بە ڤیدیۆکلیپێکی ڕازاوە و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خستیانە بەر چاوی منداڵانەوە و هاوسەرگیری منداڵانیان بە هیوا ناو برد!
بابەتێکی دیکە باسکردن لە گەڵاڵەیەکی نوێ بە ناوی "کارتی هیوای دایک"ـە. دەستجێردی ئەم گەڵاڵەی لە ڕاستای سیاسەتی ڕاسپێردراوی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت لە ئێران ناو بردوە، گەڵاڵەیەک کە لەلایەن شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیمەوە بە مەبەستی سەرخستنی گەڵاڵەی جەوانیی حەشیمەت، پەسەند کراوە. بەپێی زانیارییەکان لە بەهاری ١٤٠٥ـەوە ئەو دایکانەی کە منداڵیان دەبێت ئەم کارتەیان پێ دەدرێت و بۆ ماوەی ٢٤ مانگ، بە شێوەی مانگانە بڕە پارەی ٢ میلیۆن تمەن لەلایەن دەوڵەوتەوە بۆ پێداویستییەکانی منداڵان وەک خۆراک و پۆشاک دەچێتە سەر کارتەکەیان.
دەستجێردی ڕایگەیاندوە کە ئەم گەڵاڵەیە بۆ پشتیوانی دارایی و فەرهەنگی لە بنەماڵەکان و بردنەسەرەوەی ئاستی تەندروستیی دایک و منداڵە. گاڵتەجاڕییەکە لەوێدایە کە دەستجێردی ئەم کارتە بە هۆکارێکی گرینگی بەهێزکردنی کارامەیی منداڵان دەزانێت و دەڵێ ٨٠ لەسەدی گەشەی مێشک و فۆرمگرتنی دەمارەکانی منداڵ کە هەتا تەمەنی ٢ ساڵان ڕوو دەدەن، لە گرێوی ئەو پارەیەدایە کە کۆماری ئیسلامی بڕیارە پێیان بدات. ئەحمەدینژادیش لە سەردەمی سەرۆکۆماریی خۆیدا بەڵێنی بە خەڵک دا کە بە لەدایکبوونی منداڵەکانیان بڕی ٢ میلیۆن تمەن پارە دەخاتە هەژمارێکی بانکی تایبەتەوە بۆیان و تا تەمەنی ١٨ ساڵان ساپۆرتی داراییان دەکات کە ئێستاشی لەگەڵ بێ کەس نەیزانی پرۆژەکەی بە کوێ گەیشت؟
بە چاوخشاندنێک بە دۆخی ئابووریی داڕماوی ئێستای ئێراندا، دەبینین کە ٤٨ میلیۆن پارە کە بڕیارە لەو دوو ساڵەدا بە منداڵانی تازەلەدایکبوو بدرێ، نەک هەر پشتیوانی دارایی نیە بەڵکوو کارتێکی گوشارە تاکوو بە تەماعوەبەرنان بنەماڵەکان ناچار بە وەچەخستنەوە بکەن، پرسێک کە لە ڕاستیدا پرسێکی زۆر تایبەتە کە دەستێوەردان تێیدا پیشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤەکان و بەتایبەت ژنانە. ئەم گەڵاڵەیە دەتوانێ شیرازەی بنەماڵەکان تێک بدات و ئازادیی بڕیاردانی ژن بە سەر جەستەی خۆیدا بباتە ژێر پرسیارەوە، چونکە دۆخی ئابووریی ئێستای خەڵکانی ئێران بە جۆرێکە کە ئەو ٤٨ میلیۆن تمەنە کە هەرچەند بەپێی نرخی دۆلار و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر هیچ بۆشاییەکی ژیان پڕ ناکاتەوە بەڵام وەکوو دەرفەتێک چاوی لێ بکرێت کە ئاکامەکەی لەدایکبوونی منداڵانێکی بێتاوانە کە بۆ قازانجی دەسەڵاتێکی تۆتالیتەر و بە مەبەستی پەرەدان بە سیاسەتی ئەم ڕێژیمە هاتوونەتە دنیاوە و دەکەونە گێژاوی هەژاری و بێدەرەتانییەوە و ئەو ڕێژیمەش لە بەرانبەر داهاتوو و ژیانیاندا خۆی بە بەرپرسیار نازانێ.
ئەم گەڵاڵەیە نەک تەنیا هیچ هیوایەک بە بنەماڵەکان نادات بەڵکوو بە پێچەوانە کێشەکانیان زیاتر دەکات و پێویستە ژنان بە وشیارییەوە خوێندنەوە بۆ پلانەکانی ڕێژیم بکەن و نەکەونە داوی پڕوپاگەندەی ناوەندە تەبلیغاتییەکانییەوە.