بەرپرسی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هەرچەندە ڕاستییەکی ئەمنییەتیی نوێ لە هەموو بەرەکاندا دروست بووە، بەڵام شەڕ هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
"ئەیال زەمیر" جەختی کردەوە کە ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لە هەر کاتێکدا کە پێویست بکات لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و وتی: "ئێمە لە حاڵەتی هۆشیاریی بەردەوامداین بۆ بەرگری و هێرش، لە یەهوودا و سامرەوە تا تاران."
بەپێی ڕاپۆرتی لاپەڕەی فەرمیی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە لوبنان، کەرتی غەزە و ناوچەکانی دیکە بەردەوامە و ڕۆژانە ژێرخانە تێرۆریستییەکان تێکدەشکێنێت.
زەمیر ئاماژەی بەوەش دا کە لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکاندا هیچ جۆرە خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنێک بوونی نییە و ئەرتەش بە دەسپێشخەریی خۆی لە هەموو جێگەیەک چالاکە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباک ڕایانگەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا، "حەمزە شەرباسی"، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی کەتیبەی شوجاعییەی حەماسیان لە باکووری غەزە کوشتووە کە لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر بنکەی "نەحل عۆز" بەشدار بووە.