کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لیبڕاڵیزم و پرسی سەربەخۆیی لە ڕوانگەی "ئالێن بیوکانێن"ەوە

09:49 - 9 سەرماوەز 2725

شاڕوخ حەسەن‌زادە

 

مافی دیاریکردنی چارەنووس یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگ و ناسراوەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مۆدێرن، کە لە ماددەی یەکەمی هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR) و پەیماننامەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (ICESCR)دا بە ڕوونی ئاماژەیان پێ کراوە. هەردوو پەیماننامەکە بەئاشکرا دەڵێن: "سەرجەم گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسیی خۆیان هەیە. بە هۆی ئەم مافەوە، بە ئازادی دۆخی سیاسییان دیاری دەکەن و بە ئازادی گەشە بە لایەنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆیان دەدەن." ئەم دانپێدانانە یاساییە بۆ مافی ڕەوای گەلان، جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە سەروەریی سیاسی نابێت تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتەکاندا قەتیس بکرێتەوە. مافی دیاریکردنی چارەنووس هەروەها؛ لە بەستێنی جیلی سێهەمی مافەیلی مرۆڤ کە ڕوانینێکی نوێی بۆ ئەو دەستە لە مافانە هەیە، جێگە و پێگەیەکی بەرچاوی بۆ تەرخان کراوە بە جۆرێک کە وەک مافێکی گشتی و تێکڕایی بۆ مرۆڤایەتی لەبەرچاو گیراوە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە وڵاتانی دژبەری ئەم یاسا نێودەوڵەتییە، پێناسە و ماناکەیان بەپاساوی "جیاییخوازی و یەکپارچەیی خاک" چەواشە کردوە و بەرژەوەندیی بەشێکی دیکە لە وڵاتانیش بووەتە هۆکار کە ئێستا وەک باسێکی مەترسیداریان لێ کردوە!

پرۆفیسۆر "مایکێڵ ئەکهێرست" لە کتێبی "سەرجەم حقوقی نێودەوڵەتی نوێ" مافی دیاریکردنی چارەنووس ئاوا پێناسە دەکات؛ مافێکە کە بەپێی ئەوە، خەڵکیی نیشتمانێک کاروباری سیاسی و حقوقی ئەو خاکە دیاری دەکەن هەتا بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ یان ئەوەیکە وەک بەشێک لە دەوڵەتێکی دیکەیان لێ بێ". فەرهەنگی "پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان"، مافی دیاری کردنی چارەنووس وەک مافێک دەزانێ کە هی گروپێکی دیاریکراو لەو خەڵکەیە کە خۆیان لە نەتەوەکانی دیکە جیا دەکەنەوە و بەتەواوەتی مافی خۆیانە ئەو نیشتمانەی کە بۆخۆیان دەخوازن و تێیدا دەژین و ئەو حکومەتەی کە بۆخۆیان دەیانهەوێ دابمەزرێنن".

لە کاتێکدا سەدان نەتەوە وەک هێزێکی ڕەوا سوودیان لەم مافە وەرگرتوە و گەیشتوونەتە سەربەخۆیی سیاسی– بەشێکی زۆریان دوای کۆتایی هاتنی سیستەمی کۆلۆنیالیزم –گەلی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەردەوام لەژێر گوشار، داگیرکاری، چەوساندنەوەی سیستماتیک و پێشێلکاریی مافەکانی‌دا ماوەتەوە. لێرەدا بە ڕوانگەی فەیلەسووفی سیاسیی لیبڕاڵ "ئالێن بیوکانێن"،(Allen E. Buchanan) مافی جیابوونەوە وەک "دوا ڕێگەچارە" باس دەکەین، کە ئەمە نەک تەنیا پاساوێکی ناسیونالیستی، بەڵکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسییە بۆ ڕزگاربوون لە سیستەمی دیکتاتۆرەکان.

فەلسەفەی لیبڕاڵیزم لە بنەڕەتدا، پێشەنگایەتیی ماف و ئازادیی تاک دەکات و دەوڵەت وەک ئامرازێک دەبینێت بۆ پاراستنی ئەم مافانە، نەک وەک ئامانجێکی پیرۆز. لێرەدا، پابەندبوون بە دەوڵەت وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت کە هەردوولا (دەستەڵات و خەڵک) پابەند بە مەرجەکانی بن. کاتێک دەوڵەت بە شێوەیەکی سیستماتیک و ئاشکرا مافە سەرەکییەکانی گرووپێکی گەورەی ئەتنیکی پێشێل دەکات، بەها و بایەخی سەرەکیی لیبڕاڵی (پاراستنی تاک و ئازادی) لەدەست دەدات و گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکە هەڵدەوەشێتەوە. ئالێن بیوکانێن تێزە سەرەکییەکەی لەسەر ئەم بنەمایە دادەمەزرێنێت کە: جیابوونەوە تەنیا کاتێک پاساوی هەیە کە وەک چارەسەرێک بۆ زوڵم، دابڕان و پێشێلکاریی یاسایی و سیاسیی مافی مرۆڤ بەکار بهێنرێت. ئەم ڕوانگەیە دژی جیابوونەوەی بێ مەرجە، بەڵام هاوکات بە توندی دژی ئەو دەوڵەتانەیە کە مافە نێودەوڵەتییەکان و ڕێسا ئەخلاقییەکان پشتگوێ دەخەن. بیوکانێن لەسەر ئەمە پێداگری دەکات کە گەلێک مافی جیابوونەوەی هەیە کاتێک لەژێر زوڵم و ستەمێکدایە کە نەکرێت بە هیچ شێوازێکی دیکە چارەسەر بکرێت یان بە جۆرێکی دیکە ئەو دەستەڵاتەی گروپ یان گەلێک دەچەوسێنیتەوە بەهیچ سیراتێک موستەقیم نیە و ئامادە نیە دان بە مافەکانی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا بنێت. ئەمە دەبێتە دوا ڕێگەچارەی ڕزگاریی گرووپە ئەتنیکییەکە. ئەم مەرجانە بە شێوەیەکی بەهێز دەگەڵ دۆخی گەلی کورد بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک دەگرنەوە.

ئالێن بیوکانێن، فەیلەسووفی سیاسیی لیبڕاڵی هاوچەرخ، لە کارە سەرەکییەکەیدا، "جیایی‌خوازی؛ ئەخلاقی جیابوونەوە لە فۆرت سامتەرەوە هەتا لیتوانی و کەبێک"(١)، تێزێکی ناوازە و بەهێزی دەربارەی جیابوونەوە (سێسێشن) خستووەتەڕوو کە بە تیۆریی "تەنیا مافیی قەرەبووکراو"(٢) ناسراوە. ئەم تیۆرییە دژی ئەو بۆچوونە لیبڕاڵییە ناسیۆنالیستییانەیە کە دەڵێن هەر گەلێک تەنیا لەبەر ئەوەی دەیەوێت و حەزیی لێیە، مافی ڕەهای جیابوونەوەی هەیە. بیوکانێن ڕەتی دەکاتەوە کە جیابوونەوە ببێتە کارتی بانگەشەیەکی ئاسایی بۆ هەر گرووپێکی نەتەوەیی کە کێشەی دەگەڵ دەوڵەتەکەیدا هەبێت. بەڵکوو، ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جیابوونەوە تەنیا کاتێک دەبێتە مافێکی ئەخلاقی، سیاسی و یاسایی ڕەوا کە وەک چارەسەرێک بۆ نەهێشتنی نادادپەروەریی سیستەماتیک بەکار بهێنرێت. ئەم تێزە، جیابوونەوە وەک دوا هەنگاو و ئامرازێک بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ پێناسە دەکات، نەک ئامانجێکی سەرەکیی ناسیۆنالیزم. ئالێن لەسەر ئەوە پێداگری دەکاتەوە، گەلێک یان گرووپێکی نەتەوەیی کاتێک مافی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوەی هەیە کە لەژێر ستەمێک‌دایە کە ڕێگەچارەی دیکەی بۆ نیە، بەتایبەتی کاتێک دەستەڵاتی ناوەند ئەم مەرجانەی خوارەوە پێشێل دەکات:

1. پێشێلکردنی سیستماتیک و ئاشكرای مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ: کاتێک دەوڵەت بە شێوەیەکی بەردەوام و بە درێژایی زەمەن مافە سەرەکییەکانی وەک مافی ژیان، ئازادی و ئاسایشی کەسایەتیی گرووپەکە پێشێل دەکات و بە زەبروزەنگ و چەوساندنەوە بەرەوڕووی دەبێتەوە. لەم دۆخەدا، پابەندبوون بەو دەوڵەتە دەبێتە پاڵپشتیی زوڵم و ستەم و جیابوونەوە دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی بۆ ڕزگارکردنی تاکەکانی گرووپەکە.

2. نەبوونی نوێنەرایەتیی مانادار و بێبەشکردنی سیاسی: کاتێک گرووپەکە لە پرۆسەی سیاسی و ناوەندەکانی بڕیارداندا بێبەش دەکرێت. ناوبراو ئاماژە بە چەمکی "ژمارەی مانادار لە دەنگدان" دەکات؛ ئەگەر گرووپێک نەتوانێت بەشدارییەکی کاریگەر لە بەڕێوەبردنی دەستەڵات‌دا بکات، ئەوە مافی سیاسیی پێشێل کراوە.

3. داگیرکاریی کولتووری و پێشێلکردنی مافی نەوەی داهاتوو: کاتێک دەوڵەت هەوڵی سڕینەوەی کلتوور، زمان، یان ناسنامەی گرووپەکە دەدات (وەک قەدەغەکردنی زمانی دایک لە خوێندن). ئەمە زیانێکی گەورە بە توانای نەوەی داهاتوو دەگەیەنێت بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان، کە پێچەوانەی بنەما لیبڕاڵییەکانی ئازادیی کولتوورییە.

بیوکانێن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێش جیابوونەوە، دەبێت گرووپەکە هەموو ڕێگەچارەکانی وەک داخوازی و داوای (وەک چاکسازیی دەستووری، ئۆتۆنۆمی، یان فیدڕاڵیزم) تاقی کردبێتەوە و سەرکەوتوو نەبووبێت. بەم پێیە، جیابوونەوە تەنیا لەو دۆخە نادادپەروەرانەیەدا پاساوی هەیە کە دەوڵەتەکە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە بگەڕێتەوە سەر ڕێبازی دێموکراتیک و دان بە مافەکانی گەلەکەدا بنێت. ئەم تیۆرییە، ڕەوایەتییەکی ئەخلاقی و سیاسی بەهێز دەدات بەو گەلانەی کە لە دۆخێکی درێژخایەنی ستەمکاری و بێبەشبوون‌دا دەژین. لەم چوارچێوەیەدا، بۆچوونی "کارڵ پووپەر"، کەسایەتییەکی دیاری قوتابخانەی لیبڕاڵیش جێی سەرنجە. ناوبراو لە کتێبی بەناوبانگی "کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی" جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە؛ هەرچەندە پێویستە هەوڵ بدەین بە شێوەی چاکسازی-یا بە واتای خۆی- "ئەندازیاریی هەنگاو بە هەنگاو" گۆڕانکاریی چاکسازیی پێکهێنین، بەڵام، "ئەگە دەستەڵات بە هیچ کلوجێک ملکەچی گۆڕانکاریی نەبوو و ئامادەی دانپێدانان بە مافە سەرەکییەکان نەبێت، ئەوا منیش بە شۆڕش ڕازیم، تەنیا بەو مەرجەی ئامانجەکە وەدیهێنانی دێموکراسی بێت." ئەمەش دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییەیە کە، لای لیبڕاڵەکان، داگیرکاری، چەوساندنەوە و زوڵمیی بێ چارەسەر، مافی بەرگریی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی (وەک جیابوونەوە) بۆ قوربانی بە ڕەوا دەزانیت.

لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، دەستەڵاتی زاڵ بەسەر ئەو جوغرافیایەی کە پێی دەگوترێ ئێران، چ لە سەردەمی ڕێژێمی پاشایەتیی پەهلەوی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵەکانیان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و بێبەشکردنی لە مافە بنەڕەتییەکانیان وەک مافەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان چڕ کردووەتەوە. لەم بەستێنەدا، هەوڵەکان بۆ قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە خوێندن و فەرمانگە فەرمییەکان، کە پێشێلکردنێکی ڕاستەوخۆی مافە کولتوورییەکانی ناو پەیماننامەی ICESCR ە، نەبوونی نوێنەرایەتیی مانادار لە ناوەندەکانی بڕیاردان و مامەڵەکردن دەگەڵ کورد وەک هاونیشتمانیی پلە دوو، کە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ئالێن بۆ ڕەوایەتیدان بە جیابوونەوە، لە سێدارەدان، گرتن و زیندانیکردنی چالاکوانان و بەکارهێنانی زەبروزەنگ دژی داخوازییە ڕەواکان، شەڕپێفرۆشتن، تیرۆر، هێرشی نیزامی، قەڵاچۆکردنی گوند و ئاواییەکان، ڕفاندن و تاراندن بەشێکی دیکەن لەو زوڵمانەی دەستەڵاتی ناوەندی لەهەمبەر گەلی کورد کردوویەتی کە گشتیان بە پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییە. سەرەڕای ئەم هەموو چەوساندنەوەیە، زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان خوازیاری پێکەوەژیان بوونە لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک، کە لەو سیستەمەدا دان بە مافەکانیان بنێن و شەریک و بەشداری بەڕێوەبردنی حکومەت بن. بۆ ئەو مەبەستە ڕەوتە سیاسییەکانی کورد لە درووشمەکانیاندا یان بە واتایەکی دیکە لە داخوازییەکانیاندا لە چەندین قۆناغی جۆربەجۆر، داوای خۆبەڕێوەبەری، خودموختاری و فێدراڵیان کردوە بەڵام هیچکات نەک هەر وڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەم داخوازییە ڕەوایانە نەدراوەتەوە بەڵکوو بەردەوام بە ئاگر و ئاسن و فیشەک و تۆپ و مووشەک وڵامی ئاشتی و دانوستاند و داخوازییەکانیان دراوەتەوە. کەواتە کاتێک دەستەڵاتی ناوەند بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە پرسی کورد چارەسەر بکات و، پێشێلکارییەکان بەردەوام پاتە دەبنەوە و هەموو ڕێگەکانی چاکسازیی ناوخۆیی دەگەنە بۆنبەست، لێرەدا، وەک بیوکانێن دەڵێت: جیابوونەوە دەبێتە ئەمرێکی یاسایی، ئەخلاقی و مرۆیی بۆ ڕزگارکردنی گەل لە ژێر ئەو هەموو چەوساندنەوە و ستەمکارییە.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا، چەندین نموونە هەن کە لەو ماف و یاسایە چ بە خۆشی یان بە ناخۆشی کەڵکیان وەرگرتووە. بۆ میناک لە ساڵی ١٩٩٣، دوو نەتەوەی چێک و سڵواکیا بە ڕێککەوتن و ئاشتیانە جیابوونەوە و ئێستا وەک دوو دەوڵەتی سەربەخۆ و سەقامگیر لە یەکێتیی ئەوروپادا ژیان دەکەن. ئەمە دەریدەخات کە جیابوونەوەی دروست نەک تەنیا نابێتە مایەی مەرگەساتی گەورە بەڵکوو بووەتە هۆی دامەرزاندن و مافیی دوو نەتەوەی جیاواز کە دەتوانن لە دوو نیشتماندا ئاشتییانە لە پەنا یەکتر بژین. ئێریترەش دوای شەڕێکی درێژخایەن دەگەڵ ئیتیۆپی سەربەخۆیی وەرگرت. جیابوونەوەی ئێریتره بە شێوەیەکی فراوان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک چارەسەرێک بۆ ستەمکاری و بێبەشکردنی مافەکان قبووڵ کرا. یان جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ لە سێڕبێستان، سەرەڕای نکۆڵیکردنی ئەم مافە لەلایەن وڵاتی سێڕبیاوە، بە شێوەیەکی بەربڵاو لەلایەن زۆرێک لە دەوڵەتانەوە دانپێدانرا، بەپێی ئەو بنەمایەی کە سیستەمی سێڕب بە شێوەیەکی سیستماتیک مافەکانی ئەلبانییەکانی کۆسۆڤۆی پێشێل دەکرد. ئەم نموونانە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەنەوە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس، بە تایبەت کاتێک وەک "چارەسەرێک" بۆ پێشێلکارییەکی گەورە بەکار دەهێنرێت، دەبێتە ئامرازێکی ڕەوای یاسایی و سیاسی و دەکرێ ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری درێژخایەن.

لێکدانەوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس بەپێی تیۆریی لیبڕاڵیزمی هاوچەرخ و تێزی "تەنیا مافیی قەرەبووکراو"ی بیوکانێن، پشتگیرییەکی بەهێز بۆ مافی ئەخلاقی و سیاسیی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی دەکات. لە حاڵەتێکدا کە ڕێژیمی سیاسیی حوکمڕان بە شێوازی جۆراوجۆریی چڕ و نەرم بەردەوام بێت لە هەوڵ دان بۆ سڕینەوەی شوناس و ناسنامە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ڕەتکردنەوەی هەموو داخوازییەکی چاکسازی‌خوازانە و پێکەوەژیانی ئازاد و دێموکراتیک؛ ویستیی سەربەخۆیی دەبێتە تەنیا ڕێگەچارەیەک بۆ گەلی کورد لەو جوغرافیایە. ئەم داواکارییە نەک تەنیا لەسەر بنەمای خواستێکی نەتەوەیی دامەزراوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای پێداگریی ئەخلاقی و یاسایی وەستاوە بۆ پاراستنی مافی ژیان و ئازادیی تاک وەک بایەخە هەرە گرنگەکانی لیبرالیزم. جیابوونەوە لەم چوارچێوەیەدا، دەبێتە دوا هەنگاو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە بتوانێت بە تەواوی ڕێز لە بەها لیبڕاڵییەکان بگرێت و مافە بنەڕەتییەکانی هاونیشتمانیانی بپارێزێت.

 

1. Separatism: The Ethics of Political Divorce from Fort Sumter to Lithuania and Quebec.1991

2. Remedial Right Only