کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری وزەی ئەمریکا: ئێران بە شێوەیەکی مەترسیدار لە چەکی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە

10:26 - 24 بانەمەڕ 2726

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە قۆناغێکی "زۆر مەترسیدار" و ئێستا تاران تەنیا چەند حەفتەیەک لە بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پێویست بۆ چەکی ئەتۆمی دوورە.

ڕایت لە سێنای وڵاتەکەی ئاشکرای کرد کە ئێران خاوەنی یەک تۆن ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠ لەسەدە، کە لە ڕووی تێکنیکییەوە مەودایەکی زۆر کەمی ماوە بگاتە ئاستی ٩٠ لەسەدی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم بڕە پاشەکەوتە لەگەڵ ١١ تۆن ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستی نزمتر، بۆ دروستکردنی نزیکەی ١١ بۆمبی ئەتۆمی بەسە.

وەزیری وزە جەختی کردەوە کە گەیشتن بە ئاستی ٦٠ لەسەد قورسترین بەشی پرۆسەکە بووە و ئێستا ڕێژیم زۆربەی ڕێگاکەی بڕیوە، بۆیە ئامانجی کۆتایی واشنگتۆن ڕاگرتنی تەواوەتیی پیتاندنە لە ئێران.

دۆناڵد ترامپ هۆشداریی داوە کە ڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی بۆمب و دەڵێت: "یان کارە ڕاستەکە بکەن یان ئێمە کۆتایی پێ دەهێنین."

لە کاتێکدا دانوستان لە ڕێگەی پاکستانەوە بەردەوامە، ئەمریکا لە ڕێگەی ماهوارەکان چاوەدێریی وردی دامەزراوەکان دەکات و ئەگەر دیپلۆماسی شکست بهێنێت بۆ هەر هەنگاوێکی سەربازیی دیکە ئامادەیە.