کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرەی باشوور: تاران بەرپرسی هێرشکردنە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکەمانە

11:58 - 24 بانەمەڕ 2726

بەرپرسێکی باڵای کۆرەی باشوور ڕایگەیاند کە ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە لایەنێکی دیکە جگە لە ئێران، بەرپرسی هێرشی سەر کەشتییە بارهەڵگرەکەی ئەو وڵاتە بێت لە نێزیک گەرووی هۆرمۆز.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی کۆرەی باشوور (یۆنهاپ)، ئەم بەرپرسە باڵایە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕ بە ڕۆژنامەنووسانی وت کە سیئۆل خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەو زانیارییانەی کە ئەمریکا سەبارەت بە هێرشی ١٤ی بانەمەڕ بۆ سەر کەشتیی "ناموو" پێی داوە. لەم هێرشەدا کەشتییەکە تووشی ئاگرکەوتنەوە و زیان گەیشتن بە بەشی خوارەوەی بووە.

ئەو بەرپرسەی کۆرە جەختی کردەوە: "کاتێک لێکۆڵینەوەکان کۆتایی پێ بهێنین و بەڵگەکان بخەینە ڕوو، دڵنیام لایەنی ئێرانی بە شێوەیەکی گونجاو کاردانەوەی دەبێت."

ئێستا سیئۆل تیمێکی پسپۆڕی ڕەوانەی دوبەی کردووە تا لەوێ لێکۆڵینەوەی ورد و زانستی لەسەر جۆری زیانەکان ئەنجام بدەن.

پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی تەقەی لە کەشتییەکەی کۆرەی باشوور کردووە و داوای لە سیئۆل کردبوو بچێتە ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز.