کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادانی دووبارەی وریشە مورادی بەهۆی نووسینی نامە بۆ ساڵڕۆژی "ژن، ژیان، ئازادی"

09:43 - 24 بانەمەڕ 2726

وریشە مورادی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە و بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین، بەهۆی نووسینی نامەیەک لە ساڵڕۆژی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، سزای شەش مانگ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ئەم سزایە لە چوارچێوەی دۆسییەکی نوێدا بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی حکوومەت" دراوە و خراوەتە سەر سزاکانی پێشووی و حەوتووی ڕابردوو لەم سزایە ئاگادار کراوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام دیوانی باڵای ڕێژیم سزاکەی ڕەت کردەوە و دۆسییەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە گەڕاندەوە.

وریشە مورادی لە ١٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لە ڕێگەی مەریوان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕفێندرا و دوای چەندین مانگ ئەشکەنجە و بەندکران لە ژووری تاکەکەسیی دەسبەسەرگەی ئیتلاعات، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.